کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئایا حیزبوڵڵا دەتوانێ هەستێتەوە؟

11:30 - 10 سەرماوەز 2724

ئایا حیزبوڵڵا دەتوانێ هەستێتەوە؟

هەردی سەلیمی

پاش گوشارەکانی ئەم دواییانەی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە پێوەندی لەگەڵ ئاگربەس لە لوبنان و غەززە و ئیسرائیل، ئاگربەسێکی دوومانگە بۆ بەرەی شەڕی ئیسرائیل و لوبنان‌ ڕاگەیەندرا. لەم ئاگربەسەدا کە ئامریکا و فەڕانسە پێشنیاریان کردووە، حیزبوڵڵا ناچار کراوە بەوەی حزووری چەکدارانەی لە باشووری لوبنان‌دا نەبێ و هەتا باکووری ڕووباری لیتانی کە لە ٣٠ کیلۆمەتریی سنووردایە، هێزەکانی بکشێنێتەوە. پاراستنی ئەو سنوورەش کەوتووەتە ئەستۆی هێزەکانی ئەرتەشی لوبنان و هێزەکانی پاراستنی ئاشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان، کە لێژنەیەکی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی ئامریکا چاودێری بەسەر بەڕێوەچوونی ئاگربەسەکەدا دەکات.

بەدوای ڕاگەیاندنی ئەم ئاگربەسەدا لایەنگرانی حیزبوڵڵا شادییان دەربڕی و وەک سەرکەوتنێک پێناسەیان کرد، ئەمە لە کاتێک‌دایە کە شەڕی ئەم‌جارەی حیزبوڵڵا و ئیسرائیل بەپێچەوانەی شەڕی ساڵی ٢٠٠٦، زۆر پڕتێچوو بوو بۆ ئەم ڕێکخراوەیە. جگە لە حیزبوڵڵا دەوڵەتی بایدێنیش پاش ساڵێک بەڵێنی ئاگربەس، ئەم ئاگربەسەی بە سەرکەوتنێکی دیپلۆماتیک بۆ خۆی لەقەڵەم دا. بەڵام پاش زیاتر لە ساڵێک لەم شەڕە بۆمان دەردەکەوێ هیچ‌کام لەم دوو لایەنە، بەتەواوی بەو ئامانج و ویستانەی وا پێش لە شەڕەکە دیارییان کردبوو، نەگەیشتوون. ئیسرائیل باسی لە چەک‌کردن و بەجۆرێک لەنێوبردنی یەکجاریی حیزبوڵڵا دەکرد، لە بەرامبەریش‌دا حیزبوڵڵا بەڵێنی دابوو هەتا ڕاگەیاندنی ئاگربەس لە غەززە لە هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی بۆ سەر خاکی ئیسرائیل بەردەوام دەبێ. هەرچەند ئەم ئاگربەسەش زۆر لەرزۆکە و هەر لەم سەرەتاوە لایەنەکان یەکتر بە ژێرپێنانی ڕێکەوتنەکە تاوانبار دەکەن، بەڵام دەبێ هەتا کۆتاییی مۆڵەتە دیاری‌کراوەکە چاوەڕوان بین بزانین چ ڕوو دەدات.

نەتانیاهوو سەرۆک‌وەزیرانی ئیسرائیل لە یەکەم دژکردەوەی‌دا ڕایگەیاند ئەم ئاگربەسە دەبێتە هۆی تەریک‌بوونی حەماس و هەروەها تەرکیزی زیاتری ئیسرائیل بۆ سەر ئێران. لەگەڵ ئەوەش بەپێی قسەی کاربەدەستانی ئیسرائیل، ئەم وڵاتە لە ئەگەری هەست‌کردن بە مەترسی بۆی هەیە ڕێکەوتنەکە هەڵوەشێنێتەوە و هێرشەکان دەست پێ‌بکاتەوە، کە ئەم ئیدعایە لەلایەن حیزبوڵڵاوە ڕەد کراوەتەوە؛ لە هەر حاڵ‌دا لێرەدا بەخێرایی بەراوردێک لە نێوان پاش شەڕی ٣٣ ڕۆژە و پاش ئەم شەڕەی ئێستا دەکەین، بزانین حیزبوڵڵا لە چ دۆخێک‌دایە.

