کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی چۆن دەڕووخێ؟

00:58 - 28 رێبەندان 2724

کۆماری ئیسلامی چۆن دەڕووخێ؟

 

عەلی بداغی

لە چل و حەوتەمین ساڵی حوکمڕانیی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا گۆڕینی نیزامی سیاسیی وڵات سەرەکیترین داوای خەڵکە، ویست و داخوازێک کە لانیکەم لە کوردستان ٤٦ ساڵە خوێن و تێچووی بۆ دەدرێ و ئێستا ئیدی بۆتە ویستێکی گشتگیریش لەنێو هەموو پێکهاتەکانی ئێراندا.

کەڵەکەبوونی قەیرانە ئابوورییەکان لە سۆنگەی سیاسەتی ئایدۆلۆژی-ئەمنییەتیی ڕێژیم، ناکارامەیی لە ئیدارەدانی وڵات و گەندەڵیی بەربڵاوی حکوومەتی؛ بێ‌مافی خەڵک لە هەموو بەستێن و بوارەکان، کۆی قەیرانە کۆمەڵایەتی و ژینگەییەکان، داخراویی سیاسی لە تەنیشت سەرکوتی توندوتیژ و خوێناویی هەرچەشنە مافخوازی و ناڕەزایەتییەک لەدژی ڕێژیم بووەتە هۆی ئەوەی تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی بۆ خەڵکی ئێران لە هەموو شتێک پێویستتر بنوێنێ و حەوڵیشی بۆ بدات.

گۆڕینی نیزامی سیاسی لە هەر وڵاتێکدا بابەتێکی فرەڕەهەند و چەند لایەنە کە پشت بە چەند فاکتەرێک دەبەستێ، وەک هەلومەرجی نێوخۆیی، دۆخی ئابووری، شەرعییەتی سیاسیی دەسەڵات و ئاستی پشتیوانیی خەڵکی و فاکتەری دەرەکی وەک هێزی پشتیوان. بە سەرنجدان بەوە پرسیارە ئەمەیە ڕێگاکانی گۆڕینی ڕێژیم کامانەن و هەتا ئێستا کۆسپەکان چ بوون و بە چ شێوەیەک دەکرێ ئەم ئامانجە بەدی بێت؟

لە وڵاتانی دێموکراتیکدا "ڕێفراندوم" و دەنگی خەڵک دەتوانێ بۆ هەر گۆڕانکارییەک یەکلاکەرەوە بێت، بەڵام خەڵکی ئێران جگە لە کوردستان کە لە ساڵی ١٣٥٨دا بەشدارییان لە "ڕێفڕاندۆمی کۆماری ئیسلامی"دا کرد، نەیانزانی دەنگیان بە نیزامێکی سیاسی داوە کە خۆی ئیدی ڕێگە بە هیچ چەشنە ڕێفڕاندۆمێک بۆ گۆڕینی دەسەڵات نادات. واتە یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامی بەئاشکرا ڕێگەی لە ڕێفڕاندۆم بۆ گۆڕین و دیاریکردنی نیزامی سیاسی و پرسیار دروستکردن لەسەر "کۆماری ئیسلامیی ئێران" گرتوە؛ ئەویش لە کاتێکدا کە لە ئێستادا تەنیا سەتا ١٠ی حەشیمەتی ئێران ئەوانەن کە تەمەنی بەشداری لە ڕێفڕاندۆمی دیاریکردنی کۆماری ئیسلامییان بووە، سەرفی نەزەر لەوەش کە ئاخۆ ئەوکات بە ئا و بە نا بەشدارییان تێدا کردوە یان نا!

لە ڕێفڕاندۆم بترازێ، بزووتنەوە مەدەنی و ناڕەزایەتییە گشتییەکان، نافەرمانیی سیاسیی و مەدەنی و ڕاوەستانی ڕاستەوخۆ لە بەرانبەر دەسەڵات یەکێک لە شێوازەکانی گۆڕینی حکوومەت لە سەردەمی ئێستادان کە -بێ سەرنجدان بە ئاکام و هەڵسەنگاندنی ئەرزشیی شۆڕش و گۆڕانکارییەکان، بەڵام- لە ئینقلابە نارنجی یان مەخمەلییەکانی وڵاتانی ئورووپای ڕۆژهەڵات لە دەیەی ٩٠ و دواتریش لە بەهاری عەڕەبی دەیەی ڕابردوودا نموونەکانی بەرچاو دەکەون.

ئەگەرچی ئەو شێوازە لە خەباتە بە درێژایی تەمەنی کۆماری ئیسلامی لە ڕوانگە و بەرنامەی خەباتگێڕیی خەڵکدا غایب نەبووە، بەڵام بە چەند هۆکار کە ئاماژەیان دەدرێتێ سەرکەوتوو نەبووە. لەبەر ئەوەی بڕگەیی بوون و ئەوەندە بەردەوام نەبوون کە ڕێژیم بە تەواوی بخەنە تەنگانەوە. هەروەها ناڕەزایەتییەکان گشتگیر، بەربڵاو، فرەلایەن و چەند ڕەهەندی نەبوون و هەرجارە لەنێو چین و توێژێک سەریان هەڵداوە و پاڵنەرەکانیش جۆراوجۆر بوون، یان ئابووری، یان خواستی سیاسی، یان تەنانەت جیاواز لەڕووی نێوەرۆکەوە، وەک ڕەگەز و خەسڵەتەکانی خەبات و مافخوازیی مەدەنیی خەڵکی کوردستان لە چاو ناوچەکانی دیکەی ئێران. گرینگتر لەوانەش ڕێبەرییەکی ڕێک‌خراو و ستراتیژییەکی ڕوون و دیاریکراو و بەولاوەتر پشتیوانیی دەرەکیی بەهێزیشیان لە پشت نەبووە؛ بەڵام لە بەرانبەردا حاکمییەت بە هەموو توانای سەرکوت و سەربازی و ئەمنیەتیی خۆیەوە بەرەنگاری خەڵک و ناڕەزایەتییەکان بووەتەوە و پاشەکشەی پێ کردوون. ئەگینا بایکۆتی هەڵبژاردنەکان و بۆنە حکوومەتییەکان، مانگرتن و نافەرمانیییە مەدەنییەکان و تەنانەت لە چەند قۆناغدا خۆپێشاندانە جەماوەرییەکانی سەرشەقام هیچ شەرعییەتێکی بۆ ڕێژیم نەهێشتۆتەوە.

یەکێکی دیکە لە ڕێگاکانی گۆڕینی نیزامی سیاسی، ڕکەبەری و ململانێ و گۆڕانکارییەکان لەنێو دەسەڵات بە ئاراستەی شکانەوە بەلای بەرژەوەندیی خەڵک و بزووتنەوەی مافخوازیی کۆمەڵگەدایە. پێوەندیدار بە کۆماری ئیسلامیی ئێران لانیکەم لە سێ دەیەی ڕابردوودا خەڵک لە ڕێگەی سندووقەکانی دەنگدانەوە هەم پەیامی گۆڕانخوازیی خۆیان بە گوێی دەسەڵات و کۆمەڵگەی جیهانییش گەیاندوە و هەم ئەو دەرفەتەیان بە قۆڵە بەناوی ڕێفۆڕمخوازەکان داوە ئاقاری دەسەڵات و حوکمڕانی بە دیوی بەرژەوەندیی خەڵک بگۆڕن. بەڵام ئەوە نەکرا و خەڵکی ئێرانیش لەمێژە دەستی هیوایان لێ بەردوان و لەوانیش تێپەڕیون.

سادەترین ئاکامگیری لەو باسە ئەوەیە کاتێک بەهۆی نیزامی دیکتاتۆری و داخراویی سیاسی دەرەتانی گۆڕانکاریی دێموکراتیک لە پێکهاتە دەسەڵات لە وڵاتێکدا نەبێت، مەیل و پێویستیی ئەم گۆڕانکارییە بەناچار بۆ ڕاپەڕین بە مەبەستی ڕووخان دەڕوات، بابەتێک کە لە ئێرانی ئەمڕۆدا بەتەواوی هەستی پێ دەکرێت. بەتایبەت کە ڕووخانی ڕێژیمی بەشار ئەسەد ئەم پەیامەی بە خەڵکی ئێران دا کە گۆڕینی نیزامە دیکتاتۆڕ و سەرکوتگەرەکان کردەنییە و دەست دەدات. ڕووخانی حکوومەتی سووریە دەتوانێ کاریگەریی لەسەر تێڕوانینی ئەمریکا و ڕۆژئاواش لەهەمبەر کۆماری ئیسلامی هەبێ و بە داخستنی پەروەندەی وتووێژی ڕەخنەگرانە و موماشات لەگەڵ ئەم ڕێژیمە بەلای پشتیوانی لە بزووتنەوەی ئازادیخوازی و دێموکراسی لە هەناوی کۆمەڵگەی ئێراندا بشکێنەوە. بەتایبەت لە ئێستادا تڕامپ گوشارە سیاسی و ئابوورییەکانی لەسەر ئێران زیاتر کردوە و کەلێن نێوان خەڵک و حاکمییەت لە ئێران بەگشتی و تایبەتیتر کەلێن و ناکۆکیی نێوخۆیی دەسەڵات لە ئێران پتر لە هەر کاتێکە.

لە کۆتاییدا پێشمەرجی هەر گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لەپێناو ڕووخانی کۆماری ئیسلامی و بەدیهاتنی ماف و ئازادییەکانی خەڵکی ئێران یەکخستنی وزەی خەباتگێڕیی ئەوان و فراوانکردن و گشتاندنی مەیدانی ئەو خەباتە بۆ هەموو جەمسەر و جومگەکانی بەرەوڕوو بوونەوە لەگەڵ دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییە. ئەمەش دەخوازێ شوڕایەکی ڕێکخستن و هاوئاهەنگیی ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیم پێک بێت کە هەم بتوانێ نوێنەرایەتیی خەڵک بکات، هەم بەرنامەیەک بۆ پێکهیێنانی هاوپەیمانی لەپێناو ڕاگەیاندنی ئالترناتیڤی کۆماری ئیسلامی و تێپەڕینی دێموکراتیک لە قۆناغی ڕووخان و دوای ڕووخانی ڕێژیمی ئێستا بخاتە ڕوو؛ لەلایەکی دیکەشەوە بە وەرگرتنی شەرعییەتی خەڵکی بتوانێت پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ ئەم گۆڕانە دەستەبەر بکات. ئەمەش ئەرکی سەرشانی هەموو هێزە دێموکراسیخوازانی ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامییە.