ڕووبەڕووبوونەوەی دوو بەرە
شەماڵ تەرغیبی
لە ڕۆژانی ڕابردوودا دنیای مەجازی پڕ بوو لە وێنە و فیلمی کچەخوێندکارێکی زانکۆی تاران کە پاش گوشار و هێرشی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم، بە خۆڕووتکردنەوە چەشنێک لە ئێعتراز و ناڕەزایەتی پیشان دا؛ ئەم جوڵە و ڕەفتارە کە لە کۆنەستی کۆمەڵگەی ئێراندا پرسێکی باو و ئاسایی نییە لێکدانەوە و کاردانەوەی جۆراوجۆری لێ کەوتەوە. مەبەستی ئەم نووسینە شەنوکەوکردنی ئەم کردارە بە تەنیا نییە بەڵکوو هەوڵەکە ئەوەیە بەو بیانووەوە بپڕژێتە سەر بابەتێکی گشتیتر کە ئەویش ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان دوو بەرەیە: بەرەیەک کە مانەوەی خۆی لە تابۆشکێنیدا دەبینێتەوە و بەرەیەک کە خوازیاری گەڕاندنەوەی کۆمەڵگەەیە بۆ ڕابردووی کۆن بەهەر نرخێک کە بووە!
بە ئاوڕدانەوەیەکی سەرەپێیی و چاوخشاندنێکی خێرا لە نێو تۆرە کۆمەڵایەتییەکان و بە پێداچوونەوەی میدیاکانی دەرەوەی سنوورەکانی جوغڕافیای ئێران کە هەوڵ دەدەن دەنگی ڕاستەقینەی خەڵک بڵاو بکەنەوە، بۆمان دەردەکەوێت و دەیبینین کە زۆرترین بابەت و نووسراوەکانی خەڵکانی ئێران چ لە نێوخۆ و چ لە دەرەوە، لە بواری سیاسی و لە پەیوندی لەگەڵ ڕێژیمی ئاخوندی و دۆخی قەیراناوی ئێرانی ژێر دەسەڵاتی دیکتاتۆریی مەزهەبیدایە.
لەلایەکی دیکەوە کاربەدەستان و هێندێک لە میدیاکانی ڕێژیم لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوو دەیان جار ترس و نیگەرانیان لە ڕادەی کاردانەوی خەڵک لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان بە نیسبەت برنامە چەپەڵە سیاسی و ئابوورییەکانی ڕێژیم دەربڕیوە.
ئەم بەراوردە لە تایبەتمەندی سەرنجڕاکێشی کۆمەڵگەی ئێران و کاردانەوەی بەڕێوەبەرانی ڕێژیم بەو بابەتە، چ ڕاستییەک نیشان دەدات؟
لەو کۆمەڵگەیانەی کە لەژێر دەسەڵاتی دیکتاتۆریدان، دەسەڵاتی سیاسی هەموو هەوڵی خۆی بەکار دەبات هەتا لە ڕێگای دەزگا تەبلیغاتییەکانی یان لە ڕێگای کەرتی پەروەردە و بە ناسیاوی باری کەسایەتی و سایکۆلۆژیکی کۆمەڵگە و ئینتمای مەزهەبی بە گوێی خەڵکدا بخوێنن کە لە کاروباری سیاسیدا هەنگاو هەڵنەگرن و خۆیانی لێ بەدوور بگرن؛ چونکە ئەگەر خەڵک لە کاری سیاسیدا چالاک بن، لە حاڵەتی ڕەخنەگرتن دێنەدەر و دەتوانن لە بەرامبەر رێژیم رابوەستن و نەچنە ژێرباری بڕیاراتی دەسەڵاتی حاکم.
