ژنان، پێشەنگی خەبات و بەرخۆدان لە کوردستان
ڕەزا دانشجوو
"فرانس فانۆن" نووسەری شۆڕشگێڕ و بەناوبانگ لە کتێبی "دۆزەخییەکان لەنێو جەهەننەمدا" باس لە ڕۆڵی جێگرەوەنەکراوی ژنان لە شۆڕش بە تایبەت لە بزوتنەوەی ڕزگاریخوازیی خەڵکی ئەلجەزائیر دژی کۆلۆنیالیزمی فەرانسە دەکات و ڕۆڵی ژنان زۆر بە گرنگ و چارەنووسساز دەزانێت.
فەیلەسوفی بەڕازیلی "پالۆئو فریو" باس لە گرنگیی پەروەردە بۆ ژنان و ڕۆڵی کاریگەری ژنان لە سەرکەوتن لە خەباتدا دەکات.
ژنان لە کوردستان بە گشتی و لە ڕۆژهەڵات بەتایبەتی هەمیشە ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە و گرینگیان لە خەباتی دژ بە داگیرکەران و گەیشتن بە ئازادیدا هەبووە. بێ گوێدانە بەو گرفت و ئاستەنگە زۆرانەی کە لەبەردەمیاندا بوون، ژنان لە کوردستاندا توانییان لە زۆر بواردا ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە بگێڕن. ئەم ڕۆڵە دەتوانرێت بۆ چەند بەشێکی جیاواز پۆلبەندی بکرێت.
خەباتی چەکداری دژی داگیرکەران
لە دەسپێکی قۆناغی بەرخۆدانی چەکداری دژ بە کۆماری ئیسلامی، ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان جلوبەرگی شەڕیان لەبەر کردوە و شانبەشانی پیاوان وەک پێشمەرگە بەرگری لە ناسنامەی کوردایەتی خۆیان دەکەن. ئەم ڕۆڵە چارەنووسسازەی ژنان لە بەرەنگاربوونەوەی تاریکی و ستەمکاریدا لە هەموو ساڵانی شەڕی چەکداری لە دژی داگیرکەران بە ڕوونی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبینرێت. چەندەها ها ژنی قارەمان و شۆڕشگێڕ کە لە قامەتی پێشمەرگەی کوردستان و بەو جلە پیرۆزە بریندار یان شەهید بوون و وانەی خۆبەختکردن و خۆڕاگرییان فێری کۆمەڵگە کرد.
ڕەنگە خەباتی ئازایانەی ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان لە شەڕی هێزەکانی تاریکی داعشدا وەک وەرچەرخانێک لە مێژووی خەباتی ژنانی کورد لە دژی ستەمکاری و تاریکی باس بکرێت. ئەو کاتەی کە ژنانی کورد بە بەرخۆدانی قارەمانانە و ناوازە خۆیان جیهانیان سەرسام کرد و توانیان هێزەکانی تاریکی تێکشکێنن.
هەوڵدان بۆ پاراستنی زمان و کولتووری کوردی
بێگومان هەوڵدان بۆ پاراستنی فەرهەنگ و زمانی کوردی دەتوانرێت بە یەکێک لە گرنگترین بوارەکانی خەبات لە کوردستان دابندرێت. لەکاتێکدا کە داگیرکەرانی کوردستان ساڵانێکە بەپێی تێکۆشانێکی درێژخایەن و پلاندارێژراو هەوڵی ئاسمیلەکردن و لەنێوبردنی کولتوری کوردی دەدەن و هەموو ئامرازێکیان لە کوردستاندا بەکارهێنا بۆ گەیشتن بەم ئامانجە نامرۆڤانەیە لە گۆڕینی پێکهاتەی دیمۆگرافی شارەکانی کوردستانەوە تا هەوڵ بۆ سڕینەوە و لەنێوبردنی زمان و کولتووری کوردەواری. بەڵام ئەوەی جێی دەستخۆشی و جێی ڕێزە، هەوڵی شێرە ژنەکانی کوردە لەم لایەنە زۆر هەستیار و ژیانییەی خەبات دژ بە داگیرکەران. پێویست ناکات بڵێین زمان، وەک گرنگترین پێکهاتەی سروشتی زیندوو و دینامیکی کولتوورێک، ئەگەر لەبیر بکرێت، کێشەی زۆری لێدەکەوێتەوە. ژنانی کورد بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەوڵی زۆریان داوە بۆ پاراستن و بڵاوکردنەوەی زمانی کوردی. پێویستە بگوترێت ناوی زەهرا محەممەدی وەک یەکێک لە ژنانی پێشەنگ و کۆڵنەدەر لەم بوارەدا دەدرەوشێتەوە و هەمیشە دەبینرێت. کەسێک کە چەندین جار لە لایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کرا و تەنیا بە هۆی هەوڵە ماندوونەناسەکانی بۆ پاراستنی زمانی دایکی، سزای زیندان و دوورخستنەوەی لە کاروباری بەسەردا سەپێندرا، بەڵام هەرگیز لە ڕێبازی شکۆمەندی خەباتی خۆی پاشەکشەی نەکرد و بە ئاگادارییەوە درێژەی بە تێکۆشانی خۆی دا.
