هاواری نەبڕاوەی ژنان لە بێدادیی کۆماری ئیسلامی
سمایل شەرەفی
ڕۆژی شەممە، ١٢ی خەزەڵوەری ١٤٠٣ی هەتاوی کچە خوێندکارێکی زانکۆی "علوم و تحقیقات"ی تاران لەلایەن خوێندکارێکی بەسیجییەوە لەبەر "ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێ" هێرشی کرایە سەر. بەپێی زانیارییەکانی "هەواڵدەریی ئەمیرکەبیر" ئەم خوێندکارە بەسیجییە کە هاوکات مەئمووری ئەمنیەت (حەراسەت)ی زانکۆکەشە، دوای پەلاماردان و بێڕێزیکردن بە "ئاهوو دەریایی"، کراسەکانی لەبەر دادڕیوە و کچەش بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین و نیشاندانی ڕق و بێزاریی خۆی لە یاسای حیجابی زۆرەملێ، نیوەڕووت لەنێو زانکۆ و شەقامەکانی دەورووبەری زانکۆدا خۆی نیشان داوە.
دوای بڵاوبوونەوەی وێنەکانی ئەم کچە لە زانکۆی علوم و تەحقیقاتی تاران ڕوانگە و بۆچوونی جیاواز لەسەر هەڵوێستی ئەم کچە خوێندکارە هاتە ئاراوە؛ زۆر کەس هەڵوێستەکەیان بە ئازایانە و خەباتکارانە لە پێناو ئازادیی تاکەسی و دژایەتی لەگەڵ یاسا و ڕێسا دواکەوتووەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە قەڵەم دا. هەشبوون کەسانێک ڕووتبوونەوەکەیان پێ باش نییە و لەو باوەڕەدان ئەم کارانە بیانوو دەداتە دەست نەیارانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی و تەعبیری خراپی لێ دەکرێ، چونکی کاربەدەستانی ڕێژیم و میدیاکانی سەر بە ڕێژیم تا ئێستا بۆ چەواشەکردنی پەیامەکانی بزووتنەوەی ژینا دەڵێن؛ "ئەوان لە بەرەڵایی و خۆڕووتکردنەوە دەگەڕێن". لە بەرانبەردا هێزە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم دوای دەستبەسەرکردنی ئەم خاتوونە، بە ڕەوانەکردنی بۆ ناوەندێکی تایبەت بە چارەسەری دەروونی، ڕایانگەیاند کە ناوبراو کێشەی دەروونی هەبووە!
ئەگەر بمانهەوێ لەسەر هەردوو ڕەوایەتی زاڵی خەڵک و دەسەڵات لە هەڵوێست و جۆری دەرکەوتنی ئەم کچە بڕوانین، تاوانباری سەرەکیی پێکهێنانی ئەم دۆخ و حاڵەتانە، کۆماری ئیسلامیی ئێران و نێوەڕۆکە ئیدئۆلۆگ و کۆنەپەرەستانەکەیەتی کە ژیانی لە خەڵکی ئەم وڵاتە کردۆتە جەهەننەم.
لە فەزایەکدا کە کەسێکی پەروەردەکراو بە تێڕوانینە ڕەش و دواکەوتووەکانی کۆماری ئیسلامی، ئیزن بە خۆی دەدات لێپرسینەوە لە جۆری جل لەبەرکردنی ژنێک بکات و بێڕێزیی پێ بکات و لیباسەکانی لەبەر دابدڕێ و، لەولاشەوە هیچ یاسا و دەسەڵاتێکی دادپەروەری ڕاستەقینە نەبێت لێپێچینەوە لەم ڕەفتارە ناشیرین و دڕندانەیە بکات، ئەم کچە چی بۆ دەمێنێتەوە جیا لەوەیکە لە جەستەی خۆی مایە دابنێت و هاواری ئەم ناحەقییە بەرز کاتەوە؟! ئەوەی ئەم کچە خوێندکارەی ناچار بەم جۆرە لە هەڵوێست نواندنە کردوە، جیا لە تەقینەوەی ڕق و بێزاریی لە یاسایەکی داسەپاو لە لایەک و بێدەسەڵاتیی ئەو بەرانبەر بەم هەموو سەرکوت و پێشلکارییانە، شتێکی دیکە نییە.
