کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاڤەی فتوا و، دەوری قورئان لە ستراتێژی کۆماری ئیسلامیدا بۆ لەنێوبردنی کورد و جوولەکە

19:12 - 19 سەرماوەز 2724

ڕاڤەی فتوا و، دەوری قورئان لە ستراتێژی کۆماری ئیسلامیدا بۆ لەنێوبردنی کورد و جوولەکە

 

شاڕوخ حەسەن‌‌زادە

چەند ساڵ پێش، هەواڵدەریی "دفاع مقدس" لە سەروبەندی ساڵیادی فتوای خومەینی دژ بە خەڵکی کوردستان (٢٨ی گەلاوێژی ١٣٥٨) لە ڕاپۆڕتێکدا ئاماژە بە "حەدیس"ـێک دەکا کە لە کتێبی "بحارالانوار، ج ٦٠، ص٢١٦" دا هاتوە و دەڵێ: ئیمامی کازم فەرموویەتی؛ "پیاوێک لە قومەوە ڕادەبێ و خەڵک بەرەو حەق هان دەدا، لە دەوروپشتی ئەو، قەومێک وەک پارچە پۆڵا کۆ دەبنەوە و لافاوی ڕووداوەکان وەلەرزینیان ناخات، لە شەڕ ماندوو نابن و ناترسێن، پشتیوانیان خوایە و، لە ئاکامدا خودا دەگەڵ بڕوادارانە". هەر ئەو جۆرە گێڕانەوە و ڕیوایەت سازکردنانە دەبنە هۆی ئەوەیکە ئایەتوڵڵا خومەینیش دوای ڕەوگیرکردنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە بەرامبەر دوو پرسی نێوخۆیی و دەرەکی هەڵوێستی ئایینی لەسەر بنەمای دەقی پیرۆزی ئیسلامی وەک نوێنەری خوا لەسەر زەوی، وەربگرێت؛ یەکەم، پرسی کورد و دووهەمیش، فەلستین.

لەهەمبەر پرسیی ئازادیخوازانی کورد و بزووتنەوە سیاسییەکەی، بەوپەڕی تووڕەییەوە بەپێی ئایەتی ٢٩ی سووڕەتی فەتح (والذین معه اشداء علی الکفار رحماء بینهم)، فتوای قەتڵوعامی کورد دەدا و لە کۆتاییشدا جەخت لەسەر ئەو باوەڕە دەکاتەوە کە: "ئەو نێهزەتەی ئەوان قەت پاشەکشە ناکات و بەرەو پێشەوە دەچێت، ئەگەریش خوای نەخواستە ئەو ڕەوتە پاشەکشە بکات، ئێوەش دەبنە قوربانیی هەڵەکانی خۆتان، کەواتە واباشە بگەڕێنەوە باوەشی ئوممەت (ئیسلام)".

بۆ ڕاڤە و تەتەڵەی ئەو بڕگەیە لە ئایەتی ٢٩ی سووڕەتی فەتح دەبێ بۆ ئایەتی پێشتر (٢٨) بگەڕێینەوە کە دەڵێ: "هوالذی ارسل رسوله بالهدی و دین الحق لیظهر علی الدین کله و کفی بااللە شهیدا" (ھەر خودایە کە پێغەمبەری خۆی نارد و ڕێنوێنی و دینی ڕاستیشی ڕەگەڵ خست؛ هەتا بەسەر ھەموو دینێکا زاڵی بکا. خواش بۆ ئاگالێبوون بەسە). دوای ئەمە لە سووڕەتی ٢٩دا دیسان ناوی پێغەمبەر پاتە دەبێتەوە: "محمد رسول‌ اللە والذین معه اشداء علی الکفار رحماء بینهم"... (محەممەد نێردەی خودایە (لێرەدا خومەینی خۆی بە جێگای نێردەی خوا پێناسە دەکات و وەک دوامین نێردەی لەسەر زەوی دەشوبهێنیت)، ئەوانەش کە دەگەڵ ئەون، لە بەرانبەر دوژمنان توندوتیژ و لە نێوخۆدا دلۆڤانن) واتە ئەگە بۆ باوەشی ئوممەت-لێرەدا ئەو تێرمە بریتییە لە؛ گەڕانەوە، پێمڵ‌بوون بە باوەڕ، ئایدۆلۆژی و چوارچێوەی دیاریکراوی خومەینی و حکوومەتەکەی کە لە چەمکی ئوممەت وەک گرنگترین دابەشکاریی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بە نەرینی ئیسلام لەبەرامبەر میللەت و نەتەوەی وەک چەمکێکی نوێی سیاسی، نەگەڕێنەوە بەوپەڕی سزای خۆتان دەگەن.

