ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سەرچاوەکانی هێز و گەمەی سیاسی
تەهای ڕەحیمی
مێژووی کەونار وەلانێن، جوغرافیای ڕۆژهەڵاتی کوردستان تا ڕادەیەکی زۆر لە چاوی بزاڤ و بەتایبەتیش بەشداریی سیاسی و شۆڕشگێڕانەی ناوچەکان، لە خەباتی ڕزگاریخوازی کورددا دیاریکراوە. یان تەنانەت ئەگەر ناوچەیەکی دەرەوەی بەشداربوو وەک کوردستان ئاماژەی پێ درابێ، ئەو قوورسایی و گرنگییەی دەبوو پێی بدرێ بۆ گەڕانەوە بۆ باوەشی کوردستان و تێکەڵکردنی بە خەبات پێی نەدراوە. بەلام ئیدی ڕیساڵەتی خەباتی کورد و زیندوویەتی کۆمەڵگەی کوردی و بەتایبەتیش ئەو فەلسەفەیەی کۆمەڵگە و بزاڤ بە پێوەندیی دوولایەنە بردیانە پێش و، لە بزوووتنەوەی ژینادا بوو بە وێژەمانی زاڵ بەسەر ئیراندا و تەنانەت پەڕییەوە دەرەوەی سنوورەکانی ئێرانیش، شۆڕشێکی فەرهەنگی بەدوای خۆیدا هێنا کە وەک دیاریکردنی نافەرمی سنوورەکانی ڕۆژهەڵات کوردستان دەکرێ سەیری بکرێ.
هەر شۆڕشیک وزەیەکی یەکجار زۆر ئازاد دەکا، کە دەبێ کانالیزە و بەڕێکخستن بکرێ، ئەگینا وەک فیشەکە شێتێک دەکرێ هەڵگەڕێتەوە، جا ئەم هەڵگەڕانەوەیە مەرج نییە یەکجێ بپێکێ، بەڵام پێکانێکی بەرەبەریی دەبێ. کارنەڤاڵی نەورۆزیی ساڵی پار کانالیزەی ئەم وزە بەهێزە بوو. ئەم وزەیە پەنگخواردوویە لە کارناڤالەکەدا سەرەڕای ئەو خەسارە گیانی و زەبروزەنگەی لە کاتی شۆڕشدا دیبووی، لایەنی دەرەهەستی کۆمەڵگەی هێندە بووژاندەوە کە، شان بە شانی ئەکت و ڕەفتارە سیاسییەکانی خۆی لە گەرمەی شۆڕشەکەدا سنوورە فەرهەنگییەکانی ڕۆژهەڵاتی بەرفراوان کردەوە. ئەوەش پێمان دەڵێ ئەگەرچی شۆڕشی ژینا دەرهاویشتەیەکی وەک یەکەی سیاسی بۆ ڕۆژهەڵات لێنەکەوتەوە، بەڵام ڕوخساری ڕۆژهەڵاتی لە زۆر ڕەهەندەوە یەک لەوان جوغرافیای کوردستان گۆڕی.
بەم پێشەکییە و بە سەرنجدان بە دوورەدیمەنی ئاڵوگۆڕەکان، دەمەوێ بگەڕێمەوە شۆڕشی ژینا و چۆنیەتیی ڕەفتار و کرداری سیاسی بزاڤ لە پێوەندی دەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی سەرانسەری کە دەکرێ لە ئێرانی پاش کۆماری ئیسلامی بە گرنگیدان بە سەرچاوەکانی هێز تیشکی زیاتری بخرێتەسەر.
