ڕۆژنامەی "باختەر"ی کرماشان لە چاپی ئەمڕۆی خۆی سێشەممە ٢٩ی خەزەڵوەر، باسی لە جێبەجێنەبوونی پڕۆژەی دروستکردنی مۆزەخانەی ئەم شارە پاش ٥٠ ساڵ لە دەسپێکی کردووە.
نووسەری ئەم بابەتە بە ئاماژەدان بەوەی کە کرماشان یەکێک لە مێژووییترین شارەکانە ڕایگەیاندووە کە تاکوو ئێستا شوینێکی وەها تایبەت بۆ نیشاندانی شکۆ و گرینگیی مێژوو و شارستانییەتی ئەم شارە دابین نەکراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "ئیسنا"ی ڕێژیم، دەسپێکی پرۆژەی دروستکردنی مۆزەخانەی کرماشان بۆ ٥٠ ساڵ پێش ئێستە دەگەڕێتەوە بەڵام سەرەڕای ئەو ماوە زۆرە تاکوو ئێستا پڕۆژەکە جێبەجێ نەکراوە.
بەهۆی تەواونەکردنی پڕۆژەکە لە ماوەی نیو سەدەی ڕابردوودا بەشێک لە زەوییەکانی ئەم پڕۆژە بۆ مەبەستی دیکە بەکار هاتووە، بەشێوەیەک کە لە ئێستادا بۆ تەواوکردنی ئەم پڕۆژە بوودجەی ١٢٠ میلیارد تمەنی پێویستە.
نەبوونی مۆزەخانەیەکی پێویست و گونجاو بۆ نیشاندانی ئاسەوارە مێژووییەکانی شارەکانی کوردستان تەنیا تایبەت بە کرماشان نییە و شارگەلێکی دیکەی کوردستانی ڕۆژهەڵات بەرەوڕووی ئەم کێشەیە بوونەتەوە و بەهۆی نەبوونی مۆزەخانە، ئاسەوارەکانیان دەبرێتە شارە ناوەندییەکان و لە مۆزەخانەکانی وەک مۆزەخانەی تاران و ئێسفەهان پیشان دەدرێت.
شاری سەقز سەر بە پارێزگای سنە کە مێژووی شارستانییەتەکەی لەلایەن ئاسەوارناسان و دیرۆکناسانەوە بۆ زیاتر لە سێ هەزار ساڵ دەگڕیندرێتەوە، سەرەڕای هەوڵێکی زۆری دڵسۆزانی شارەکەوە لە ماوەی نیو سەدەی ڕابردوودا، تاکوو ئێستا مۆزەخانەیەکی پێویست بۆ نیشاندانی ئاسەوارەکانی ئەم شارە دابین نەکراوە و زۆربەی ئاسەوارەکانی ئەم ناوچە براوەتە مۆزەخانەی "میللی"ی تاران و گەشتیاران دەبێت بۆ بینینی ئاسەوارە مێژووییەکانی ئەم شارە بچنە تاران.