کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی دۆڕاو و مایەپووچ

22:51 - 17 سەرماوەز 2724

ڕێژیمی دۆڕاو و مایەپووچ 

عەلی بداغی

چەند ڕۆژ پێش ڕووخانی ڕێژیمی بەشار ئەسەد کە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەیان میلیارد دۆلاری بۆ ڕاگرتنی دەسەڵاتەکەی خەرج کرد و زیاتر لە ٦ هەزار کەس لە هێزە چەکدارەکانی بۆ فیدا کرد، نەعیم قاسم، سکرتێری نوێی حیزبوڵڵای لوبنان ئێوارەی پێنجشەممە، ١٥ی سەرماوەز ڕایگەیاندبوو کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بڕی ١٢ هەتا ١٤ هەزار دۆلار (بە تمەن لەنێوان ٨٦٠ میلیۆن هەتا ١ میلیارد تمەن)ی وەک یارمەتی و قەرەبوو بۆ هەر بنەماڵەیەکی لوبنانیی زیان‌وێکەوتووی شەڕ تەرخان کردوە. ناوبراو لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا ئاماژە بەوە کردبوو کە زیاتر لە میلیۆنێک و ١٠٠ هەزار کەس لە خەڵکی لوبنان ئاوارە بوون و ئێستا بەو یارمەتییانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، واتە بە یارمەتیی ئەو ٢٠ میلیارد دۆلارەی کۆماری ئیسلامی بۆیانی دابین کردوە! بەوەش کە ڕۆژنامە و کاناڵەکانی ڕاگەیاندنی کۆماری ئیسلامی بە بەربڵاوی قسەکانی نەعیم قاسم‌یان بڵاو کردەوە و هیچ بەرپرسێکی ڕێژیم لەدژی ئەو قسانە هەڵوێستی نەگرت، ئیدی لەلای خەڵکی ئێران تەواو ڕوونە ئەوەی بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران گرینگە نەک خەڵکی هەژار و برسی و بوومەلەرزەلێدراوی وڵات؛ بەڵکوو دابینکردنی تێچووی چەک و تەقەمەنیی میلیشیاکانی بۆ شەڕ لە ناوچە، ژیاندنی چەند میلیۆن شوێنکەوتووی لە سووریە، لوبنان، فەلەستین و عێڕاق و، هەروەها نۆژەنکردنەوەی ناوچە کاولکراوەکان ئەویش بە پووڵ و سامانی خەڵکی ئێرانە!

بەڵگەی ئاشکرا و داننانی ڕاستەوخۆی حەسەن نەسڕوڵڵا، سکرتێری پێشوو، و کوژراوی حیزبوڵڵای لوبنان باس لەوە دەکەن کە دوای شەڕی ٣٣ ڕۆژەی لوبنان و ئیسڕائیل لە ساڵی ١٣٨٥، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی ٤٠٠ ڕۆژدا و بە پێدانی ٤٠٠ میلیۆن دۆلار بەشی زۆری ناوچە کاولکراوەکانی ئاوەدان کردەوە. تازە ئەو ٤٠٠ میلیۆن دۆلارە جیا لە یارمەتییە تایبەتییەکان و تێچووی چەک و تەقەمەنی و تەیارکردنەوەی سەربازیی حیزبوڵڵا بوو کە لەو کاتەوە هەتا ٧ی ئۆکتۆبری ساڵی ڕابردوو چەندین میلیارد دۆلاری دیکەشی هاتە سەر و لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا هەمووی بوونەوە هیچ و پاکی تێداچوون.

لە سووریەش کە بە سەرەکیترین پێگەی ستراتیژیی ڕێژیم دادەنرا و ئێستا ڕووخاوە و کەوتووەتە بە دەستی ئۆپۆزیسیۆنی ئەم وڵاتە، هەر بە داننانی بەرپرسانی ڕێژیم لە ماوەی ١٤ ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ٣٠ میلیارد دۆلار لە سامانی خەڵکی ئێران بۆ ڕاگرتنی بەشار ئەسەد خەرج کرا! حسێبی پووڵ و یارمەتییەکانی ڕێژیم بە حوسییەکانی یەمەن و حەماسی فەلەستین و میلیشیانی دیکەی لە وڵاتانی دیکەش لە جێی خۆی و، بە دوای ئەواندا تەرخانکردنی میلیارد میلیارد دۆلار بۆ پیشەسازیی مووشەکی و کڕینی قەڵغانی بەرگریی لە ڕووسیا کە بە دوو هێرشی ئاسمانیی ئیسڕائیل تەنیا ئاگر و دووکەڵیان لێ بەجێ ما!

