
پرۆکسی بەدوای دێموکراسی و دابینکردنی مافی مەدەنییەوە نییە
ئازاد مستۆفی
"الاستقوا بالخارج" چەمکێکی سیاسییە لە وڵاتانی عەرەبیدا کە ئاماژەیە بۆ گرووپێک، حیزبێک یان بزووتنەوەیەکی سیاسی کە هەوڵی بەدەستهێنانی پشتیوانیی دەرەکی دەدات بە هەر ڕێگەیەکی شەرعی یان ناشەرعی، بۆ ئەوەی لە بەرامبەر ڕکابەرە سیاسییەکانیدا پێگەی خۆی بەهێز بکات. ئەم بزووتنەوە سیاسییانە سیاسەتێکی "لەسەر هێڵی موشتەری Client Politics" پەیڕەو دەکەن بۆ ئەوەی سەرنجی زلهێزە دەرەکییەکان ڕابکێشن و لەبری پشتبەستن بە پاڵپشتی نێوخۆیی چین و توێژە جیاجیاکانی گەلی وڵاتەکەیان، ڕوو لە ئەکتەرە بیانییەکان دەکەن.
ئەم بزووتنەوەیە سیاسییە دەسەڵاتی خۆی لە هێزی پشتیوانیکراوی بیانی Foreign-backed Strength وەردەگرێت و وەک پرۆکسیی ئەوان کارا دەبێت. لەڕاستیدا ئەم گرووپە یان بزووتنەوە سیاسییە بایەخێک بۆ ئیرادەی دانیشتووانی ئەو خاکە نادات کە تێیدا دەژی، یان کاریان بۆ دەکات، بەڵکوو دەسەڵات و کاریگەریی خۆی بۆ ڕازیکردنی سیاسەتی ڕاگوزەری بیانییەکان و مامەڵەکردن لەگەڵ دەسەڵاتە دەرەکییەکان دادەنێت و دەبێتە ئەکتەرێکی هاوئاراستە لەگەڵ دەسەڵاتە بیانییەکان Externally Aligned Actor. پرۆکسی، لە یارمەتیی ئابووری Rentier Politics وەکوو کەرەستەیەک بۆ وەدەستهێنانی دەسەڵات و ڕکابەریی لەگەڵ حزبەکانیتر کەڵک وەردەگرێت و، لە پرۆمۆتی میدیایی ئەوان Media Proxy بەهرەمەند دەبێت.
گرووپی سیاسیی سەر بە پشتیوانی دەرەکی، لە کاتی بەدەستهێنانی دەسەڵاتدا، چەندین ئیمتیاز بە لایەنگرانی بیانیی خۆی بۆ پاراستنی دەدات و لە ڕاستیدا، ئەم پەیوەندییە دەبێتە هۆی کۆنتڕۆڵی ناڕاستەوخۆی وڵاتی بیانی بەسەر سەرچاوە ئابووری، سیاسی یان بڕیاردانی سەرەکیی وڵاتی خانەخوێ و دەتوانرێت وەک فۆرمێک لە نیوکۆلۆنیالیزمی Neo-Colonialism وەسف بکرێت.
ئەگەر حکوومەتێکی بە وەکالەت دوای هاتنە سەر دەسەڵات ئیمتیازاتی ئابووری وەک گرێبەستی دەرهێنانی سەرچاوە سرووشتییەکان یان ئیمتیازاتی باج بداتە وڵاتێکی بیانی، ئەم ڕەفتارە هاوشێوەی وابەستەیی ڕەنتیەر Rentier State Dependency پێناسە دەکرێت. لە بواری دیپلۆماسیشدا ڕوو دەکاتە Payback Diplomacy پێدانەوەی دیپلۆماسی. واتە هێزێکی سیاسی کە دەسەڵاتی خۆی لە یارمەتیی دەرەکییەوە وەردەگرێت، دوای هاتنە سەر دەسەڵات، هەوڵ دەدات لە ڕێگەی ئیمتیازە ئابووری، دارایی، یان ستراتیژییەکانەوە هاوکارییەکانی وڵاتی پشتیوان قەرەبوو بکاتەوە.
