کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قسەکانی خامنەیی؛ درۆ، دروشم، ترس و هەڕەشە

11:52 - 24 سەرماوەز 2724

قسەکانی خامنەیی؛ درۆ، دروشم، ترس و هەڕەشە

هەردی سەلیمی

حەوتووی ڕابردوو ڕێژیمی بنەماڵەی ئەسەد پاش پتر لە نیو سەدە دیکتاتۆری لە وڵاتی سووریە، ڕووخا و بۆ هەمیشە چووە زبڵدانی مێژووەوە. کۆماری ئیسلامیی ئێران هەوڵی زۆری دا ئەو ڕێژیمە بپارێزێ، بەڵام سەرەڕای هەموو هەوڵەکانی لە ئاکامدا دەسەڵاتی ئەسەد کۆتاییی پێ‌هات.

زۆر بەکورتی بڵێین کۆماری ئیسلامی بۆ پاراستنی ئەو بەرەیەی وا پێی دەڵێ "مقاومت" پێویستییەکی زۆری بە وڵاتی سووریە بوو. ئەو وڵاتە کۆریدۆرێکی ستراتێژیکی گرینگ بوو بۆ کۆماری ئیسلامی و پێوەندییان لەگەڵ حیزبوڵڵا و نزیک‌بوونەوەیان لە سنوورەکانی ئیسرائیل، بۆیە دەتوانین بڵێین وڵاتی سووریە یەکێک لە ستادە گرینگەکانی فەرماندەییی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەدا بوو. ئەم شکستە گەورەیە، زۆر گران بۆیان تەواو بوو و تەنانەت لەلایەن لایەنگرانی خۆشیانەوە کەوتنە بەر ڕەخنەی توند، کە هەوڵ و تێچووی ئەم چەندین ساڵە چۆن دەبێ ئاوا بەئاسانی بەفیڕۆ بچێ؟!

سەرەتا "عێراقچی"، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی لە لێدوانێکدا هەڵوێستی بەشێک لە کۆماری ئیسلامیی لەمەڕ ڕووخانی ڕێژیمی سووریە ڕوون کردەوە، بەڵام دواتر و لە ڕۆژی چوارشەممەدا "عەلی خامنەیی" لەو پێوەندییەدا بۆ یەکەمجار قسەی کرد؛ لەم وتارەدا هەوڵ دەدەین باسێک لەو دوو لێدوانە فەرمییە بەتایبەت ئەوەی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی بکەین.

پێش لە هەر شتێک ئەوەی جێی پرسیار بوو، ئەوە بوو کە بۆ یەکەم جار وتاری خامنەیی بە شێوەی ڕاستەوخۆ بڵاو نەبۆوە کە دەنگۆ و ئەگەری زۆری لێ دروست بوو و هۆکارە سەرەکییەکەشی ڕوون نەبۆوە، لەگەڵ ئەوەش لە ڕووی دەروونییەوە زۆر تووڕە دیار بوو و هەوڵی زۆری دەدا ئەو تووڕەیییەی بشارێتەوە؛ بەدەر لەوانەش قسەکانی ئەو گیرایییەی نەبوو و ئاڵۆزتر لە هەمیشە دەهاتە پێش چاو.

ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەرەتادا وتی نایهەوێ لێکدانەوەی دۆخی سووریە بکات، بەڵکوو ڕوونکردنەوە و نواندنێکی لەو دۆخە دەبێ، بەڵام لە درێژەدا بەپێچەوانەوە شرۆڤە و لێکدانەوەی هەبوو و تەنانەت ناڕاستەوخۆ جەختیشی کردەوە کە بەدەر لەو گێڕانەوەیەی ئەو، هیچ شرۆڤەیەکی تر نابێ قەبووڵ بکرێ.

