کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەجیهانی‌بوونی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان

23:37 - 21 بەفرانبار 2724

پەيوەنديى نێوان بەكارهێنانى تۆڕە كۆمەڵايەتييەكان و بەشدارى لە بزووتنەوە كۆمەڵايەتييەكاندا

(بەجیهانی‌بوونی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان)

 

فواد خاکی‌بەیگی

لە نیوەی دووهەمی دەیەی (١٩٩٠) بەولاوە، بەکارهێنانی ئینتێرنێت لە بوارەکانی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتی لە وڵاتە پێشکەوتووەکان و تا ڕادەیەکیش لە وڵاتانی لە حاڵی گەشەسەندندا، فراوان بووە و بەهۆی کاریگەریی بەربڵاوی لە سەرجەم کایەکانی ژیانی تاکەکان، بۆتە هۆی هاتنە کایەی چەندین چەمک وەک " گوندی جیهانی"، "وشیاریی هەسارەیی" و "کۆتایی جۆگرافیا" لە ناوەندە ئاکادیمیەکانی ئەم سەردەمە. وەک دەگوترێ سیاسەت بە سەر باڵەکانی ڕاگەیاندنەکاندا دەسووڕێت. بە تایبەتی بەهۆی زۆری بەکارهێنەرانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە ئاستی ناوچەیی، نەتەوەیی، نێونەتەوەیی و جیهانی لە ئینتێرنێت، ڕۆڵگێڕانیان لە هەڵسوکەوتی و چالاکییە سیاسییەکان زیاتر بەدیار دەکەوێت. هەروەها تەکنۆلۆژیای نوێ ئەو توانایەیان هەیە کە کۆمەڵگەی مەدەنی و دێموکراسی لە سەرتاسەری جیهان بەهێز بکەن.

شۆڕشی پەیوەندییەکان، لە ڕێگای سەتەلایت، ئینتێرنێت و جۆرەکانی دیکەی مێدیای کۆمەڵایەتییەوە جیهانێکی نوێی هاوتەریبی لەگەڵ جیهانی ڕاستەقینە دروست کردوە کە تێیدا جۆرێکی نوێ لە پەیوەندییە مەجازییەکان هاتوونەتە کایەوە، کە بە هۆیەوە کولتوورەکان لە ڕێگای ئامرازەکانی ئەلەکترۆنیکەوە دەگوازرێنەوە و چەمکەکانی کات و شوێن واتایەکی تازە پەیدا دەکەن. پێشکەوتنی تەکنۆلۆژی گۆڕانکاری بەرچاویان هێناوەتە کایەوە لە کولتوور، سەرچەشنەکانی بەکۆمەڵایەتی‌بوون، دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان و کارلێکی ڕۆژانەماندا. لە ئەنجامی ئەو گۆڕانکارییانەیە "کاستلیس" پێی وایە لە کۆتایی هەزارەی دووهەمدا جیهانێکی نوێ خەریکی فۆرمگرتنە کە خاوەن بونیادێکی نوێی کۆمەڵایەتییە.

هەر بۆیە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە نوێیەکان، ڕێکخراوە ناحکوومییەکان و گروپە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان بە بەشداربوونیان لە فەزای مەجازی بە ڕێگای بەکارهێنانی ئینتێرنێت و سەتەلایت، هاووڵاتیانی ناڕازی بە سیاسەتی ناوچەیی، نەتەوەیی و جیهانیان کۆ کردۆتەوە و ڕێکیان خستوە، بەم شێوەیە چالاکییەکان و دژایەتییان بە دژی حکوومەتەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ڕێک‌خستوە. هەروەها وەکوو ئەکتەری سەرەکیی کۆمەڵگەی مەدەنی ناڕەزایەتییەکانیان بە جیهانی کردووە و بوونەتە سەرچاوەیەکی گرینگی دروستکردن و بەهێزکردنی ڕای گشتی بۆ دەربڕینی خواستەکانیان. لە لایەکی دیکەوە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بۆ بەرپەرچدانەوەی کاریگەریی مێدیای دەسەڵاتداران، بە تایبەتی دەسەڵاتدارانی دیکتاتۆر، پشتیان بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەستووە.

