بەپێی ڕاپۆرتی ''ڕویتێرز'' بەرپرسێکی باڵای لوبنان ڕۆژی دووشەممە، ٢٨ی خەزەڵوەر، ڕایگەیاندووە کە نێردراوی تایبەتی ئەمریکا بڕیارە بۆ بەرەوپێشبردنی گەڵاڵەی ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و حیزبۆڵڵا، سەردانی بەیرووت بکات.
ڕویتێرز لە ڕاپۆرتی خۆیدا بڵاوی کردووەتەوە ''ئامووس هوخشتاین''، نێردراوی تایبەتی ئەمریکا، ڕۆژی سێشەممە، ٢٩ی خەزەڵوەر، بە ئامانجی گفتوگۆکردن لەگەڵ بەرپرسانی لوبنان لەمەڕ بەرەوپێشبردنی گەڵاڵەی ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و حیزبۆڵڵا، سەردانی لوبنان دەکات.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، ڕوانگەی دەوڵەتی لوبنان لە هەمبەر هەوڵە دیپلۆماتیکەکانی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حیزبۆڵڵا، ئەرێنییە.
هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لە نێوان حیزبۆڵڵا و ئیسرائیل لە کاتێکدایە کە شەڕەکە زیاتر پەرەی سەندووە و ئەرتەشی ئیسرائیل بۆ یەکەمجار لە ماوەی پێنج حەفتەی ڕابردوودا، ناوەندی بەیرووت پێتەختی لوبنانی کردووەتە ئامانج و هەروەها لە ماوەی ڕابردوودا هێرشی کردووەتە سەر ناوچەکانی باشووری بەیرووت و لە ئاکامدا شەش ئەندامی ئەو گرووپە کە یەکیان سەرۆکی پێوەندییە هەواڵدەرییەکانی حیزبۆڵڵا بووە، کوژراوە.
بەپێی هەندێک سەرچاوەی ئاگادار لەو ڕێککەوتنە، نێوبژیوانانی ئەمریکایی لە هەوڵدان کە سەرەتا هەر دوو لایەن ڕازی بکەن کە سەرەتای ئاگربەستەکە بە ئاگربەستێکی ٦٠ ڕۆژییەوە دەست پێ بکەن.
لە دوای تەواوبوونی ئەو ٦٠ ڕۆژە، بۆ ڕێککەوتنی کۆتایی ڕێککەوتننامەی ١٧٠١ی شۆرای ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ساڵی ٢٠٠٦ کە سەبارەت بە ڕاگرتنی تەواوی شەڕ بووە لە نێوان ئیسرائیل و حیزبۆڵڵا، جێبەجێ دەکەن.
لە ڕێککەوتننامەی ١٧٠١ی شۆرای ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ساڵی ٢٠٠٦دا هاتووە، ئیسرائیل لە خاکی لوبنان بکشێتەوە و گرووپی حیزبۆڵڵاش چەک بکرێت و لەگەڵ گرووپە چەکدارەکانی دیکە لە باشووری لوبنانەوە بۆ باکووری ڕووباری لیتانی لە ٢٠ کیلۆمیتری باکووری سنووری ئیسرائیل، پاشەکشێ بکەن.
هەروەها بەپێی ئەو ڕێککەوتننامەیە، ١٥ هەزار هێزی ئاشتیپارێزی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە نێوان هەردوولادا، جیگیر دەبن.