
پرسیاری بێوەڵام!
شەماڵ تەرغیبی
بە هەڵاتنی بەشار ئەسەد لە سووریە بەرەو ڕووسیا و نەمانی دەسەڵاتی 50 ساڵەی بنەماڵەی ئەسەد، ڕەنگە یەکێک لەو پرسیارە جەوهەرییانەی کە لە مێشکی مرۆڤدا زەق دەبێتەوە ئەوە بێ کە ئەو تێچووە ماڵییە زەبەلاحانەی کە لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بۆ هێشتنەوە و بەردەوامیی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە گیرفانی خەڵکانی ئێران سەرف کرا چی لێ بەسەر هات؟ و کێ بەرامبەر بەم سەدان میلیارد دۆلار پارە کە تاران لە سووریەدا خەرجی کردووە وڵامدەرە؟
پێش لەوەیکە هەوڵ بۆ دۆزینەوەی وڵامی ئەم پرسیارانە بدەینەوە دەبێ بزانین ئاستی ئەم سەرمایەدانانە چەندە بووە و تاران لە چ ڕێگەگەلێکەوە پشتیوانی ماڵی لە ئەسەد و بنەماڵەکەی کردووە!
ئەگەرچی ئامارێکی ڕاست و درووست لەمەڕ ڕێژەی هاوکارییە ماڵییەکانی کۆماری ئیسلامی بە سووریە لە بەردەستدا نییە بەڵام ئەگەر قسە و لێدوانی پرشوبڵاوی بەرپرسانی ڕێژیمی تاران بە هەند وەربگرین ئەم ڕێژە سەروو 50 میلیارد دۆلار بووە. نووسینگەی نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاروباری سووریە چەند ساڵ لەمەوپێش ڕایگەیاند کە تاران ساڵانە بەشێوەی نێونجی بڕی 6 میلیارد دۆلار پارەی لە سووریەدا سەرف کردووە؛
هەروەها دامەزراوەی واشینگتۆن بۆ سیاسەتەکانی ڕۆژهەڵاتی نیزیک لە ڕاپۆرتێکیدا لە ساڵی 2019 ڕایگەیاند کە تەنیا ئۆرگانی سپا بۆ هەر کەسێک کە لە شارێکی وەک دەیرەزووردا شەڕ دەکات مانگانە 100 دۆلار و ئەو کەسانەش کە لە هێڵی پێشەوەی شەڕدان مانگانە 150 دۆلار پارەی داوە. هەر لەم ڕاستایەدا حیشمەتوڵا فەلاحەتپیشە، سەرۆکی پێشووی کۆمیسیۆنی ئەمنیەتی میللی مەجلیس لە بانەمەڕی ئەمساڵدا ڕایگەیاندبوو کە سووریە بڕی 30 میلیارد دۆلار قەرزداری ئێرانە.
ئەمە وەک ئاماژەی پێ کرا تەنیا ئامارێکی نافەرمییە کە مرۆڤ لە ئەنجامی لێدوانی هەندێک لە بەرپرسانی حکومەتی و هەندێ ناوەندی لێکۆڵینەوەیی وەدەستی دەهێنێ بەڵام ئەوەیکە ڕوونە، ئاست و ڕێژەی ئەم یارمەتییە ماڵییانە زۆر لەوە زیاترە و تەنیا لە کاناڵێکی ڕەسمیدا ڕادەستی ئەسەد و بنەماڵەکەی نەکراوە بەڵکوو زۆرێک لەو بەناو هاوکارییانە بەشێوەی نافەرمی و ژێربەژێر بۆ پێکانی ئامنجەکانی تاران ئەنجام دراوە.