ژمارەی ئەو کەسانەی پەیوەستن بە ئینتێرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان میلیاردها بەکارهێنەری تێپەڕاندوە و بەردەوام لە زیادبوون‌دایە. ئەم گەشەسەندنی چەندایەتی و چۆنایەتییە لە ئامرازەکانی پەیوەندی کردن کاریگەریی زۆری لە سەر کۆکردنەوەی سەرچاوەکان لە نێوان بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان هەبووە. هەروەها پەیوەندی نێوان بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و بڵاوبوونەوەی زانیاری لە ئاستی گشتی و جیهانی، بۆتە هۆی گۆڕانکارییەکی گەورە لە پێکهاتەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، و جێگەی فۆرمە کلاسیکەکانی کۆکردنەوەی پێشوەختەی تاکەکانی گرتۆتەوە و بۆتە ئامرازێکی نوێی هەماهەنگی بۆ کۆکردنەوەی چالاکان و ناڕازییان لە دەوری بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و ڕێکخستنی خۆپێشاندانەکان و هاودەنگ‌کردنی چالاکان و بەشدارانی بزووتنەوەکە.

کاریگەریی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە سەر بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە و شێواز و کاریگەریی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێستادا بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ پەرەسەندنی تەکنۆلۆژی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان. بە مەبەستی باسکردن لە کاریگەریی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان ئەوا دوو ئاراستە یا تێڕوانین هەیە، تێڕوانینی گەشبینانە کە باس لە کاریگەریی ئەرێنی و تێڕوانینی ڕەشبینانە باس لە کاریگەریی نەرێنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ سەر بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان دەکات. تێڕوانینی گەشبینانە هیوادارە کە سروشتی هێز لە تۆڕەکانی دیجیتاڵی بگۆڕدرێ بۆ سروشتی هێز لە دنیای واقیعی، لە بەر ئەوەی تۆڕەکانی دیجیتاڵ زیاتر لە هەر کات لەگەڵ ژیانی ئێمە تێکەڵاون. ئەو ئاراستەیەی کە باوەڕیان بە گەشبینیی دیجیتاڵی هەیە لایەنە بەهێز و باشەکانی ئینتێرنێت بۆ چالاکییە بەکۆمەڵەکان دێننە بەرباس کە چەند بوار لە خۆ دەگرێت و بریتین لە:

کاریگەریی ئەرێنیی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە سەر بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان

گرینگترین کاریگەریی ئینتێرنێت لەسەر بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە نوێیەکان، ڕێکخستنی خۆپێشاندانەکان و هاودەنگ‌کردنی چالاکانە. بۆ ئەوەی کە ئینتێرنێت یارمەتیدەری ڕێکخستنی خۆپێشاندانەکان بێ پێویستە پیشتر دوو قۆناغی شوناس‌سازی و پێکهێنانی تۆڕی پێک‌هێنابێت. لە ئێستادا ئینتێرنێت تواناییەکی بەرچاوی هەیە لە دروستکردنی شوناسی بەکۆمەڵ، بە پێکهێنانی پەیوەندی و ئاڵوگۆڕی زانیاری و باوەڕەکان لە کەشی سایبرنتیکی.

تێئۆریی "شوناسی بەکۆمەڵ" لە لایەن (ئالبرتۆ ملۆچی Alberto Malucci) خرایەڕوو. خاڵی سەرەکیی تێئۆرییەکەی؛ تێگەیشتن لە ئامانجەکان و خواستی بکەران و چالاکانە. ئەو پێی‌وایە کە کردەی بەکۆمەڵ شتێک نییە بێجگە لەو ئامانج و خواستانەی کە بکەران بە مەبەستی دەستڕاگەیشتن پێی ئەنجامی دەدەن. خاڵی گرینگ سەبارەت بە کردەی بەکۆمەڵ لە ڕوانگەی (ملۆچی) ئەوەیە کە شوناسی بە کۆمەڵی تاڕادەیەک جێگیر و تێکەڵاو، دەبێت لە نێو ئامانجەکان، ئامرازەکان و شێوازە جیاوازەکانی یەکانگیری و کاری ڕێکخراوەیی دروست بێت.

