دەوڵەتی پزشکیان پاش دوو مانگ
هەردی سەلیمی
یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی ئازادی و دێموکراسی، دەسڕاگەیشتن بە زانیارییە، یەک لە بەڵێنەکانی دەوڵەتی پزشکیانیش، لابردنی فیلتێرینگ بوو. ئەو فیلتێرینگەی کە پێش بە ئاڵوگۆڕی ئازادی هەواڵ و زانیارییەکان دەگرێ و بەوتەی خۆیان ئەم فیلتێرینگە تا ئێستا زەرەری زیاتر لە ٢٠ هەزار میلیاردی لە ئابووریی ئەو وڵاتە داوە؛ بەم حاڵەشەوە هەتا ئێستاش کە ئەم وتارە ئامادە دەکرێ دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی و مافیاکانیان هێشتا کۆڵیان نەداوە و تەنانەت کۆبوونەوەی ناڕەزایی دەردەبڕن بۆ ئەوەی پێش بە ئەگەری لابردنی فیلتێرینگ بگرن! دەوڵەتی چواردەیەم ئەم بابەتەشی سواندووە و لەمەوە بۆ ئەو پاسی دەدا.
گەشەی نەختینەیی سەری لە ئاسمان داوە و ڕێکۆردەکانی شکاندووە، کە ئەمە هۆشدارێکی جددییە بۆ هەڵاوسانی زیاتر لە داهاتوویەکی نزیکدا، پرسی ئابووری و کونترۆڵی نەختینەیی و هەڵاوسانیش یەکێکی تر لە بەڵێنەکانی دەوڵەتی پزشکیان بوو، کە ئێستا لەچاو پێشوو لە دۆخێکی خراپتردایە. دەوڵەت هێشتا قەرزی ساڵی ڕابردووی وەرزێرانی نەداوەتەوە و لە توانایدا نییە قەرزەکەی لەگەڵیان پاک بکات؛ بەم حاڵەوە لە بەشە دیارەکەیدا بوودجەی نیزامی سێ هێندە بووەتەوە. نرخی نان کە خواردنی سەرەکیی خەڵکە ٤٠ بۆ سەروو ٦٠٪ زیادی کردووە، لەگەڵ نان ئاو و خانوو و مریشک و هەموو پێویستی و پێداویستییە سەرەکییەکانی تریش بە شێوەیەکی بەرچاو گران بوون، چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگە و سینفە جۆراوجۆرەکان ئێستاش بۆ سەرەتاییترین مافەکانیان ناڕەزایەتی دەردەبڕن و هێشتا ئاوڕێکیان لێ نەدراوەتەوە، لە مامۆستایانەوە هەتا کرێکاران و خانەنشینان و پەرستاران؛ ئەمە لە کاتێکدایە لە کاتی دەنگداندا بەڵێن دەدرا گرانیی هەوسارپچڕاو کونترۆڵ بکرێ.
دەیانکوت بەزۆری ناکرێ حیجاب بەسەر خەڵکدا بسەپێ، ئێستا زانکۆکان و هەموو شوێنە گشتییەکان ئێشکچییانی حیجابی لێ جێگیرە، نەوەک ژنێک حیجابی زۆرەملی لەسەر داماڵێ! پەیام بۆ ژنانی شۆفیر دەنێرن کە بێحیجاب ماشین لێنەخوڕن. گەشتی ئیرشاد ئارامش و ئاسایشی لە خەڵک تاراندووە.
دەوڵەتی پزشکیان لەدوای دوو مانگ کە لە دەسبەکاربوونی تێپەڕ دەبێ، بۆ هەموو ئەم کێشە بنەڕەتییە ئابووری و سیاسییانەی بەردەم خەڵکی ئەو وڵاتە، نە تەنیا هەنگاوێکی ئەرێنیی هەڵنەهێناوە، بەڵکوو دۆخەکەی خراپتریش کردووە؛ پرسیار ئەمە: ئایا ئەم دەوڵەتە لە ماوەی ئەم دوو مانگەدا چ گەندەڵی و خراپبەڕێوەبەرییەکی نەکردووە، کەوا خەڵکیان لە دەوڵەتی سەعیدی جەلیلی دەترساند؟ جیا لەم کێشە ئابووری و سیاسییانە کەوا چاوێکی پێدا خشێنرا، پرسی نەتەوە زوڵملێکراوەکانیش هەر لە جێی خۆیەتی. پرس و کێشەی بەلووچستان بە دانانی ئوستاندارێکی سوننیی بەلووچ چارەسەر نابێت، گەر تەنانەت ئەو کەسە نزیک لە خۆیشیان نەبێت، چون هەر لە بنەڕەتڕا کێشەی کورد و بەلووچ و نەتەوەکانی تر، کێشەی ئەوە نییە کێ ئەو سیاسەتە ئاپارتایدییانە بەڕێوە دەبات و دایدەبەزێنێ، بەڵکوو کێشەی ئەوان ڕیشەیییە بەم هەنگاوە پۆپۆلیستییانە چارەسەر نابێ و کەس فریو نادرێ.
لە پێوەندی لەگەڵ سیاسەتی دەرەوەدا ئەم دەوڵەتە لاوازترین کارنامەی هەیە. سێبەری شەڕێکی گشتگیر و ماڵوێرانکەر بەسەر ئەو وڵاتەدا کێشراوە و دەزگای دیپلۆماسیی ڕێژیم لە دوورخستنەوەی ئەو شەڕەدا دۆشداماوە. پێوەندیی لەگەڵ وڵاتان نییە و تەریک کەوتووە، یەکیەتیی ئورووپا لە ماوەیەکی کورتدا چەندین هەڵوێستی دژبە ڕێژیم گرتووە: گەمارۆی خستووەتە سەر بەشێک لە هێڵی ئاسمانی و چەندین کەس و ناوەندی تریش، لەمەڕ ئەو سێ دوورگەوە پشتی وڵاتی ئیماراتی گرتووە و داوای لە ئێران کردووە دەست لە داگیرکاری هەڵگرێ، لەم دوایییانەش وڵاتی ئاڵمان چەندین کۆنسوولخانەی ئێرانی لەو وڵاتە داخستووە و پێوەندییە دیپلۆماتیکەکانیان بەرەو گرژیی زیاتر چووە، لەگەڵ ئەوەی هێزە پرۆکسییەکانی لە لاوازترین حاڵەتی خۆیاندان لە یارگیری و دۆزینەوەی دۆستیشدا دۆشداماون و هیچکام لە وڵاتانی دەوروبەر لەم کێشانەدا بەلایاندا ناکشێن. هەرچەند کە کۆی بەڕێوەبەرییەکانی کۆماری ئیسلامی هەر دەبێ لەسەر ڕێژیم حیساب بکرێ و لەم نێوەدا جیاوازییەک دانەنرێ، بەڵام بەبۆنەی ئەوەوە دوو مانگ لە دەسبەکاربوونی دوایین دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی تێپەڕ بووە، لێرەدا تیشک خرایە سەر کارنامەی لاوازی ئەم دەوڵەتە، کە بەشێک لە خەڵکیان لە ئاکامەکانی بەشدارینەکردن لە دەنگدان دەترساند!