کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشێک لە هەوڵەکانی دەزگای پرۆپاگاندای ڕێژیم

16:15 - 1 بەفرانبار 2724

بەشێک لە هەوڵەکانی دەزگای پرۆپاگاندای ڕێژیم

هەردی سەلیمی

پرۆپاگاندا لە وشەدا بەواتای هەڵخڕاندن دێت، بەڵام لە ڕووی سیاسییەوە واتای بەربڵاوتری لە خۆ گرتووە، لەوانەش: بانگەشە، بەقەناعەت‌گەیاندن، شانتاژ، کەش‌خولقێنی و... لە دنیای ئەمڕۆدا دەوڵەتان و بەتایبەت دەوڵەتە دیکتاتۆری و تۆتالیتاریستەکان گرنگییەکی زۆر بەم بوارە دەدەن. پرۆپاگاندا دەیهەوێ لە ڕێی ئەندازیاریی ڕای گشتییەوە، بە ئامانجە لەپێش‌دا دیاریکراوەکانی بگات، کە باس دێتە سەر ئەندازیاریی ڕای گشتی، بەو واتایە کە بیر و زەین ئامادە دەبن بۆ قەبووڵ‌کردنی هەندێک باوەڕ و سووژە کە پێشتر بۆیان دیاری کراوە و خۆیان نازانن لە دروست‌بوونی ئەو باوەڕ و بیرۆکانەدا ڕۆڵێکیان نییە و نەبووە.

کۆماری ئیسلامی یەکێک لەو دەسەڵاتانەی سەردەمە کەوا زیاترین پرۆپاگاندای هەیە و لە زۆربەی بوارەکان‌دا بەکاری هێناوە. پێش لە هەر شتێک دەبێ ئەوەمان لەبیر بێ کۆماری ئیسلامی ڕێژیمێکی ئیدئۆلۆژیکە، پاشان دەسەڵاتێکی سیاسییە، چون لەپێش‌دا لەڕێی ئیدئۆلۆژیی مەزهەبییەوە خۆی ناساندووە و ڕیشەیەکی مێژوویییشی هەیە لەم بارەوە. بە واتایەکی تر ئایینزای شیعەی داوزدە ئیمامی کە خوێندنەوەی فەرمیی کۆماری ئیسلامی لە ئایینی ئیسلامە، ساڵانێکی زۆر پێش لە بەدەسەڵات‌گەیشتنی کۆماری ئیسلامی و دامەزراندنی حکوومەتێک لەسەر بنەمای ئەو بیرۆکەیە، هەر هەبووە و لە مزگەوت و حوسەینییەکان و لەنێو ژیانی کۆمەڵایەتی و تاکەکەسیی خەڵک‌دا ڕۆڵی گێڕاوە و دەوری هەبووە، ئەم ڕۆڵ‌گێڕانەشی بە بانگەشەکردن و لەسەر بەستێنێکی کولتووری و لەڕێی مینبەرەوە بووە.

کەواتە بۆمان دەردەکەوێ کە بۆچی کۆماری ئیسلامی هەر لە یەکەم ساتەکانی هاتنە سەر کارییەوە، زۆر زوو توانیی پەرە بە وتاربێژی و مەدداحی و بانگەشەکردن و تەبلیغات بدات، چون هەم بەستێنیان هەبوو و بەجۆرێک دەتوانین بڵێین یەکێک لە شارەزایییە دیارەکانیشیان بوو، هەمیش دەیانزانی لەم ڕێگەوە دەتوانن لەسەر ڕای گشتیی خەڵک کاریگەری و شوێندانەرییان هەبێ. ئەوەش بڵێین لەم بوارەدا چەق‌بەستوو نەبوون و هەر لەسەر شێوە کلاسیکییەکەیان ڕانەوەستاون، بەڵکوو پەرەیان پێ‌داوە و لەگەڵ پێشکەوتنی سەردەم، ئەوانیش لە ئامرازە مودێرنەکان بۆ بڵاوکردنەوە بیروبۆچوونە چەوتەکانیان کەڵکیان وەرگرتووە و ڕەهەندی جۆراوجۆریان گرتووەتە بەر.

بانگەشەکەرانی کۆماری ئیسلامی لە وتاربێژانی سەر مینبەر و مەدداحان و سروودبێژەکانی سەرەتای شۆڕشەوە، گەیشتن بە "هونەرمەند" و "نووسەر" و "ڕووناکبیر" و "مامۆستای زانکۆ" و "بەڕواڵەت دژبەر" و هەتا ئەم دوایییانەش ئینفلۆئینسەر و بلۆگێر و ڤلۆگێرەکان؛ ئەم کەسە تیپیکاڵانە هەموویان یەک ئامانج دەپێکن، بەڵام لە ڕێگەی جیاوازەوە.

 لە دەیەی پێنجەمی ژیانی سیاسیی کۆماری ئیسلامی‌دا ئەگەری لەنێوچوونی ئەم دەسەڵاتە چەندقات زیادی کردووە، بۆیە ئامانجی سەرەکیی تەواوییەتی ڕێژیم ئەوەیە ئەم دەسەڵاتە بپارێزرێ، هەر لەو ڕووەشەوەیە کە ئەرک و ئامانجی هەموو ئەم کەسانە پاراستنی کۆماری ئیسلامییە، بەڵام وەک وترا بە شێوە و بەردەنگی جیاوازەوە؛ بەو واتایە کە هەرکام لەمانە ڕووی دەمیان لە کۆمەڵێک کەسە. ئەرکە سەرەکییەکانیان بریتییە لە: بانگەشەکردن، نانەوەی چەندبەرەکی لەنێو خەڵکی ناڕازی، بەقەناعەت‌گەیاندن، درۆکردن، بڵاوکردنەوەی نائومێدی و ترس و دڵەڕاوکێ، خەمساردکردنی خەڵک و دەیان ئەرکی دیکە.