بیرۆکەی "ئومولقەرای"(ام القرای)، تیۆرییەکە بۆ باسکردن لە ئامانجەکان و هێڵە گشتییەکانی سیاسەتی دەرەوەی و تەتەڵەی سنوورەکانی هێز لە کۆماری ئیسلامی ئێراندا، کە قورسایی ئەو ڕێژیمە لەسەر ئاستی جیهان بە تایبەت دنیای ئیسلام زیاتر دەکات. بەپێی ئەو بیرۆکەیە جیهانی ئیسلام یەک ئوممەتە و بنەمای یەکگرتوویی ئوممەت، سەرکردایەتییەکەیەتی، ئەگەر وڵاتێک بتوانێت بە دامەزراندنی حکوومەتێکی ئیسلامی ئاستی ڕێبەرایەتی خۆی بۆ سەرووی سنوورەکانی بپەڕێنیتەوە، دەتوانێ وەک ئومولقورای جیهانی ئیسلامی پێناسە بکرێ. بە باوەڕی داڕێژەرانی ئەو بیرۆکەیە، ئێرانی دوای شۆڕش ڕێک دەتوانێ ئەو ڕۆڵەی هەبێ و بە دامەزراندنی حکومەتی ئیسلامی بە پێوانەی ویلایەتی فەقیهـ. خومەیەنی، هەم ڕێبەری ئەو ڕێژیمەیە و هەم لە ئاستی ئوممەتی ئیسلامدا ڕێبەرە (واتە دووجار ڕێبەرە)، کەواتە بەم شێوەیە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران جیا لە بەرژەوەندییەکانی خۆی دەبێ بیر لە بەرژەوەندی و سەرکەوتنی جیهانی ئیسلامیش بکاتەوە، لە بەرامبەریشدا دەبێ وڵاتانی دیکەی ئیسلامی بەرگری لێ بکەن. هەر بۆیە خومەیەنی لە سەرەتاوە دوژمنایەتی و دژایەتی خۆی بە درووشم، بە کردەوە و ئاشکرا بەپێی بنەما، ڕێسا و دەقە ئایینییەکانی ئۆلی ئیسلام دەربڕیوە.

سەرکوتی گەلی کورد وەک نوێنەری سەرجەم ئازادیخوازانی ئێران و دژبەری ئەو ئایدۆلۆژییە کۆنەپەرستانەیە لە نێوخۆ بەپێی فەرمانی جیهاد و ئایەتی باسکراوی سەرەوە لە ئەرکە هەرە خێراکانی ئامانجی ڕێژیم سەیر کراوە، هەروەها درووشمی "ئازادیی قودس (فەلستین) لە کەربەلاوە تێدەپەڕیت" و زایۆنیزم وەک هەوێتی نەتەوەیی جوولەکەی ئیسرائیلی دەبێ لەنێو بچێ، بوون بە بناغەی دۆکتورینی کۆماری ئیسلامی و هەردووک ڕێبەری ئەو ڕێژیمە بە شێوازی جۆراوجۆر و هاوتاکردنی خۆیان دەگەڵ خوا و پێغەمبەر بەستێنی هێرش بۆسەر ئەم دوو نەتەوەیەیان خۆش کرد کە دیاربوو لە بەرامبەر گەیشتن بە ئامانجە بەرزەکانیان وەستابوونەوە یان ڕێگر بوون.