پرۆکسییەکانی جیهانی عەرەب و ئێران
لە مێژووی هاوچەرخدا وابەستەیی بزووتنەوە سیاسییەکان بە زلهێزە بیانییەکان یەکێک لە گرنگترین پرسە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهانی عەرەبی بووە. ئەم وابەستەییانە بەزۆری بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی دارایی، سەربازیی یان سیاسی لە وڵاتانی زلهێزەوە دامەزراون و لێکەوتەی ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسیی بەرفراوانیان هەیە. نموونەی بزووتنەوە سیاسییە پەیوەندیدارەکان لە وڵاتانی عەرەبی و ئێران بریتین لە:
لوبنان و حیزبوڵڵا
حیزبوڵڵای لوبنان یەکێکە لە نموونە دیارەکانی گرووپە سیاسی و سەربازییەکانی سەر بە ناوچەکە. ئەم گرووپە لە سەرەتای دروستبوونیەوە لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە، پاڵپشتیی ڕاستەوخۆی دارایی، چەک و مەشق و ڕاهێنانیان لە ئێران وەرگرتوە. ئەم بەستراوەییە ئەوەندە ئاشکرایە کە حیزبوڵڵای لوبنان بە فەرمی وەک هێزی بەوەکالەتی ئێرانە لە لوبنان و ناوچەکەدا. هاوکات حیزبوڵڵای لوبنان بە کەڵکوەرگرتن لەو پاڵپشتییە، بووەتە ئەکتەرێکی گرنگی نێوخۆیی و ناوچەیی کە لە شەڕەکانی غەززە و سووریادا بەقازانجی حەماس و حکوومەتی بەشار ئەسەد دەستێوەردانی دەکرد و ئەم دەستێوەردانانە بووە هۆی کوشتنی سەرکردەکانی ئەم گرووپە میلیشیاییە.
یەمەن و حوسییەکان
حوسییەکان لە یەمەن نموونەیەکی دیکەی ئەو گرووپانەن کە پەیوەستن بە زلهێزێکی دەرەکییەوە. ئەو گرووپە کە لە سەرەتادا وەک بزووتنەوەیەکی نێوخۆیی لە باکووری یەمەن سەری هەڵدا، وردە وردە بووە یەکێک لە هێزە بەوەکالەتەکانی ئێران لەبەرامبەر ئەو هاوپەیمانییەی کە سعوودی و ئیمارات سەرۆکایەتییان دەکرد. حوسییەکان لە لایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دارایی دەکرێن و چەکیان دەدرێتێ و ئەمەش ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لە پەرەسەندنی شەڕی نێوخۆی یەمەن و هەروەها گرژییە دەریاییەکان لە ناوچەکەدا. بێگومان هاوکاریی ماددی کە دەبوو بۆ گەشەپێدان و خۆشگوزەرانی لە شەڕەکەدا خەرج بکرایە، بۆ درێژەدان بە شەڕ و کوشتن بەکار هێنراوە.
عێراق و گرووپی میلیشیایی شیعە
لە عێراق، گرووپە میلیشیا شیعەکانی وەک کەتائێبی حیزبوڵڵا، عەساعێب ئەهلی حەق و ڕێکخراوی بەدر نموونەی ئەو گرووپانەی سەر بە ئێرانن کە لەلایەن سوپای قودسەوە ڕێکخراون و ئاڕاستە دەکرێن. هەروەها ئەو میلیۆنەها دۆلارەی ئەم گرووپانە خەرجی دەکەن لە باخەڵی خەڵکئی ئێرانە کە بۆخۆیام لە دۆخێکی ئابووریی پڕ قەیراندا دەژین. ئەم گرووپانە نەک هەر لە گۆڕەپانی سەربازیدا بەڵکوو لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراق و ناوچەکەشدا ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن. پشتیوانیی ئێران لەم گرووپانە لە ڕێگەی چەک و مەشق و دارییەوە، کاریگەریی تارانی لە پێکهاتەی سیاسی عێراق لە دوای ڕووخانی سەدام حوسێن بەهێزتر کردوە. کردەوەی پرۆکسییەکانی ئێران لە عێراق بووەتە هۆی پەرەسەندنی شەڕی ئایینی و تایفەگەری و قووڵبوونەوەی ناکۆکیی نێوان دەسەڵاتە ئایینییە شیعەکان و ناکۆکی نێوان بەغدا و هەولێر.
فەلەستین و حەماس
حەماس وەک بزووتنەوەیەکی ئیسلامیی-فەلەستینی لەلایەن قەتەر، تورکیە و ئێرانەوە پشتیوانیی دارایی و سیاسیی وەرگرتوە. ئێران یەکێک لە لایەنگرانی سەرەکیی بزووتنەوەی حەماسە بەتایبەتی لە ساڵانی ٢٠٠٠ ەوە، پێداویستییە دارایی و چەکدارییەکان بۆ ئەو گرووپە دابین دەکات. ئەم پشتیوانییە بەشێکە لە ستراتیژیی ئێران بۆ فراوانکردنی نفووزی ناوچەیی و بەرپەرچدانەوەی کاریگەریی ئیسرائیل و هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی کە بێگومان ڕووداوە خوێناوییەکانی ئەم دواییەی غەززە بەرهەمی بوونی ئەو پرۆکسیانەیە.
