کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەدەی ٢١ و گاڵتەجاڕییەک بە ناوی پاراستی مافی مرۆڤ

23:35 - 4 بەفرانبار 2724

سەدەی ٢١ و گاڵتەجاڕییەک بە ناوی پاراستی مافی مرۆڤ

عومەر باڵەکی

دوو ڕۆژ دوای ڕووخانی حکوومەتی بەشار ئەسەد لە سووریە و شکاندنی دەرگای زیندانەکان لوتکەی دڕندەیی و زاڵمبوونی ئەو دەسەڵاتە دەرکەوت. وێنە و ڕوخساری زیندانییەکان کە نەیاندەزانی لە دەرەوەی زیندان چ ڕووی داوە، شاهیدی ئاشکرای ئەو دڕندەیی و بێبەزەیی دەسەڵاتدارانی حکوومەتی سووریە بوو. سەرسووڕمانی زیندانییەکان لەو دۆخەی کە لە گەڵی ڕووبەڕووبوون بە چەشنێک بوو کە هێندێک لە زیندانییەکان نەیاندەزانی کە حافز ئەسەد، باوکی بەشار ئەسەد ٢٤ساڵە نەماوە و بەشاری کوڕی جێگای گرتۆتەوە. وێنەکان بەخێرایی لە لایەن ڕاگەیەنە گشتییەکان بە سەرانسەری جیهاندا بڵاو بوونەوە و بڵاو بوونەوەی وێنەکان بوو بە هۆکاری هەژاندنی ویژدانی کۆمەڵگەی جیهانی. بەدەیان کاناڵی ڕاگەیاندن بە زمانە جیاوازەکانی دنیا ڕاپۆرتیان لەسەر ئامادە کرد. بەڵام لێرەدا ئەوەی جێگای سەرسوورمان بوو ئەوەیە بڕیاردەری سەرەکی ئەو جینایەتە سامناکانە بەشار ئەسەد بوو و ئەویش بێ هیچ بەربەست و لەمپەرێک و لەبەر چاوی هێزە دژبەرەکان و دەوڵەتانی سەرقاڵ بە پرسەکانی سووریە توانی ئەو وڵاتە بەجێ بهێڵێ و لە وڵاتی ڕووسیە بگیرسێتەوە و بە قسەی دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە مافی پەنابەری ئینسانی بۆ مانەوە پێ‌بدرێ.

بە داخەوە لە سەدەی ٢١دا ئەو جینایەت و تاوانانەی دژ بە مرۆڤەکان دەکرێن، لەلایەن حاکمانی وڵاتانی ئەندام لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووکانەوە بەڕێوە دەچن. ئەوە لەحاڵێک‌دایە ڕۆژانە کۆڕوکۆبوونەوەی ڕێکخراوە جۆراوجۆرەکانی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ لە سەرانسەری دنیادا بەڕێوە دەچن و بەپێی ڕاپۆرتەکان کە لە لایەن ڕێکخراوی پاراستنی مافەکانی مرۆڤی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ساڵانە ئامادە دەکرێ، کۆمەڵێک دەوڵەت بە پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ تاوانبار دەکرێن. بەڵام لەبەر نەبوونی هەڵوێستی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و میکانیزمێک بۆ بەرەنگاربوونەوە، ئەو جۆرە ڕاپۆرتدان و مەحکووم‌کردنانە هەتا ئێستا نەیانتوانیوە کاریگەرییان هەبێ لەسەر کاروکردەوەی ئەو حکوومەتانەی بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ مەحکووم کراون. چونکە ئەو ڕێکخراوانە و تەنانەت ئەو دەوڵەتانەی بەردی پارێزگاری لە مافەکانی مرۆڤ لە سینگی خۆیان دەدەن زیاتر بیر لە بەرژەوەندیی خۆیان دەکەنەوە و نایانهەوێ بە گرتنەبەری ڕێگای توند لەگەڵ ئەو دەوڵەتانە بەرژەوەندییە سیاسیی و ئابووریەکانی خۆیان بخەنە مەترسییەوە. واتە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هیچ هەڵوێستیکی بەکردەوە کە بەرگری لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ بکا لەخۆی نیشان نەداوە. ئەوە لە حاڵێک‌دایە بەپێی بنەما و جاڕنامەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەبێ هەموو دەوڵەتانی ئەندام لە نێوخۆی وڵاتەکەیاندا پابەند بن بە پاراستی مافەکانی مرۆڤ.