بەگشتی بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان یارمەتییە ڕەسمییەکانی ئێران بە سووریە، دەکرێ بگەڕێندرێتەوە و لە ئەگەری ڕووخانی حکومەتێک، حکومەتی دواتر دەبێ ئەو بڕە پارەیە بۆ وڵاتی یەکەم بگەڕێنێتەوە. ئەگەریش حکومەتی تازە بەدەسەڵاتگەیشتوو ملکەچی ئەم یاسایە نەبێ ئەوا ئەو حکومەتەی کە پارەی داوە، دەتوانێ بە پێی مادەی 34ی کۆنوانسیۆنی 1983ی ڤییەن لە دادگا نێونەتەوەییەکاندا داواکارییەکانی خۆی بخاتە ڕوو و پارەکەی وەربگرێتەوە. نموونەی مێژوویی لەو چەشنەش کەم نین؛ بۆ نموونە پاش ڕووخانی یەکیەتیی سۆڤیەت، قەرزەکانی مۆسکۆ بە کۆمارە تازەلەدایکبووەکان درایەوە؛ یان پاش شۆڕشی گەلانی ئێران تەواوی قەرزەکان کە ڕێژیمی شا بە وڵاتانی دیکەی دابوو خرانەوە ئیختیاری نیزامی تازەبەدەسەڵاتگەیشتوو.
ئەوەیکە لەم نێوانەدا گرینگە بیزانین ئەو ڕاستییەیە کە دەوڵەتی تازەی سووریە تەنیا لە بەرامبەر ئەو بڕە پارەیە بەرپرسیارە کە بەشێوە قەرز و بۆ ئاوەدانی ئەو وڵاتە پێی دراوە نەک پارەیەک کە لەڕاستای هێشتنەوەی حکومەتێکی خوێنڕێژ پێی دراوە. بە دیوێکی تریدا نیزامی نوێی سووریە دەتوانی پارە سەرفکراوەکانی تاران لە سووریە کە بۆ ئامانجی لەنێوبردنی بەرەی ئازادیخوازی ئەم وڵاتە لەلایەن بەشار ئەسەدەوە سەرف کراوە بە ئێران نەداتەوە.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەو دۆخە نوێیەش کە هەنووکە ئێمە لە ئاستی ناوچەییدا دەیبینین، واتە لاوازبوونی زیاتری کۆماری ئیسلامی هەم لەڕووی سیاسی و هەم لە ڕووی ئابووری و شکستی سیاسەتە شەڕانگێزانەکانی تاران لە ناوچەدا و بە جۆرێک پشتتێکردنی ڕووسیە لە هەر دوو ڕێژیمی دیمەشق و تاران، دەتوانین بڵێین کە کۆماری ئیسلامی ئەساسەن بەدواداچوون بۆ ئەم پرسە ناکات چوونکە ئەو پارەیەی کە تاران لە سووریەدا سەرفی کردووە نەتەنیا بۆ ئاوەدانی سووریە و بەشێوەی قەرز نەبووە بەڵکوو بووەتە هۆکارێکی بنەڕەتی لەمەڕ مانەوەی ئەسەد لە دەسەڵات و بەردەوامیی ئەم حکومەتە و هەروەها ئاوارەیی زیاتر لە 13 میلیۆن کەس لە خەڵکی سووریە و لێئەستاندنی گیانی هەزاران کەسی دیکە و کاولکارییەکی کەموێنەی مێژوویی لەم وڵاتەدا.
کەواتە بەم بەرچاوڕوونییەوە دەتوانین بڵێین ئەگەرچی یاسا نێونەتەوەییەکان پشتیوانی لە پرسی دانەوەی پارە بە وڵاتێکی وەک ئێران دەکەن بەڵام لەمپەڕە سیاسی و ئابوورییەکان ئەگەری گەڕانەوەی ئەم پارە زەبەلاحانە بەڕێژەیەکی بەرچاو کەم دەکاتەوە و وەڵامی پرسیاری "پارەی خەڵکی ئێران چی لێ هات؟" تەنیا لای عەلی خامنەیی و باندەکەیەتی و جیا لەوە ئەم پرسیارەش بێوڵام دەمێنێتەوە.