کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یاسای حیجاب و ئەگەرەکانی

01:24 - 17 سەرماوەز 2724

یاسای حیجاب و ئەگەرەکانی

هەردی سەلیمی

تا ئێستا کاردانەوەکان بە پەسەندکردنی یاسای ناسراو بە حیجابی زۆرەملێ زۆر بوون، لە نووسینی وتاری جۆراوجۆرەوە هەتا نامەی چالاکانی مەدەنیی نێوخۆی ئێران و نامەی سەرئاوەڵا بۆ سەرۆک‌کۆماری کۆماری ئیسلامیی ئێران. لێرەدا نامانەوێ ئەم ڕەخنە و کاردانەوانە شرۆڤە بکەین، بەڵکوو جەختێکی زیاتر دەخەینە سەر چەند لایەنێکی یاساکە و ئەگەری سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی لەدژی ئەم یاسایە.

عەلی خامنەیی وەک ڕێبەری کۆماری ئیسلامی لەم دوایییانەدا وتی: "لابردنی حیجاب حەرامی سیاسی و شەرعییە" واتە هەم لە ڕووی شەرعەوە ڕێگەپێ‌نەدراوە هەمیش لە ڕووی سیاسەت و یاساوە، ئەمە قسەی کۆتایی بوو بۆ بەرپرسان و لایەنگرانی کۆماری ئیسلامی. ڕاستە تا ئێستاش دەوڵەت بە قسەش بووبێ دەڵێ نەچووینەتە ژێر باری جێ‌بەجێ‌کردنی ئەم یاسایە و ناشمانەوێ جێ‌بەجێی کەین، لە لایەکی تریشەوە چەند ئیمام جومعەیەک هێرشیان کردە سەر پزشکیان لە کاتی وتاری ڕۆژی هەینییان‌دا، بەڵام پێش لە هەر شتێک نابێ پەسندکردنی ئەم یاسایە لە شەڕێکی جناحی‌دا بچووک بکەینەوە، چون هەموو باڵەکانی ڕێژیم باوەڕی قووڵیان بە پاراستنی ئەو حیجابە هەیە، بەڵام ڕەنگە لە میکانیزمی سەپاندنەکەی‌دا بەتەواوی هاوڕا نەبن؛ بۆیە لێرەدا و تا هەڵوێستی ڕوونی دەوڵەت، ئێمە لەسەر ئەم قانوونە وەک بەڵگە و نەخشەڕێیەک بۆ دژایەتیی حیجابی ئیختیاری قسە دەکەین.

هەندێک پێیان‌وابوو ئەم قانوونە نائەقڵانییە و تێچووی زۆری بۆ کۆماری ئیسلامی دەبێ، بەڵام دەبێ بڵێین گەڵاڵەکردنی ئەم یاسایە ماوەیەکی زۆری خایاند و بیرێکی زۆری لێ کراوەتەوە، کەواتە ناتوانین بەئاسانی بڵێین بێ‌لێک‌دانەوە بووە؛ دەکرێ بڵێین ئەم شەڕەی کۆماری ئیسلامی لە پێوەندی لەگەڵ حیجاب‌دا بۆ خۆی ناوەتەوە لە بنەڕەتەوە کارێکی نائەقڵانییە، بەڵام خودی ئەم یاسایە بۆ ڕێژیمێک کەوا پاراستنی حیجابی زۆرەملێی کردووەتە هێڵی سووری خۆی، دەتوانین بڵێین تەنانەت دژکردەوەیەکی سروشتی و ئەقڵانییشە.

ئەم دژکردەوەی کۆماری ئیسلامی ڕاستەوخۆ دژکردەوەیەکە بە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، کە لەوێ‌دا گشتییەتی ڕێژیم و بەتایبەتییش یەکێک لە سەرەکیترین ئێلێمانەکانی کۆماری ئیسلامی واتە حیجابی زۆرەملێ چووە ژێر پرسیار و ڕەد کراوە. وردەکاریی زۆری ئەم یاسایە نیشان لەوەیە کارێکی زۆری لەسەر کراوە و خوێندنەوەیەکی قووڵ کراوە بۆ ناڕەزایەتییەکانی خەڵک بەتایبەت ناڕەزایەتیی ساڵی ١٤٠١. ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی سزای داناوە بۆ شۆفیرتاکسی، دووکاندار، ڕۆژنامەنووس، سێلێبریتی، چالاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و... بۆمان دەردەخات خاڵ بە خاڵ و مەکۆ بە مەکۆی ناڕەزایەتییەکانی ناسیوە؛ بەڵام هەر ئەمەش دەریدەخات کە چەندە ئەگەرەکانی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی و نافەرمانانی مەدەنی بەربڵاوە و هەموو چین و توێژ و سێنفێکی گرتووەتەوە. کۆماری ئیسلامی لەم ڕێگەوە دەیهەوێ هەموو ڕۆچن و کەلێنەکانی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەک کەوا لە ڕێگەی لابردنی حیجابەوە بکرێ، بئاخنێ؛ جا بەدوای ئەوەش‌دا ویست و ئامانجەکانی تریشی لە هەنگاوەکانی دواتری‌دا جێ‌بەجێ بکات.

