کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خامنەیی و ترس لە داڕمانی ڕێژیمەکەی

00:57 - 3 بەفرانبار 2724

خامنەیی و ترس لە داڕمانی ڕێژیمەکەی

 

سمایل شەرەفی

لە ماوەی کەمتر لە ١٠ڕۆژ‌دا عەلی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران ٣ جار لە کۆڕی لایەنگرانیدا دەرکەوت و لەسەر تازەترین شکستەکانی ڕێژیمەکەی لە ناوچە بە گشتی و سووریە بەتایبەتی قسەی کرد. دەرکەوتن و قسەکانی خامنەیی دەکرێ زیاتر لە خانەی دڵنەوایی‌کردنی لایەنگرانی و پاساوهێنانەوە بۆ سیاسەتە شکست‌خواردووەکانی لە ناوچەکە و پێشگیری لەو داڕمانە ئیدئۆلۆژیکە لێک بدرێتەوە کە بەم نزیکانە سەرتاپای نیزامەکەی داگرێت.

خامنەیی لە یەکەم دەرکەوتنی دوای ڕووخانی ڕێژیمی بەشار ئەسەد و دۆڕاندنی یەکێک لە پێگە ئیستراتێژییەکانی لە ناوچەکە، هەموو هەوڵی ئەوە بوو ڕەوایەتێکی پێچەوانەی لەو شکستە هەبێت کە لە سووریە تووشی هات. ئەو بەوپەڕی داماوییەوە گوتی؛ "ئێمە هەموو هەوڵێکی خۆمان‌ دا نەهێڵین سووریە تووشی ئەو بارودۆخە بێت، بەڵام ئەوان –کەمەبەستی ئیسرائیل و ئامریکا بوو– هەموو ڕێگاکانیان گرتبوو"! پاشان خۆی لەژێر باری بەرپرسیاریەتییەکی ئایدۆلۆژیک کە بۆ ڕێژیمەکەی ساز کردبوو، دزییەوە و گوتی؛ "خۆ قەرار نییە ئێمە لەبری ئەرتەشی ئەو وڵاتە شەڕ بکەین"!

بەڵام دوای یەکەم دەرکەوتنی خامنەیی و ئەو قسانەی لەسەر پاشەکشەی سەرشۆڕانەی سپا شکستخواردووەکەی لە سووریە، لایەنگرانی توندڕەو و "انقلابی" هەر لە "جەزم"ی بەناو "مدافعین حرم" دان و نایانهەوێ باوەڕ بە تێکڕووخانی ڕێژیمەکەیان بێنن. بۆیە لە دەرکەوتنێکی دیکەیدا خامنەیی‌ ئەمجارەیان بە هەڕەشە لەو کەس و لایەنانەی بە ڕووماڵی ڕووداوەکان "دڵی خەڵک سیس دەکەن" و وەک ئەو ڕەوایەتی ڕووداوەکانی سووریە ناکەن، دیسان وەک هەمیشە قۆڵی لە خەڵەتاندنی لایەنگرانی بە درووشمدان هەڵماڵی و گوتی؛ "زۆر ناخایەنێ دۆخی سوریە دەگۆڕێ و بەرەی مقاومەت زیاتر لە هەمیشە گەشە دەکاتەوە". بەڵام بە پێی ڕووداوەکان و ئەوە لە سووریە و دەورووبەر دەبیندرێ، سووریە بەرەو ئاقارێکی جیاواز لە لێکدانەوەکەی خامنەیی هەنگاو دەنێ و ڕۆژ لەگەڵ رۆژ زیاتر قوڵایی شکستی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ناوچەکە دەردەکەوێت.

بەپێچەوانەی ڕەوتی ١٠ -١٢ ساڵی ڕابردوو کە لایەنی سەرەکیی قسەکردن لە داهاتووی سووریە، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بوو، ئێستا کۆماری ئیسلامیی ئێران جیا لە دەرکراوێکی گۆڕەپانی سیاسیی سووریە و شەریکەتاوان و جینایەتەکانی ڕێژیمی بەشار ئەسەد شتێکی دیکە نیە.

