زرمەی پێی فاشیزم لە گۆڕەپانی سیاسەتی ئێراندا
هەردی سەلیمی
پێناسەی "فاشیزم" لە چەمکە سیاسییەکەیدا هەڵگری چەند واتایە و خاوەنڕایان لەم بارەوە زۆر کۆک نین و هەندێکیان دەیگشتێنن و هەندێکیشیان بەرتەسکی دەکەنەوە، بەڵام پێناسەیەکی گشتی بۆ فاشیزم ئەوەیە تێئۆرییەکی سیاسیی ڕاستی توندئاژۆیانە و ناوەندگەرایە کە پاڵپشتی لە دەسەڵاتێکی بەهێز دەکات. فاشیزم لە واتا گشتێنراوەکەشیدا دەتوانێ بریتی بێ لە هەر جۆرە بیر و بیرۆکەیەک کە نەیارانی خۆی سەرکوت بکات و بیانسڕێتەوە و دووانەی "من/ ئەویدی" دروست بکات، هەر لەم ڕووەوەیە زۆر جار دەبیستین فاشیزمی مەزهەبییش بەکار دەهێنرێ، نەتەنیا هەر فاشیزمی نەتەوەیی.
بەدوای شەڕی ماڵوێرانکەری دووەمی جیهانییەوە هەتا نزیک بە نیوسەدە بیرۆکەی فاشیستی بەتایبەت لە وڵاتانی پێشکەوتوو ڕووی لە کزی دا، لە سەدەی بیستویەکدا کە چاوەڕوان دەکرا جیهان بەرەو ئاشتەوایی و شارستانییەتێکی زیاتر هەنگاو بنێ، پێشبینییەکان ڕاست دەرنەچوون و بەتایبەت لە دەیەی دووەمی ئەم سەدەدا بیری فاشیستی و شۆڤینیستی گەشەی کردووە و زۆربەی وڵاتانی جیهانی گرتووەتەوە. ئەم بیرۆکە بەرچاوتەنگە لەم ساڵانەی دواییدا لە وڵاتی ئێرانیش سەری هەڵداوەتەوە و ڕێکخراو و کەسایەتییە جۆراوجۆرەکان بەچڕی خەریکن کاری بۆ دەکەن.
بیرۆکەی فاشیزم لەو بیرۆکانەیە کە زۆربەی کاتەکان بەدوای شکست و سەرنەکەوتنەکان و بێهیواییی کۆمەڵگە سەر هەڵدەدا و لەم نێوەدا کەسانێک بە مەبەستی دیاریکراو و بە کەڵکاوەژۆوەرگرتن لە هەستی برینداری خەڵکانێک و هەروەها بە پرۆپاگاندای پۆپۆلیستی سەرنجی کەسانێک بەلای خۆیاندا ڕادەکێشن، وەک ئەو نموونانەی وا لە ئاڵمانی دوای شەڕی یەکەمی جیهانی بینیمان، کە پێشوازییشی لێکرا. فاشیزم بەنەرمی دێتە مەیدانەوە و لە زۆربەی کاتەکاندا گەر چاو و گیانێکی هەستیار نەبێ، هەستی پێناکرێ؛ پرۆپاگاندا و بانگەشەی سیاسی ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە لە سڕینەوەی وشیاری و بێداریی ویژدانی کۆمەڵگەی جیهانیدا دەگێڕێ، بۆیە پێویستە ڕەسالەت و بەرپرسیارەتیی سەرەکیی میدیا کە ئاگاییبەخشین لە پێناوی گەیشتن بە بەختەوەریدایە، بگەڕێتەوە و هەوڵ و تەقەللای بانگەشەکەرانی داگیرکاری و سڕینەوە، پووچەڵ بکرێتەوە. لە سەردەمی ئێستادا هێرشی ڕووسیە بۆ سەر ئۆکراین، داگیرکاریی ئیسرائیل، بیرۆکەی بووژانەوەی ئیمپراتۆریی عوسمانیی ئەردۆغان، پەلهاویشتنی تاران بۆ داگیرکردنی چەندین پێتەختی وڵاتانی ناوچە لە ساڵانی دواییدا، هەڕەشە و تەماحی بەردەوامی چین بۆ سەر تایوان و... هەموو نیشان لە داگیرکاری و فاشیزمێکی نوێن، کە هەمووشیان بە پاساوی سەردەمیانە و ناوی جۆراوجۆرەوە لەبەر چاوی جیهاندا جێبەجێ دەکرێن.