تالکۆت پارسێنس (١٩٦٣) هێز بە توانای گشتی بۆ دابینکردنی ئاسایش و ئەمنیەتی ئەو بەرپرسیارەتییانە دەزانێ کە لە سیستەمێکی دیاریکراودا لە ڕوانگەی گشتییەوە ڕەواییان پێدراوە. پارسێنس دراو بە یەکێک لە سەرەکیترین ئامرازەکانی هێز دەزانێ، کە لە ئەنجامدا ئازادی و سەربەستیش دەگەل خۆی دەهێنێ. ناوبراو لە ڕوانگەیەکی کلاسیکەوە دیارە بە گرنگیدان بە بنەماکانی دیموکراسی کە خۆی لە لیجیتیمەیسیدا دەبینێتەوە دەڕوانێتە هێز. ئەو پێیوایە بەبێ ئابوورییەکی دەوڵەمەند بنەما و کۆڵەکەکانی هێز لەقن و ئەم باسە دەمانباتە سەر سەرچاوە سەرزەوی و ژێرزەویینییەکانی وڵات. کە ئەگەر ئەم سەرچاوانە لە ڕێگەی ڕەواییپێدراو (لێجیتیمەیسی)یەوە بەکار بهێندرێن، دەبێ بە دەوڵەمەندی ئابووری و ئابوورییش واتە دراو، کە لە گۆڕەپانی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەمڕۆی جیهاندا ئازادییشی پێدەکردرێ. بە چاوخشاندنێک بە سەرچاوە ئابوورییەکانی ڕۆژهەڵات لەم بوارەدا دەکرێ باشتر لەم فاکتەرەی هێزی کورد لە دانوستانەکانی داهاتوو بڕوانێ.
لە لایەکی دیکەوە میشل شیهان (١٩٩٦) سەرچاوەکانی هێز لە زانیاری و تەکنۆلۆژیدا دەبینێ. دیارە شیهان تێگەیشتنی کلاسیک لە هێز ڕەت ناکاتەوە، بەڵکوو پێیوایە پێوەرەکانی سەرچاوەی هێز گۆڕانکارییان بەسەردا هاتوە. لەم ڕوانگەیەوە کۆنترۆڵ بایەخی زیاتر دەبێ لە هەموو پێوەرەکانی دیکە، چونکی زانیاری ئەو دەرەفەتە بە ئەکتەری سیاسی دەدا، بەربێژی ئەکتی بەرانبەر بکا و چارەسەر یان پێشگیری تایبەتی بۆ بگرێتە بەر. تەکنۆلۆژییش ئامرازی جێبەجێکردنی دژکردەوە و هەمیش ڕیکخستن و کۆکردنەوەی زیاتر و ڕاستتری زانیارییە. بۆیە بۆ هەر ئەکتەرێکی دەوڵەتی و نادەوڵەتی زۆر زۆر گرنگە بتوانێ ئەم توخمانە دەستەبەر بکا هەتا مانەوەی خۆی و بەدیهێنانی ئامانج و بەرنامەکانی مسۆگەر بکا. دیارە هەر ئەکتەرێک ئەم دەرەفەتانەی لە بەردەست بوو و نەیتوانی کەڵکیان لێ وەربگرێ یان توانای تێگەیشتنی لێیان نەبوو، پووکانەوەی مسۆگەرە. لەم بوارەدا ڕەنگە بزاڤی ڕۆژهەڵات توانای دابین و دەسڕاگەیشتنی بە تەکنۆلۆژی بەهۆی توانای داراییەوە کە سنووردارە نەبێ، بەڵام بەدڵنیاییەوە بەهۆی ئەو هێزە مرۆییەی هەیەتی و خۆبەخشانە خەریکی خزمەت بە بزاڤە، دەکرێ زانیاری لەسەر کوردستان بە هەموو ڕەهەندەکانیەوە سەرچاوەیەکی هێز بێ، کە لە داهاتوودا بخرێتە خزمەت پاراستن و بەهێزکردنی یەکەی سیاسی ڕۆژهەڵات. دەگەڵ ئەوەشدا نابێ لەبیرمان بچێ کە پێوەرەکانی هێز تەنیا ئەم چەند خاڵە نین، بەڵکوو ڕەنگە ئامانە گرنگترینیان بن.