ئێران و ڕۆڵی زلهێزەکان لەنێو دەسەڵات و هەندێ گرووپی سیاسی
سەردەمی قاجار
هەر لە سەردەمی قاجارەوە، ئێران بەهۆی پشتبەستنی هەندێ پاشا، سەرۆکوەزیران، نوخبە و پیاوانی ئایینی بە ڕووسیە یان بەریتانیا، هەمیشە لەژێر کاریگەریی زلهێزەکاندا بووە. گرێبەستەکانی وەک "تورکمانچای" و "گۆڵستان" و هەروەها ئیمتیازە ئابوورییەکانی وەک ئیمتیازی "ڕۆیتەرز" یان "تەنباکوو"، نموونەی پشتبەستنی ئابووری و سیاسیی ئێران بە زلهێزە دەرەکییەکان لەم سەردەمەدایە. قاجارەکان لە ماوەی دەسەڵاتدارێتیی خۆیاندا بەکردەوە نەیانتوانیوە سەربەخۆیی سیاسییان بەرامبەر بە زلهێزەکان بپارێزن و زۆرێک لە بڕیارە گرنگەکان لەژێر کاریگەریی هێزی دەرەکی یاخود دەوڵەتێکی بیانیدا بووە. ڕێککەوتنە بازرگانییەکان و چەندین ئیمتیازاتی ئابووری کە پاشاکان، شازادەکان، یان سەرۆکوەزیرانی سەردەمی قاجار بۆ مانەوەی خۆیان لە دەسەڵاتدا، موزایەدەیان بە وڵاتەوە کردوە بووەتە هۆی دابڕانی ٣،٤١٣،٠٠٠ کیلۆمەتر چوارگۆشە لە ئێران، واتە نزیکەی ٣.٥ میلیۆن کیلۆمەتر چوارگۆشە و ئەمە لە مێژووی ئێراندا بێوێنەیە و لە وڵاتانی دیکەشدا دەگمەنە.
پەهلەوی و کۆماری ئیسلامیی ئێران
ڕەزاشا کە لە ڕێگەی کودەتا و بە پاڵپشتیی بریتانیا هاتە سەر دەسەڵات، لەلایەن هەمان پاڵپشتی بیانییەوە لە پۆستەکەی وەلا نرا و بۆ باشووری ئەفریقیا دوور خرایەوە و هەتا مردنی لەوێ مایەوە. لە سەردەمی ڕەزاشادا پەیمانی سەعدئاباد بەسترا و، ناوچەی ئارارات بە ڕووبەری ٨٠٠ کیلۆمەتر چوارگۆشە بە تورکیە و ناوچەی دەشتی ناهید بە ڕووبەری ٣٠٠٠ کیلۆمەتر چوارگۆشە بە ئەفغانستان و ناوچە نەوتییەکانی بە ڕووبەری ١٨٠٠ کیلۆمەتری چوارگۆشە بە عێراق درا، کە لەلایەن ڕەزا شا پەهلەوی لە ساڵی ١٣١٦ی هەتاوی واژۆ کراوە. ساڵی ١٣٣٣ بە ڕەزامەندیی محەمەد ڕەزاشا پەهلەوی، خاکی ناوچە سنوورییەکانی باکووری ڕۆژئاوای (برام تپە، دیمان، تازەکن، باغچەسرا و...) و زەویی مەزرای فیروزە، گوندێک و دوو پارچە زەوی بە یەکێتیی سۆڤیەت درا. لە ساڵی ١٣٤٩ خاکی بەحرێن لەلایەن بنەماڵەی پەهلەوی لە ئێران جیا کرایەوە. بەڵام ئەم گوێلەمست بوونانەی ڕێژێمەکانی ئێران بە زلهێزە دەرەکییەکان نەیتوانی بەربەستێک لە بەردەم شەپۆلی ئاڵوگۆڕ و شۆڕش دروست بکەن و ڕێژێمی پەهلەوی ڕووخا.