کاتێک کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی سپای قودسەوە لە وڵاتانی ناوچەدا تەراتێنی دەکرد، تەنانەت هەستی ئافەرینبێژیی بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیمیشی هەڵخڕاندبوو و پێیانوابوو دیسان ئیمپراتۆریی هەخامەنشییان بۆ زیندوو دەبێتەوە، واتە بێئەوەی بیر لەوە بکەنەوە ئەو ڕێژیمە لە ڕێی تێرۆریزمی دەوڵەتییەوە خەڵکی بێتاوانی ئەو وڵاتانە لە خوێن دەگەوزێنێ، کەسانی وەک ئەردەشیری زاهیدی، زاوای شا و وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی پێشووی ئێران، چەپڵەیان بۆ قاسمی سولەیمانی لێدەدا و هیوای سەرفرازییان بۆ دەخواست، بۆ؟ لەبەر ئەوەی بە گومانی ئەوان لەو ڕێگەیەوە ناوی ئێران بەرز دەبۆوە!
بۆیە بەخۆڕایی نییە کە دروشمی وەک "دەرکردنی ئەفغانستانی داواکاریی میللییە" دەبێتە ترێند، یا لەیبڵی "تجزیەطلبی" لە کورد و بەلووچ و عەرەب لێدان بۆ ئەوەی سەرکوت بکرێن، لەخۆڕا سەری هەڵنەداوە، بەڵکوو بیرۆکەی شۆڤینیستی و سڕینەوەی جیاوازییەکانی لەپشتە. نوێترین کرداری ناڕەوای ئەم کۆمەڵە کەسە بێڕێزیکردن بە گۆڕی نووسەری گەورە "غلامحسین ساعدی" لە پێرلاشیزی فەڕانسە بوو، کە تەنیا هۆکارەکەشێ بۆ ئەوە دەگەڕاوە، ساعدی نووسەرێکی دژی دەسەڵاتی ئیستبدادیی پەهلەوی بوو.
فاشیزم هەوڵێکە بۆ سەرکەوتن بەسەر مرۆڤایەتیدا و لەنێوبردنی هەرچەشنە جۆراوجۆرییەک و یەکدەستکردنی کۆمەڵگە، ئێستا زرمەی پێی فاشیزم لە گۆڕەپانی سیاسەتی ئێراندا بەرزتر لە هەر کاتێک دێتە گوێ، هەموو کەسایەتی و ڕێکخراوە سیاسییە دێموکرات و پێشکەوتووەکان لەسەریانە لە بەرامبەر ئەم بیرۆکە بەرچاوتەنگ و کوشندەیەدا ڕابوەستن و هەڵوێستی ڕوونیان هەبێ. کارەسات کاتێک ڕوو دەدا کە چاودێرانی سیاسی، کۆمەڵگەی مەدەنی و چالاکانی سیاسی نەتوانن ڕۆڵگێڕانی سیاسیی سەردەمی خۆیان بناسن و بوارڕەخساندنەکانیان نەبینن یان بە بیانووی ئەوەی پێیان ناگرنگ بێت، چاوپۆشی لە ئاکاریان بکەن. پرسی دێموکراسی و مافی مرۆڤ بۆ دواخستن نابێ و بە بیانووی یەکڕیزییەوە نابێ، هەموو کێشەکان بۆ دواڕۆژ بمێنێتەوە و ئەمڕۆ هەڵوێستی ڕوونیان لەسەر نەگیرێ.