
شۆڕشی گەلانی ئێران و، کۆماری ئیسلامی وەک دیاردەیەکی شووم
سمایل شەرەفی
لە ڕۆژی ٢٢ی ڕێبەندانی ١٣٥٧ی هەتاویدا و لە ئاکامی دەیان ساڵ خەبات و تێکۆشانی جۆراوجۆر بە دژی نیزامی پاشایەتی و سیاسەتە دژیگەلییەکانی، شۆڕشی خەڵکی ئێران سەرکەوت و بۆ هەمیشە کۆتایی بە نیزامی پاشایەتی و دەسەڵاتی ٥٠ ساڵەی پەهلەوی هات.
بەداخەوە ڕۆژانی شادی و خۆشیی سەرکەوتنی ئەم شۆڕشە زۆر لەوە کورتتر بوو کە خەڵکی ئێران بیریان لێ دەکردەوە. بە خۆسەپاندنی ڕەوتێکی دواکەوتووی مەزهەبی بە ڕێبەریی پیرەپیاوێکی کەللەڕەقی وەک "ئایەتوڵڵا ڕوحوڵڵا خومەینی" کە "ئیمام"ی ناو لێنرابوو، هەم شۆڕشەکە بە لاڕێدا برا و هەم بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی گەلانی ئێران بە ناچاری ڕێی لە مەسیرێکی پڕ لە تێچوو و قوربانیدان کەوت.
بە هاتنەسەرکاری نیزامی ئیدئۆلۆژیکی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە خۆی لە پێگەیەکی ئاسمانی و ئیلاهییەوە پێناسە دەکرد و خەڵکی بێئەملاو ئەولا بە جێبەجێکار و فەرمانوەرگری گشت یاسا و ڕێساکانی دەزانێ، بۆ ماوەی ٤٦ ساڵ، وڵاتی ئێران و خەڵکی ئەم وڵاتەی دیلی سیاسەت و بیرکردنەوە چەوت و دواکەوتوانەکانی خۆی کرد.
هەر لە سەرەتای خۆسەپاندنی بەسەر هەست و ئێحساساتی مەزهەبیی زۆرینەی خەڵکی وڵاتدا، کەوتە دژایەتیی هەر جۆرە بیروبۆچوونێکی جیاواز لە تێگەیشتنە ئیدئۆلۆژیک و دواکەوتووانەکانی خۆی و بە ئەقڵییەتی فەندەمێنتاڵ و فەرمانی جیهادەوە، بڕياری ڕەشەکوژیی هەر جۆرە ئەویترێکی جیا لە خۆی دا و شەڕێکی نێوخۆیی پڕ لە جینایەت و کوشتاری ساز کرد. هەروەها بە گرتنەپێشی سیاسەتی "شەلم کوێرم کەس نابوێرم" جیا لە سەپاندنی شەڕێکی هەشت ساڵەی پڕ لە کارەسات و خەسار بۆ وڵات و خەڵک لەگەڵ عێراق، سیاسەتی دەرەوەی لەسەر ئاژاوەگێڕی، دەستێوەردان لە وڵاتان، پشتیوانی لە تاقم و گرووپی تێرۆریستی، تێرۆری نەیارانی لە وڵاتان، هەوڵدان بۆ وەدەستهێنانی چەکی ناوکی و... بنیات نا.
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە دەیەی یەکەمی دەسەڵاتداریی خۆی بە سەرکوتی خەڵکی ئازادیخوازی ئێران، پەلاماری باڵوێزخانەی وڵاتان لە تاران و بەبارمتەگرتنی دیپلۆماتکاران، هەوڵدان بۆ سڕینەوەی ڕەوت و جەریانە سیاسیەکان، شەڕ لەگەڵ عێراق، سازکردنی دەیان بەندیخانە و لیپاولیپکردنیان لە تێکۆشەرانی سیاسیی جیابیر و لەسێدارەدانی بەکۆمەڵیان دەست پێ کرد، لە درێژەی دەیەکانی دیکەی تەمەنیدا لە شکڵ و شێوازی دیکە و جیاوازدا لەسەر هەمان ڕێچکە و ڕێبازی خۆی چووە پێش و چارەنووسی خەڵک و وڵاتی بەرەو ئەو ئاقارە کارەساتبارە برد کە ئەمڕۆ دوای ٤٦ ساڵ دەیبینین.
ئەم ڕێژیمە کە ئێستا هەم خۆی و هەم خەڵک و وڵاتی تووشی دەیان کێشەی جیدی و قەیرانی جۆراوجۆری سیاسی، ئابووری، فکری و کۆمەڵایەتی کردوە، لە نزمترین ئاستی مەشروعیەتی سیاسی، ئیدئۆلۆژیکی و پێگەی جەماوەری و نێودەوڵەتیدایە. بەپێی ڕێژەی ئەو خەڵکانەی کە بە هۆکاری نالێک لە هەڵبژاردنە نادێموکراتیک و ناڕوونەکانی ڕێژیمدا بەشداری دەکەن، نزیک بە ٨٠٪ی خەڵکی ئێران کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان ناوێ و ئەم ڕێژیمە ڕەواییەکی نەماوە هەتا لە هەڵبژاردنەکاندا پێی بدرێت!