خامنەیی ڕاشکاوانە دانی بەم شکستەدا نەناوە، بەڵام نێورۆکی قسەکانی لە سووریە جیا لە دانپێدادانێکی ناڕاستەوخۆ بەم شکستە سیاسی و مەیدانی و ئیدئۆلۆژیکییە، شتێکی دیکەی لێ ناخوێندرێتەوە. ناوبراو لە تازەترین دەرکەوتنیدا کە دوێنێ یەکشەممە ٢ی بەفرانبار بوو، بۆجارێکی دیکە و ئەمجارەیان لە کۆبوونەوەیەکدا بۆ جارێکی دیکە لەسەر سووریە قسەی کرد و ئەمجارەیان کە دیار بوو تەنیا بۆ مەداحەکان قسەی کرد، کۆتا بزماری لە تابووتی مردنی خۆی و ڕێژیمەکەی لە سووریە دا. خامنەیی کە چەند ڕۆژ پێشتری لە زمان کاربەدەستانی دەوڵەتەوە باسیان لە دامەزراندنی پێوەندی لەگەڵ دەسەڵاتی تازەی سووریە دەکرد، لەم کۆبوونەوەدا داوای لە "لاوانی سووری" کرد کە دژ بەو کەسانەی ئەم دۆخەیان ناوەتەوە و ئەوانەش کە هاوکاری پێکهێنانی دۆخەکە بوون، ڕاپەڕن. ناوبراو گوتی؛ "لاوانی سووری هیچیان نەماوە بۆ لەدەستدان... بۆیە مافی خۆیانە دژ بەەو دۆخەی هاتۆتە پێش ڕاپەڕن...". ئەوەش لە حاڵێک‌دایە لاوانی سووریە تا ئێستاش شەوانە لە گۆڕەپانە گشتییەکاندا شایی دەگێڕن و هەڵدەپەڕن و سەرمەستی ڕووخانی ڕێژیمێکن کە هاوپەیمانی ڕێژیمەکەی خامنەیی بوو.

خامنەیی کە لە نزیکەوە شاهیدی تێکڕمانی ئیدئۆلۆژیی کۆماری ئیسلامی و سیاسەتی ناردنە دەرەوەی شۆڕش و سازکردنی هێزە نیابەتییەکان لەنێو ڕێزی لایەنگرانیەتی، بۆ دەربازکردنی خۆی و لایەنگرانی لەو بارە قورسە لە شکست‌هێنانی هێزە نیابەتییەکانی، بەوپەڕی ڕووهەڵماڵاوییەوە گوتی؛ "ئیمە هێزی نیابەتیمان نەبووە و ئەگەر بمانهەوێ هەر کاریك بکەین پێویستمان بە نیابەتی نیە"!!

خامنەیی کە لە دەرکەوتن و دەربڕینەکانیدا بەتەواوەتی هەست بە بێ‌هێزی، بێ‌‌هیوایی و شکستی سیاسیی ڕێژیمەکەی دەکرێ، ناتوانێ پێش بە داڕمانی دەروونی و باوەڕە ئیدئۆلۆژیکەکانی لایەنگران و هەڵوەرینی ڕیزەکانیان بگرێ. ناوبراو دەبێ لەوە تێگەیشتبێ کە ڕێژیمەکەی پێش ئەوەی تووشی هەر جۆرە هەڕەشەیەکی دەرەکی بێتەوە، لەبەردەم داڕمانێکی نێوخۆیی‌دایە، بۆیە نیگەرانی کەوتنی کۆڵەکە ڕزیوەکانی ئەم قەوارە شەکەت و بێ‌کەڵکەیە. بەخۆڕایی نییە پەیتاپەیتا بە کۆبوونەوەی تەوجیهی و پاساوهێنانەوە، هەوڵ دەدات لەسەرپێیان ڕابگرێت کە نە تەمەنی ئەو مرادی ئەو کارەی ماوە و نە قەوارەی (ڕێژیمەکە) هیچ دەرفەتێکی بۆ نۆژەنکردنەوە و پاراستنی لە بەردەم‌دایە.