کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاتەش

12:01 - 16 سەرماوەز 2724

ئاتەش

(بەبۆنەی کۆچی دوایی هونەرمەند کاک برایمی قادری)

تاهیر قاسمی

شایەر بە گشتی پیاوێکی پێچ قیتی، کەواوپاتۆڵ شەقی، پشتێند قەدی، کەوش بەرقی، سمێڵ ڕەشی، ڕدێن شەش تیخە کە دەسحێبێکی دەنک مامناوەندی نە زۆر درێژی لە دەست دایە و لە نێوەڕاستی گەڕی هەڵپەڕکێ و ڕەشبەڵەکدا ڕاوەستاوە، بەندان ڕێک‌دەخا، قامک لە بناگوێیان دەنێ و گۆرانییان دەڵێ. زۆر جار بە هەوای گۆرانییەکەی لەو سەری داوەتەوە بەرەو ئەوسەر لە هاتوچۆدایە و هەر کوڕێک تازە دۆی هاتبێتە دەستی، لێی نیزیک دەبێتەوە، بە بەندان پێیدا هەڵدەڵێ، دڵی خۆشتر دەکا و شاباشی لێ وەردەگرێ.

 سەبارەت بە وشەی شایەر بۆچوونێک پێی وایە گۆڕدراوی وشەی شاعیرە و بیروڕای زاڵیش ئەوەیە لە تێکەڵاویی دوو وشەی "شایی گێڕ" پێک‌هاتووە. شایەران بە گشتی دەوری گرینگیان لە پەرەدان بە فەرهەنگ و هونەر و زمان و بەزم و خۆشیی خەڵکدا گێڕاوە. ئەوان لە زۆر بارەوە مۆدێل و سەرچڵی کۆمەڵگەکەی خۆیان بوون؛ لە شێوەی پۆشینی جلوبەرگ، لە خوڵقاندن و بەکارهێنانی وشە و زمانی ڕەسەنی کوردی، لە پەرەدان بە ئاواز و گۆرانیی نەتەوەیی، لە باسکردن و بڵاوکردنەوەی شتە تازەکان، لە پاراستنی داب و نەریت و فەرهەنگ و لە ڕازاندنەوەی جێژن و خۆشیی خەڵک و زۆر بواری دیکەشدا بۆ خەڵک سەرتۆپ و نموونە بوون.

لە سەردەمێکدا ئامرازەکانی ڕاگەیاندن وەک ڕادیۆ و تەلەفزیۆن و ڤیدیۆ و ئەوانە پەیدا نەببوون، شایەران مێدیای بەهێز و زیندووی کۆمەڵگەی خۆیان بوون. وتەیان دەبیسترا و قسەیان برەوی هەبوو. ئەو زەمانەی کە گواستنەوە و هاتوچۆ وەک ئەمڕۆ نەبوو، ئەوان بە هۆی گەڕانی زۆر بە شار و گوند و ناوچەکانی کوردستاندا، لە خەڵکی ئاسایی زۆر زیاتریان دەزانی، شارەزایی زیاتریان لەسەر شوێن و خەڵک و زاراوە جۆراوجۆرەکان هەبوو و پردێکی گرینگی پێوەندیی نێوان شار و ناوچەکانی کوردستان بوون. هەواڵی نیزیکیان بۆ دوور و ڕووداوەکانی دووریان بۆ نیزیک دەهێناوە. بەوەش بێگومان دەورێکی گرینگیان لە هاوپێوەندیی نەتەوەییدا گێڕاوە.

لە بەند و گۆرانیدا باسی ڕووداو و دیاردە و کەسایەتییە بەناوبانگەکانیان دەکرد و بە خەڵکیان دەناساندن. ناو و ناوبانگی کەسانی ئازا و بەتوانا و ناوبەدەرەوەیان بە هەموو شوێناندا بڵاو دەکردەوە. ئەگەر ناوی کەسێکیان بە باش هێنابا و پێیاندا هەڵگوتبا، وێڕای دڵخۆشکردنی کەسەکە، دەبوو بە هۆی ناوبانگ دەرکردن و لە ڕاستیدا جۆرێک ڕێکلام و بانگەشە بۆ ئەو کەسە بوو. لەحاڵێکدا هیچ دامەزراوە و دەزگایەک لەپشت هونەر و هونەرمەندانەوە نەبوو، وەک چۆن بە داخەوە ئێستاش هەر نییە، ئەوان کە خۆیان بۆ هونەرەکەیان تەرخان کردبوو، ناچار بوون لە ڕێگای هونەرەکەشیانەوە بژین و وێڕای خزمەت بە خەڵک و بە هونەرەکەیان، نانێکیشی لێ پەیدا بکەن. بەم جۆرە دیاردەی پێداهەڵگوتن و شاباشدان و شاباش‌وەرگرتن پەیدا بوو.

موکریان لە دێرزەمانەوە ناوچەیەکی بە پیت و بەرەکەت بووە. زەویی هەراو و چەندان چۆم و ڕووباری گەورە و، کانی و ئاوی زۆر هۆکار بوون بۆ ئەوەی کشتوکاڵ لەو دەڤەرە زیاتر پەرە بستێنێ. بەتایبەت ڕەعەمەل‌هێنانی گەنم هەر لە دێرزەمانەوە لەو هەرێمەدا ڕمێنی زۆر بووە کە ئەوە هۆکارێکی گرینگی پەرەگرتنی جۆرێک شارستانییەتی مێژوویی لەو ناوچەیە بووە. تا ئاستێک کە باسی گەنمی ماننایی لە چەند هەزار ساڵ لەمەوبەرەوە تەنانەت لە تەوراتیشدا هاتووە. ئەوانە وایان کردوە کە لەو ناوچەیە دێی قەوغا و کەسی دەستڕۆیشتوو پەیدا بن و خەڵکە ئاساییەکەش وەک دەڵێن دەستیان گەیشتۆتە دەمی خۆیان. بەو جۆرە خەڵک توانیویانە لە مەجلیساندا خزمەت بە هونەرمەندان بکەن و لە شایی و زەماوەنداندا شاباش بە شایەران بدەن. هەر لەبەر ئەوەشە کە دەبینین ئەو ناوچەیە لە هونەری هەڵپەڕکێ، لە موزیکی فۆلکلۆر و لە گۆرانیی داوەت و شاییدا ناوچەیەکی یەکجار دەوڵەمەندە. هەر لە سەدەی بیستەمدا ناوی دەیان هونەرمەندی گەورە و دەنگخۆش لەو هەرێمە بەر گوێ دەکەوێ کە بە داخەوە زۆربەیان ئاسەواریان لێ نەماوە بەڵام هونەرمەندانی وەک کاک برایمی قادری چۆڕاوەی ئەو هەموو هونەرمەندە مەزنانەن. 

هونەرمەندانی شایی‌گێڕ بە گشتی پیاوان و ژنانی لەبز شیرین، قسەخۆش، بۆشناخ و بە دەستوور بوون. لەگەڵ ئەوەدا کە ڕازێنەرەوەی مەجلیس و گەڕی داوەت و هەڵپەڕکێ بوون بەڵام لە خۆشی و ناخۆشی، لە شایی و شیندا هاودەم و لەگەڵ خەڵکەکەیان بوون. لە گۆرانی و بەندەکانیاندا زۆر جار بە گژ دیاردە دزێوەکاندا دەچوونەوە. زۆر دیاردەی باو بەڵام زیانبار، یان بابەتی هەستیار ئەگەر باسکردنیان لە کۆمەڵگەدا تابۆش با، شایەران دەیانتوانی بە شێوەیەکی هونەرمەندانە لە چوارچێوەی بەند و گۆرانیی خۆیاندا تانەیان لێ بدەن یان باسیان بکەن و کەسیش یەخەیان نەگرێ و ڕەخنەیان لێ نەگرێ. ئەوان لەو ڕێگایەوە دەبوون بە دەنگی چەوساوەی خەڵک. بە دەنگی ئەوانەی دەنگیان بە گوێی کەس نەدەگەیی.