لە دوای هەر دوو شەڕی یەکەم و دووهەمی جیهانی دەوڵەتانی سەرکەوتوو لەو شەڕانەدا لە هەوڵی ئەوەدا بوون بۆ پاراستنی ئەمنییەتی جیهانی و ئاشتی نێودەوڵەتی ڕێکخراوێکی بەهێز دابمەزرێنن، بۆ ئەوەی وڵاتانی ئەندامی ئەو ڕێکخراویە پابەند بکەن بە بنەماکانی ئەو ڕێکخراوەیە و پێش لە هەڵگیرسانی شەڕێکی دیکە بکەن. بۆیە دەبینین دوای شەڕی یەکەمی جیهانی "کۆمەڵەی نەتەوەکان " پێک هات، بەڵام نەیتوانی پێش بە هەڵگیرسانی شەڕی دووهەمی جیهانی بگرێ. بۆیە لە دوای تەواوبوونی شەڕی دووهەمی جیهانی لەسەر بناخەی "کۆمەڵەی نەتەوەکان" بە خوێندنەوەیەکی وردتر لە گرفت و ڕووداوەکانی نێودەوڵەتی لەساڵی ١٩٤٥ "ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان" دامەزرا و بەدەر لە هەموو بابەتەکانی دیکە بە دواداچوون و بەرگریکردن لە پرسەکانی پێوەندیدار بە مافەکانی مرۆڤ هۆکاری سەرەکی بۆ پێکهێنانی ئەو ڕێکخراوە نێونەتەوەییە بوون. واتە شەڕی دووهەمی جیهانی و بابەتەکانی پێوەندیدار بە پاکتاوی ڕەگەزی بوونە هۆکارێک کە ڕێکخراوەیەکی نوێی جیهانی سەرهەڵبدا و لە چوارچێوەی یاسادا بەرگری لە ڕوودانی کارەساتی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ هاوشێوەی شەڕی دووهەمی جیهانی بکا و دەبینین ئەوە لە "جاڕنامەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان"جێگیر کراوە کە هەموو ئەندامەکانی ئەو ڕێکخراوەیە دەبێ پابەندی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ بن.

  بەڵام بەداخەوە بە ئاشکرا دەبینین کە سات وسەودای نێودەوڵەتی هیچ ڕێگایەکیان بۆ پارێزگاری‌کردن لە مافەکانی مرۆڤ نەهێشتۆتەوە. دەنا کەسێکی وەک بەشار ئەسەد یا هاوشێوەکانی ناوبراو لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بەو هەموو جینایەت و تاوانانەی کە کردوویانە چۆن ئاوا بە ئاسانی دەبێ لەدەستی دادگای نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ دەربچن و هیچ لایەنێکی ڕێکخراوەکانی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ چ لە کاتی دەسەڵاتدارییان و چ لەو کاتەدا کە لەدەسەڵاتدا نەماون سکاڵایان لەسەر تۆمار ناکا و لەبەردەم یاسادا بەرپرسیاریان ناکا. دیارە ئەمە یەکەم‌جار نییە ناکارابوونی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و لق و پۆپەکانی سەر بەو ڕێکخراوە لە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ بە ئاشکرا خۆی دەرخستوە و هەر ئەو ناکارامە بوونە وای کردوە کە دەسەڵاتدارانی وڵاتانی وەک سووریە و ئێران لەسەر شێوازی حوکمڕانیی دیکتاتۆریی خۆیان بەردەوام بن و بەئاشکرا و لە بەرچاوی کۆمەڵگەی جیهانی سەرەتاییترین مافەکانی مرۆڤ لە وڵاتانی ژێر حوکمڕانییان پێشێل بکەن.

