"دەیەی فەجر"ی ڕێژیم و چوار دەیە زەجر و بەشمەینەتیی خەڵک
عەلی بداغی
لە ڕێبەندانی ئەمساڵدا کۆماری ئیسلامیی ئێران جارێکی دیکەش پاوانکردنی دەسکەوتەکانی شۆڕشی ١٣٥٧ی گەلانی ئێران دوای ڕووخاندنی ڕێژیمی پاشایەتی و هاتنەسەر دەسەڵاتی خۆی بە زەبری چەک و سەرکوت جێژن دەگرێت.
ئەوە کە جێگەوپێگەی کۆماری ئیسلامی و شەرعییەتی سیاسی و خەڵکیی ئەم ڕێژیمە لە نێوخۆی وڵات دوای ٤٦ ساڵ حوکمڕانیی بەسەر ئێراندا لە ئێستادا چەندە و چۆنە، هەمووان دەیزانین. ئەم پێودانگە لە بەشداریی یەکجار کەمی خەڵک لە تازەترین هەڵبژاردنەکانی چەند ساڵی دوایی، لە خۆپێشاندانەکانی سەرشەقام و بەردەوامیی مانگرتنەکان و ناڕەزایەتییە مەدەنی و جەماوەرییەکان بە تەواوی دەرکەوتوە. ئەمەش کە ڕێژیم لە هاوکێشە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکاندا لەوپەڕی لاوازیی تەمەنی دەسەڵاتدارییدایە، شتێک نییە لە کەس شاراوە بێت. بۆیە ئەم کورتە وتارە کە بەبۆنەی هاتنەوەی "دەیەی بەناو فەجر" نووسراوە، تەنیا دەیەوێ چەند لایەنێکی حوکمڕانیی پڕ نەگبەتیی کۆماری ئیسلامی بۆ خەڵکی ئێران و بەتایبەت کوردستان بیر بێنێتەوە.
لە هەموو ماوەی تەمەنی کۆماری ئیسلامیدا نەبووە ڕێژیم سەبارەت بە سەرکوتی ئازادییە سیاسی، مەدەنی و کۆمەڵایەتییەکانی خەڵک بەتایبەت مافی کەمە نەتەوە و ئایینییەکان، و سەبارەت بە هەڵاواردنی ڕەگەزی لە ئاستی جیهانیدا ناوی لە لیستی ڕەشدا نەبێت. لە حوکمڕانیی کۆماری ئیسلامی جیا لە نەتەوە و ئایینزای سەردەست، گەلان و ئایین و ئایینزاکان و هەروەها جۆراوجۆرییەکانی دیکەی کۆمەڵگەی ئێران بە توندی سەرکوت کران؛ کە کوردستان لەو نێوەدا پشکی شێری لەو سەرکوت و هەڵاواردن و پەراوێزخستنانە پێ دەبڕێت. چاوخشاندنێک بەسەر ئاماری ئێعدامەکان، گرتن و بەندکردنی چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە کوردستان، کۆڵبەرکوژی، پەرەنەسەندن و دۆخی ئابووری و ئاوەدانی لە کوردستان ئاماژەیەکی بچووک، بەڵام کارەساتبار بۆ قووڵایی سیاسەت و ستراتیژی و ڕوانگەکانی نیزامی کۆماری ئیسلامی دەرحەق بە گەلی کورد لە ئێرانن.
بەدەر لەوە و لە ئاستی گشتیشدا سیاسەتەکانی ڕێژیم لەڕووی ئابوورییەوە کۆمەڵگەی ئێرانی بەرەوڕووی گەورەترین قەیرانەکان کردوە. لە سۆنگەی ئەو سیاسەت و قەیرانگەلەوە، هەروەها گەندەڵیی هەراو و بەربڵاوی کاربەدەستانی ڕێژیمەوە، هەژاریی بەربڵاو، بێکاریی هەوسارپچڕاو و کەلێنی چینایەتی و دەیان گرفتی ژیانەکی بەربینگی بە ژیانی خەڵک گرتوە. تەنیا ئاماژە بەوە بەسە کە نرخی هەر تاق دۆلار لە کاتی هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی تەنیا ٧ تمەن بوو کە ئێستا لە ٨٣ هەزار تمەن تێپەڕیوە و ئەوە کە بایی تمەن وەک دراوی نیشتمانی ١١ هەزار هیندە دابەزیوە؛ فاکتێکی گەورە بۆ داڕمانی وڵاتێکی وەکوو ئێران لە هەموو بوارەکان لە سایەی سەری کۆماری ئیسلامیدایە.
قەیرانی ژینگە وەک ویشکبوونی گۆل و ڕووبار و تاڵاوەکان، وەک تێداچوونی لێرەوار و دارستانەکان، وەک لەکەمیدانی سەرچاوە ئاوییەکان و پیسبوونی هەوا کە سەرجەم لە سۆنگەی سیاسەتە چەوت و ناکارامەییەکانی ڕێژیمەوە هەناسەی خەڵکیان سوار کردوە و وڵاتیان بەرەوڕووی گەورەترین هەڕەشە و مەترسییەکان کردۆتەوە. گەندەڵیی سیستماتیک لە سەرێ هەتا خوارێی دەزگای حوکمڕانی و، دەیان قەیرانی دیکەی وەک ڕاکردنی نوخبە و بژاردنەکانی کۆمەڵ لە هەموو بوارەکاندا بۆ دەرەوەی وڵات، پەرەسەندنی قەیران و دیاردە کۆمەڵایەتییە زیانبارەکان، قەیرانی شوناس و کاڵبوونەوەی بەها و بایەخە کۆمەڵایەتییەکان بەشێکی دیکە لە دیارییەکانی دیاردەیەک بە ناوی کۆماری ئیسلامیی ئێرانن.
کۆماری ئیسلامی لە هاوکێشە نێودەوڵەتییەکانیشدا ڕێژیمێکی بێزراو، دژی بایەخە جیهانگرەکان و هۆکاری ناسەقامگیریی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و پەرەسەندنی تێرۆریزمی دەوڵەتی لە ناوچە و هەموو جیهانە. تەریککەوتنەوەی دیپلۆماتیکی ڕێژیم، شکستی ستراتیژییە سیاسی و نیزامییەکانی ڕێژیم لە نەزمی سیاسیی نێودەوڵەتیدا، گەمارۆ و سزا قورسە ئابوورییەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دژی نیزامی کۆماری ئیسلامی و، تەنانەت ئەوە کە پاسپۆڕتی ئێران یەک لە بێنرخترین پاسپۆڕتەکان لە ئاستی دنیادایە؛ چەند فاکتێک بۆ هەرەسهێنانی پێگەی سیاسیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کۆمەڵگەی جیهانیدایە.
بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا ئێستا لە ٤٦ ساڵەی دەسەڵاتدارەتیی کۆماری ئیسلامیدا خەڵک کۆڵیان نەداوە و ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئێران دژ بەو ڕێژیمە لەوپەڕی خۆیدایە. خۆپێشاندانەکانی سەرشەقام دژ بە سیاسەتەکانی ڕێژیم کە لە بزووتنەوەی خوێندکاری لە ساڵی ١٣٧٨ پێی نایە قۆناغێکی نوێ و لە ناڕەزایەتییەکان بە ساختەکاریی ئاکامی هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماریی ساڵی ١٣٨٨ گوڕوتینێکی جەماوەریی بەرینی وەرگرت و، لە ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٣٩٦ و خەزەڵوەری ١٣٩٨دا کەلینی نێوان دەسەڵات و خەڵکی ئێرانی بە تەواوی دەرخست، ئێستا ئیدی لە بزووتنەوەی ژینادا گەیشتۆتە ترۆپکی خۆی و تەواوەتیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی بەئامانج گرتوە. جیا لە خۆپێشاندان و مانگرتنەکان خەباتی مافخوازانەی خەڵکی ئێران لە چەند مەتەرێزی دیکەشدا دەردەکەون، وەک: نافەرمانیی مەدەنی لە شێوازی جۆراوجۆری لادانی حیجابی زۆرەملێ، بەهێندنەگرتن و شکاندن و سووتاندن و دڕاندنی نماد و سیمبولە حکوومەتییەکان، بایکۆتی هەڵبژاردنەکان و بەشدارینەکردن لە بۆنە و ڕێوڕەسمە حکوومەتییەکان و تێکۆشانی مێدیایی و دیپلۆماسی لە دژی ڕێژیم لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.
کۆماری ئیسلامی لە ڕێبەندانێکی دیکە و لە ٤٦ ساڵەی حوکمڕانیی خۆیدا پتر لە هەر کاتێک لاواز بووە. کوشتن و ئێعدام و سەرکوتی توندوتیژ و خوێناوی پاشەکشەی بە مافخوازیی خەڵک نەکردوە و ناڕەزایەتییەکان ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتر کڵپە دەستێنن. ئەگەرچی ڕێوڕچەی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی بێ تەنگ و چەڵەمەش نییە، بەڵام گرینگ ئەوەیە خەڵکی ئێران بە هەموو پێکهاتە جۆراوجۆرەکان لە خەبات و تێکۆشان لەو پێناوەدا بەردەوامن و لە کۆتاییدا بە زاڵبوون بەسەر ئاستەنگ و گرفتەکاندا تۆماری ئەم ڕێژیمە بە یەکجاری دەپێچنەوە.