کۆماری ئیسلامیی ئێران کە شەقامەکانی لە ئازادی داماڵیوە و زانکۆکانی کردۆتە پادگان و ڕۆژانە هێزە بەکرێگیراوەکانی خۆی بە ناوی بەسیج و حەراسەت و ئیرشاد و چاودێری کۆمەڵایەتی و دەیان باند و گرووپی سەرکوتکەری دیکە، کردۆتە گیانی خەڵک، هیچ مەجالێکی یاسایی و دێموکراتیکی بۆ ناڕەزایەتیدەربڕین نەهێشتۆتەوە. بەڵام بەو حاڵەش خەڵکی وڵات بەتایبەت کچان و ژنانی ئازا کە لە بزووتنەوەی نوێی مافخوازانەدا پێشەنگایەتیی دژایەتیکردنی کۆماری ئیسلامی و یاسا کۆن و داڕزیوەکانی ئەم ڕێژیمەیان گرتۆتە ئەستۆ، کۆڵ نادەن. ئەگەر دوێنێ ویدا موەحد لە شەقامی ئینقلابی تاران بە هەڵسووڕاندنی لەچکەکەی ئازایانە و ڕاشکاوانە دژ بە یاسای زۆرەملێکردنی باڵاپۆشی ڕاوەستا و بەدوای ئەوەدا بە دەیان و سەدان کچ و ژنی وڵات بە فڕێدانی لەچکەکانیان لەسەر شەقامەکان پەیوەست بەم بزووتنەوە بوون، ئەوا ئەمڕۆ کچەکەی زانکۆی "علوم و تحقیقات"، "ژنانەبوون"ی خۆی لە وەها خۆ دەرخستنێکدا دەکاتە چەکی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و یاسا لار و لەوێرەکانی.
وەک ئاماژەی پێ کرا میدیاکانی سەر بە ڕێژیم بە جۆرێک باس لە هەڵوێستی ئەم کچە دەکەن کە گوایا کێشەی ڕەوانی هەبووە. هاوکات هاوسەری پێشووی ئەم خاتوونە بە بڵاوکردنەوەی ویدیۆیەک وێڕای "بەخراپزانینی کارەکەی"، خۆی پێ ڕانەگیرا و بە گریانەوە پەشیمانیی خۆی لەوە دەربڕی کە نەیهێشتووە منداڵەکانی ببینێ! ئەگەر وای دابنێین ئیدیعای میدیاکانی ڕێژیم لەسەر هەبوونی کێشەی دەروونیی ئەم خانمە ڕاستە و دانپێدادانی هاوسەرەکەیشی لەسەر ئەوەیکە نەیهێشتوە منداڵەکانی ببینێ بە سەلماندنی ئەم ئیدیعایە دابنێین، دیسان کێ تاوانبارە؟! چی وا دەکات دایکێک مافی ئەوەی نەبێت جگەرگۆشەکانی ببینێ و بەم هۆیەوە تووشی کێشەی دەروونی بێت؟! مەگەر هەر یاسا دژە ژنەکانی کۆماری ئیسلامی نییە کە هەموو مافێکی لە ژنانی وڵات زەوت کردوە و بە پێچەوانەی هەموو یاسا و عورفێکی جیهانی، مافی خاوەندارێتی منداڵی – دوای جیابوونەوە – لە دایک زەوت کردوە و هیچ پشتیوانییەکی یاساییش تەنانەت بۆ دیتنی منداڵەکانی پێ ڕەوا نەبینراوە؟! بۆیە لە هەر حاڵدا تاوانباری سەرەکی، بوونی کۆماری ئیسلامی و یاسا دژە مرۆییەکانی ئەم نیزامەیە کە بەتایبەت ژنانی لە هەموو ماف و ئازادییەکی سەرەتایی بێبەش کردوە و هەموو ڕێگاکانی گەیشتن بە ژیانێکی سەربەستانەی لێ زەوت کردوون.
هەڵوێست و شێوەی دەرکەوتنی ناڕەزایەتی نواندنی کچەکەی زانکۆی "علوم و تحقیقات"ی تاران، تەعبیر لە خەبات و تێکۆشانی گشت کۆمەڵانی خەڵکی ئێران بە هەموو چین و توێژەکانییەوە دەکات کە بۆ "نا" وتن بە تەواویەتی کۆماری ئیسلامی و ڕاوەستان بەرانبەر بە هەموو یاسا و رێسا داسەپاوەکانی ئەم نیزامە، ئامادەن لە گیان و وجوودی خۆیان مایە دابنێن. بەڵام ئەوەی تا ئێستا ئەو خەباتەی نەگەیاندۆتە ئاکام و کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دەسەڵاتدا ماوەتەوە، نایەکگرتوویی و نەبوونی بەرنامەیەکی هاوبەشی جەماوەرییە کە بەداخەوە لە کەمتەرخەمی و بێهەڵوێستیی هاوکلاسی و هاوزانکۆییەکانی ئەم کچە پەتی و تەنیایەدا دەبیندرێ.