![](/content/upload/1/news/77744_w920.jpg)
بۆ شۆڕش کرا؟
هەردی سەلیمی
ڕەنگە پاش پتر لە ٤٦ ساڵ و بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی ڕۆڵی هەرە نەرێنی و کاولکارانەی کۆماری ئیسلامی و هەروەها ڕۆڵی نۆستالژیستەکانی گۆڕەپانی سیاسەتی ئێران، ئەم پرسیارە بێتە گۆڕێ؛ ئایا ئەو شۆڕشە پێویست بوو بکرێ؟ ئاکامی چ بوو؟ چ دەسکەوتێکی هەبوو؟ کۆمەڵگەی ئێرانی پێش لە ڕێبەندانی ٥٧ هەر ئەو بژاردەیان لەبەردەمدا بوو؟ بۆ بەرەو ئیسلامیبوون چوو؟ شۆڕش و ئاکامەکانی لێک جیان؟ سەردەمی شۆڕشەکان هەر ماوە یا بەسەر چووە؟ و زۆر پرسیاری دیکەش... لێرەدا هەوڵ دەدرێ بەکورتی وەڵامێک بەم پرسیارانە بدرێتەوە.
پێش لە هەر شتێک ئاماژە بە چەند ئامارێک دەکەین، ئەم ئامارانە دەرخەری دۆخی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووریی ئەو سەردەمەن و زیاتر لە هەر بیرەوەری و گێڕانەوەیەک دەتوانن ڕاستییەکانمان نیشان بدەن. لە نیوەی دووهەمی دەیەی چل و نیوەی یەکەمی دەیەی پەنجای هەتاویدا و بەبۆنەی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و سەرکوتی بەربڵاوی نەیاران و دژبەرانی شا بەهۆی ساواکەوە، شا هەستی بە سەقامگیریی زیاتری دەسەڵاتەکەی کرد و مۆدێرنسازیی دەستووری خێرایییەکی زیاتری بەخۆوە بینی، بە بڕوای کۆمەڵناسان هەر ئەم خێرایی و گەشە ناڕێک و نالێکە، بووە هۆی ئەوەی بەشێكی زۆر لە خەڵکی ئێران هەستی خۆ بە بێگانە زانین دایانبگرێ و لە بەرامبەردا هانیان بدات بەرەو ئایین بۆ پڕکردنەوەی ئەو کەلێنە بەرهەست و دەرهەستە، چون نە لە ئێستایاندا و نە لە داهاتووشدا پێگەیەکیان بۆ خۆیان بەدی نەدەکرد. بۆیە سەیر نییە کەوا لە یەکێک لە گرنگترین و بەربڵاوترین توێژینەوە کۆمەڵایەتییەکانی دەیەی پەنجادا کە هەموو دانیشتووانی ئێرانی لەخۆ گرتووە ٨٠٪ی کۆمەڵگەی ئاماری پێیان وابووە دەبێ پردێکی پێوەندی لە نێوان شەرع و پێویستییە ئەمڕۆیییەکاندا دروست بکرێ، بە واتایەکی تر لایان وابووە یاسا مرۆیییەکان ناتوانن وەڵامدەری خەڵک و دۆخ و پێویستییەکانیان بن، بۆیە دەبێ لەگەڵ شەرعدا ئاوێتە بکرێن. لێرەدایە بۆمان دەردەکەوێ خومەینی لە "بۆشایی"دا دروست نەبوو و پێی لەسەر عەرزی واقعی کۆمەڵگەی ئێراندا بوو و یەکێک لە دەگمەنترین ڕێبەرە ئایینییەکانی ئەوکات بوو کە دەیویست حکوومەت بشەرعێنێ.
"نیکی کێدی" لە کتێبی "ڕیشەکانی شۆڕشی ئێران"دا دەڵێ: "لە ساڵی ١٣٥٥دا ٤٣٪ی بنەماڵە ئێرانییەکان تەنیا یەک ژووریان هەبووە." هەر لەم پێوەندییەدا کرێماڵ لە ساڵی ٥٣دا دووسەد لە سەد زیادی کردووە و لە ساڵی ٥٤یشدا سەد لە سەد لەچاو ساڵی پێشووتری هەڵکشاوە. "یرواند آبراهامیان" لە "ئێران لە نێوان دوو شۆڕشدا" دەڵێ: "لە ساڵی ٥٥دا ئاماری مردنی مناڵان زۆر زیاد دەکات، هەر لەو ساڵەدا ئێران لەچاو وڵاتانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوین و باکووری ئەفریقا، لە بەراوردی حەشیمەت لەگەڵ تەختی نەخۆشخانەدا، لە خوارترین پلەی ڕیزبەندەکەدا بووە." هەموو کەسانی ئەو سەردەمە لەبیریانە لە شار و ناوچەکانی کوردستاندا زۆربەی دوکتور و پەرستارەکان خەڵکی وڵاتانی وەک "بەنگلادش"، "هیندوستان"، "فیلیپین" و... بوون.
