حیجابی میلیاردی!
ئاسۆ مینبەری
ڕەچاونەکردنی حیجابی دڵخوازی کۆماری ئیسلامی و ملکەچنەبوونی توێژی ژنان لەمبارەوە بەتایبەتی، وای کردوە ڕێژیم بۆ بەرەوپێشبردنی ئەم بابەتە پەنا بباتە بەر ڕێوشوێنگەلێک کە بە هیچ پێوەرێک لەلایەن خەڵکەوە قەبووڵ ناکرێن.
لە دوای کوژرانی ژینا ئەمینی لەسەر پرسی حیجاب و ئەو هەموو سەرکوتکاری و قەتڵە حکوومەتییانەی ڕێژیم بۆ سەلماندنی بێتاوانبوونی خۆی! لە پرسی کوشتنی ئەم کچە کوردەدا نواندی، چەندین گەڵاڵەی جیاواز بۆ سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ بەسەر ژناندا لەلایەن ڕێژیم و ناوەندە سەرکوتکەرەکانییەوە هاتنە ئاراوە. بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە هیچکام لەم گەڵاڵانە نەیانتوانی بچنە خزمەت ڕێژیمەوە و هەرکامەیان بە جۆرێک شکستیان بەدواوە بوو.
لە ١٢ی خەزەڵوەری ئەمساڵدا، لە قوژبنێکی دیکەی ئەم جوغرافیایدا کە ئێرانی پێ دەوترێ و لە زانکۆیەکدا کە ئەرکی سەرەکیی بەرپرسان و کارگێڕانی دەبێ پەرەدان بە زانست و ئاوەز بۆ گەشەسەندنی کۆمەڵگە بێت، هێزە حیراسەتییەکان بە بیانووی ڕەچاونەکردنی حیجابی دڵخوازی خۆیان، وەک خووی هەمیشەیی ڕێژیمەکەیان بە نواندنی توندوتیژی بەرانبەر بە کچێکی خوێندکار، بە دڕاندنی جلەکانی هەوڵیان دا ملکەچی بڕیارەکەی خۆیانی بکەن. ئەکتی مەدەنیی ئەم کچە و دەرهێنانی جلەکانی و بە نیمچەڕووتی هاتوچۆکردن لەنێو حەوشەی زانکۆکەی تاراندا، وای کرد کە بەرپرسانی ڕێژیم، بۆ کڕینەوەی ئابڕووی لەدەستچووی خۆیان دەستەوداوێنی فێڵێکی نوێ بن، ئەویش لەژێر ناوی زانستدا!
ئەو کچە خوێندکارە بەپێی زانیارییەکان هەتا ئێستاش لە ناوەندێکی چارەسەرکردنی کێشە دەروونییەکاندا دەسبەسەرە و دەوترێت کە ڕێژیم بە دەرخوارددانی دەرمانگەلێک کە ئەتوانن مەترسیی جیددی بۆ سەر تەندروستیشی دروست بکەن لە جیاتی چارەسەرکردنی کێشەکە، خەریکی سڕینەوەی گرفتە سەرەکییەکەیە.
کاردانەوە جیاوازەکان بەم توندوتیژییە، وای کرد کە بەرپرسانی ڕێژیم بیر لە ڕێگاچارەیەکی نوێتر بکەنەوە، بۆیە لە ٢٢ی خەزەڵوەری ئەمساڵدا، بەشی ژنان و بنەماڵەی ستادی ئەمر بە مەعرووفی تاران ڕایگەیاند کە لە هەوڵدان تاکوو کلینیکێکی تایبەت بە مەبەستی "چارەسەرکردنی زانستی و دەروونناسانەی بێ حیجابی" بکەنەوە!
مێهری تالبی دارستانی، بەرپرسی ئەم بەشە ڕایگەیاند کە ئەم کلینیکە وەکوو بنکەکانی وازهێنان لە خووگری ئامادە کراوە و لە ڕاستیدا کلینیکێکە بۆ وازهێنان لە پرسی بەناو بەدحیجابی، بابەتێک کە چەند ڕۆژ دواتر و لەژێر گوشارە هەمەلایەنەکاندا، زەهرا بێهرووزئازەر، جێگری مەسعوود پزشکییان لە کاروباری ژنان و بنەماڵە، ڕایگەیاند کە ئەم بابەتە لە دەوڵەتی چواردەیەمدا پەسەند نەکراوە و پێوەندییەکی بە دەوڵەتەوە نییە.