نامانەوێ لێرەدا ئاماژە بە هەموو شێواز و ئەرک و تاکتیکەکانیان بکەین، بەڵام لە پێوەندی لەگەڵ چەند خاڵێک‌دا چەند ئاماژەیەکمان دەبێ بۆ وریاییی زیاتر لە بەرامبەر ئەم سیستمەدا.

یەکەم: نەهێشتنی یەکیەتی و یەکڕیزی لەنێو دژبەران‌دا، بۆ ئەم مەبەستەش لە چەندین شێواز کەڵک وەردەگرن کە لەیبڵ‌لێدان واتە بەرچەسپ‌لێدان یەکێک لەو شێوازانەیە، بۆ نموونە کاتێک لە ڕووی مەنتقییەوە وڵامیان بۆ کەسێک پێ نییە و ناتوانن لە ڕووی سیاسییەوە بە قەناعەتی بگەیەنن خێرا بەرچەسپی "پرۆژەیی"، "تجزیەطلبی"، "چەپی‌بوون" و "بەستراوە بە ئەم وڵاتە و ئەو دوژمن" و هتدی لێ‌دەدەن، بۆ ئەوەی هەستی ترس و هەڕەشە و ڕق و دەمارگرژیی خەڵک بەرامبەریان هەڵخڕێنن و لەو کەسانە بیانکشێننەوە و بەم شێوەیە بتوانن کەلێن بخەنە نێو دژبەرانەوە.

دووەم: چاندنی هەستی ترس و دڵەڕاوکێیە کە لەم بەشەدا و لەم ساڵانەدا کۆماری ئیسلامی مانۆرێکی زۆری لەسەر داوە، بە دەیان لاپەڕە و کاناڵی جۆراوجۆر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان‌دا بەم مەبەستە چالاکن و دەیانهەوێ خەڵکی ئەو وڵاتە لە داهاتوو بترسێنن و چارەنووسیان هاوشێوەی خەڵکی سووریە و لیبی و عێراق و... وێنا بکەن. ئەم تاکتیکەیان وەک وترا زیاترین مانۆری لەسەر لێ‌دەدرێ و تا ئێستاش کاریگەریی زۆری هەبووە. ئەمە لە کاتێک‌دایە ئێمە لە مێژوو هیچ چارەنووسێکی هاوشێوە و هاوبەشمان نییە و هەر ڕووداوێکی مێژوویی جیاوازیی خۆی هەیە و ناتوانین دوو دەرهاویشتەی یەکسان لە مێژوودا بدۆزینەوە. لەگەڵ ئەوەش بەستێنە جوغرافیایی، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی، سیاسی و مێژوویییەکانی هەر وڵاتێک لەگەڵ وڵاتێکی تر جیاوازە و هەر بەم پێیە لە ئەگەری گۆڕانەکان‌دا ئاکامی جیاوازیشی دەبێ.

سێیەم: دوایین خاڵ لێرەدا سەرنجی دەخەینە سەر ئادرەسی هەڵە دانە، واتە هەندێک ناونیشان هەن بەڕواڵەت گۆڕانخواز و دژبەری ڕێژیمن و دەیانهەوێ سەرکەوتووش بن، بەڵام کە لێی دەکۆڵییەوە، دەزانی لە نێوەرۆک‌دا زیاتر لە تراویلکەیەک دەچن. یەک لەو نموونانە ئەوەیە کەوا دەیانهەوێ شەپۆلێک وەڕێ بخەن بۆ ئەوەی هەوڵی دیپلۆماتیکی بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆن بەتەواوی بێننە ژێر پرسیار و بە کارێکی بێ‌ئاکام و نابەجێی بناسێنن. یەکێکی تر لە دیارترین هەڵەکان کە لە ڕاستی‌دا لەلایەن ئازادیخوازانیشەوە هاتە ئاراوە بەڵام دەسەڵات قۆستییەوە و ئێستاش بۆ مەبەستی تایبەتی خۆی بەکاری دێنێ، ئەوە بوو کە دژایەتیی ڕۆڵی "ڕێبەری"ی لە ناڕەزایەتییەکان‌دا دەکرد و هیوای لەسەر سەرکەوتنی بزووتنەوەی بێ‌سەر یا بێ‌ڕێبەر هەڵچنیبوو، کە لە ژوماری یەکێک لەو ناونیشانانەیە وا لێرەدا بە ناونیشانی هەڵە ناوزەدمان کردووە؛ چون هیچ بزووتنەوەیەک ناتوانێ بێ‌ڕێبەر، بێ‌ئامانج، بێ‌ڕێکخستن، بێ‌ستراتێژی، بێ‌ڕێباز، بێ‌تاکتیک و بێ‌تیۆری سەرکەوتوو بێت. هەر لەم ڕووەوەیە پێویستە بە وشیارییەکی زیاترەوە چاودێریی هەوڵەکانی بەشی پرۆپاگاندای ڕێژیم بکەین و دڵنیا بین لەوەی زۆربەی کاتەکان لە بەرگی دژبەرێکی ڕێژیم‌دا دێنە مەیدانەوە، بۆ ئەوەی بیروڕاکان بە لاڕێ‌دا بەرن.