لەم نێوەدا دوو توێژ مڵۆزم و دژبەری شایەران و بە گشتی هونەرمەندانی نەتەوەیی بوون؛ یەکەم مەلای دەمارگرژی ئایینی و دووهەم خوێندەواری مەیلەو ئاسیمیلەی دەست فەرهەنگی نەتەوەی باڵادەست. یەکەمیان هەموو نرخ و بەها نەتەوەییەکان بە تەرازووی ئایین هەڵدەسەنگێنێ و دووهەمیان بە کیلە و ڕبەی داگیرکەری دەپێوێ. ئەمانە هەوڵیان دەدا شایەران و هونەرمەندان لە کۆمەڵگەکەی خۆیاندا بێ‌نرخ و سووک بکەن، تانە و توانجیان لێ بدەن و خەڵک هان بدەن تا گاڵتەیان پێ بکەن. بەڵام شایەران کە لە ناخی کۆمەڵگەی خۆیانەوە هەڵدەقوڵان، لەگەڵ خەڵکی خۆیان بوون. تەنانەت لە کاتی شۆڕش و بەرەنگاربوونەوە نەتەوەییەکاندا، ئەوان لە کۆمەڵگەکەی خۆیان دانەدەبڕان. بە سەنگ و توانای خۆیان، بە جەستە یان لە ڕێی هونەرەکەیانەوە بەشدارییان لە شۆڕشدا دەکرد. هونەرمەندانی وەک عەلی خەندان، ڕەسووڵی نادری، برایمی قادری، عەینەدین مەریوانی و زۆر هونەرمەندی دیکە بەشێک لە دوا ئاڵقەی ئەو قافڵە دەوڵەمەندە بوون کە دەزانین لە سەرەتای بەرگریی خەڵکی کوردستان بە دژی جیهادی خومەینی‌دا، هونەرەکەیان نایە خزمەت ئەو خەبات و بەرخودانە نەتەوەییەوە. لەم نێوەدا کاک برایمی قادری ڕەنگە لە هەموویان زیاتری بەر کەوتبێ. ئەو بۆخۆی لە کۆڕی خەباتدا بەشدار و پێشمەرگە بوو، قارەمانێکی شەڕی داشکستان بوو، لەشەڕدا برینی قورسی هەڵگرت، کوڕێکی شەهید بوو، کوڕێکی پێشمەرگە و یەکیشی ئەندامی تەشکیلاتی نهێنیی حیزبی دێموکرات بوو کە دوای ئاشکرابوون پەڕێوەی دەرەوەی وڵات بوو. وێڕای ئەوە کاک برایم بە هونەرەکەشی ڕازێنەرەوەی ڕەزمی خەبات و کۆڕی تێکۆشان بوو. لە نەخۆشخانەی حیزبدا ئێواران پێشمەرگە بریندار و کەم‌ئەندامەکانی لە دەوری خۆی کۆ دەکردەوە، گۆرانیی بۆ دەگوتن، شایی دەخستە نێو دڵیانەوە و لەو ڕێگایەوە ورەی پێ دەدان.

