دەرکەی دیپلۆماسی بە ڕووی کۆماری ئیسلامیدا داخراوە
هەردی سەلیمی
لەدوای چاوەڕوانییەکان و سەرەڕای هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی و هەروەها لە بەرامبەریشدا بەڵێنی کەمکردنەوەی ڕێژەی پیتاندنی ئۆرانیۆم، بەڵام شۆڕای حۆککامی ئاژانسی نێونەتەوەییی وزەی ناوکی شەوی پێنجشەممە لەسەر جومعەی حەوتووی ڕابردوو، لە دژی بەرنامەی ناوکیی ئێران بڕیارنامەیەکی پەسند کرد. ئێران پێشتر چەندین جار بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ هەڕەشەی گۆڕینی دوکتورینی بەرنامەی ناوکیی کردبوو، هەروەها پێش لە پەسندکرانی ئەم بڕیارنامەیەش سەرەڕای هەوڵەکانی وەزیری دەرەوەی دەوڵەتی چواردەیەم واتە "عراقچی" کە لەگەڵ چەندین وڵاتی وەک ئافریقای باشوور، بەنگلادش و برزیل و ئەلجەزایر و... قسەی کردبوو بۆ ئەوەی پاشگەزیان بکاتەوە لە پەسندکردنی ئەو بڕیارنامە پێشنیارکراوە، بەڵام وەک زۆربەی هەوڵە بێدەرەنجامە دیپلۆماتیکەکانی ئەم ماوەیان، ئەم هەوڵەش بێئاکام بوو و بڕیارنامەکە بە زۆرینەی دەنگ لەدژی ئێران پەسند کرا.
لەم بڕیارنامەدا هاتووە کە ئێران دەبێ لە پێوەندی لەگەڵ دوو شوێن کەوا لەوێدا پیتاندنی ئۆرانیۆم بەشاراوەیی کراوە، ڕوونکردنەوە بدات و هەموو بەڵگە و شوێنەکان بنێتە ئیختیار بازڕەس و لێکۆڵەرەکانی ئاژانسی نێونەتەوەییی وزەی ناوکی، هەروەها داوا لە ئێران کراوە ڕوونکردنەوەیەک بدات لەو بارەوە کە بۆچی پیتاندنی ئۆرانیۆم بە خەستیی زۆرەوە لە "تورقوزآباد" و "ورامین" کراوە، بەڵام وەزارەتی دەرەوە و ڕێکخراوی وزەی ناوکیی کۆماری ئیسلامی لە وڵامدا لە ڕاگەیەنراوێکدا ئەم هەنگاوەی شۆڕای حۆککامی بە "سیاسی" و "نابەرپرسیارانە" و "نابەجێ" و "ڕووخێنەر" هەڵسەنگاندووە و لە بەرامبەریشدا داوا کراوە کۆمەڵێک سانتریفیووژی نوێ و پێشکەوتووی دیکە وەکار بکەون.
لەگەڵ ئەوەشدا کۆماری ئیسلامی ئەو وڵاتانە بەتایبەت بریتانیا و فەڕانسە و ئاڵمان بەوە تاوانبار دەکات کە دەیانهەوێ لە ڕێگەی ئەم بڕیارنامەوە بوار بۆ "سنەپبەک" یا هێنانەوەی مکانیزمی ماشە خۆش بکەن. ئەم مکانیزمە ئەو گەمارۆیانەی وا ساڵی ٢٠١٨ لەسەر ئێران لابراون، دێنێتەوە سەر جێی خۆی، کە کۆماری ئیسلامی لەمە ترساوە و لە ماوەیەک لەمەوبەرەوە هەوڵی داوە لەگەڵ ئاژانس و ئەو سێ وڵاتە ئورووپایییەی ئەندامی ئەو شۆڕایە ڕێککەوتنێکی نوێ بۆ پێشگرتن لە هاتنەوەی گەمارۆکان بە ئەنجام بگەیەنن. جگە لە بابەتی وزەی ناوکیی ئێران، هەر لەم ماوەی ڕابردوودا چەندین بەرکەوتنی دیکە لە نێوان ئێران و ئەو چەند وڵاتە ئورووپایییەدا ڕووی داوە کە نیشان لە ئاڵۆزیی پێوەندییەکانیان هەتا ئاستێکی بەرفرەوان دەدات: پاڵپشتیی یەکیەتیی ئورووپا لە ئیمارات لەسەر پرسی ئەو سێ دوورگەی باشووری ئێران و ناوهێنانی ئێران وەک وڵاتێکی داگیرکەر، ئابلۆقەی بەشی کەشتی و فڕۆکەی ئێران، داخرانی کۆنسوولی ئێران لە ئاڵمان، پرسی هاوکاریی ڕووسیە لە شەڕی ئۆکراین لەلایەن ئێرانەوە ئەمانە چەندین بەرەوڕووبوونەوەی تری ئێران لەگەڵ وڵاتانی ئورووپایی بووە کە هەموو لەدژی ئێران شکاوەتەوە.
سەرەڕای گرتنەپێشی هاوکاتی سیاسەتی هەڕەشە و سازان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە، وا دەردەکەوێ هیچ کام لە ویستەکانی بەرەو ئەنجامێکی دڵخواز ناچن. گەیشتنە لووتکەی شەڕ و ناکۆکییەکانی لەگەڵ وڵاتی ئیسرائیل و چەندین گەمارۆ و پەسندکرانی ئەم بڕیارنامەیە و ئەگەری گەڕانەوەی مکانیزمی ماشە و هەروەها هەڵبژێرانەوەی ترامپ، بەتەواوی نیشان لە ئاسۆی تاککەوتنی کۆماری ئیسلامییە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و شکستهێنانی دیپلۆماسیی ئەو ڕێژیمە؛ بۆیە دەبێ لەو ڕووەوە چاوەڕێی گوشاری زیاتر و ڕۆژانێکی ئەستەمتر بکەین بۆ کۆماری ئیسلامی. گەر بێت و کۆماری ئیسلامی لە ئەگەری زیاتربوونی گوشارەکان وەک پێشتر گوتوویانە ڕوو لە گۆڕینی دوکتورینی ناوکیی بەرنامەکەیان بکەن، بە هاتنەوەی ترامپ وا وێدەچێ ئامریکا کێشەیەکی لەگەڵ لێدانی دامەزراوە نەوتی و ناوکییەکانی ئێران لەلایەن ئیسرائیلەوە نەبێ؛ کە ئەمەش هێندەی دیکە دۆخەکە لە کۆماری ئیسلامی ئاڵۆزتر دەکات.