کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جەژنی خاوەنکار و هەنار، لە هەورامانەوە تا بۆتان

18:13 - 22 سەرماوەز 2724

جەژنی خاوەنکار و هەنار، لە هەورامانەوە تا بۆتان

 

ئیسماعیل شەمس

و: رەسووڵ سوڵتانی

ئەم کورتە یادداشتە تەنیا هەوڵێکە بۆ ڕوونکردنەوەی پێگەی هەنار لە جەژنی خاوەنکار و کولتووری کوردیدا.

لە تیۆرییە هێماناسی و ئوستوورەناسییەکاندا، هەنار لەبەر ئەو گشتە دەنکەی هەیەتی، لە هەموو شتێک پتر هێمای بەرداری و وەچەخستنەوە و پیت و بەرەکەتە.

هەنار لە ئایینی زەردەشتیدا پیرۆز بوو و زەردەشتییەکان لە ڕێوڕەسمە ئایینییەکانیاندا بەکاریان دێنا.  ئێستاش کوردی یارسان لە ڕێوڕەسمە ئایینییەکانیاندا بەکاری دێنن. بە گوێرەی گێڕانەوایەک، لە بێستوونی کرماشان دار هەنارێ ڕووابوو کە پێیان دەگوت هەنارەکەی فەرهاد.

لە ئەفساناندا هاتوە، وەختێ فەرهاد گوێی لە هەواڵی مەرگی شیرین دەبێ، قوڵنگەکەی لە تۆقی سەری خۆی دەدا و دەسکی قوڵینگەکە لە دار هەنار دەبێ، کە دەکەوێتە سەر زەوی لە خوێنەکەی فەرهاد هەڵدەمژێ و شین دەبێتەوە و ڕەگ دادەکوتێ. میوەی ئەو دارەیان کە لەت دەکرد، ناوی سووتابوو و ببووە کۆی زووخاڵ.

یەکێک لە گرینگترین ئوستوورەکان لەسەر هەنار لە  فەرهەنگی هەورامان و بە گشتی کوردستاندا کە لە دەقە یارسانییەکاندا بەدی دەکرێت ئوستوورەی باوە یادگار، یەکێک لە پیرانی یارسانە. بەگوێرەی ئەم ئوستوورەیە کە تێکەڵەیەکە لە شێوەی لەدایکبوونی حەزرەتی عیسا و بێوەی هاتنەدەری حەزرەتی ئیبراهیم لە ئاگر، باوە یادگار لە دایکێک بەناوی دادە سارا و لە ئاکامی خواردای دەنکێ هەنار که لە ڕێوڕەسمی جەمدا سوڵتان سەحاک متفەڕکی کردبوو، هاتە دنیا و داوێنپاکیی دایکیشی بەوە سەلمێنرا کە بە فەرمانی سوڵتان منداڵەکەیان خستە سەر کڵی تەندوور بەڵام بێوەی هاتە دەرێ. لە شاناماشدا ئیسەفەندیار بە هۆی خواردنی هەنارێکی پیرۆز کە زەردەشت پێی دابوو، لەشی دەبێتە قورقوشمین.

لە گێڕانەوەیەکی سەر زارانیشدا کە گرینگترین ئەفسانەی فەرهەنگی کوردییە واتە چیرۆکی مەم و زین، دەوری هەنار بەدی دەکرێ کە لەوێشدا هەنار وەکوو هێمای نەمری نیشان دراوە. پاش ئەوەی مەم له زیندانێ نەخۆش دەکەوێ، بەکرە شۆفار هەنارێکی بە زین‌دا بۆ دەنێرێ کە بە دەرزی ژەهری تێ کردوە و پێی دەڵێ ئەگەر مەم بیخوا، نەخۆشییەکەی دەپەڕێ و چاک دەبێتەوە. زین هەناری گۆرینی بۆ دەبا. مەم خەون دەبینێ ئەوە لە یەمەنێ لەلای دایک و باوکیەتی و ئەوان پێی دەڵێن هەنارێکی ژەهراویت بۆ دێنن، تۆ دەبێ بیخۆی بۆ ئەوەی بە ڕواڵەت بمری. پاش حەوت ڕۆژان زینیش دەمرێ و دێتە لات. کە زین هەنارەکەی دایێ، مەم خەونەکەی بۆ گێڕاوە. زین تکای لێ کرد هەنارەکە نەخوا بەڵام مەم گوێی نەدایێ و پاش خواردنی هەنارەکە بە ڕواڵەت لە بەرچاوی خەڵکەکە مرد، بەڵام لە ڕاستیدا لە چنگیان ڕزگار بوو و چۆوە لای دایک و بابی.

لە ئەدەبیاتی زارەکیی هەورامانیشدا ئەفسانەیەک هەیە بە ناوی دەنکە هەنار کە باسی ژیانی کەنیشکێکە بەو ناوە، لەویشدا هێمای  وەچەخستنەوە و نەمری بەدی دەکرێ.

ڕەگمان  وا لە ناخی ئاودا

لکوپۆیشمان لە نێو  ئامێزی هەتاوا

ئێمە دیسان دەڕوێینەوە