 

کاک برایم ساڵی ٢٠١٠ بۆ جاری دووهەم سەردانی دەرەوەی وڵاتی کرد و تەشریفی هاتە فەنلاندیش. من بەهۆی کوڕەکانی کاک میرۆ و کاک ئەمیر کە هاوڕێی حیزبیمانن، بەختی ئەوەم هەبوو لە نیزیکەوە بە خزمەتی بگەم و دیمانەیەکیشم بۆ کوردکاناڵ لەگەڵیدا ئامادە کرد کە هیوادارم لە ئەرشیڤدا مابێ. پیاوێکی ڕێکوپێک، بەڕێز و خۆش‌مەشرەف بوو. کە خۆم پێ ناساند و گوتم خەڵکی ئاوایی "پیروەلی باغ"م، تاوێک ڕاوەستا، هەناسەیەکی هەڵکێشا و بە حەسرەتەوە گوتی؛ "ڕەنگە شێست ساڵ لەوە پێش لەو پیروەلی‌باغەی تۆوە دەستم پێ کرد، حاجی محێدین ڕەفیقم بوو و بۆ شاییەکەی لێی گێڕابوومەوە و چووم." زۆر بە تەسەلی ئەو بیرەوەرییەی لەبیر مابوو و بۆی گێڕاینەوە. کاک برایم کە دوای ساڵانێک پێشمەرگایەتی و برینداری گەڕایەوە بۆ مەهاباد، وەک چۆن بە هەڵسوکەوت و هونەرەکەی لە پاراستنی فەرهەنگ و هونەری نەتەوەکەیدا بەردەوام بوو، بە هزر و فکریش هەروا وەفاداری حیزبەکەی و ڕێبازی خەباتی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەکەی مابۆوە. شانازی بە ڕۆژانی پێشمەرگایەتی خۆی و کوڕەکانیەوە دەکرد. دەیگوت؛ "گەورەترین ئیمتیازی ژیانم کە سەوادی خوێندن و نووسینە لە ژێر سێبەری گەورەی حیزبی دێموکراتدا دەستەبەرم کردوە و ئەوە گەورەترین شانازییە بۆ من". دەیگوت؛ "سەرەڕای ئەو هەموو ساڵە، هەمیشە دڵم لەوێیە و لەکاتی گۆرانی گوتنیشدا کە ئەو ڕۆژانەم وەبیر دێتەوە و دەڵێم "ئاتەش"، مەبەستم هەیە و دەشزانم خەڵک لە مەبەستم دەگەن."

 

"ئاتەش" وشەی باوی سەر زاری کاک برایم بوو لەو کاتەدا کە کۆڕی مۆسیقا گەرم دەبوو یان وەک وشەی هاندان بۆ گەرمکردن و ڕێکخستنی کۆڕی موزیک بەکاری دەبرد. ئەم ڕەمز وشەیە هاوکات باری ڕەزمیی بە بەزم دەدا و لە زەین و بیری بیسەردا بیرهێنەرەوەی هێرش و پەلاماری پێشمەرگە بۆ سەر هێزی داگیرکەر بوو. ئەوەش هەوڵێک بوو لەلایەن هونەرمەندەوە بۆ ئەوەی لەژێر زەبروزەنگی دەسەڵاتی داگیرکەریشدا بە هونەرەکەی خەبات و بەرخۆدان وەبیر گەلەکەی بێنێتەوە. 

 

کاک برایمی قادری سەرەنجام ئێوارەی ڕۆژی ٢٠ی نۆڤامبری ٢٠٢٤ لە شاری مەهاباد کۆچی دوایی کرد. ڕۆژی دواتر لەنێو ئاپۆرای بەرینی خەڵکی کوردستان، بە بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە هونەرمەندان و هونەردۆستان، لەحاڵێکدا کوڕان و کچانی نیشتمان بە جامانە و جلوبەرگی نەتەوەییەوە هاتبوون تا بەرەو مەنزڵگەی تاهەتایی بەڕێی بکەن، لە گۆڕستانی هونەرمەندانی شاری مەهاباد بەخاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.

 

 یاد و ناو و تێکۆشانی فەرهەنگی و سیاسیی کاک برایمی قادری بە دڵنیاییەوە بۆ هەتاهەتایە لە هزر و یادی گەلەکەیدا بە گەورەیی و نەمری دەمێنێتەوە.

***