کۆماری ئیسلامی لە کاتێکدا ئێستا لەسەر حسێبی پووڵ و سامانی خەڵکی ئێران بۆ هەر بنەماڵەیەکی شیعەی لوبنانی بڕی ٣٠٠ هەتا ٤٠٠ دۆلار مانگانە (بە تمەن ٢٢ میلیۆن هەتا ٢٩ میلیۆن تمەن) بڕیوەتەوە و جیا لەوە یەکجێ پارەیەک بە بڕی ١٠ ساڵ داهاتی کرێکارێکی ئێرانیی بە هەر لوبنانییەکی لایەنگری حیزبوڵڵا داوە کە خەڵکی ئەم وڵاتە بۆ خۆیان نوقمی هەژاری و داماوین. خەڵک بۆ نانی شەوێیان داماون، پووڵی دابینکردنی دەواودەرمانی نەخۆشییەکانیان نییە، گۆشت و میوە لە سفرە و خواردنی بەشی زۆری هەژارەکانی کۆمەڵگە باری کردوە، دەیان هەزار منداڵ بەهۆی هەژاری لە خوێندن دابڕاون، بە هەزاران قوتابخانە و نەخۆشخانە لە کەلک کەوتوون، ڕێگاوبانە تەسک و پڕقوڵکەکان ڕۆژ نییە کارەساتی مرۆیی نەخوڵقێنن، سەرباقی هەموو ئەوانە لە ئاوسانی ئابووریی سەتا ٥٠دا بڕیار دراوە بەنزین‌ لەسەر خەڵکی ئێران گران و بەوپێیە هەموو تێچووەکانی ژیانیان لەسەر گرانتر بکرێ؛ بۆ ئەوەی ڕێژیم لە قووت و دەستبردنە نێو گیرفانی خەڵکەوە پارەی زیاتری بۆ گیرفانی خۆی و میلیشیا و پڕۆژەکانی شەڕ و قەیرانخوڵێنی لە ناوچەدا دەست کەوێ!

لە تەنیشت تەخشان‌پەخشان‌کردنی سەروەت و سامانی خەڵکی ئێران بۆ مەرامە ئایدۆلۆژییەکان و لە تەنیشت کەڵەکەکردنی گرانی و هەژاری و قەیرانە ئابوورییەکان لە سەر یەکتری بۆ گیانی خەڵکی ئێران؛ ڕێژیمی بێ‌کیفایەت و گەندەڵ بەڵام سەرکوتگەری کۆماری ئیسلامی بەڵام لە گوشار و سەرکوتی بزووتنەوە ئێعترازییەکان و ئێعدامی چالاکانی سیاسی بەردەوامە. بۆ نموونە دەزگای بەناو دادی ڕیژیم لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردووی دوای بزووتنەوەی ژینادا لانیکەم ٥٧ دژبەر و زیندانیی سیاسیی ئێعدام کردوە. شکی و گومانیش لەوەدا نییە کە کە تاکە ئامانجی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەپاندنی حوکمی ئێعدام و کوشتنی حکوومەتیی چالاکانی سیاسی، زاڵکردنی کەشی سەرکوت و تۆقاندنە لە کۆمەڵگەدا بۆ ئەوەی دۆمێنۆی ڕووخانەکان درەنگتر بیگرێتەوە' بەتایبەت لە دوو ساڵی ڕابردوودا کە بەردەوامیی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان و هەروەها بایکۆتی یەک لە دوای یەکی هەڵبژاردنە جۆراوجۆرەکانی کۆماری ئیسلامی هیچ شەرعییەتێکی بۆ ڕێژیم نەهیشتووەتەوە.

کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کاتێکدا میلیشیا و گرووپە نیابەتییەکانی لە شەڕ لەگەڵ ئیسڕائیلدا زەبری گورچوبڕیان وێ کەوتوە و لە کاتێکدا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پتر لە هاوکێشە نێودەوڵەتییەکاندا تەریکتر دەکەوێتەوە، هەروەها لە کاتێکدا لە سۆنگەی بەردەوامیی سیاسەتی شەڕەنگێزیی خۆیدا گوشارەکانی ئورووپا و ئەمریکا بۆ سزادان لەسەر خۆی زیاتر و قوورستر دەکات، هەموو هەوڵ و پەلەقاژەی بۆ ئەوەیە بە کوشتوبڕ و جینایەتەکانیان لە نێوخۆی وڵات بەم و ئەو بڵێن هێشتا هیز و گوڕی پێویستیان بۆ مانەوە لە دەسەڵاتدا هەیە. بەڵام لە بەرانبەردا کۆمەڵانی خەڵکی ئێرانش لێ‌بڕاون کە لەوە زیاتر دەرەتان و دەرفەت بە دەسەڵاتە جەهەننەمیەکەی کۆماری ئیسلامی نەدەن و بۆ ئەوەش خەبات و خۆڕاگریی خۆیان پەرە پێ‌دەدەن.

دیکتاتۆرەکان وەک یەک دەژین و دەمرن. ئەگەر دۆینێ کۆتەڵی سەدام کەوتە بەرپێی خەڵک و ئەمڕۆ پەیکەرەی شکاو و داگیراوی ئەسەد لە شەقامەکانی سووریە شەق‌شەقێنی پێ دەکرێ؛ چارەنووسی خامنەیی و دەسەڵاتدارانی دیکەی ڕێژیمی دۆڕاو و مایەپووچ لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵاتیش لەوە بەدەر نابێت و ئەو ڕۆژەش هیندە دوور نییە.