لەم ڕوانگەیە ئایا ڕۆژهەڵات خاوەن سەرچاوەکانی هێزە؟ ئایا فاکتەرە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات توانیویانە ئەم دەرفەت و پێوەرانە بقۆزنەوە کە دەبێتە مایەی هێز بۆ ئێستایان و هەروەها داڕشتنی یەکەیەکی بەهێزی خاوەن سەروەری کوردی لە جوغرافیای کوردستاندا جا چ بە ئۆتۆنۆمی، فیدراڵی یان سەربەخۆیی کۆتایی بێ؟ بۆ وڵامی ئەم پرسیارانە دەبێ بزانین ڕووبەری کوردستان کوێیە. یان باشتر بڵێم ئەکتەری سیاسیی ڕۆژهەڵات، بەگویرەی دوایین ڕووداوی سیاسی کۆمەڵایەتی لە ڕۆژهەڵات کوێ بە کوردستان دەزانێ و وێنای لە کوێ دەخوڵێتەوە؟
ساموئێل هانتینگتۆن (١٩٩٦) لە تیۆریی "بەریەککەوتنی شارستانییەتەکاندا، کە لەڕاستیدا دژکردەوەیەک بوو بە "کۆتایی مێژووی" فۆکۆیاما، پێیوایە قۆناخی دوای شەڕی سارد قۆناخی خۆناساندنی کۆمەڵگە جیاوازەکان لەسەر شارستانییەت، فەرهەنگ و ناسنامەیە. بۆ وێنە ناوبراو ئاماژە بەو قۆناخە بەسەرچووە دەکا کە یۆگۆسڵاڤی، چێکۆسڵاڤی و سۆڤییەتی لەسەر دروست بووە و، ئێژێ قۆناخی یەکگرتن و پێکهاتنی پێکهاتەی سیاسی لەسەر ئایدیۆلۆژی کۆتایی پێ هاتوە و، ئەم فاکتەرانەی دەبنە هۆی ئەوەی پێکهاتەیەکی سیاسی بمەیێ، فاکتەری شارستانییەتی و فەرهەنگین. جا لەو قۆناخەوەی ساموئێل ئەم باسە دێنێتە گۆڕ، هەتا ئێستا بەردەوامە و، بەگوێرەی پێگەیشتنی وشیاری کۆمەڵایەتی و سیاسی لە کۆمەڵگەی جیاوازەکاندا دەرکەوتەکەی دەبیندرێ. بۆ وێنە ئەم باسە دەمانباتەوە سەر دروستبوون یان تەنانەت خۆڕاگرتنی ئەم پێکهاتەیەی ئێستا ناوی ئێرانە. هەموو دەزانین، ئەم وڵاتە پاشماوەی ئیمپراتۆرییە جۆراوجۆرەکانی وەک سەفەوی، قەجەرە، کە لە قۆناخی جۆراوجۆردا لەت لەتی لێ بۆتەوە، بەڵام لە سەردەمی پێش کۆتاییهاتنی زەمەنی ئیمپراتۆرییەکاندا، ئایدیای ئایینی و ناسیۆنالیستی داتاشراو بەتایبەتیش ئایینییەکە بەمجۆرە دەیهێڵێتەوە، کە پاش شەڕی یەکەمی جیهانی بە هۆی جاڵەبوونەوەی چەمک و ئایدیا سیاسی و کۆمەڵایەتییە مودێرنە ئورووپییەکان ڕەنگێکی دی دەگۆڕێ. مەبەستم ئەوەیە بڵێم ئەو سەردەمی هانتینگتۆن باسی دەکا کە بەسەر چووە، درەنگتر لەو وڵاتە بەسەر چوو. بۆ وێنە لە شۆڕشی ١٣٥٧دا تەنانەت ئەم یەکگرتنە (مەبەست هەمووی کۆمەڵگە نییە) ئابدەیتتریش دەبێتەوە، بەڵام ئیدی دەسەڵاتی سەقەتتری کۆماری ئیسلامی، ئەم دۆخەی هانتینگتۆن باسی دەکا پێدەگەیەنێ.