لە کۆمەڵگەیەکدا کە خەڵک بە نیسبەت ڕۆژنامە و هەواڵی پەیوەندیدار بە هەڵسوکەوت و کردەوەی دەوڵەت کاردانەوە نیشان دەدەن، دوو کاردانەوە لەلایەن حاکمیەتەوە چاوەروان دەکرێت: یەکێکیان دانی بەهای دێموکراسی و لەبەر چاوگرتنی ڕەخنە و بیروڕای خەڵکە، ئەوی دیکەش بەکارهێنانی دیکتاتۆری بێ سنووری سیاسی و مەزهەبیە.
لەو نێوانەدا خسلەتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران هەر لە سەرەتاوە خۆسەپێنی و دامەزراندنی دەسەلاتێکی ڕەهای حکوومەتێکی فەقیهی بووە.
سیستمێکی دۆگماتیستی مەزهەبی بە ۲ تایبەتمەندی تەواوکەری یەکترن:
- هەموو خەڵک دەبێ بۆ ویلایەتی فەقیه سەردانەوێنن و لەبەیکی پێ بڵێن و لە خزمەتیدا بن
- هەر چەشنە دەنگ و چالاکییەک کە دژ بە دەسەڵاتی رەهایە، قەبوول ناکرێت و لە ڕیزی سەرکێشی و دژایەتی لەگەڵ خودا و ئیسلام دەناسرێت.
لە ساڵانی دەسەڵاتدارێتیی کۆماری ئیسلامیدا ئەو دوو خسڵەتە تەواوکەری ئەوە بوون کە ڕێژیمی ئاخوندی لە چوارچێوەی پێناسەی سیستمە دیکتاتۆرییەکان بباتە سەرترین ئاست و بڕیاردەر و بەڕێوەبەری هەوسارپچڕاوترین جینایەتەکان بوون.
هەر بۆیە ئەم ڕێژیمە بە هێزی نیزامی و ئیدئۆلۆژیک دەستێوەردان لە ژیان و هەڵسوکەوت و چونیەتیی بیرکردنەوەی خەڵک دەکات و سیاسەتەکەی بەردەوام ئەوە بووە کە توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی ئێران وەکوو پسپۆران، زانایان، خوێندکاران، هونەرمەندان، نووسەران و وەرزشکاران و... بخاتە ژێر سوڵتەی ڕەهای خۆیەوە.
لێرەدا پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە دستدرێژی بۆ سەر هەرێمی کەسۆکیی ژیان و بیری ئینسانەکان و مافە سروشتییەکانیان بە شێوەیەکی دڕندانە و وەها ڕەها لەلایەن ڕێژیمی ئاخوندەکانەوە چ کاردانەوەیەکی بەدواوە بووە و چ ئاراستەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە ئێراندا لێکەوتووتەوە؟ ئەم کاردانەوانە هەمان تایبەتمەندی بەرچاوی هاندەری گشتی و سیاسی بوونی کۆمەڵانی خەڵکی ئێرانە لە بەرامبەر ڕێژیمی ویلایەتی فەقیه.
بە دیوێکی تریدا بەسیاسیبوونی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران، ڕێژیمی ئاخوندی تووشی سزای اتودینامیک کردووە. ئاسەواری هەموو دەستێوەردانەکانیش لە ژیانی تاکەکەسی و دەستدرێژی بۆ سەر سنووری ئازادییە تاکەکەسی و کۆمەڵایەتییەکان، لە بیرو زێهنی خەڵکدا کۆبووەتەوە و بووەتە ڕق و قین لە بەرامبەر ڕێژیمی ویلایەتی فەقیهدا.
ئێستا کۆمەڵگەی سیاسیی ئێران لە ڕەوتی پێوەندیدار لەگەڵ پێویستیی ئازادی، گەیشتووەتە سەر ئەو باوەڕە کە ڕێژیمی ئیسلامی ئێران دەبێ بڕوخێت؛ واتە وەها کۆمەڵگەیەک لە ئاڵوگۆڕی سیاسەتی نێوخۆ و دەرەوەدا، بەرژەوەندی خۆیان و گەیشتن بە مافەکانیان لە نەمانی ڕێژیمی ئێراندا دەبیننەوە.