شکستی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە وەک دەرفەتێک بۆ ئۆپۆزیسیۆن
سمایل شەرەفی
دۆخێک کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچەکە تووشی هاتووە، ڕەنج بە خەساربوونیەتی لە هەوڵێکی دەیان ساڵەی هەمەلایەنە کە لە بانگەشەی "ناردنە دەرەوەی شۆڕش"ەوە دەستیپێکرد، بە هەوڵدان بۆ پێکهێنانی هیلالی شیعی و خەیاڵی دابینکردنی قوڵایی ئیستراتێژی لە وڵاتانی دەوروبەری درێژەی پێدرا. کۆماری ئیسلامی لە پێناو ئەو مەبەستانەی بە پێکهێنانی تاقم و گرووپی چەکدار لە وڵاتانی ناوچەکە، دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتان و بەفێڕۆدانی سەدان میلیارد دۆلار لە سەرەوەت و سامانی خەڵکی وڵات، تا ڕادەیەکی زۆر هێژموونیی خۆی بەسەر ناوچەکەدا سەپاندبوو کە ئەمە بۆ ڕێژیم لە کێشە و پێوەندییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانیدا قورسایی و کارت بوون بۆی.
دوای ڕووداوەکانی ٧ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣ی زایینی و پێکهێنانی بزووتنەوەی مقاومەی ئیسلامی(حەماس) و حیزبوڵلا لە لوبنان و، لە کۆتاییدا کەوتنی ڕێژیمی بەشار ئەسەد لە سووریە، کۆتایی بە هێژموونیی دەیان ساڵەی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە هات.
ئەم دۆخەی کۆماری ئیسلامی جیا لەوەیکە شوێنەواری جۆراوجۆری سیاسی لە ناوچەکە داناوە، بێگومان کاریگەریی بێئەملاوئەولای لەسەر خودی پێکهاتەی ڕێژیم، بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی نێوخۆی وڵات و بەرەی ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیمیش داناوە و دادەنێت. ئەم کاریگەرییانە کە دەکرێ لە هەردوو گۆشەنیگای هەڕەشە و دەرفەتەوە سەیرێ بکرێ، لە ڕوانگەی بزووتنەوەی مافخوازانەی گەلانی ئێرانەوە زیاتر ئەرێنی و هیوابەخشن.
لەم وتارەدا زیاتر سەرنج دەخەینە سەر کاریگەرییەکانی ئەم شکستەی کۆماری ئیسلامی لەسەر بەرەی ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیم و لە دەلاقەی دەرفەتەوە سەیری مەسەلەکە دەکەین.
دوای ڕووخانی ڕێژیمی بەشار ئەسەد هەرچەند عەلی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیم لە سێ دەرکەوتنی جیاوازدا هەموو هەوڵێکی ئەوە بوو کە وا نیشان بدات کە هیچی لێ نەقەوماوە، بەڵام ناتوانێ دەرک بە شکست و داتەپینی ڕێژیمەکەی لە ناوچەکەدا نەکات و ئەم دانپێدانانەمان لە زۆرێک لە بەرپرسانی دیکەی ڕێژیمەوە بینی. کە ئەمەیان بۆ خەڵکی وڵات هەم خۆشە و هەم هیوا بەخشە. بە وتایەکی دیکە، ئێستا گەلانی ئێران باش دەزانن کە کۆماری ئیسلامی ئەو هێز و دەسەڵاتە نیە کە چەندین ساڵە خۆی پێوە ڕادەنێ و زۆر چاک لەوەش گەیشتوون کە کۆماری ئیسلامیی ئێران زۆرێک لەو کارتانەی لە دەست داون کە لە ئاستی ناوچەکە و نێودەوڵەتیدا کایەی پێ دەکردن و گوشاری پێ دەخستنەسەر.
لە ئاستی نێوخۆییشدا خەڵک ڕۆژانە بە چاوی خۆیان دۆخی لەرزۆک و پڕ لە قەیرانی ڕێژیم دەبینن و زیاتر لە هەمیشە هیوایان لەسەر نەمانی ئەو ڕێژیمە و گەیشتن بە ژیانێکی سەربەرزانە هەڵچنیوە. خەڵک لە دەرفەتێک دەگەڕێ کە یەکگرتووانە، بە هێزیكی قایم و یەکانگیر، بە بەرچاوڕوونی لە داهاتووی هەوڵ و تێکۆشانەکانیان و دڵنیابوون لە گەیشتن بە داهاتوویەکی دڵخواز، ئیرادە بنوێنن و بۆ هەمیشە کۆتایی بەم ڕێژیمە بێنن.