کەواتە تا ئێستا بۆمان ڕوون بووەوە کۆماری ئیسلامی نایهەوێ ئەم هێڵە سوورەی ببەزێ و هەموو ڕێکارێکیشی بۆ گرتووەتە بەر و جلی یاساشی بەسەردا کردووە، کە نیشاندەری ئەوەیە خۆی بۆ شەڕێکی تەواوعەیار لەگەڵ خەڵک ئامادە کردووە، لە قسەی کاربەدەستانی ڕێژیمیش‌دا دەردەکەوێ خۆیان بۆ کاردانەوە و تێچووەکانی ئەم بڕیارەیان ئامادە کردووە و بە هەڵسەنگاندنی خۆیان پێیان‌وایە دەتوانن بەسەر ناڕەزایەتییە ئیحتمالییەکان‌دا زاڵ بن، بەڵام ئەم خوێندنەوە قووڵەی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ڕاستییەکانی کۆمەڵگەی ئێران‌دا ناتەبایە. ئێمە دەزانین ئەو شێوازە ژیانەی کۆماری ئیسلامی لە دەنگ‌وڕەنگی خۆی‌دا لە بنەماڵەکانی نێو ئێران بڵاوی دەکاتەوە و هەمووان بۆ ڕەچاوکردنی ئەو شێوازە لە ژیان بانگهێشت دەکات، لەگەڵ ڕاستییەکان نالێکن، هەر لەم دوایییانەدا بڵاوبوونەوەی دوو فیلمی "دانەی انجیر معابد" و "کیک محبوب من" پێ لەسەر ئەو ڕاستییە دادەگرنەوە ژیانی خەڵک لەگەڵ نۆرمەکانی کۆماری ئیسلامی‌دا نایەتەوە و وەک یەک نین؛ بە واتایەکی تر دەستوورەکان شتێکن و ڕاستییەکانی ژیانی خەڵکیش شتێکی تر. ئەم پارادۆکسەی کۆمەڵگەی ئێران بەتایبەت کە ئێستا وەچەی نوێ وشیاریی هەیە، خۆڕاگریی خەڵکی لە بەرامبەر ئەو یاسایەدا لێ‌دەکەوێتەوە.

یەکێک لە دیارترین تایبەتمەندییەکانی ئەم یاسایە ئەوەیە کە سزاتەوەرە، ئەمە بەو واتایە بۆیان دەرکەوتووە خەڵک بە ویستی خۆیان گوێڕایەڵیان نابن کەواتە سزایان بەسەردا دەسەپێنن، کۆماری ئیسلامی لەم بەشەش‌دا کۆمەڵێک دان‌پێ‌دانانی هەیە کە بریتین لەوەی خۆی لە بەرامبەر خزمەتگوزاری بە خەڵک بە بەرپرسیار نازانێ، یان وڵاتی ئێران وەک زیندانێک دەبینێ و خۆی وەک دەرکەوانی ئەو زیندانە، چون یەکێک لە سزاکانی ئەوەیە پاسپۆرت نادا بەو کەسانەی لەم یاسایە پێڕەوی نەکەن! یا لە خزمەتە گشتییەکانی دیکەش بێ‌بەشیان دەکات، واتە هەم خۆی بە بەرپرسیار نازانێ و هەمیش دەیهەوێ بڵێ ئەوەی پێتان دەدرێ لوتفێکە و گەر لەگەڵم نەبن ئەو لوتفەتان لەگەڵ ناکەم!

ئەوەی کە خەڵکیشی لە بەرامبەر خەڵک داناوە، نیشان لەوەیە بەتەواوی ئاگاداری تێچووی ئەم یاسا و هەروەها بەدوای ئەویش‌دا کاردانەوەی خەڵکە، بەڵام ئەمە ڕیسکێکە و کۆماری ئیسلامی کردوویەتی، چون ئەم بڕیارانە دژکردەوەی لەدوا دەبێ، هەرچەند خۆی بە براوەی ئەو شەڕە دەزانێ بەڵام نیشانەکان وا ناڵێن. کۆماری ئیسلامی لە ئێستادا لاوازە و لەژێر زۆرترین گوشاری دەرەکی و نێوخۆیی‌دایە، خۆڕاگری و بزووتنەوە مەدەنییەکان ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتر پەرە دەستێنن، قەیرانەکانی تریش کەڵەکە بوون و هەرکام لەو قەیرانە ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسییانە بزوێنەرێکن بۆ ناڕەزایەتیی تر و ئەزموونی ناڕەزایەتییەکانی پێشووش توێشوویەکن بۆ ئەم ڕێیە، وەچە گۆڕاوە و ڕۆحی سەردەم لەگەڵ ویستەکانی کۆماری ئیسلامی‌دا نایەتەوە و پێش بە شاڵاوی ناڕەزایەتیی ئەم‌جارە ناگیرێ، چون خەڵک بەئەزموونتر بوون و هەم دەزانن چییان ناوێ و هەمیش دەزانن چییان دەوێ.