ئەو دەرسانەی کۆماری ئیسلامی وەریانناگرێ
هەردی سەلیمی
کۆماری ئیسلامی لەدوای ئەوەی نەیتوانی لە شەڕی هەشتساڵەدا ئێراق شکست بدات و لە کەربەلاوە بچێ بۆ قودس و بەناچاری ئاگربەستی قەبووڵ کرد، بە شێوەیەکی مەیدانیتر و کرداریتر تەرکیزی خستە سەر هێزی پرۆکسی لە ناوچەدا. بەدرێژاییی هەموو ئەم ساڵانە ئەم هێزانەی بەرهەم هێنا و بەخێوی کردن و گەشەی پێدان؛ هەموو ئەم هەوڵانەش لە پاڵ بەرنامەی مووشەکییەکەیدا، پەیامێک بوو بۆ ئیسرائیل و ئامریکا. هێندێک سەرکەوتنی کاتی لە ناوچەدا، بەرپرسانی سیاسی و نیزامیی ئەم ڕێژیمەی وەها سەرمەست کردبوو کە جارناجارێ دەردەکەوتن و شانازییان بە هەبوونی شەش ئەرتەشی سەر بە کۆماری ئیسلامی لە ناوچەدا دەکرد.
وێڕای ئەم دوو بەرنامەیە واتە بەرنامەی مووشەکی و بەرنامەی پرۆکسیسازی، بەرنامەی ناوکییشیان هێنابووە ئاراوە؛ بۆ ئەمانە بە کرداری ڕابردوو باس دەکەین؟ چون لە حەوتی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣ـەوە تا ئێستا گۆڕانی زۆر ڕوویان داوە و هاوکێشەکان بەتەواوی ئاڵوگۆڕیان بەسەردا هاتووە. کۆماری ئیسلامی کە سەرەتا دڵی بە ئۆپەراسیۆنی گەردەلوولی ئەقسا خۆش کردبوو و خامنەیی باسی لە گۆڕینی نەخشەی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە قازانجی کۆماری ئیسلامی و بە زەرەری ئامریکا دەکرد، ئێستا پاش زیاتر لە یەک ساڵ دەبینین ئەو پێشبینییانە ناڕاست دەرچوون و هەر گۆڕانێک ڕوو دەدات بەتەواوی لە زەرەری کۆماری ئیسلامیدایە.
گەورەترین هێزی پرۆکسیی کۆماری ئیسلامی کە هەمان حیزبوڵڵای لوبنان بوو، گەورەترین خەسارەکانی بەرکەوت، بە جۆرێک کە وێناچێ بتوانێ خۆی ڕاست بکاتەوە، بەتایبەتی بەو پێناسە و تەشکیلاتەی پێشوویەوە. دەوڵەتی بەشار ئەسەد ڕووخاوە و کۆریدۆری سەرەکیی هیلالی شیعە بە ڕووی کۆماری ئیسلامیدا داخراوە، بەشێک لە ژێرساختە نیزامییە گرینگەکانی کۆماری ئیسلامی لە دوایین هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر ئەو وڵاتە لەنێو چوون؛ لەمانەش گرینگتر بوونی فاکتۆری زیندووی ناڕەزایەتیی بەردەوامی خەڵکی ئێرانە لەدژی ئەو دەسەڵاتە؛ بۆیە دەبێ لەمەبەدواوە هەموو دەسکەوتە کاتی و بەرتەسکەکانی کۆماری ئیسلامی کە ببووە مایەی شانازییان بە بەشێک لە مێژوو بزانین.
بەم بەرچاوڕوونییەوە کۆماری ئیسلامی دوو ڕێی لە بەردەمدایە یا پاشەکشێ لە بەرنامەی ناوکی و سیاسەتی ئاژاوەگێڕانەی ناوچە و پاشەکشێ لە بەردەم خەڵکی ئێراندا، یا درێژەدان بەو سیاسەتەی وا لەمێژە گرتوویەتە بەر. ڕاستە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە لێدوانەکانیاندا بەپارێزتر بوون و تەنانەت بوونی هێزی پرۆکسی ڕەد دەکەنەوە، بەڵام نیشانەکان وا دەنوێنن کۆماری ئیسلامی دەست لەو سیاسەتانەی ناکێشێتەوە. عەلی خامنەیی باسی لە دەرسێک کرد کە لە ڕووخانی ئەسەد وەریانگرتووە، بەڵام ئەم دەرسەیان بە باری نەرێنییەکەیدا وەرگرتووە. بە واتایەکی تر نەهاتوون بڵێن ئەوە ئەسەدیش پاش ئەو هەمووە سەرکوتەی – کە بە هاوکاریی کۆماری ئیسلامی - کردی لە ئاکامدا هەر شکستی خوارد و ئەم ڕێگەیە ئاکامەکەی هەر شکست و دۆڕانە! نا بەڵکوو خۆیان ئامادە کردووە بۆ ئەوەی پەلەقاژە بکەن و ئەو دەسەڵاتەیان بەر نەدەن.