لەم پێوەندییەدا ئەوەی ئەم ڕۆژانە دوای قسە و باس لە دۆخی شپڕێوی کۆماری ئیسلامی، زۆرترین سەرنجی دەخرێتە سەر و وەک زەروورەتێک قسەی لەسەر دەکرێ، بەرەی ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیم و ڕۆڵ و دەور و نەخشە رێگەیان لە پێناو کۆتاییهێنان بە کۆماری ئیسلامی و وەڵامدانەوە بە هەموو ئەو دڵنیگەرانیانەیە کە خەڵک لە دۆخەکەی هەیە.
بۆیە هەلومەرجێک کە کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە تێیکەوتووە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە دوورەوە جارێ چاودێریی دەکەن، بۆ هێز و لایەن و کەسایەتییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران دەرفەتێکی مێژوویی خوڵقاندووە. کۆماری ئیسلامی بە پێچەوانەی سێ ساڵ پێش ئێستای، هیچ کارتێکی ئەوتۆی بە دەستەوە نەماوە کە ئەساسەن دانووستانێکی لەسەر بەڕێوە ببات. ئەوەی هەیەتی بەرنامەی ناوکی و ئیدیعاکانییەتی کە وێدەچێ نە ئاژانسی نێونەتەوەیی وزە و نە لایەنە ئورووپاییەکان، بە قەوانی ڕابردووی لەگەڵ بڕۆنە پێش. کەوابوو ئۆپۆزیسیۆن لەم هەلومەرجەدا دەتوانێ لەگەڵ زەقکردنەوەی کارنامەی پڕ لە شەڕ و ئاژاوە و تێرۆری کۆماری ئیسلامی و بەسەرنجدان بە دۆخی ڕێژیم لە ناوچەکە و نێوخۆی وڵات و چاوەڕوانییەکانی خەڵک، هەم لە ئاستی نێونەتەوەییدا ئیدیعای نوێنەرایەتیی خەڵک بکات و هەم لە ئاستی نێوخۆییدا کار لەسەر یەکخستنی هێزی خەڵک و ڕەواندنەوەی نیگەرانییەکانیان لە داهاتوو بکات.
ئەوەی تا ئێستا لە جموجۆڵ و هەوڵی بەرەی ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیم دەبیندرێ، لەگەڵ ئەوەی ئۆپۆزیسیۆنی نێوخۆ بەتایبەت لەسەر ئاستی کەسایەتییە سیاسی و ئاکادمییەکان دەنگیان بەرزتر و ڕوونتر لە جارانە و ئازایانە باس لە کۆتاییهاتنی کۆماری ئیسلامی و تێپەڕین لەم نیزامە دەکەن، بەداخەوە هێز و لایەنە سیاسییەکانی دەرەوەی وڵات بە ئاشکرا جموجۆڵێکی ئەوتۆیان لێ نابیدرێ.
خەڵکی وڵات و زۆرێک لە کەسایەتییەکانی دژبەری ڕێژیم لە نێوخۆی وڵات و تەنانەت هێز و لایەنە دیار و نادیارەکانی مخالفی ئەم ڕێژیمە لە نێوخۆ کە بەداخەوە بە هۆی سیاسەتی سەرکوتەوە، دەرەتانی خۆدەرخستن و مەیدانداریی نەبووە، زیاتر لە ئۆپۆزیسیۆنی دەرەوەی وڵات هەستیان بە قۆستنەوەی ئەو دەرفەتە مێژووییە کردوە کە هاتۆتە پێشێ، کە ئەمەش لە خۆیدا لەگەڵ ڕەخنە لە ئۆپۆزیسیۆن لە دەرەوەی وڵات، دەکرێ دڵخۆشکەر و هیوابەخش بێت.
ئەوەندەی پێوەندیی بە حیزب و لایەنەکانی کوردستانەوە هەبێت وەک بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیم، زیاتر دەبێ وریای بارودۆخەکە بن و خۆیان بۆ هەر ئەگەرێک ئامادە بکەن. بە خۆشییەوە هەستکردن بە زەروورەتی گواستنەوەی دەرفەتەکان و پێکهێنانی جۆرێک لە یەکریزی بۆ کاری هاوبەش لەنێو حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستاندا دەبیندرێ و کاری لەسەر دەکرێ.
بەگشتی وەک زۆر جاری دیکەش ئاماژەی پێکراوە و زۆریشی لەسەر نووسراوە و وتراوە؛ یەکێک لە سەرەکیترین کێشەکانی بەردەم هەنگاونان بۆ ڕووخانی ڕێژیم و دەستەبەرکردنی داهاتوویەکی گەش بۆ گەلانی ئێران، نەبوونی ئالترناتیڤ و جێگرەوەی ئەو ڕێژیمەیە کە درەنگ یان زوو – کە بە پێی هەموو لێکدانەوەیەک زۆری نەماوە – دەبێ بڕوات.