کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەریتی (گاڤارەوەکووڵ) یان (داڵگەوەهار) لە فەرهەنگی کوردانی یارساندا

12:46 - 6 رێبەندان 2724

نەریتی (گاڤارەوەکووڵ) یان (داڵگەوەهار) لە فەرهەنگی کوردانی یارساندا

سارۆ خوسرەوی

لە دێرزەمانەوە ئەفسانە و ئوستوورە، لەگەڵ دنیابینیی مرۆڤەکان و لە فەرهەنگە جیاوازەکاندا لە پەیوەندیدا بووە و ڕەگ و ڕیشەیان لە باوەڕ و فەلسەفەی قووڵی کۆمەڵگەدا داکوتاوە. لەگەڵ تێپەڕینی ڕۆژگار، مرۆڤی سەردەم بۆ تێگەیشتن لە ژیار و شارستانییەتی خۆی، پەنای بردوە بۆ ئوستوورە و ئەفسانەکان.

ئوستوورەی (گاڤارەوەکووڵ، یان داڵگەوەهار) گەلێک ساڵە لە دەڤەری کرماشان و بە تایبەت لە فەرهەنگ و ئەدەبیاتی باوەڕیی کۆمەڵگەی یارساندا باو بووە و نەوە لەدوای نەوە تا ڕۆژگاری ئەمڕۆ ڕێوایەت کراوە و ساڵانە بەم بۆنەیەوە جەژن و ڕێوڕەسمی تایبەت بەڕێوە دەچێت. ڕێوڕەسمی گاڤارەوەکووڵ، هەموو ساڵێک لە دەستپێکی مانگی ڕێبەندان و لە بەرەبەری بەهاری کوردیی گەرمێن، لە ناوچەی (کرند) سەر بە شارستانی داڵاهۆ  بەڕێوە دەچێت.

ڕێوڕەسمی گاڤارەوەکووڵ، لەڕووی کۆمەڵایەتی، مەعنەوی و ئوستوورەییەوە جێگای بایەخە. ئەم نەریتە ڕیشەی قووڵی و پڕواتای لە ئەدەبیاتی باوەڕیی یارسان و فەرهەنگی کەوناری زاگرۆسدا هەیە.

بە پێی ڕۆژژمێری کوردیی گەرمەسێر، دوازە ڕۆژ بمێنیت بە دەسپێکی بەهاری کوردی، وەک دەسپێکی وەرزی هەناسەکێشانی زەوی و دەرکەوتنی نیشانەکانی بەهار، یارسانییەکان، بۆ پێشوازی لە گاڤارەوەکووڵ (داڵگەوەهار)، ئاشی دانەکوڵانە ئامادە دەکەن. لە فەرهەنگی دوورودرێژی ئەو خەڵکەدا باوە کە میوانێکی ئوستوورەیی بەناوی (گاڤارەوەکووڵ) کە موژدەی هاتنی بەهاری پێییە، دەمەو بەیان دێت و  دەگەڕێت بە ماڵاندا و  ئاشی دانەکووڵانە دەخوات و لەگەڵ خۆی بەرکەت بۆ خەڵک دێنێت.

دانەکوڵانە، پێکهاتەیەکە لە نیسک، نۆک و گەنم، کە بەرهەمی ڕەنج و ماندووبوونی جووتیارانە. لە ڕێوایەتی پیرانی یارساندا هاتوە، ئەگەر گاڤارەوەکووڵ بێت و لە دانەکوڵانەکە بخوات، زەوی جووتیاران و باخداران بەپیت و بەرەکەتر دەبێت. ئەو شەوەی کە گاڤارەوەکووڵ دێت، خەڵک تا بەیانییەکەی وجاخی ماڵەکانیان ڕۆشن دەبێت، بە ئاواتی ئەوەی ڕۆشنی و ڕەنگینیی بەهار ڕوو لە ماڵ و ژیانیان بکات.