دوو نموونە هەر لەو ئامار و فاکتانە لە پێوەندی لەگەڵ دۆخی ئایین لە کۆمەڵگەی ئەوکاتی ئێراندا دێنینەوە: لەنێوان ساڵانی ١٣٣٣ هەتا ١٣٤٢، ٥٦٧ کتێبی ئایینی بڵاو بووەتەوە، واتە ١٠٪ی کتێبەکان ئایینی بوون. لە ١٣٥١ هەتا ١٣٥٣ ئەم ژمارەیە بووەتە ١٦٩٥ کتێب، واتە ٥٠٪ی کتێبەکان ئایینی بوون، کە ئەم ئامارە لە سەردەمی کۆماری ئیسلامیدا بۆ ٢٠٪ داکشاوە! نموونەی دووەم: لە ساڵی ٤٠دا و لە شاری تاران ٢٩٣ مزگەوت هەبووە، ساڵی ٥٠ دەبێتە ٧٠٠ و لە ٥٢دا دەبێتە ٧٩٩ و لە ساڵی ١٣٥٤یشدا دەبێتە ١١٤٠ مزگەوت! ئەمە لە کاتێکدایە خوێندنەوەی ڕۆمانی "دایک"ـی "ماکسیم گۆرکی" و نووسراوەکانی "بێهرەنگی" و... لێپرسینەوەی ساواک و زیندانی لەدوا بوو. بۆیە "خوسرەو گوڵسورخی" لەخۆڕا نەبوو لە دادگایییەکەیدا وتی: "ئێوە لەسەر کتێبخوێندنەوە خوێندکار لە زیندان دەکەن، کە هاتە دەر ئیدی چەک هەڵدەگرێ نەک کتێب!" کەشی داخراوی سیاسیی ئەو سەردەمە ڕێگەی نەدەدا هیچ چالاکییەکی سیاسی بکرێ، مەگەر بەنهێنی. لێرەدایە قووڵاییی قسەکەی "مێهدی بازرگان" زیاتر دەردەکەوێ کە لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە کێ ڕێبەری شۆڕشە، وتی: "محەممەد رەزا شای پەهلەوی". بەڕاستی پەهلەوی بە گرتنەبەری سیاسەتی هەڵەی ئابووری، مودێرنیزاسیۆنی سەقەت، داخستنی کەشی سیاسی بە قازانجی ڕووحانییەتی شێعە و... بواری بۆ سەرهەڵدانی شۆڕش و بەدوای ئەویشدا بەئیسلامیکردنی شۆڕش خۆش کرد. کەواتە بۆمان دەردەکەوێ بەپێچەوانەی ئەوەی بانگەشەی بۆ دەکەن، ئێرانی سەردەمی پەهلەوی لەڕووی ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی و فەرهەنگییەوە تووشی قەیرانی زۆر گەورە ببوو، لەم نێوەشدا دیسان بەپێچەوانەی ئەوەی دەوترێ "اتحاد ارتجاع سرخ و سیاه" ئەوە ڕێژیمی پەهلەوی بوو کە مەیدانی بۆ بەرینبوونەوەی چالاکیی سیاسیی ئایینییەکان چۆڵ کردبوو و تەنانەت ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ هاوکارییشی دەکردن.
کەمترین دەسکەوتی هەر شۆڕشێک سەلماندنی ئەو ڕاستییەیە کە ئیرادەی خەڵکێکی یەکگرتوو دەتوانێ بەسەر هەر لەمپەرێکدا سەر کەوێ. سەرەڕای ئەمانە نکۆڵی لەوە ناکرێ شۆڕشی ساڵی ٥٧ نەیتوانی ئامانجەکانی خۆی بپێکێ و ئاکامەکانی لە زۆر ڕووەوە پێچەوانەی ویستی ئەوانە بوو وا شۆڕشیان بۆ کرد، بەم حاڵەشەوە شۆڕش بابەتێکە و ئاکامی شۆڕش بابەتێکی ترە، لە ئێستادا هەوڵێکی زۆر دەدرێ بۆ ئەوەی ئەم دووانە بکرێنە یەک و لێک جیا نەکرێنەوە، بەڵام بۆ؟ یەکەم؛ لایەنگرانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامین کە دژە شۆڕشترین توێژی کۆمەڵگەی ئێرانن، ئەوان شۆڕش وەک ساڵڕۆژی لەدایکبوونی دەسەڵاتیان دەبینن و جەژنی بۆ دەگرن و لەوەش زیاتر ناترازێن و ئێلێمانەکانی شۆڕش وەلا دەنێن بۆ مانەوەی خۆیان، دووەم؛ ئیسڵاحخوازەکانن کە شۆڕش و شۆڕشگێڕی بە بڤە دەزانن و بەردەوام دەڵێن شۆڕش ئاکامی نادڵخوازی دەبێ و خەڵک سارد دەکەنەوە، سێهەمیان؛ بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنە کە لەژێر کاریگەریی ئەو دوو تەیفەدا و هەروەها بەمەبەستی کڕینی ئێعتبارێک بۆ دەسەڵاتی پێش شۆڕشی ٥٧، لە وشەی شۆڕش بێزارن و تەنانەت ناوی "برانداز"یان لە خۆیشیان ناوە. لە ڕاستیدا ئەم سێ توێژە لە پێناو یەک ئامانجدا هەوڵ دەدەن، ئەویش هێشتنەوەی کۆماری ئیسلامییە. بۆیە دەکرێ ئۆپۆزیسیۆن چاوکراوەتر بێ و لەم سێ بەرە کۆنەپارێزییە کە ئاکامی هەوڵەکانیان مانەوەی زیاتری کۆماری ئیسلامییە، خۆیان بە دوور بگرن و بگەڕێنەوە سەر واتای ڕاستەقینەی شۆڕش کە هەمان پێکهێنانی ئاڵوگۆڕی بنەڕەتییە، نەک لابردنی بەشێک و هێشتنەوەی بەشێکی تر لەم جەستە نەخۆش و جێی مەترسییەی کۆماری ئیسلامی. هێشتا گیانی شۆڕش زیندووە و بە پێداگریی زیاتر لەسەر دێموکراسی و ئازادی و عەداڵەت، دوور نییە ویست و ئامانجەکانی شۆرش بێنە دی.