ساڵی ٢٠١٣ یەکێک لە سەربازەکانی سپای سووریە لە ڕیزەکانی سپای ئەو وڵاتە ڕای‌کرد و لە ژێر ناوی خوازراوی "سزار" زیاتر لە ٥٣ هەزار وێنەی لە زیندانەکانی حکوومەتی سووریە هێنایە دەرێ و لە ڕێگای ڕاگەیەنە گشتییەکانەوە کۆمەڵگەی جیهانی و نێودەوڵەتی لێ ئاگادار کردەوە، بەڵام نە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و نە دەوڵەتان دەستیان بۆ هیچ ڕێکارێک نەبرد کە لانی‌کەم حکوومەتی سووریە و خودی بەشار ئەسەد لە بەرانبەر ئەو تاوانە دڕندانەیەدا بەرپرسیار بکەن و هەر ئەو بێ هەڵوێستییە وای‌کرد کە ڕێژیمی سووریە بە سەرکردایەتیی بەشار ئەسەد چاونەترستر بێ لە سەرکوت و کوشتاری خەڵکی بیتاوانی سووریە. ئەگەر ڕەوتی ڕووداوەکانی دوای ٧ی ئوکتۆبری ٢٠٢٣ کە لەو ڕۆژەدا ڕێکخراوی حەماس هێرشی کردە سەر خاکی ئیسرائیل و دژکردەوەی خێرای دەوڵەت ئیسرائیل بەدوادا نەبوایە، ڕەنگە ئێستاش ڕێژیمی سووریە بە دەسەڵاتدارەتیی بەشار ئەسەد هەر لەسەر حوکم بوایە و لەبەر چاوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی درێژەی بە حوکمڕانی خۆی دابا و تەنانەت لە مانگەکانی پێش ڕووخانی هەوڵەکان ئەوە بوو کە بەشار ئەسەد و حکوومەتەکەی بگێڕنەوە بۆ کۆمەڵگەی عەرەبی و نێودەوڵەتی. ئەو هەوڵانە لە حاڵێکدا لە ئارادا بوون کە بەشار ئەسەد و حکوومەتەکەی ڕۆژ بە ڕۆژ جەسوورتر دەبوون لەسەر پێشیلکاری مافەکانی مرۆڤ و بە داخەوە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش ئەوەیان دەزانی.

ئێستا کە ڕێژیمی بەشار ئەسەد ڕووخاوە و هەواڵی شکاندنی دەرگای زیندانەکانی سووریە و ئازادی زیندانییەکان بە هەموو جیهاندا بڵاو بۆتەوە، دەتوانێ نیشانەی ئەوە بێ کە حاکمانی دیکتاتۆر و ملهوڕ ناتوانن هەتا سەر دەوام بێنن و هەر بەو جۆرەی کە دەسەڵاتداریەتی بەشار ئەسەد کۆتایی پێهات و زیندانییەکان ئازاد کران. هەر بەو جۆرە دەتوانێ هیوای سەرکەوتن بدا بە گەلانی ئێران کە ڕۆژێک دادێ کە حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە لایەن گەلانی ئەو وڵاتەوە دەڕوخێندرێ و دەرگای زیندانەکان دەشکێندرێ و زیندانییەکان لەگەڵ سەرجەم خەڵکی ئێران دەستەملانی ئازادی دەبن. بەو مانایە ئازادی هەر زیندانییەک لە سووریە دەتوانێ پەیامێکی هیوابەخش بێ بۆ زیندانیانی زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی. ئەگەر لە لایەکەوە ئەو هیوا و ئومێدە بە ڕووخانی کۆماری ئیسلامی و ئازادبوونی زیندانیەکان هاوچەشنی سووریە لەنێو خەڵکی ئێراندا ڕووی لە زیاد بوون کردوە، دەسەڵاتدارانی تاران بە جێگای ئەوەی دەرس لە چارەنووسی بەشار ئەسەد و حکوومەتەکەی وەربگرن لە ڕاگەیەنە گشتییەکانی خۆیاندا هەوڵ دەدەن بە قسە و نووسین ئەو هەواڵانەی لەسەر زیندانەکانی ڕێژیمی ڕووخاوی سووریە بڵاو دەبنەوە وە درۆ بخەنەوە و لە بیروڕای گشتی کۆمەڵگەی ئێراندا کەم ڕەنگ نیشانی بدەن.