لە فەرهەنگی باوەڕیی یارساندا، گاڤارە، هێمای مەعنەوی زاوزێ، پاکی و بەردەوامیی ژیانە. هەروەها هێمایە بۆ یەکیەتیی کۆمەڵگە و قبووڵکردنی بەرپرسایەتی لە بەرانبەر نەوەکانی داهاتوودا.

لە ڕێوڕەسمی گاڤارەوەکووڵدا، کاڤارە وەک هێمایەکی مەعنەوی ئامادە دەکرێت، ژنان و کچان گاڤارەکە لە گاڤارەوەکوول وەردەگرن و بۆ خۆیان لە کۆڵی دەگرن و هاوڕا لەگەڵ ئەندامانی دیکەی کۆمەڵگە، بە گەڕەک و کۆڵانەکانی شاردا دەیگەڕێنن و لە هەر کۆڵانێک وچانێک دەدەن و  هەمدیسان درێژە بە گەڕانەکەیان دەدەن. پاشان دانیشتووانی گەڕەک، بە ئاشی دانەکووڵانە، پێشوازی لە گاڤارەوەکووڵ و میوانەکان دەکەن. نەریتی گاڤارەوەکووڵ، کۆمەڵگە لە دەوری یەک کۆ دەکاتەوە و پەیمانی هاودڵی و دۆستایەتی لە نێوانیاندا دروست دەکات. هەروەها لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە، کۆمەڵگە ڕێک دەخات و بۆ پێگەیاندنی نەوەکانی داهاتوو ئەرکداری دەکات.

لە ڕێوڕەسمی گاڤارەوەکووڵدا، خەڵک بە نۆرە و هەندێ جار بەکۆمەڵ گاڤارەکە هەڵدەگرن و دەیگەڕێنن، ئەم نەریتە ئاماژەیەکە بە تێکۆشانی هەرەوەزی و ڕۆحی هاوکاری لە نێوان ئەندامانی کۆمەڵگە. هاوکات پەیامێکە بۆ دواڕۆژی ڕوون و پڕ لە بەرەکەت بۆ نەوەکانی داهاتوو. هەروەها لەکۆڵگرتنی گاڤارە، دەتوانێت جۆرێک لە پەیوەندیی مەعنەوی و دیرۆکی لەگەڵ کۆمەڵگەی سەردەم.

گرینگترین پەیامی ڕێوڕەسمی گاڤارەوەکووڵ، گونجاندن و پێکەوەهەڵکردنی کۆمەڵایەتی و پێکەوەژیانی ئاشتییانە و قبووڵکردنی بەرپرسایەتییە لە بەرانبەر کۆمەڵگە و نەوەکانی داهاتوودا، ئەو نەوانەی کە لەم گاڤارەیەدا  گەورە دەبن و ڕێی ڕووناکی ژیان دەگرنەبەر. کاتێک گاڤارەوەکووڵ وەک ئوستوورەیەک لە ئەزەڵەوە دێت و موژدەی بەهار لەگەڵ خۆی دێنێت، خەڵک لە پێشوازیدا، بە پێشکەشکردنی ئاشی دانەکوڵانە، شوکرانەبێژیی خۆیان بۆ بەرەکەتی بەهار نیشان دەدەن.

نەریتی گاڤارەوەکووڵ، ئەوەمان پێ دەڵێت کە ئێمەی مرۆڤ بەردەوام وەک منالێک کە تازە لەدایک دەبێت و گەشە و نەشە دەکات، گەرەکە بە پێی ڕۆژ و وەرزەکانی ساڵ، گۆڕانکاری لە ژیانی خۆماندا دروست بکەین و گرینگی بە تازەبوونەوە و پێشکەوتنی ژیان بدەین.

***

سەرچاوەکان:

ـ آئین های فولکلورد در تاریخ کورد، سید محمد حسینی

ـ گڤارە وکول، جشنی برای فرارسیدن بهار، عزیز مصطفایی

ـ ڕێوایەتی هەندێک لە بەساڵاچووانی یارسانی لە دەڤەری داڵاهۆ