شۆڕشی ژینا بۆ کورد لووتکەی پێگەیشتنی ئەم قۆناخەیە. لە کاتێکدا بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد لە ڕۆژهەڵات لە سەردەمی پاڵەویدا و تەنانەت دەیەکانی ڕابردووی تەمەنی کۆماری ئیسلامی ڕووبەرێکی فراوانی ڕۆژهەڵاتی تێنەپەڕاندبوو، شۆڕشی ژینا و پاشهاتەکانی شۆڕش، خۆپێناسەکردنەوەی کورد بوو بەگوێرەی ناسنامە. دیارە ئەمە چ لە لایەنە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکی ئەم شۆڕشە کەم ناکاتەوە، بەڵکو بە زیادەکردنی ئەم ڕەهەندەوە، گوڕوتینێکی زیاتر و کاریگەرتر بەو شۆڕشە دەبەخشێ. بۆ وێنە لایەنە ناسنامەییەکەی شۆڕشەکە سنووری وێنایی و نۆستالۆژیکی تاکی کورد تێدەپەڕێنێ و، پاڵ وە پێتەختی کەوناری مێدییەکان، هەمەدان(١) دەدا کە بە باب و باپیرانی کورد لانیکەم لە بواری زمانییەوە (نەک DNA) دادەنرێن. ئەم شۆڕشە ڕووبەری کوردستان هێند فراوان دەکاتەوە کە پلانەکانی یەکەکی سیاسی کوردی بەگوێرەی ئەو توخمانەی هێز دەبەخشن، وێنا بکەین کە هیچ کەموکوڕییەکی نەبێ. بەڵام ئایا ئەکتەرە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات توانیویانە بەو گۆڕانە بزانن، یان شۆک بوون بە باری ئەرێنی و نەرێنیدا؟ بەرفراوانبوونەوەی سنووری فەرهەنگیی کورد بە واتای گەورەتربوونەوەی کوردستان و، دەگەڵ ئەویش زیادبوونی حەشیمەتی کوردستان، واتە بەرزبوونەوەی پۆتانسییەلی مرۆیی و ئابووری، کۆمەڵایەتی، و کاریگەریی و هتد. ئەگەر وای دانێین، حیزبەکان بە هۆکاری ئەمنییەتی ئەم باسە یان تواناییەکانیان سەبارەت بە تێگەییشتن لەو گۆڕانە یان کانالیزەکردنی پۆناسییەلەکە دەرناخەن، بەڵام ئایا لە کاتی گەرمەی شۆڕشی ژینادا یان، دوایە لە کۆڕ و کۆبوونەوە دەگەڵ حیزبە بەناو سەرانسەری، بەڵام ئینتێرنێتی و بەیاننامەییەکاندا توانیان لەئاست سەرچاوەکانی ئەو هێزەی سیاسەتی لەسەر و لەپێناو دەکەن، خۆ دەرخەن. ڕەفتار و کرداری ئەم حیزبانە لە ماوەی شۆڕشی ژیناوە هەتا ئێستا وڵامی هەموو پرسیارەکانمان دەدەنەوە.
هەروەک دەزانین پێوەندی نێوان ئەکتەری سیاسی و کۆمەڵگە پێوەندییەکی دوو لایەنە. تەنانەت تیۆریی کۆنستراکتیڤیزم (جان بالیس و هاوکارنی، ٢٠٢٣) لە پێوەندی لەگەڵ پیوەندیە نێونەتەوەییەکاندا بەم جۆرە پیناسەی ئەکتەری سیاسی و کۆمەڵگە دەکا، کە دەوڵەت (ئەکتەری سیاسی) و کۆمەڵگە دوو دیاردەی لێک جیا نین و ڕیشەکانی ڕەفتاری ئەکتەری سیاسی لە نۆرم و فەرهەنگ کۆمەڵگەدا دەبینن. بنەماکانی ئەم تێڕوانینە بۆ پێوەندی نێودەوڵەتی تەنانەت پێوەندیی دوولایەنەی کۆمەڵگە و ئەکتەری سیاسی لێرە بۆ ئێمە دەردەخا. ئەکتەرێک کە هاوشان نەبێ دەگەڵ کۆمەڵگەکەی، واتە وێژەمانی دەگەڵ وێژەمانی کۆمەڵگەی لێک دوور بێ، پۆتانسییەل و تواناییەکانی کۆمەڵگەکەی نەخوێنێتەوە، لە گۆڕانکارییەکە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی بەستێنی پێکهاتنی خۆی نەگا، بەدڵنیاییەوە ناتوانێ توخمە هێزبەخشەکانی کۆمەڵگەی بپشکوێنێ. دەرکەوتنی نوێنەرانی