سەپاندنی شەڕی بەردەوام بە نەتەوەی کورد وەک تاکە هێزی دژبەری ڕاستەقینە لە بەرامبەر پەرەسەندنی ئەم تیۆرییە، شەڕی ئێران و عێراق، کەلک‌وەرگرتن لە دەرفەتی ڕووخانی ڕێژیمی سەدام لە عێراق و بزووتنەوەکانی بەهاری عەرەبی، دامەزرانی هێزگەلێکی جێگرەوە لە وڵاتانی سووریە، عێراق، لوبنان، یەمەن بە ئایدۆلۆژی تایبەت (بە شیعە و سوننەوە)، بەربەرەکانی دەگەڵ هێزەکانی ڕۆژئاوا لە ناوچە بەتایبەت دوای هێرشی تیرۆریستیانەی حەماس بۆسەر ئیسرائیل، ستراتێژیی ئەو ڕێژیمە خۆیاتر دەکات.

خامنەیی لە گوتارێکدا لە کۆڕێک (٢٦ خەرمانانی ١٣٩٤) ڕێک لەسەر قسەکانی خومەینی مکوڕ بوون لەهەمبەر "والذین معه اشداء علی الکفار رحماء بینهم..." چەندپاتەی کردەوە کە؛ "دەبێ ئەم خاڵە وەک دەرسێکی گرنگ وەربگرین و بە دڵنیاییەوە بەدوایدا بچین، هەر بەو پێێەش دەبێ پشتیوانی لە شوناس و هەوێتی ئوممەتی ئیسلامی و مەزڵوومەکان بکەینەوە بە بێ جیاوازی لە شیعە یان سوننە بوون، ئەوە ڕێگا و ڕێبازی ئێمەیە".

بە قسەی ئاخوندێکی نزیک لە خامنەیی -محەممەد سەعیدی، نوێنەری ناوبراو لە قوم- کاتێک خامنەیی لەدایک بووە ناوی ئیمامی یەکەمی شیعەکانی هاوار کردووە: یا علی"! دواتریش بۆ ئەوەیکە بۆنی خومەینی بگرێ و ببێتە مەرجەع دەچێتە قوم. ناوبراو لە ١٠ی بەفرانباری ١٤٠٢، لە ماڵە قاسم سولەیمانی بانگەشەی خوایی کرد! قۆناغێکی سەرووتر لە ڕاگەیاندنی "نەبووەت" هەر وەک ئەو پێغەمبەرانەی دەیانوت قسەی خوا بە بە زمانی خۆیان دەڵێنەوە، یان ئەو "مەداح"انەی بەرەوڕووی ئەو دادەنیشن و پێی هەڵدێن و وەک ئیمامی عەلی و جێگرەوەی ئیمامی زەمان شاباشی لێ وەردەگرن، ئەوە لە حاڵێکدا بوو کە ٣٤ ساڵ بەرلە ئێستا لە ئەنجوومەنی خوبرەگان گوتبووی: "دەبێ بۆ حاڵی ئەو کۆمەڵگەیەی ئەو ڕێبەری بێت، بە خوێن بگری"، حوجەتول‌ئیسلامێک کە خێرا دوای ڕۆنیشتن لەسەر کورسی ڕێبەری بوو بە "ئایەتوڵڵای عوزما".