خامنەیی چون لە خەیاڵی خۆیدا بەردەوام دۆخی سووریە و ڕێژیمەکەی لەگەڵ ئێران و ڕێژیمەکەی بەراورد کردبوو، هەموو هەوڵی ئەوە بوو ئەو وێنای پێک‌گرتنە کە لەلای خەڵکیش درووست بووە، بسڕێتەوە. یەکێک لەو هەوڵانەی لەم پێناوەدا دای، ئەوە بوو ئێلێمان و فاکتۆری گرینگ و چارەنوو‌سسازی خەڵکیی لەم هاوکێشەیەی سووریەدا بەتەواوی لابردبوو، بەو واتایە کە هیچ ڕۆڵێکی لەم گۆڕانی ڕێژیمەدا بە خەڵک نەدابوو و هەمووی بە نەخشە و "پیلان"ـی ئامریکا و ئیسرائیل دەزانی. لە کاتێکدا عێراقچی باسی لەوە کرد کە پێشتر بە دەوڵەتی سووریەیان وتووە لەگەڵ خەڵکدا کێشەکانیان چارەسەر بکەن، کە ئەمە دەرخەری ئەوە بوو عێراقچی ڕۆڵی خەڵکی لەم ڕووخانەی ڕێژیمی ئەسەددا لەبەرچاو گرتبوو.

خامنەیی هەر بەدوای ئەوەدا چون خەیاڵی لای ئەگەری هاوشێوەبوونی چارەنووسی ئێران و سووریە بوو، بە دروشمێکی پووچەڵ وتی ئێران بەهێزە و بەهێزتریش دەبێ، ئەم قسەیەی لەگەڵ ئەوەی دەرخەری ترسە دەروونییەکەی بوو، لای خۆی پێی‌وابوو مادام فاکتۆری خەڵکی لەو ڕووخانەی ئەسەددا لابردووە، بەڵام خۆ ئامریکا و ئیسرائیل مادام ئەوە دەتوانن بکەن لەگەڵ سووریە، بۆ لەگەڵ ئێران نەتوانن ئەوە بکەن، لە کاتێکدا ئێران هەمیشە هەڕەشەی لەنێوبردنی ئیسرائیلی کردوە؟ بۆیە ویستی بەو دروشمە درگای ئەو ئەگەرەش گاڵە بدات.

ڕێبەری کۆماری ئیسلامی بێ‌لێکدانەوە و بێ‌لەبەرچاوگرتنی ڕاستییەکان، کۆمەڵێک دروشمی دڵخۆشکەری بۆ لایەنگرەکانی هەڵڕشت، ئەویش بریتی بوو لە بەهێزتربوونی بەرەی بەناو موقاومەت لە داهاتوودا. هەمووان ئاگادارن لەدوای ٧ی ئۆکتۆبرەوە ئەو بەرەیە گەورەترین خەسارەکانی وێ‌کەوتووە، کە ڕووخانی ڕێژیمی سووریە تا ئێستا چڵەپۆپەکەی بووە، بەڵام خامنەیی ئەم ڕاستییانە نابینێ و پێی‌وایە بەهێزتریش بوون. جیاوازیی نێوان دێموکراسی و دیکتاتۆری لەوەدایە؛ لە دێموکراسیدا چون دەسەڵات وڵامدەرە بە خەڵک ناتوانێ شکستەکانی بشارێتەوە، بەڵام لە دیکتاتۆری‌دا پێداگر دەبن لەسەر شکستەکانیان و تەنانەت بەناوی سەرکەوتنیشەوە دەرخواردی خەڵکی دەدەن؛ لەم پێناوەدا ڕاستییەکانیش لە پێش چاوان چەواشە دەکەن، هەروەک خامنەیی لەم بارەوە کردی و وتی حیزبوڵڵا بە خۆڕاگریی خۆی، ناچاری کردن پێشنیاری ئاگربەست بدەن! ئەمە لە کاتێکدا بوو حیزبوڵڵا لەبەر ئەوەی پشتی ڕاست نەدەبۆوە مەرجی وەستاندنی شەڕ لە غەززەی پشتگوێ خست و دەسپێشخەریش بوو بۆ داواکردنی ئاگربەست.