ساڵی ٢٠٠٦ حیزبوڵڵا خۆی وەک براوەی شەڕەکە ناساند و ڕەمزێکیان لە بەوتەی خۆیان خۆڕاگریی حیزبوڵڵا دروست کرد، هەروەها حەسەن نەسروڵڵا وەک ڕێبەری ئەم خۆڕاگرییە، دەرخواردی لایەنگرانیان درا کە کاریگەریش بوو. هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان وێرانییەکی زۆری لێ‌کەتەوە، ناوەندی چاک‌کردنەوەی حیزبوڵڵا ناسراو بە "جهادالبنا" بەپێچەوانەی دەوڵەتی لوبنان زۆر بەخێرایی کاولکارییەکانی ئاوەدان کردەوە و توانیی ئاوارەکان جێگیر بکاتەوە، کە ئەمەش بووە هۆی سەرکەوتنێکی دیی ئەم حیزبە لەنێو خەڵک و لایەنگرانی. پاڵپشتیی ماددی و مەعنەوی و لۆجیستیکیی سووریە و ئێران، بووە هۆی ئەوەی زۆر زوو بتوانن لە ڕووی چەک‌وچۆڵ و ڕاهێنانی شەڕکەرەکانیان خۆیان بەهێز بکەن، بەجۆرێک کە بوونە خاوەنی ١٥٠ هەزار مووشەک. نەبوونی ئیرادەیەکی بەهێز لەلایەن زلهێزانەوە بۆ بەرتەسک‌کردنەوەی چالاکییەکانی ئەو بەرەیەی خۆیان بە بەرەی موقاومەت دەزانن، یارمەتیی حیزبوڵڵای دا زووتر خۆ ڕێک بخاتەوە و زیاتریش خۆی تەیار بکات. لەگەڵ ئەمەش‌دا لە کەمتر لە دوو ساڵ لەو شەڕە و هەر بەبۆنەی ئەو خۆبەسەرکەوتووناساندنە توانیی پێگەی خۆی لە دەوڵەتی لوبنان‌دا بەهێزتر بکات. کۆی ئەم هۆکار و فاکتەرانە بوونە هۆی ئەوەی حیزبوڵڵا بەهێزتر بێت لەچاو ئەوکاتەی کە شەڕەکە ڕووی نەدابوو.

بەپێچەوانەی نزیک بە دوو دەیە لەمەوبەر ئێستا حیزبوڵڵا بۆ خۆبەهێزکردنەوە، لەمپەری زۆر جددیی لەبەردەم ‌دایە: ڕەنگە لە هەمووی گرنگتر نەبوونی ڕێبەرییەکی بەهێز بێت، لەدەست‌دانی بەشێکی زۆر لە ڕێبەری و کادری پلەسەری ئەم حیزبە بەتەواوی توانای خۆڕێکخستنەوەی ئەم حیزبەی لاواز کردووە. ئەم‌جار تێزی "سەرکەوتن" دەرخواردی خەڵک نادرێ، چون نەتەنیا سەرکەوتنێکی تێ‌دا نەبوو تەنانەت بە شەڕهەڵایسێنەریش دەزانرێ و لەو شەڕهەڵایسانەش‌دا ناچار بە دانی تێچووی زۆر و پاشەکشێی زیاتر بووە، کە ئەمەش تا ئێستا لە ڕوانگەی گشتی‌دا کاریگەریی نەرێنیی هەبووە. لە ڕووی نیزامییەوە زەبری کوشندەی لێ‌کەوتووە و چەک‌وچۆڵ و سەکۆی مووشەکی و تونێلێکی زۆری بەتەواوی لەنێو چووە. ئامریکا و فەڕانسە بەپێچەوانەی جاری پێشوو دەیانهەوێ مووبەمووی بڕیارنامەی ١٧٠١ـی شۆڕای ئەمنیەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوە بچێت، کە ئەمەش بەربەستێکی جددیی ترە بۆ چالاکییەکانی حیزبوڵڵا. دەستێوەردانی حیزبوڵڵا لە شەڕی نێوخۆییی سووریە و هەروەها دەرکەوتنی زیاتری پرۆکسی‌بوونی، پێگەی ئەم ڕێکخراوەی پتر لە پێشووتر لەلای وڵاتە عەرەبییەکان دابەزاندووە و سەمپاتییەکییان بۆی نییە. یەکێکی دیکە لە لەمپەرە هەرە گرنگەکانی بەردەمی حیزبوڵڵا لە ئێستادا، دەست‌ئاوەڵا نەبوونی کۆماری ئیسلامییە بۆ یارمەتی‌دان. کۆماری ئیسلامی ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتر لەژێر گوشاری نێودەوڵەتی‌دایە و هەروەها قەیرانی ئابووریی ئێرانیش کارێکی کردووە، ئێران نەتوانێ وەک پێشووتر یارمەتیی حیزبوڵڵا بدات. لەگەڵ ئەوەش شەڕی چەند ڕۆژی ڕابردووی سووریە و تواناییی نیزامیی ئەم وڵاتەی لاوازتر کردووە و کوریدۆری سووریە وەک جاران ناتوانێ فریای حیزبوڵڵا بکەوێ، بەتایبەت بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی سووریە لە هەڕەشەکانی ئیسرائیلیش ترساوە و هەوڵ دەدات لە کۆماری ئیسلامییش دوورتر بکەوێتەوە.

هەرچەند ئەستەمە حیزبوڵڵا بە لەنێوچوو بزانین، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی ئەم هۆکار و فاکتەرانە بۆمان دەردەکەوێ هەستانەوەی ئەم ڕێکخراوە و خۆبەهێزکردنەوەی زۆر دوور لە چاوەڕوانییە. بەم جۆرە کۆماری ئیسلامی یەکێک لە گرنگترین پرۆکسییەکانی لاواز بووە، بەم پێیەش دەتوانین بڵێین کۆماری ئیسلامییش لە ڕووی نیزامییەوە لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی لاوازتر بووە، کە ئەمەش دەچێتە سەر دەفتەری حیسابی شکستەکانی ئەم دوایییانەی ئەم ڕێژیمە.