هاوکات لەگەڵ ئەم هەوڵەی دەوڵەت بۆ بێبەریکردنی خۆی، جارێکی دیکە دارستانی ڕایگەیاند کە ئەم گەڵاڵەیە ماوەیەکە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و تاکوو ئێستا لانیکەم ٢٥٥ میلیارد تمەن پارەشی وەکوو بوودجە بۆ تەرخان کراوە کە لەم بڕە، ١٠٠ میلیاردی وەکوو بوودجەی تایبەت بووە.
تەرخانکردنی ٢٥٥ میلیارد تمەن پارە بۆ کلینیکی وازهێنان لە بێحیجابێ، لە کاتێکدایە کە بەو پارەیە پێش بە وازهێنان لە خوێندنی سەدان کچ بە هۆی هەژاری و نەدارییەوە دەگیردرێت.
ئەم بودجەیە و کردنەوەی ئەم کلینیکە کە کاردانەوەیەکی ئاشکرا بە ناڕەزایەتییەکان بەرانبەر بە ڕێژیم سەبارەت بە پرسی کچەکەی زانکۆی علووم تەحقیقاتی تاران بوو، بە جۆرێک لە جۆرەکان لەژێرپێنانی زانست و بێڕێزی بە خەڵکی زانا و وشیاری کۆمەڵگەش بوو و ئەم پرسیارەی دروست کرد کە مەگەر حیجاب، نەخۆشییە کە پێویستی بە ناوەندێکی زەبەلاحی لەم چەشنە بۆ وازهێنان بێت؟ هەر ئەمە وای کرد دوو ئەنجومەنی دەروونناسی لە ئێران و ئەنجومەنی زانستیی ڕەوان دەرمانی لە ئێران، هاتنە دەنگ و لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ڕوو لە کۆماری ئیسلامی ڕایانگەیاند کە "کەلکئاوەژوو وەرگرتن لە دەروونناسی و ڕەوان دەرمانی بوەستێنن."
هەرچەند کۆماری ئیسلامی وەکوو پرسێکی سیاسی لە حیجاب دەڕوانێ بەڵام، لە ڕاستیدا ئەمە پرسێکی کۆمەڵایەتییە و پێوەندیی بە ئازادییە تاکەکەسییەکانەوە هەیە، بەڵام بەپێی خوو و خدەی دەسەڵاتێکی تۆتالیتەری وەک کۆماری ئیسلامی زۆر ئاساییە کە ئەم پرسە سنوورە سیاسییەکە ببڕێ و ئێستا وەکوو پرسێکی پزیشکی و دەروونی چاوی لێ بکرێ کە تووشبووانی پێویستیان بە چارەسەروەرگرتن هەبێ!
پێداگریی ڕێژیم لەسەر پرسی حیجاب لە دوو لایەنەوە ئەکرێ خوێندنەوەی بۆ بکرێ، یەکەم ئەوەی کە ئەم دەسەڵاتە ئەمە بە ڕێگاچارەیەک بۆ سەرکوتی وزەی بەشێک لە کۆمەڵگە واتە ژنان دەبینێ و بە شێوازی جۆراوجۆر دەیەوێ، هێژموونیی خۆی لەم بوارەوە بەسەر ژناندا بسەپێنێ، بەڵام لایەنی دیکە کە پێم وایە گرینگترە ئەوەیە کە ڕێژیم بەم هەوڵانە کە هەموو جارێکیش دەبنە سەردێڕی میدیا جۆراوجۆرەکان، دەیهەوێ بە دنیای دەرەوە ڕابگەیێنێ کە پرسی ئەم کۆمەڵگەیە، نە سیاسییە، نە ئابووری بەڵکوو پرسی حیجابە و ئەمە خۆی لە خۆیدا بچووککردنەوەی پرسە سەرەکییەکە و بەلاڕێدابردنی پرسە گرینگەکەی کۆمەڵگە واتە دژایەتی لەگەڵ چییەتی و ساختار و سیاسەتی کۆماری ئیسلامییە.
تەرخانکردنی بودجەیەکی میلیاردی بۆ پرسی حیجاب، هەم پڕکردنی گیرفانی کاربەدەستانی ڕێژیمی بەدواوە دەبێ و هەم دەتوانێ دەرفەتێک بۆ سەرکوتی زیاتری خەڵک بێت، بۆیە پێویستە بە وشیارییەوە لەم پرسە بڕوانین چونکە لە کۆتاییدا ئەوەی کە بە ناوی حیجابەوە سەرکوتی دڕندانەی تووش دەبێت، نەتەوە بندەستەکان و لە سەرووی هەموویانەوە کوردستانە.