کورد لەو دانوستانە بەراییانەدا نەک لە ئاست سەرچاوەی هێزی کۆمەڵگە و جوغرافیای دیاریکراوی ڕۆژهەڵاتی پاش شۆڕشی ژینادا نەبوون، بەڵکوو لە ئاست بازنەی هێزی حیزب و گرووپی خۆشیاندا، خۆیان نیشان دا و تەنانەت لە هەڵبژاردنی پارتنێری سیاسیشدا ناکارامەییەکی سیاسییان پێوە دیار بوو. چونکی پێناسەی هاوپەیمانیی سیاسی بە ئێمە دەڵێ (دەیڤید سێبودوبدو و هاوکارانی ٢٠١٦) هاوپەیمانی میکانیزمێکە فرەبەرژەوەندی کە ئەکتەر و سەنتەری جیاواز پێکەوە دەبەستێتەوە و پێکەوەژیانی گرووپەکان جیاوازەکان وێکڕا گرەنتی دەکا. ئەو شتەی بەهیچ جۆرێک ئێمە لە دانیشتنەکانی گرووپە جیاوازەکاندا بەدیمان نەکرد، بەڵکوو بەرایی هاوپەیمانییەکان هەروەک لە "مەنشووری مەهسا"دا بینیمان دووپاتبوونەوەی سەروەریی نەتەوەیەکی جیاواز بوو بە گەرەنتیی پێکەوەژیانی گرووپە جیاوازەکان. ئەو لایەنە کوردییانەش توورەکەیان بۆ هەڵدووریبوون و خەریک بوون هاوپەیمانییان دەگەڵ پێک بێنن، هیچ خاڵێکی هاوبەشیان وێکرا نەبوو، تەنانەت لە ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامیشدا کە وای دانێین خاڵە هاوبەشەکە بوو، جیاواز بوون و چەشنی ڕووخاندنەکەیان لێک نەدەچوو. ئەم سەرلێشیواوییە ئاکامی تێنەگەیشتن لە جەوهەری شۆڕشی ژینا بوو کە ئەکتەرە سیاسییە ڕۆژهەڵاتییەکان شۆڕشەکەیان بەسەردا ڕووخا.
بەگشتی شۆڕشی ژینا بەلای بزاڤەوە تەنیا ئەو دڵخۆشییە بوو، هێشتا ڕۆژهەلات زیندووە، هێشتاش سەنگەری ئازادی و دیموکراسییە و، بەبانگەوازەوە هاتنی شەقام دوای ڕاگەیەنراوەکانیش جۆرێکی متمانەبەخۆیی بەخشییەوە ئەم بزاڤە کە لەڕاستیدا دوای هاوپەیمانییە لەرزۆک و بێ کاریگەرییەکەی "مەنشووری مەهسا" و سڕبوونی ناوەندی هاوکاری دیتمان ئەو متمانەیەش لە کورتی دا.
***
سەرچاوە:
Parsons, T. (1963). On the Concept of Political Power. Proceedings of the American Philosophical Society, 107(3), 232–262. http://www.jstor.org/stable/985582
Sheehan Michael (1996). The balance of power history and theory. 9780203344613_previewpdf.pdf
Huntington P. Samuel. (1996). The clash of civilization and the remaking of world order. The Clash of Civilizations and the Remaking of World Order (Simon & Schuster; 1996)
John Baylis, Stev Smith, Patricia Owens, 2023. The globalization of world politics, an introduction to international relations. The Globalization of World Politics.pdf
Sebudubudu, D., Bodilenyane, K., & Kwerepe, P. (2016). The Politics of Opposition Electoral Coalitions and Alliances in Botswana. The African Review: A Journal of African Politics, Development and International Affairs, 43(1), 1–26. http://www.jstor.org/stable/45342124
1. فێستیڤاڵی هەنار لە شارەدێی بەهار، هەمەدان/ ڕێوڕەسمی نەورۆزی کوردەواری لە ئەسەئابادی هەمەدان و، نورئابادی خۆرەمئاوا