دەوڵەتی ناکارامەی ئێران دەرفەتی نوێ بۆ گۆڕینی ڕێژیم دەستەبەر دەکات
ئورشەلیم پۆست – دان دایکەر
و لە ئینگلیزییەوە: کەماڵ حەسەنپوور
کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەرەتای دامەزرانیەوە لە ساڵی ١٩٧٩، لە هەموو کاتێک زۆرتر لە هەلومەرجێکی ناسکدایە. ئێستا کاتی هاتوە ئێرانییەکان ڕێژیم بڕووخێنن و ڕێگا بۆ دەوڵەتێکی ئازاد، دێموکڕاتیک و یەکگرتوو خۆش بکەن.
لە کۆتاییەکانی حەفتاکانی زایینی، ئوری لوبرانی دوایین باڵوێزی ئیسڕائیل لە دەرباری ئێران و پرۆفیسۆری ئەفسانەیی مێژووناس، بەرنارد لویس، پێشبینیی ڕووخانی دەسەڵاتی شای ئێران، محەممەدڕەزا پەهلەوییان کرد. پرۆفیسۆر لویس لەبیری ماوە کە شای ئێران، لە دۆخێکی ورووژاودا، بە ئاماژەکردن بەوە کە مێدیای ڕۆژئاوا لەژێر کاریگەریی جوولەکاندایە، داوای لە لویس کرد "بە خەڵکی خۆت بڵێ دەست لە نووسینی شتی نەرێنی لەسەر من هەڵگرن."
لویس، بە چاویلکەی مێژووناسییەوە، داوا دژە جوولەکەکەی وەک نیشانەی بێهیوایی لێکدایەوە و پێشبینیی کرد ئەوە دەستپێکی ڕووخانی دەسەڵاتەکەی و سەرهەڵدانی ڕێژیمی ئیسلامی بێ. پێشبینیی لویس دروست بوو، هەم ئەوکاتی و هەروەها هی ئێستاش. چل و پێنج ساڵ دواتر، بێهیوایی ڕێژیمی ئیسلامی بۆ مانەوە بووەتە هۆی هێنانەگۆڕێی دیسکۆرسێکی بێوێنەی دژی جوولەکە کە جوولەکەکانی نێوخۆی ئێران بە ئامانج دەگرێ. پێشتر، ڕێژیم هێندێک لێدوانی دژە جوولەکەی بە دژی زایۆنیزم و زایۆنیستەکان بڵاو دەکردنەوە و خۆی لە هێرشکردنە سەر کۆمەڵگەی جوولەکەی ئێرانی دەبوارد. بەڵام، لەبەر پەرەئەستاندنی بێهیواییەکەی، بەتایبەتی دوای ڕووخانی بەرهەمە نایابە هەرێمییەکەی، واتە حیزبوڵڵا لە نۆڤەمبەری ٢٠٢٤، ڕێچکەیەکی فەرمیی نەفرەت لە جوولەکانی گرتووەتە بەر.
ئەمڕۆ، ڕێژیم بە شێوەی سیستماتیک سووکایەتیی دژە جوولەکە بڵاو دەکاتەوە. لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا، پێشنوێژەکانی نوێژی هەینی لە چەند شاری ئێران لە ڕێوڕەسمەکانی ڕۆژی هەینیدا حاشایان لە ڕەوایی بوونی "دەوڵەتی جوولەکان" کردوە. لێدوانە پڕ نەفرەتەکانی نوێژی هەینی بوونە بەرنامەی ئاسایی کاناڵەکانی تەلەفزیۆن. ڕێبەرانی ئایینی، کاربەدەستانی سەربازیی، ڕووناکبیران، هونەرمەندان و کەسایەتییە ناسراوەکان لە هێڵی "دژە زایۆنی" تێپەڕیون و بەئاشکرا بێڕێزی دژی جوولەکان بڵاو دەکەنەوە. ڕێژیم خەریکی دروستکردنی ئەو ڕوانگەیە کە گوایە هەموو خەڵکی ئێران لایەنگری ئەجێندای دژی جوولەکەی ئەوانن.
نموونەکان زۆرن، محەممەد خەزعەلی، کوڕی ئایەتوڵڵایەکی بەناوبانگ، لە گفتوگۆیەکی ئەو دواییانەدا جوولەکەکانی بەوە تۆمەتبار کرد کە دوژمنی ڕێژیمن. لە نموونەیەکی دیکەدا، پێشنوێژێکی شاری قەزوین، کە نوێنەری خامنەییە، لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیی دەوڵەتیدا لە پڕ بینەرترین کاتی شەو، بێڕێزییەکی زۆری بە جوولەکان کرد. ئەو بە ئاماژەکردن بە قورئان، هەوڵی دا بیسەلمێنێ کە جوولەکە حەز لە پارە دەکەن، چاوچنۆکن و دەبێ لە حاکمە موسڵمانەکانیان بترسن.
لە نموونەیەکی دیکەدا، ئەندامێکی پلەبەرزی سوپای پاسداران، سەردار محەممەد جەعفەر ئەسەدی لە بەرنامەی هەواڵەکانی تەلەفزیۆنی ڕێژیمدا گوتی "جوولەکە لەعنەتییەکان" لە ٧ی ئۆکتۆبەر بەولاوە کاری هەڵەیان بەرانبەر بە سەرجەم خۆرهەڵاتی نێوەڕاست کردوە. کاتێک ئەو کەسەی وتووێژی لەگەڵ دەکرد پرسیاری لێ کرد، "مەبەستت زایۆنیستەکان نییە؟" ئەو وڵامی دایەوە و گوتی "نا، هیچ جیاوازییەک لەنێوانیاندا نییە، ئەوان خراپترین کاریان لەگەڵ پێغەمبەری خۆیان کردوە، ئەوە شتێکی زانراوە (وەک سەرچاوە ئاماژەی بە قورئان کرد)."
نووسەری ئێرانی محەممەد تاریزاهێدیش بە هەمان شێوە لە کاتێکی پڕ بینەر لە سەر تەلەفزیۆن گوتی جەژنی پوریمی جوولەکان "دژی ئێرانییەکان و ڕەگەزی ئاریاییە" و بۆ "دروستکردنی مێژووی جوولەکە و قوربانیبوونیان" هەڵبەستراوە.
ڕەنگبێ ئەوەی بەردەوام، لە لایەن وتاربێژانەوە، کە بە شێوەی نەریتی بەر لە وتاردان دەگوترێتەوە، ئاماژە کردن بە جوولەکان وەک "کافر" بێ و دەڵێن ئەوان دەبێ "چاوەڕوانی نەهامەتی لەلایەن لایەنگرانی عەلی" بن. ئەوە پێش وتارە گرینگەکانی ڕێبەری گەورە عەلی خامنەیی دووپات دەکرێتەوە.
هەرەسهێنانی ئێران
وەکوو لە ١٩٧٩ ڕووی دا، جارێکی دیکە دژە جوولەکەبوونی ڕێژیم وێدەچێ پێشبینیکرانی لێکهەڵوەشانی بێ. ئابووریی ئێران خەریکی تێکڕمانە. دراوی ئێران بووەتە یەکێک لە لاوازترین دراوەکانی جیهان. هەژاری و برسییەتی بەربڵاوە و ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی خواردەمەنی و دەرمان داخراون. کەمبوونی سووتەمەنیی بەربڵاو و کووژانەوەی کارەبا، بە داخرانی ١٧ شوێنی بەرهەمهێنانی کارەبا، وڵاتەکە ئازار دەدەن. کارەبای بنکەی سەرۆککۆمار نیوە کووژاوەیە. ناوەندە بازرگانییەکان، قوتابخانەکان، زانکۆکان، فەرمانگەکانی پۆلیس و دامودەزگا حکوومەتییەکان داخراون.
هەرەسهێنانی ئێران تا ڕادەیەکی زۆر ئاکامی تێچووە چەند میلیارد دۆلارییەکەی بۆ بەکرێگیراوانی وەکوو حەماس، حیزبوڵڵا و حوسییەکانە کە ئێستا تا ڕادیەکی زۆر بێکەلک کراون. مۆرەی ئێران لە سووریە، واتە ڕێژیمی ئەسەد ڕووخاوە. تێکشکاندنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئێران و بنکە هەستیارەکانی دیکە لە لایەن ئیسڕائیلەوە، ڕێژیمی ناسکتر لە پێشوو و بێهیواتر کردوە.
لە نێوخۆ، ناڕەزایەتیی جەماوەری ئاستی بڕوابەخۆیی ڕێژیمی دابەزاندوە. سەرکوتی دڕندانەی ڕێژیم دژی جووڵانەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" دوای کوشتنی مەهسا ئەمینی لە سێپتەمبەری ٢٠٢٢، بووە هۆی زیاد کردنی سەرکوت، دەستبەسەر کردن، ئەشکەنجە و لە سێدارەدانی بەرهەڵستکاران، کە ئەوەش نیشانەی ترسی ڕێژیم لە لەکیسدانی کۆنتڕۆڵەکەیەتی.
خامنەیی دانی بەوەدا ناوە
ئەو کەلکی لە سۆسیالمێدیا وەرگرت تا شکست و ناسکیی ڕێژیمەکەی بشارێتەوە و گوتی "دەڵێن کۆماری ئیسلامی بەکرێگیراوەکانی لە ناوچەدا لەکیس داوە. کۆماری ئیسلامی هێزی بەکرێگیراوی نین. یەمەن لەبەر ئایینی خۆی دەجەنگێ. حیزبوڵڵا، حەماس و جیهادی ئیسلامی بۆیە شەڕ دەکەن چونکە بڕوای ئایینی ئەوان پێیان دەڵێ وا بکەن." خامنەیی، بە هەمان شێوە لەبارەی دۆڕانەکەی لە سووریە لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئیکسدا لێدوانی داوە، "لاوانی سووریە هیچ شتێکیان بۆ لەکیسدان نیە. زانکۆکانیان، قوتابخانەکانیان، ماڵەکانیان و ژیانیان ئەمین نین. ئەوان دەتوانن چی بکەن؟ ئەوان دەبێ بڕوا بەخۆ دژی ئەو لایەنانە بوەستنەوە کە ئەو نائەمنییەیان هێناوەتە ئاراوە و ئیشاڵڵا ئەوان بەسەریاندا سەر دەکەون." لە نێوخۆ، مەلاکان درێژە بە کایە بە قووڵترین ترسەکانی جەماوەر دەکەن. ئەوان وڵاتە یەکگرتووەکان و ئیسڕائیل بەوە تاوانبار دەکەن کە پیلانی دابەشکردنی ئێران بەسەر حکوومەتی ئەتنیکی جۆراجۆردا دادەڕێژن. ڕێژیم هەڕەشەی لە خەڵک کردووە و پێشبینی کردوە کە سەر ڕوتکردن لە ئێران خەڵک تووشی چارەنووسی لیبی دوای موعەممەر قەزافی و هەروەها خەڵکی عێراق دوای ڕووخانی سەددام حوسێن دەکات.
دەستێوەردانەکان و دژە جوولەکە بوونی ڕێژیم نیشانەی دوایین هەوڵی ڕێژیم بۆ ورووژاندنی جەماوەری ئێرانی دژی کۆمەڵگەی ناسکی جوولەکەی ئێرانە. ئێرانی ئەمڕۆ، ڕووت، ناسک و بێهیواتر لە هەموو کاتێک دوای بە دەستەوەگرتنی دەسەڵات لە ١٩٧٩یە. دنیای عەڕەب، ئیسڕائیل و دەستبەکاربوونی بەڕێوەبەرایەتیی ترامپ وەک لایەنی بەهێز بۆ گرەو لەسەرکردن لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست سەیر دەکات. گەڕانەوەی سیاسەتی ئەوپەڕی زەختی وڵاتە یەکگرتووەکان دەتوانێ یارمەتیدەری تێکدانی هاوسەنگی بە زەرەری ڕێژیمی ئێران بێ. ئێستا کاتیەتی خەڵکی ئێران ڕێژیم بڕووخێنن و ڕێچکەیەکی نوێ بەرەو دەوڵەتێکی ئازاد، دێموکڕاتیک و یەکگرتووە بکەنەوە.