ڕێبەڕی ئێستای شۆڕشی ئیسلامی ئێران چەند ساڵ پیش، کاتێک دەگەڵ سکرتێری بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی فەلستین دانیشت، ئاماژەی بە شکانی حکوومەتی ئیسرائیل (ڕێژیمی زایۆنیستی) کرد و ڕایگەیاند ئەگەرچی وڵاتانی عەرەبی نەیانتوانیوە تێکی بشکێنن بەڵام بەهۆی خەڵکی فەلستین و گرووپە بەرگریکارەکانەوە بەچۆک دادێت و ئەو ئاواتەمان دێتە دی، تەنانەت پێشبینیی ئەوەشی کردبوو هەتا ٢٥ ساڵی دیکە "ڕێژیمی زایۆنیستی" بەیەکجاری لەنێو دەچێت. ئەم بۆچوونەش هەر وەرگیراو لە نەریتی ڕاڤەی دەقەکانی پیرۆزی ئیسلامە کە بۆ سەرکەوتنی حەق بەسەر ناحەقدا دەگەڕێتەوە، ئەمەش بنەمای سەرەکی و هەرەگرنگی نیزامی خوڵقێنەرە ڕێک وەک ئەو ئایەتەی کە دەڵێ: ولیمحص اللە الذین آمنوا و یمحق الکافرین.. ئەو (سەرکەوتن و ژێرکەوتنانەش) بۆ ئەوەیە کە، ئەو کەسانەی -لەڕووی ڕاستەقینە- ئیمانیان هێناوە پاقژ ببنەوە و کافرەکانیش لەنێو بەرێت... . دواڕۆژی مێژوو بە تێپەڕینی زەمەن بە ئاراستەی هاوێرکردن بڕوادارن لە کافران دەچێتە پیش، جا هەر بە پێی دەقەکانی قورئان لەنێوچوونی ئیسرائیل نزیکە و دێتە دی. ئەوان پێیان وایە بەپێی ئایەتەکانی ٧٦ و ٧٧ی سووڕەتی "ئەسرا" کە بەردەنگەکەی پێغەمبەرە؛ هاتووە: و ان کادو لیستفزونک من الارض لیخرجوک منها و اذا لا یلبثون خلافک الا قلیلا. سنه من قد ارسلنا قبلک من رسلنا و لا تجد لسنتنا تحویلا.. نزیک بوو -کافرەکان- تۆ لەم نیشتمانە وەدەر بنێن و دوای تۆش ماوەیەک هەدایان نەدەدا -تووشی سزای خوا دەبوون- (نەبوونی دەرفەتی دوژمنان دوای ماوەیەکی کورت) شێوازێکە کە بەردەوام لەسەر ئوممەتی پێغەمبەرەکان کە بەرلە تۆش ناردوومانن بەردەوام بووە و بۆ شێوازی ئێمە ئاڵوگۆڕێک پێک‌نایەت.

بەپێی ئەم دوو ئایەتانە یەکێک لە نەریتەکانی بەردەوامی خودا، لەنێوبردنی ئەو گەلانە بووە کە نێردەی خوایان لە نێشتمانەکەیان وەدەر ناوە، تێرمی "لا یلبثون"-هیندەی پێ‌ناچێت، ئاماژەیە بەو سزایەی لە ماوەیەکی نزیکدا ڕوو دەدات. ئەم نەریتەی بەهیلاک‌چوونی زاڵمان لەبەر وەدەرنانی نێردراوانی خودا لە ئایەتی ١٣ی سووڕەتی ئیبراهیم پاتە دەبێتەوە. یان بە ڕوانینێکی دیکە ئەوان پێیان‌وایە گەندەڵی و بەدفەڕی تۆرەمەی ئیسرائیل سنوورەکانی تێپەڕاندوە و خەڵکانێکیان بۆ دەنێرن کە لە ماڵەکانی خۆیان بەدوایاندا بگەڕێن و بیانکوژن و ماڵیان بەتاڵان ببن. لە ئایەتی ٤ی سووڕەتی ئەسرادا هاتوە؛ وقصینا الی بنی اسرائیل فی الکتاب لتفسدن فی الارض مرتین ولتعلن علوا کبیرا؛ لە کتێبە ئاسمانیەکەشیان هەواڵمان بە کوڕانی تۆرەمەی ئیسرائیل داوە، بەدڵنیاییەوە دووجاران لە نیشتمانەکەیان گەندەڵی و بەدفەڕی دەکەن و ئەمەش دەبێتە سەرکێشییەکی مەزن. هەروەها لە ئایەتی ٥ دا هاتووە؛ فاذا جاء وعد اولاهما بعثنا علیکم عبادا لنا اولی باس شدید فجاسوا خلال الدیار وکان وعدا مفعولا. هەرکات ئێکەم لەم دوو هەلانە هاتەبەر، چەند عەبدێکی هەرە ئازای خۆمان ناردنە سەر ماڵ و حاڵتان (بۆ کوشتن و تاڵان و بڕۆ)، گشت وڵاتیان لێ ئاژنین. ئەم بڕیارەش جێبەجێ دەکرێ.