خامنەیی باسی لە لاوانی دەروەستی سووریە کرد کە بەدژی ئەم ڕووداوانەی سووریە هەڵدەستن و گۆڕانکاری پێک دێنن، موحسین ڕەزایی پاش چەند ڕۆژ لەم قسانە وتی هەتا ساڵێکی تر سووریە وەک خۆی لێ دێتەوە، لەملاولەولاش باس لە پێویستیی گۆڕینی دوکتورینی بەرنامەی ناوکیی کۆماری ئیسلامی دەکرێ، لەوەش گرنگتر هۆکاری سەرەکیی شکستی ئەسەد بۆ کەمکاریی هێزە نیزامییەکانی دەگەڕێننەوە نەک هۆکاری ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی سووریە. کەواتە کۆماری ئیسلامی کە سەرمەستی ئەوەیە بەهۆی وەفاداریی هێزی سەرکوتەکەیەوە چەندین ڕاپەڕینی جەماوەریی خەڵکی ئێرانی سەرکوت کردووە، بەو چارەنووسەی ئەسەد تووشی بوو دووچار نابێت!
وێکچوونەکانی سیستمی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیی سووریە و ئێران هێندە زۆرن، کە هەم خەڵک و هەمیش دەسەڵاتدارانی ئێران بە بەشێک لە گۆڕانکاریی نێو ئێرانی دەبینن؛ جیا لەوەی هاوپەیمانێکی گرنگی ناوچەییی کۆماری ئیسلامی لەنێو چووە، هەر لە زۆر ڕووەوە هاوشێوە و بە ئەگەری زۆر زۆرەوە هاوچارەنووسیشن. سووریەش وەک ئێران وڵاتێکی فرەچەشن و فرەنەتەوەیەوە، دەسەڵاتەکەی هەروەک ئێران دەسەڵاتی کەمینەیەک بوو بەسەر زۆرینەیەکدا – لە ئێراندا کەمینە لە ڕووی ڕەوایی و سیاسییەوە، دەسەڵاتی سووریەش پشتئەستوور بە ناوەندە ئەمنییەتی و هێزە سەرکوتکەرەکانی بوو، ئابووریی سووریەش لە پاوانی کەمینەیەکی گەندەڵدا بوو و خەڵکی ئەو وڵاتە لە هەژاریدا بەسەریان دەبرد، دەسەڵاتی سووریە دەسەڵاتی بنەماڵەیەک بوو و ئێرانیش بەتەمایە دەسەڵاتی بنەماڵەی خامنەیی بەردەوام بکات و... ئەم هەموو لێکچوونانە نەستی هەمووانی بردووەتە سەر ئەو قەناعەتەی یەک چارەنووسیش چاوەڕوانیانە.
بۆیە لەم ڕووەوەیە کە خوێندنەوەی بڕیاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی و خامنەیی لە سەرووی هەموویانەوە، خوێندنەوەیەکی سەقەت و ناتەواوە و نایانهەوێ هۆکارەکانی ناڕەزایەتیی خەڵکی سووریە وەک فاکتەری سەرەکی ببینن، بەڵکوو وەفادارنەبوونی هێزە نیزامییەکانی ئەسەد بە هۆکاری سەرەکی دەزانن. هەروەک خوێندنەوەی پاشماوەی دەسەڵاتی پەهلەوی کە دانیشتنی گوادلۆپ و خۆڕادەستکردنی ئەرتەش وەک هۆکاری سەرەکیی نەمانی دەسەڵاتیان دەزانن. هەموو دیکتاتۆرەکان و کۆماری ئیسلامییش یەک لەوان بەباشی دەزانن کە کار گەیشتە ئەم قۆناغە هەرچی ویستی خەڵک لە سیاسەتەکانیاندا ڕەچاو بکەن، هەر بەو ئەندازەیە و زیاتریش کۆمەڵگە ڕادیکاڵتر دەبێ و ئەگەری ڕووخانیان هەڵدەکشێ، بۆیە تاقەڕێگەی بەردەمیان سەرکوتی زیاتر و پەلەقاژەیەکی زۆرترە، کە بەدڵنیایییەوە ئەم ڕێگەیەش نایانگەیەنەتە شوێنی مەبەست و ئاکامەکەی لە ئێستاوە ڕوونە چی و چۆن دەبێ.