لەسەر ئاستی ناوچەکە؛ هەر ئەمساڵ کۆماری ئیسلامی، لە ئاکامی دەیان ساڵ بەفیڕۆدانی سەروەت و سامانی وڵات بۆ دروستکردنی تاقم و گرووپی چەکدار و نیابەتی پشتیوانیی ماڵی و تەقەمەنی بە مەبەستی داسەپاندنی هێژموونی خۆی و ئاژاوەگێری و دەستێوەردان، مایەپووچ دەرچوو. بە تێداچوون و لاوازبوونی هێزە نیابەتییەکانی لە ئاکامی هێرشەکانی ئیسرائیلدا، کۆماری ئیسلامی لە سیاسەتی قووڵایی ئیستراتژیکی خۆی لە ناوچەکەدا تووشی شکست و دۆڕانێکی قووڵی سیاسی و ئەمنیەتی هاتوە.
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی "کۆماری ئیسلامیی ئێران" جیا لەوەیکە ناو و تایتێڵێک بۆ وەبیرهێنانەوەی تێرۆرێزم و هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەیی و نێودەوڵەتییە، تەنیا لە خانەی دابینکردنی بەرژەوەندیی وڵاتانی ناوچەکە و مانا بەخشین بە بوون و حزووری ئەمریکا و وڵاتانی دیکە لە ناوچەکەدا خوێندنەوەی بۆ دەکرێ کە مانەوەی پێوەندی بە پاراستنی ئەم تێڕوانینەی وڵاتانەوە هەیە.
کۆماری ئیسلامیی ئێران لەنێو خۆیشیدا توشی داڕمانی ڕێکخراوەیی و ئیدئۆلۆژیک بووە. ئەم ڕێژیمە بە دەیان باند و گرووپ و "مەحفل"ی لێ کەوتووەتەوە کە خاڵی هاوبەشیان، هەوڵدان بۆ گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی لەدەستچوویان، سەرلێشێواوی ئیدئۆلۆژیکی، تلانەوە لە بیر و باوەڕی دواکەوتووانە و دوورکەوتنەوەیان لە خەڵک و لەدەستدانی ڕەوایی ڕێژیمەکەیانە.
کۆماری ئیسلامیی ئێران کە لە چلوحەوتەمین ساڵڕۆژی هاتنە سەرکاریدایە، بە گەیاندنی نرخی نزیک بە سەدهەزار تمەنیی دۆلار، ژیان و گوزەرانی خەڵکی تووشی تاڵی و چەرمەسەری کردوە و بە پێی ئامارەکانی خوی، نزیک بە ٦٠٪ی خەڵکی وڵات لەژێر هێڵی هەژاریی موتڵەقدان. سەرباری ئەم دۆخە داسەپاوە ئابوورییە بە سەر خەڵکی وڵاتدا، سیاسەتی سەرکوت و کپکردنی دەنگی ناڕەزایەتی و ئازادیخوازی، گرتن و ئەشکەنجە و لەسێدارەدان وەک هەمیشە و تا ئێستاش سێبەری شوومی ئەم ڕێژیمە بەسەر گەلانی ئێرانەوەیە.
خەڵکی مافخوازی ئێران بە هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و چین و توێژە جۆراوجۆرەکانەوە، تا ئێستاش گەورەترین چالشی ئەم ڕێژیمەن. هەوڵدان بۆ دەستەبەرکردنی ئامانجەکانی شۆڕشی ٥٧ کە گەیشتن بە ئازادی و سەربەستی بوو، هەروا لە لایەن خەڵکەوە بەهێزتر لە جاران بە زیندوویی هێشتراوەتەوە و بەردەوامە.
کوردستان و خەڵکە بەهەڵوێست و وشیارەکەی کە ٤٦ ساڵ پێش ئێستا بە فتوای جیهاد و پەلاماردان وڵامی ئاشتیخوازانەبوونی بزووتنەوەکەی درایەوە و شەڕی بەسەردا سەپا و رێبەرانی لەسەر مێزی وتووێژ بەهۆی نوێنەرانی ڕێژیمەوە تێرۆر کران؛ ئێستا و دوای نزیک بە ٥٠ ساڵ لە سەرکوتی سیستماتیک و دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هەر بە پێوەیە. کوردستان و خەڵکە وشیارەکەی کە هەر لە ڕۆژەکانی سەرەتای هاتنەسەرکاری ئەم رێژیمەوە، دەرکیان بە نێوەرۆک و ماهییەتی کۆنەپەرەستانە و دژیگەلیانەی ئەم ڕێژیمە کردبوو، بە خەباتی دەیان ساڵەی پێشمەرگانە و بنیاتنانی خەباتێکی گشتی و جەماوەری کە بزووتنەوەی ژینا گۆشەیەکی بەرزی ئەم شۆڕشە بوو، وشیارانە و پلانمەند، ٤٦ ساڵە بەرانبەر بەم ڕێژیمە ستەمکارە ڕاوەستاوە.
لەم دەفەتەدا ئەوەی ماوەتەوە بوترێ ئەوەیە کە بۆ دەربازبوون لە کۆماری ئیسلامیی ئێران و گەیشتن بە دەسەڵاتێکی گەلی و دێموکراتیک، پێویستە کار لەسەر بەهێزترکردنی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی نێوخۆی وڵات بکرێ و لەم پێوەندییەدا یەکگرتوویی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکان و خەڵک لە نێوخۆی وڵات لە پێش هەموو هەوڵ و نەخشەڕێگایەکەوەیە.