کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە دیکتاتورییەوە بۆ دێموکراسی یا هەر دیکتاتوری!؟

17:48 - 19 بەفرانبار 2724

لە دیکتاتورییەوە بۆ دێموکراسی یا هەر دیکتاتوری!؟

 

ئەلبورز ڕوویین‌تەن

ساموئل هانتینگتون لە وتارەکەی لە سەر دێموکراسی وەک شەپۆلی سێیەم کە باس لە بونیاتنانی دێموکراسی لە وڵاتگەلی جیاواز و هەروەها فاکتەرگەلی کاریگەر لەو بوارەدا دەکات، لەسەر ئیسلام و دێموکراسی بەو ئاکامە دەگات کە کولتووری ئیسلامی و بەهاکانی دێموکراسی یەک‌ناگرنەوە و پێکەوەسازانی ئەم دووە ئاڵۆز و ناڕون دەبیندرێ. سی پێنج ساڵ لەو ئاکامەی ساموئل هانتینگیون دەگوزرێ، بەڵام بە دیتنی دۆخی سووریەی دوای بەشار ئەسەد زۆر نامۆ نیە بۆ ئێمە. چونکە کۆمەڵێک فەندەمێنتالیستی ئیسلامیی زۆر توندڕەو کە ئێستا دەڵێن ئێمە میانەڕەوین، بەڵام ڕوانگەکانیان بە نیسبەت هەموو بابەتەکان ناڕوونن و خۆیان لە وەڵامی پرسیارەکان دەدزنەوە هەموو بابەتێک بە داهاتوو دەسپێرن. لێرەدا نابێ ئەوە لە بیر بکەین کاتێک پرسی کورد دێتەوە ئاراوە دەسەڵاتی سێکولار یا ئوتوکراتیک، دەسەڵاتی لائیک یا ئایینی، سۆسیالیست یا لیبڕال، پاشایەتی یا کۆماری جیاوازییەکی ئەوتوی نیە، چونکە هەر هەموویان سەرەتا سەرکوتی سیستماتیکی کورد دەکەنە ئەولەویەتی خۆیان و حکوومەتی خۆی بەردەوام دەکات.

تازەترین دیکتاتوری کە لە ناوچەدا ڕووخا، دیکتاتۆریی ڕێژیمی بەعسی بنەماڵەی ئەسەد لە سووریە بوو، ئەو ڕێژیمەی کە تەنیا لە ڕێگەی سەرکوت و جنایەتەوە لە سەر حوکم مابۆوە. بە ڕووخانی ئەو ڕێژیمە هیوای گەیشتن بە دێموکراسی ئەگەڕ زۆر بە کەمیش بێ، بەڵام لای گەلانی سوریە دروست بووە، کەچی دەبینین هەتا ئێستا نەک ئاسۆیەکی ڕوون نابیندرێ، بەڵکوو هەنگاو بەرەو دیکتاتورییەکی دیکە لە لێدوان و کردەوەی حاکمانی نوێدا بەدی دەکرێ. پرسەکە ئەوەیە بۆچی دەرس لە دیکتاتوریی حاکمان وەرناگیرێ و جارێکی دیکە بەرەو دیکتاتوری هەڵدەگیرێ، تەنانەت ئەگەر لە هەندێک بواردا دێموکراسییش بەدی کرا، بەڵام بەرانبەر پرسی کورد هەمان مێنتالیتە هەر هەیە و هێڵی سووری خۆیان لە سەر بنەمای دژایەتیی مافی گەلی کورد دادەنرێت.

لە دوایین لێدوانی ئەحمەد شەرع کە باسی پرسی کورد دەکرێ، دەڵێ تەواوەتی و یەکیەتیی خاکی سووریە بۆ ئێمە هێی سوورە و هەر بۆیە نەک جیابوونەوە، بەڵکوو فیدڕاڵیش نابێ لە سووریە هەبێ. هەروەها بە گشتی هەندێک لێدوانی گشتی کە ئێمە هەموو سوورین و وەک گەلی سووریە جیاوازییەکمان نیە و لەو بابەتانە؛ واتە هەر هەمان لێدوان و گوتاری حاکمانی تاران و ئانکارا دووپات دەکرێتەوە. ئەحمەد شەرعی ئێستا و محەممەد جولانیی دوێنێ تەنانەت باس لە ئاسایشی نەتەوەیی تورکیە دەکات کە ئەمیش بۆ ئەوان گرینگە و بەو شێوەیە هەنگاو بەرەو دیکتاتورییەکی دیکە هەڵدەگیرێ، جا چەندیان پێ دەکرێ ئەوە بابەتێکی دیکەیە.

ئەحمەد شەرع کە بە تێرۆریست دادەنرا و پاداشی ۱۰ میلیۆن دۆلاری بۆ گرتنی و هەبوونی زانیاری لە بارەی ئەوە داندرابوو، لە ڕۆژانی یەکەمدا لێدواەنکانی زۆر گشتی بوون و هەوڵی دەدا لەسەر ئەو بابەتانە بدوێ کە بۆ ڕۆژئاوا گرینگن بوون، ئەویش ئەوە کە خەڵک حکوومەت دەکات. ئەوان ئێرانیان دەرکردوە و ئیتر شوێنی لە سووریە نیە، باس لە ئاوەدانی و دابینکردنی پێداویستە سەرەتاییەکان بۆ خەڵکی وەک ئەولەوییەتی خۆی و حکوومەتەکەی دانا. دوایە لە بیستەهەمین ڕۆژی ڕووخانی ڕێژیمی ئەسەد لە لێدوانی بۆ کەناڵی "ئەلعەربیە"دا باسی لەوە کرد  کە لەوانەیە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن چەند ساڵ بخایەنێت، ئەوەش ئەو ڕاستییە نیشان دەدات کە ستراتیژیی ئەوان جێگیرکردنی دەسەڵاتی خۆیانە  و دواتر چی دەبێ هیچ ڕوون نیە. بەڵام دیسان لەسەر ئەوە پێی داگرتەوە کە چەک تەنیا دەبێ لە دەست حکوومەتدا بێت، بۆ ئەوەی کورد چەک بکرێت.

ڕووخانی ڕێژیمی بەشار ئەسەد و هاتنەسەرکاری دەسەڵاتی نوێ هەڵگری ئەو وانەیەیە کە بە ڕووخانی دیکتاتورییەک هاتنی دێموکراسی مسۆگەر نیە، تەنانەت ئەگەر دێموکراسییەکی کرچ‌وکاڵیش دروست بوو، دیسان کە باس لە پرسی کورد دەکرێ هەر هەمان مێنتالیتەی فاشیستی کە هەبوونی خۆیان لە نەبوونی گەلی کورد دەبینێتەوە دوپات دەبێتەوە.

دێموکراسی بەبێ بە فەرمی‌ناسینی مافی نەتەوەکان و یەک لەوان نەتەوەی کورد، نەک دێموکراسی نیە، بەڵکوو دیکتاتورییەکی دیکە بە ڕەنگێکی دیکەیە و تەنیا بە گۆڕینی ڕێژیمەکان گۆڕانکاری ئەوتو دروست نابێ و ئەمە لە بازنەی گۆڕینی دیکتاتورێک بە دیکتاتورێکی دیکە زیاتر نیە.