لە بەشێکی تر لە قسەکانیدا ئاوڕ لەوە دەداتەوە کە بۆچی لە سووریە و شەڕی نێوخۆییی ئەو وڵاتەدا بەشدارییان کردوە؟ لە وڵامدا دیسان ڕاستییەکان بەراوەژوو دەکاتەوە و سێ هۆکاری سەرەکی بۆ ئەو حزوورە نیزامییەیان دێنێتەوە، یەکەم: قەرزدانەوە. دووەم: شەڕی داعش کە درۆیە و کۆماری ئیسلامی سێ ساڵ زووتر لە سەرهەڵدانی داعش لە سووریە بوو. سێیەم: بۆ پاراستنی مەزارگە، کە ئەمەشیان جێ هێشت و ئاماژەی پێ‌ناکات. لەسەر چۆنیەتیی حوزوورە نیزامییەکەشیان دەڵێ لە ئاستی ڕاوێژکاری و ڕاوێژداندا بووە، کە ئەم ئیدیعایەشی ڕاست نییە. هەر لەم بەشەشدا حەدیسێک لە ئیمامی یەکەمی شیعەیان دادەتاشێ بۆ ئەوەی پاساوێک بۆ ئەو حزوورەیان بێنێتەوە. سەرەڕای ئەمانە هیوا بە لایەنگرانی دەبەخشێ و دەڵێ ئەم دۆخە وا نامێنێ و ئەم‌جار فاکتۆری خەڵک دێنێتەوە و بە دڵنیایییەکی زۆرەوە دەڵێ لاوانی سووری، لێیان ڕاست دەبنەوە و دۆخی ئەو وڵاتە وەک خۆی لێ دەکەنەوە! ئەمەش بۆ ئەوە دەڵێ نیشان بدات کە خەڵکی سووریە لەگەڵ ئەم گۆڕانەدا نەبوون و زلهێزان کردوویانە. لەگەڵ ئەوەی عێراقچی لە لێدوانەکەیدا باسی لە بڕیارنامەی ٢٢٥٤ و بووژاندنەوەی ئەو بڕیارنامەیە کرد کە کاتی خۆی هەر ئەم کۆماری ئیسلامییە نەیهێشت جێ‌بەجێ بێت، بەڵام ئەویش بە شێوەی خامنەیی هەڕەشەی لە داهاتووی ناسەقامگیری سووریە کرد و وتی شەڕ و نائارامییەکان ناوچەی زیاتریش لە خۆ دەگرن؛ ئەم دوو قسەی خامنەیی و عێراقچی وا نیشان دەدا پیلانیان بۆ ئاژاوەگێڕیی نوێ بۆ ناوچەکە و ناسەقامگیریی سووریە بەدەستەوەیە.

سەرەڕای ئەوەی لە کۆتاییی قسەکانیدا دەڵێ دەبێ لەم ڕووداوانە دەرس وەربگرین و لە دوژمن خافڵ نەبین و سەرکەوتنەکان لووت‌بەرزمان نەکات و شکستەکانیش نائومێدمان نەکات و پاسیڤیش نەبین، بەڵام وەک بە قسەکانیدا دیارە نە دەرسی وەرگرتوە و توانیویەتی بەسەر بێ‌هیواییی ئەم شکستانەدا زاڵ بێت، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی بەپێچەوانەی ئیدیعای سەرەتای قسەکانی لێکدانەوەی تایبەتی خۆی لەسەر دۆخەکە هەبوو و تەنانەت لە کژۆتایی قسەکانیشیداهەڕەشەی لە هەموو خەڵکی ئێران کرد و بەتایبەت و شرۆڤەکاران و ڕۆژنامەنووسان کرد کە گەر بێت و وەکوو ئەو ڕەوتی ڕووداوەکان نەبینن، تووشی تاوان بوون و دەبێ لێپرسینەوەیان لێ بکرێت! "مەحموودی سادقی" لە نامەیەکدا ڕۆژێک پێش لە قسەکانی خامنەیی باسی لەوە کردبوو کە ئیدارەی ئیتلاعات دەنگیان داوە و وتوویانە نابێ لە هیچ لێکدانەوەیەک‌دا دۆخی سووریە و ئێران هاوشێوە ببینی و زۆربەی شرۆڤەکارانی سیاسیی نێوخۆیان لەم بارەوە دەنگ داوە.

خامنەیی لەو چارەنووسە ترساوە و زۆریش بە نزیکی دەبینێ، بۆیە نایهەوێ کەس باس لەو مۆتەکەیەی ژیانی سیاسیی ئەم ڕۆژانەی ئەو بکات.