هەواڵدەریی"مهر" سەر بە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ڕێکەوتی ٢٠ی سەرماوەزی ١٤٠٣ وتارێکی لەژێر سەردێری "هەموو شتێک سەبارەت بە زیندانی سیدنایا لە ئەشکەنجەی زیندانییانەوە هەتا فیلمی هاڵیودی" بڵاو کردۆتەوە و لەو وتارەدا نووسەر هەوڵی داوە ئەو وێنە و فیلمانەی لە لایەن ڕاگەیەنە گشتی و هەواڵنێرە جیهانییەکان لە زیندانەکانی حکوومەتی سووریە بڵاو کراونەوە زیاتر بە هەڵبەستراوە و دوور لە ڕاستی بقەبڵێنێ. لە بەشێک لە وتارەکەدا ئاوا دەڵێ: "ئەگەر چی هەڵسوکەوتی نەشیاو و خراپ و ئەشکەنجەی دژبەرانی حکوومەتی سووریە لە زیندانەکاندا بابەتێک نییە بشاردرێتەوە، بەڵام ڕێژەیەکی بەرچاو لەو زیندانییانە ئەو کەسانەن کە هاوفکری ئەو گرووپە تێرۆریستییانە بوون کە بەوزووانە لە سووریە دەسەڵاتیان بەدەستەوە گرتوە....."واتە بە وتەی نوسەری هەواڵدەریی "مهر" ئەشکەنجەدان و تەنانەت ئێعدامی زیندانییەکان لە زیندانەکانی حکوومەتەکەی بەشار ئەسەد بەربەرەکانێ لەگەڵ دژبەرانی دەسەڵات بووە و بە کارێکی یاسایی دادەنێ. لە بەشێکی دیکەی وتارەکەی هەواڵدەریی "مهر"دا نوسەری بابەتە دەڵێ: "بەشێک لەو هەراو هوریایە کە دروست بووە لە لایەن زیندانییەکانی پێشووەوە دروست بووە بۆ ئەوەی لە دابەشکردنی دەسەڵاتدا بەشێکیان بەربکەوێ." لێرەدا نوسەری بابەتەکە دەیهەوێ لە گرینگی پرسەکە کەم بکاتەوە و بڵێ کە ئەو هەراوهوریایەی لەسەر زیندانەکانی حکوومەتی بەشار ئەسەد دروست بووە تەنیا بۆ بەرژەوەندیی هێندێک کەس و لایەنە و دەنا جینایەت و تاوانەکانی حکوومەتەکەی بەشار ئەسەد لەو ڕادەیەدا نییە کە باسی لێوە دەکرێ و ئەوەش جۆرێک پاساوهێنانەوەیە بۆ هەموو ئەو جینایەت و تاوانانەی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دەرحەق بە ئازادیخوازانی ئێران کردوویەتی.

ئاکامگیرییەکی بەپەلە لەو باسە ئەوەیە نە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان وەک گەورەترین ڕێکخراوی جیهانی هەتا ئێستا توانیویەتی ئەرکی خۆی کە پاراستی مافەکانی مرۆڤە لە چوارچێوەی ئاشتی و ئەمنییەتی جیهانیدا بە جێ بگەیەنێ و، نە حکوومەتە دیکتاتۆرەکانیش لە چارەنووس و ڕووخانی حکوومەتە هاوشێوەکانی خۆیان دەرس وەردەگرن. بەڵام بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی ئەوەی هەتا ئێرە سەلمێندراوە ئەوەیە حکوومەتەکان دەڕوخێن و حاکمە دیکتاتۆرەکان بەچۆک دادێن و ئەوەی دەمێنێتەوە و سەردەکەوێ خەباتی گەلانە بۆ ئازادی و دادپەروەری لە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا.