ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١ی بەفرانبار ( 2024٢١ی دێسامبری ٢٠٢٠٤)، لەلایەن کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە لە شاری وێستڕۆس و بە هاواهەنگی لەگەڵ کۆمیتەی شارەکانی دەوروبەر، ڕێوڕەسمێک بە بۆنەی ٢٦ی سەرماوەز، ڕۆژی ئاڵا و پێشمەرگەی کوردستان بە بەشداریی سەدان کەس لە ئەندامان و لایەنگران و دۆستانی حیزب و چەند میوانێک لە حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستان و سوید بەڕێوە چوو.
ڕێوڕەسمەکە دوای بەخێرهێنانی بەشداران لەلایەن بەڕێوەبەری بەرنامە، خاتوو ئارەزوو حیسامییەوە، بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێ کرد.
پەیامی کۆمیتەی گشتیی حیزب لە سوید بەو بۆنەوە لەلایەن عەزیز مورادپەرستەوە خوێندرایەوە. لە بەشێک لە پەیامەکەدا هاتبوو؛ پێشمەرگە و بە ڕەسمی هەڵکرانی ئاڵا دوو یادگاری هەرە بەرچاوی کۆماری کوردستانن و لە ئێستادا وەک هێمای نەتەوەیی چاویان لێ دەکرێ، کە لە مانگی سەرماوەزدا ڕوویان داوە، هەر لەبەر ئەوەشە کە مانگی سەرماوەز جێگە و پێگەیەکی تایبەتی لەنێو ئێمەدا هەیە.
لە بڕگەیەکی دیکەی بەرنامەکەدا، مامۆستا ئاشق ئیسماعیلی، شاعیر و وەرگێڕی ناسراوی نێو ڕێزەکانی حیزب، چەند وتەیەکی سەبارەت بە ڕۆژی پێشمەرگە پێشکەش کرد و هۆنراوەیەکی خۆی لەژێر سەردێڕی " ناوت بنووسم پێشمەرگە" دا خوێندەوە.
دواتر پەیامی پیرۆزبایی یەکیەتییەکانی ژنان، لاوان و خوێندکاران لەلایەن بێهنام عەزیزییەوە خوێندرایەوە. لە بەشێک لە پەیامەکەدا هاتبوو؛ ئەوەی کە خەڵکی ڕۆژهەڵات و هەموو بەشەکانی کوردستان بەدڵ و گیان پێشمەرگەیان خۆش دەوێت، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە پێشمەرگەکانی کوردستان لەژێر هەر بیرۆکەیەکی سیاسیدا بن لە کاتی پەلاماری دوژمن بۆ سەر نیشتمان بێ هیچ چاوەڕوانییەک پارێزگاری لە خاک و گەلەکەمان دەکەن.
سەید عەلی هاشمی، کەمئەندامی سەنگەر و ئەندامی چالاکی حیزب پەیامێکی سەبارەت بە ڕۆژی ١٦ی سەرماوەز، ڕۆژی کەمئەندامانی حیزب و هەروەها ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەز ڕۆژی ئاڵا و پێشمەرگەی کوردستان پێشکەشی بەشداران کرد. لە بەشێک لە پەیامەکەدا هاتبوو؛ کەمئەندامان هەردەم ئاڵای شەکاوە و داینامۆی شۆڕشن، بە چاوی کەم لێیان مەڕوانن. گەورەترین ڕێزلێنان بۆ ئێمەی کەمئەندام ئەوەیە کە لە پەڕاوێزمان مەخەن. ڕاستە ئێمە مافمان بەسەر ئەو حیزبەوە هەیە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا ئەرکمان لەسەر شانە و دەبێ بەو ئەرکە هەستین.
"ماگنوس یوهانسۆن" لە حیزبی سۆسیال دێموکراتەکانی سوید بە نوێنەرایەتیی حیزبەکەی خۆی و حیزبی چەپەکانی سوید " وێنستێر پارتی" چەند وتەیەکی بە زمانی سویدی پێشکەش کرد و وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆی بۆ بانگهێشتکردنی بۆ ئەو جێژنە، هاوپێوەندی و پشتیوانیی هەردوو حیزبەکەی بۆ دۆزی ڕەوای گەلی کورد دەربڕی و چەند بیرەوەری خۆی لە پێوەندی لەگەڵ پەنابەرانی کوردی تازە هاتوو بۆ سوید گێڕایەوە کە ڕەنگدانەوەی مرۆڤدۆستیی ئەو کوردانەیان دەگەیاند کە بە ناچار وڵاتی خۆیان بەجێ هێشتووە و پەنایان بۆ وڵاتی سوید هێناوە.
چەند بروسکەی پیرۆزبایی بەو بۆنەوە نێردرابوون کە لەلایەن بەڕێوەبەری بەرنامەوە سپاسیان کرا. ئەوانیش بریتی بوون لە:
پارتی دێموکراتی کوردستان- وێستڕۆس
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران- وێستڕۆس
بزووتنەوەی گۆڕان- وێستڕۆس
کوردانی دیاسپۆرا- سوید
کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکان.
بەشی دووهەمی بەرنامەکە بۆ بەشی هونەر و مۆسیقا تەرخان کرابوو، کە بە حەیرانێکی حەیرانبێژی دەنگخۆش "ڕەحمان نستانی" دەستی پێ کرد. هونەرمەندان ڕاڤا، شنۆ ئەحمەدی، چاوڕەش و شۆڕش بۆکانی جێژنەکەیان ڕازاندەوە و گۆرانی شۆڕشگێڕی و شادیان پێشکەش کرد و بوونە هۆی دڵخۆشی بەشداران.