بۆ نموونە لە ڕووداوەکانی ناسراو بە بەهاری عەرەبی ڕۆڵی سەرەکییان هەبوو لە بەهێزکردنی شوناسی بەکۆمەڵ بە ڕێگای بڵاوکردنەوەی پەیام و ڤیدیۆ و وێنەکانی فەیسبووک، تویتێر و وێبلاگەکان ڕۆڵێکی بەرچاویان هەبوو لە بەهێزکردنی شوناسی بەکۆمەڵ لەنێو خەڵکدا. هەروەها لە ڕووداوەکانی بەهاری عەرەبی ڕاگەیاندنەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی -یوتیوب، فەیسبووک و تویتێر- وێڕای ویبلاگنووسانی ئۆنلاین و مۆیایل لە دروستکردنی پەیوەندی، هاوئاهەنگی و چاوەدێری ڕەوتی خۆپێشاندانەکان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین و باکووری ئەفریقا ڕۆڵی سەرەکییان هەبوو. بە تایبەتی لە میسر و توونس کە شۆڕشی کۆمەڵایەتی تێیاندا سەرکەوتن، کە بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ هاوئاهانگیی چین و توێژەکان و کردەی ئاڵوگۆڕخوازانە لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەرنامەڕێژی بۆ کرا.

جێگەی ئاماژەیە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەو نێوەدا هۆکار بوون بۆ ڕێکخستن و خێراکردنی ڕەوتی خۆپێشاندانەکان، نەک دەستپێکەری جموجۆڵ و ڕاپەڕینەکان. لەگەڵ ئەوەشدا ڕۆڵی فەیسبووک و تویتێر  بە چەشنێک پڕ ڕەنگ و بەرچاو بوو کە بەشێک لە توێژەران و هەروەها هەواڵنێریی ڕۆیتێر لە چەمکەکانی وەک "شوڕشی فەیسبووک" یا " شوڕشی تویتێر" بۆ ئاماژەدان بە ڕاپەڕینەکان بەکار دەهێنا.

بەجیهانی‌بوونی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان

پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیا و پەرەسەندنی ژێرخان و هەروەها دابەزینی نرخ بۆتە هۆی گەشەکردنێکی بێوێنە لە دەستڕاگەیشتنی خەڵک بە تەکنۆلۆژیای زانیاری و پەیوەندییەکان و بە میلیاردها خەڵکی لە سەرانسەری جیهان پێکەوە گرێ داوە. شۆرشی پەیوەندییەکان لە ڕێگای سەتەلایت، ئینتێرنێت و جۆرەکانی دیکەی مێدیای کۆمەڵایەتییەوە جیهانێکی نوێی هاوتەریبی لە گەڵ جیهانی ڕاستەقینە دروست کردوە کە تێیدا جۆرێکی نوێ لە پەیوەندییە مەجازییەکان هاتوونەتە کایەوە، لەم جۆرە پەیوەندییە مەجازییەدا کولتوورەکان لە ڕێگای ئامرازەکانی ئەلکترۆنیکەوە دەگوازرێنەوە و چەمکەکانی کات و شوێن واتایەکی تازە پەیدا دەکەن.

لە سەردەمی بەجیهانی‌بوون ڕاگەیاندنەکان جێگە و پێگەیەکی تایبەتیان لە ئاستی جیهانی بەدەست‌هێنا و بوون بە هۆکاری بەشێک لە ئاڵوگۆڕەکانی ئەم سەردەمە. سروشتی ئەو ڕاگەیاندنانە سەرو نەتەوەیی و نەبوونی سنوورە کە لە ئێستادا دەست‌پێڕاگەیشتنی ئاسان کردوە. نموونەیەکی بەرچاو لە بواری سوود وەرگرتن لە ئینتێرنێت بۆ بەجیهانی‌کردنی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان؛ ڕاپەڕینی (زاپاتیستەکان) لە مکزیکە. زاپاتیستەکان لە وڵامدانەوە بە هێرشی نیزامیی حکوومەت کە گرژی و ئاڵۆزی تێکەوت، هەوڵیان دا بەمێدیایی‌کردنی ئەو بابەتە و سوود وەرگرتن لە ئینتێرنێت، ناڕەزایەتی خۆیان بە گوێی جیهانیان بگەیەنن. زاپاتیستەکان تێگەیشتن کە تاقە ڕێگای سەرکەوتن و گەیشتن بە ئامانجەکانیان بەدەستهێنانی لایەنگری و پشتیوانیی جیهانییە. بەمێدیایی‌کردنی ئەو بزووتنەوەیە، بەربەستی سەرەکی لە بەردەم تۆڵەکردنەوەی توندوتیژی حکوومەت دروست کرد. ئینتێرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە نێودەوڵەتی‌کردنی ئەو بزووتنەوەیە ڕۆڵی سەرەکیی گێڕا، بۆ گروپێکی بچووکی وەکوو زاپاتیستەکان لە کۆمەڵگەی میکزیک تریبوونێکی نەتەوەیی و نێودەوڵەتی پێک‌هێنا و ڕای گشتی جیهانی بە لایەنگری لە زاپاتیستەکان و بە دژایەتی‌کردن لەگەڵ حکوومەتی مێکزیک کۆ کردەوە. بە واتایەکی تر بابەتی ناوچەیی زاپاتیستەکانی بە جیهانی کرد و هێنایە بەردەم دادگای ڕای گشتی جیهانی.

وەک چۆن لە بزووتنەوەکانی بەهاری عەرەبی ڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕۆڵی گرینگیان گێڕا بۆ گەیاندنی دەنگی ئەوان بە ئاستی جیهان، بە هەمان شێوە لە بزووتنەوەی داگیرکردنی (واڵ‌ئێستریت)یش تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕۆڵێکی سەرەکییان گێرا و دەنگدانەوەیەکی بەرچاوی لە ئاستی جیهانی هەبوو. ئینتێرنێت و پەیوەندیی تۆڕە كۆمەڵایەییەکان لە بزووتنەوەی واڵ ئێستریت لە کۆمەڵگەی ئەمریکا، ڕاگەیاندنێکی نەتەوەیی و نێونەتەوەیی پێک‌هێنا و ڕای گشتی جیهانی بە لایەنگری لە بزووتنەوەکە و دژایەتی لەگەڵ حکوومەت و نیزامی سەرمایەداریی مەوجوود هێنایە سەر هێڵ و بزووتنەوەکەی بە جیهانی کرد.

هەربۆیە سەروو نەتەوەیی بوون و دەنگدانەوەی لە ئاستی جیهانی بوو بە یەکێک لە تایبەتمەندی و پێکهاتەکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە نویێەکان، کە هۆکاری سەرەکی ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ سوود وەرگرتن لە تەکنۆلۆژیا، ئینتێرنێت و ئامرازەکانی پەیوەندیگرتن و ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ کاریگەریی ڕەهەندی تەکنۆلۆژی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە هەرچی زیاتر  پەرەسەندنی دیاردەی بەجیهانیبوون.

ڕێبەری ئاسۆیی

"کاستلیس" لە کتێبی "تۆڕەکانی تووڕەیی و هیوا؛ بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە سەردەمی ئینتێرنێت" ئاماژە بەوە دەکات کە قۆناغی تێپەڕیین لە تووڕەیی بۆ هیوا لە کەشی ئۆتۆنۆمی (خودموختاری) دەستەبەر دەبێت. بڕیارەکان بە گشتی لە نێو گرووپدا دەدرێت و بزووتنەوەکان بێ ڕێبەرن. ئەمەش نەک بە هۆی ئەوەی کەسی شیاو نەبێت یا کەس خواستی ڕێبەربوونی نەبێت، بەڵکووو بە هۆی بێ‌متمانەیی زۆری بەشدارانی بزووتنەوەکانە بەرانبەر لە جۆرە نوێنەرایەتی کردن و بەسەنتەرکردنی دەسەڵات. هەروەها باس لەوە دەکات کە ئاسۆیی بوونی تۆڕەکان دەبێتە هۆی بەهێزبوونی هەستی هاوکاری و یەکدەنگی لەنێو بەشداران و پێویستیی هەبوونی ڕێبەری کەم دەکاتەوە.

نوێترین نموونە دەتوانین ئاماژە بە شۆڕشی نوێی "ژن، ژیان، ئازادی" لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە گشتی بکەین کە ڕێکخستنی کۆبوونەوەکان و چالاکییەکان لە لایەن ناوەندێکی دیاریکراوی ڕێبەری و سەنتەر بوونی ڕێکخستنەکان نەبووە، وەکوو شۆڕشە کلاسیکیەکانی ئورووپای ڕۆژهەڵات و کۆمارەکانی یەکیەتیی سۆڤیەتی پێشوو کە کەسانێکی دیار و ناسراو وەکوو کاریزما، ڕێبەریی شۆڕشەکانیان دەکرد. بەڵکوو شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" هاوشێوەی شۆڕشەکانی ناسراو بە بەهاری عەرەبی بە ڕێگای ڕێبەری‌کردنی فراوان و ئاسۆیی و چالاک بوونی گروپە خۆجێیەکان بووە.

وەک چۆن لە بزووتنەوەکانی میسر و تونێس ڕێبەر یا حیزبی پێشەنگیان لە سەرووی بزووتنەوەکە نەبوو، لەو بزووتنەوانە بەر لەوەی لە دەوری تاکێک کۆببنەوە لە دەوری ئایدئۆلۆژییەکی تایبەت وەک یەکسانیخوازی، مافی مرۆڤ یا دێموکراسی کۆ دەبوونەوە. هەروەها ڕێبەری کاریزماتێک جێگەی بە ڕێبەری بە کۆمەڵ‌دا کە زۆربەی کات لە فەزای سایبرنتیکی پێک دێت و دواتر چالاکی دەکەن. شۆڕشی میسر هیچ ڕێبەرییەکی نەبوو و هیچ حیزب و گروپێکی تایبەتیش ڕێنیشاندەری نەبوو و ئەوە خودی خەڵک بوون کە لە ڕێگای ڕاگەیاندنەکان و بەتایبەتی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەستیان بە ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی ڕێڕەوی ناڕەزایەتییەکان و خۆپێشاندانەکان کرد. هەر بۆیە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی میسر نموونەیەک بوو لە تەواو خەڵکیی و ڕێبەرییەکی ئاسۆیی هەبوو زیاتر شۆڕشەکە لە خوارێ بۆ سەرێ بوو.

بزووتنەوەکانی دەیەی ڕابردوو زیاتر لەوەی بە کردەوەیەکی تاکەکەسی لە ڕێگای یەک یا چەند کەسێکی کاریزماتیک بناسرێن، بە ڕەوتی بە کۆمەڵ و کاریگەریی پێکهێنانی گروپەکان بە شێوەی ئۆنلاین دەناسرێن. بۆیە ئەو بزووتنەوانە لە ژێر ناوی "شۆڕشە بێ ڕێبەرەکان" پێناسە دەکرێن. بە هەمان شێوە بزووتنەوەی داگیرکردنی وال‌ئێستریت هیچ ڕێبەڕییەکی نەبوو، نە ڕێبەری ناوچەیی، نە نەتەوەیی و نێودەوڵەتی. بنەمای بێ ڕیبەری لە ڕاستیدا تاقیکردنەوەیەک بوو بۆ ڕێکخستنی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان. لەو بزووتنەوانەدا کۆمەڵێک کارکردی ڕێبەری هەبوون بەڵام ئەوانەش بە شێوەی ناوچەیی لە ڕێگای ئەنجومەنێکی گشتی یا کۆبوونەوە گشتییەکان دادەڕێژران. هەروەها کۆمەڵێک هاوئاهەنگی هەبوو کە یارمەتیدەر بوو بۆ داڕشتنی بڕیاری بە کۆمەڵ و ئەو کردارانەش لە ڕێگای ڕاوێژکردن لە کەشی ئینتێرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پێک دەهاتن.

ئەوەی کە خرایە ڕوو ڕوانگەی گەشبینانە بوو سەبارەت بە کاریگەریی ئەرێنیی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە سەر بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، وەک لە بزووتنەوەکانی دەیەی ڕابردوو کە کاریگەریی بەرچاویان هەبوو لە سەر ئاراستەکردنی بزووتنەوەکان و فراوان بوونی بزووتنەوەکان. بەڵام بێگومان هەر دیاردەیەک دەکرێت سەرەڕای باشییەکان و کاریگەرییە ئەرێنییەکانی ئەوا کۆمەڵێک کاریگەریی نەرێنیش بەدوای خۆیدا بێنێ. بۆیە لە درێژەدا هەوڵ دەدرێت گۆشەنیگای ڕەشبینانە یا کاریگەریی نەرێنیی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە سەر بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بخرێتە ڕوو.