ئەوان بەپێی کۆمەڵێک خوێندنەوە و تەفسیر، پێیان‌وایە ئەمە ڕێک ئاماژەیە بە لەنێوچوونی ئیسرائیل کە هەمەن تێکشکانی ڕێژیمی زایۆنیستییە و دەبێ بەدەستی ئەوانەوە ڕوو بدات.

هەمیسان بە شێوەیەکی گشتی، ئەو بیانووە ئایینییە بۆ کوردەکانیش چەند پاتە دەبێتەوە و جارێک لەژێر ناوی "ئەنفال" وەک ناوی یەکێک لە سووڕەتەکانی قورئان، جارێک بەناوی کافر و جارێکیش وەک نەتەوەیەک کە ئازا و شەڕکارن و دەبێ دەستیان بەسەردا بگیرێت دەبێتە بەڵگە و بیانوو بۆ لەنێوبردن و سڕینەوەیان لەسەر گۆی زەوی. لە ئایەتی ١٦ی سوورەتی "فەتح" دا هاتووە: قل للمخلفين من الاعراب ستدعون الى قوم اولى بأس شديد تقاتلونهم او يسلمون. بەوانەی کە (لە بەشداریی حودەیبیە)، دواکەوتن، بڵێ‌؛ لە داهاتوویەکی نزیکدا، بانگ دەکرێن بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ خەڵکێکی خاوەن زەبری توند (واتە ئازاو جەنگاوەر) یان شەڕیان لەگەڵ دەکەن یان ئەوان مسوڵمان دەبن، جا ئەگە گوێڕایەڵیی بکەن، خودا پاداشتێکی جوانتان دەداتێ، ئەگەریش نا ئەوا خوا سزایەکی پڕئێشتان دەدات. وەک لە تەفسیری "در المنثور"دا هاتووە و "ابن أبی حاتم" لە زار "أبو هريرە"وە دەگێڕێتەوە: مەبەست لەوانە، کوردەکانن. "ابن کثير"یش دەڵێت: أبو هريرە وتوویەتی: پێغەمبەر فەرمووی: (تقاتلون قوما نعالهم الشعر): شەڕ لەگەڵ نەتەوەیەک دەکەن، پێڵاوەکانیان لە تووکە، ئەوانە کوردەکانن.

ئەگەرچی هەموو ئەو دەقە پیرۆزانە لە ڕوانگەی ئایدۆلۆژی تەسکی ئەو ڕێبەرانەی دژە کورد و جوولەکەن، وەک دژبەرایەتی دەگەڵ ئەمانە بۆ سڕینەوەیان بە مەرازی تایبەت شرۆڤە دەکرێ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، سەرجەم ئەو ڕاڤانە تەنیا لە چوارچێوەی بەرتەنگیی هزر و ئاوەزیان دا شەقڵی گرتوە و هیچ ئاوەڕۆی بەسەر ڕاستییەوە نییە و کەڵکاژۆوەرگرتنێکە لەم ئایەت و گێڕانەوانە بە قازانجی مەڕام و ئامانجی خۆیان کە بتوانن بەم شێوەیە خەڵکی ساویلکە و ئاسایی کۆمەڵگە بگەوجێنن بە قازانجی ستراتێژی خۆیان بەکاریان بێنن و دە گژ نەتەوەی کورد و جوولەکەیان ڕۆبکەن. هەرچەند لە چەند دەیەی ڕابردووە سەرجەم ئەم شرۆڤە و ڕاڤانە جێگای سەرنجن بەڵام ئەوەی ئێستا هەستی پێ دەکرێ و شیمانە دەکرێ، گوشارەکانی سەر ئەم دوو نەتەوەیە گەیشتووتە ئاستێک خۆیان پێکەوە هاوتەریب بکەن و هەربینا پێچەوانەی هەموو ئەو باسانە، بە ئامانجی خۆیان بگەن.