کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەرستاران لە چەند شاری ئێران کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیان بەڕێوە برد

11:40 - 29 خەزەڵوەر 2724

ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی خەزەڵوەر، لە قۆناغی نوێی ناڕەزایەتییەکان، پەرستاران بە لە سێ شاری تاران، شیراز و یاسووج کۆ بوونەوە و بەرامبەر بە ڕەچاونەکردنی داواکارییەکانیان ناڕەزایەتیان دەربڕی.

پەرستارانی ناڕازی لە شیراز لەبەردەم بینای پارێزگای فارس بە بەرزکردنەوە پلاکارت و دانی دروشمی وەکوو "یەکڕیزی و ناڕەزایەتی سەرتاسەری، ڕەمزی سەرکەوتنمانە" و "پەرستار هاوار بکە مافی خۆت داوا بکە" داوای مافەکانی خۆیان و زیادکردنی مووچەکانیان بە پێی هەڵاوسان و هەروەها دانی حەقی زیادەکارییەکانیان کرد.

هاوکات پەرستاران و کارمەندانی پزیشکی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان لە یاسووج بەڕێوە برد و بە وتنەوەی درووشمی جیاواز جەختیان لەسەر داواکاری سەندیکاکانیان کردەوە و داوایان کرد کە وڵامی داواکاری و مافەکانیان بدەنەوە.

هەروەها لەلایەکی دیکەوە لە نەخۆشخانەیەکی تارانیش کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی پەرستاران بەڕێوە چوو.

خولی نوێی ناڕەزایەتیەکان لە هاوینی ئەمساڵ دەستی پێکردووەتەوە. لەم پێوەندییەدا مەسعوود پزشکییان ڕایگەیاندووە، دەوڵەتەکەی نایەوێ لە بەرامبەر ناڕەزایەتیی هیچ کەرت و سەندیکا و چینێکدا وڵامیان بداتەوە و مافەکانیان جێبەجێ بکات.

هەروەها سەرۆکی دەوڵەت لەم دواییانەدا لە کاتی ڕێوڕەسمی ڕۆژی پەرستاراندا زیادکردنی مووچەی پەرستارانی بە مەحاڵ ڕاگەیاند و ڕایگەیاند کە حکوومەت پارەی نییە.

دوای ناڕەزایەتیدەربڕینی پەرستاران، ناوەندە ئەمنییەکان چەندین پەرستاریان بانگ کردووە و هەروەها بەرپرسی زانکۆی زانستە پزیشکییەکان لێکۆڵینەوەیان لە پەرستارانی ناڕازی کردووە؛  ئەو پەرستارانە ڕایانگەیاند کە "ناڕەزایەتی نیشاندان مافی یاسایی ئێمەیە" و ڕایانگەیاند کە زانکۆی زانستە پزیشکییەکان بەنیازە بەم کارە ئەم مافە یاساییە لە پەرستاران وەربگرێت، لەکاتێکدا داواکارییەکانی ستافی پزیشکیی وڵات هەمووی یاسایین و لەسەر بنەمای دادپەروەری دامەزراوە.