خەباتی مەدەنی دژ بە دیکتاتۆر
بێگومان ژنانی کورد پێشەنگی خەباتی مەدەنی لە دژی دیکتاتۆر و داگیرکەرانی کوردستان بوون. ئەوانەی لە دیکتاتۆر و دەسەڵاتە سەرکوتگەرەکانی ناوچەکە ناترسن، بە ئاگاییەوە ڕێگای مەترسیداری خەباتیان هەڵبژاردوە. "لەیلا زانا" سیاسەتمەداری دێرینی کورد لە باکووری کوردستان، ڕەنگە وەک یەکێک لە ژنە پێشەنگەکانی کورد لە شەڕی دژ بە ڕژێمە دیکتاتۆرەکانی ناوچەکەدا ناوببرێت، کە هەموو تەمەنی خۆی بە شەڕ دژی داگیرکەران و هەوڵدان بۆ مسۆگەرکردنی مافەکانی کورد بەسەربردوە. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەت لەم ساڵانەی دواییدا ژنان ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەیان لە پێشخستنی خەباتی دژ بە ستەمکاری و داگیرکاریدا بینیوە. دەیان حوکمی لەسێدارەدانی نامرۆڤانە و زیندانی درێژخایەن دەکرێ بڵێین دەرئەنجامی ئەم خەباتە ماندوونەناسانەی ژنانە.
“زەینەب جەلالیان“ زیندانیی سیاسیی کورد کە ساڵانێکە لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی لەژێر سەختترین هەلومەرجدا خەبات دەکات، بێگومان یەکێک لە سیمبولەکانی ئەو خەباتە مەدەنییە. جگە لە ئەو دەتوانرێت ناوی دەیان تێکۆشەر و چالاکی سیاسیی دیکەی کورد کە لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا زیندانی کراون بهێنرێت.
دەرکردنی حوکمی لەسێدارەدان بەسەر "پەخشان عەزیزی" و "وەریشە محەممەدی" دەتوانرێ وەک دوایین حوکمی دڕندانە لە دژی ژنانی شۆڕشگێڕ و کۆڵنەدەری کورد هەژمار بکرێت. شۆڕەژنانی قارەمان کە بێ ترس لە دیکتاتۆری و نیزامی چەپەڵی کۆماری ئیسلامی، لە کۆمەڵگایەکی چاوترساو لە زەبروزەنگی دیکتاتۆر، بە ئاگادارییەوە ڕێگای تێکۆشان لە پێناو مسۆگەرکردنی مافەکانی ژنانیان هەڵبژارد. ڕۆحی خەباتکارانەی ئەم ژنە خەباتگێڕ و شۆڕشگێڕانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەتوانین وەک نموونەیەکی ناوازە لە هەوڵی ژنانی ئازادیخواز بۆ گەیشتن بە دیموکراسی نەک تەنیا لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵکو لە جیهاندا وەسف بکرێت.
بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"
وشەی "ئافرەت" لە زمانی کوردیدا لە وشەی "ئافراندن"ەوە هاتووە، لەم خوێندنەوەدا ژن ڕەمزی خوڵقاندن و دروستکردنە. ڕووداوەکانی شۆڕشی "ژن ,ژیان ,ئازادی" سەرەتای خوێندنەوەی دووبارەی ڕۆڵی ژن لە پرۆسەی داهێنان و ئافراندن بوو. وەرزی بووژانەوەی جوانی و دەسپێکی هاتنەوەی ژن وەک فاکتەرێکی کاریگەر لە داڕشتنی ژیان لە کۆمەڵگەدا. زۆر دوور لە چوارچێوەی داسەپاو و بە زور چەسپێنراوی بیری تەسک و کۆنەپەرست و پاشکەوتووی هیزی سەرکوتگەری داگیرکەر، ژنانی کورد توانیان بە دووبارە پێناسەکردنەوەی ڕۆڵی ژن لە گەشەکردنی کۆمەڵگادا، گیانێکی نوێ بە خەباتی دژی دیکتاتۆری وەلایەتی فەقێە ببەخشن و خوێنێکی تازە بن لە دەمارەکانی شوڕشدا. بێگومان ژنان گرنگترین و چارەنووسسازترین لایەنی بەشدار لە شۆڕشی ژینا دا بوون.
بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، ڕۆڵی ناوازەی ژن لە پێشهاتە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگەی کوردستاندا نیشان دەدات. گرنگی ئەم پرسە لە جوغرافیایەک جێگای مشتومڕە کە پێی دەوترێت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، شۆنێک کە ژنان ساڵانێکە لەژێر بیرکردنەوەی پیاوسالاری کۆمەڵگەدا مەحکوومن بە سەرکوتکردن و لە پەراوێزدا بوون. لە وەها بارودۆخێکدا ژنانی کورد پێشەنگ و سکاوتەکانی خەبات دژی دیکتاتۆری بوون.
خەباتی بەرفراوانی ژنانی کورد بۆ گەیشتن بە ئازادی و دیموکراسی چ لە شێوەی چالاکیی کۆمەڵایەتی و چ لە بوارەکانی سیاسیدا، ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی ژنان و تێڕوانینی پێشکەوتنخوازانەی کورد بۆ ژنان نیشان دەدەن، هەرچەندە ئەم پرسە نابێت ببێتە هۆی ئەوەی کە هەندێک کێشەی کۆمەڵایەتیی و کەموکووڕی پەیوەست بە ژنان و چارەسەرکردنی ئەم کێشانە پشتگوێ بخرن ، بەڵام پێویستە ئەم ئاڵاهەڵگریی و پێشەنگایەتیی ژنان لە خەبات و بەرخۆدان دژی داگیرکەران کوردستان بخرێتە بەر باس و لێکدانەوەی زیاتری کۆمەڵگە.