لە مانگ و ساڵانی سەرەتای ڕووخانی پاشایەتیی پەهلەویدا، حیزبی کۆماری ئیسلامی بە سەرۆکایەتیی کەسانی وەک ئایەتوڵڵا محەمەد بەهەشتی و سەید عەلی خامنەیی، ڕۆڵێکی گرنگی لە سەقامگیرکردنی ڕێژیمدا بینی. ئەم حیزبە کە لە پشتیوانیی هێزە بناژۆخوازە ئیسلامییەکان و هەروەها بەشێک لە زلهێزە دەرەکییەکانی وەک یەکیەتیی سۆڤیەت بەهرەمەند بوو، توانی دەسەڵاتی خۆی لە پێکهاتە سیاسییە نوێیەکەی ئێراندا بچەسپێنێت و ڕکابەرەکانی تیرۆر بکات یان لەناویان ببات. ئایەتوڵڵا خومەینی، کە لە ساڵی ١٣٤٢ی هەتاوییەوە لە پشتیوانیی میدیای فارسیی بی بی سی بەهرەمەند بوو، لە ماوەی ساڵانی دەسەڵاتداریدا، پشتیوانیی تەواوی ڕووسیە و بەشێک لە هێزە بیانییەکانی هەبوو. و سەید عەلی خامنەیی، جێنشینی خومەینیش بە هەمان شێوە و ئێستاش قەرزاری زلهێزەکانی ڕۆژهەڵاتە بۆ پاراستنی ڕێژیمەکەی.
ئێران و نموونەی هاوچەرخی "الاستقوا بالخارج"
لە نێو نموونە هاوچەرخەکانی گۆڕەپانی سیاسەتی ئۆپۆزسیۆنی ئێران لە دەرەوەی وڵات کە بە دوای پشتیوانیی دەرەکیدا دەگەڕێت بۆ لەنێوبردن و نەهێشتنی ڕکابەرە سیاسییەکانی نەک بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵاتی پاوانخوازانەی ئێران، دەتوانرێت بە ڕوونی ئاماژە بە گرووپی پەهلەوی بکرێت. ئەم گرووپە کە پێشتر وانەی خۆی لە حوکمڕانی و بەربڵاویی گەندەڵیی ئیداری و دارایی داوە و، مێژووی کوشتنی بەکۆمەڵی نەیارانی سیاسی و کوشتنی گەلی خۆی هەیە؛ ئێستا دەیەوێت لە هەر هەلومەرجێکدا بگەڕێتەوە سەر دەسەڵات و وەک ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی خۆی دەخاتە بەردەم زلهێزە دەرەکییەکان. بەڵام لە واقیعدا وەک پرۆکسییەکی مۆدێرن بۆ هەندێک وڵاتی بیانی دەجووڵێتەوە.
تاقمی پەهلەوی کە پشتیوانیی دارایی و میدیایی بەشێک لە تاک و ڕەوتی ڕۆژئاوایی و شانشینی سعوودیەی هەیە، هەوڵێکی هاوبەش دەدات بۆ بەکارهێنانی ئەم پشتیوانییە بە مەبەستی بەهێزکردنی پێگەی خۆی بەرامبەر بە ئۆپۆزیسیۆنی بنەڕەتی کە شەڕی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دەکات. لۆبیکردنی ئەم بە وەکالەتە، کە تا دوێنێ محەممەدڕەزا پەهلەویی بە تاکە پادشای شیعەی جیهان ناو دەبرد و وتاری ئاگرینی دژ بە ئیسرائیل و بەهاییەکان دەدا، ئەمڕۆ لەگەڵ وەرچەرخانی دەسەڵات، کوڕی شا بەهەزینەکردنی بەرچاو، توانیویەتی کەسایەتییە ناودارەکان لەڕووی داراییەوە ڕابکێشێت و سوپایەک لە فەزای ئەلیکترۆنیدا دروست بکات و بوختانی قێزەون دژی چالاکانی سیاسی و مەدەنی بڵاو دەکاتەوە و وێنەیەکی زیادەڕەویی لە خۆی بە بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیای پرۆکسییەوە پێشان دەدات. لە کاتێکدا مێژووی ئەدای ڕەزا پەهلەوی سەبارەت بە توانای جێبەجێکردنی ئەم بەڵێنانە پرسیاری جددی دێنێتە ئاراوە و ئەو هەوڵی زۆر بۆ فرۆشتنی خەونەکانی دەدات. دەرەنجامی سیاسەتەکانی ئەم گرووپە الاستقوا بالخارج، نەفرەت و دووبەرەکینانەوە لە نێوان گرووپە سیاسییەکان، هەوڵنەدانی جددی بۆ ڕێکخستن دژی دیکتاتۆری، هێرشی فیزیکی و سۆشیالمیدیایی بۆ دژبەرانی ڕاستەقینەی دیکتاتۆری و لەکۆتاییدا بوون بە هۆبەیەکی سوپای قودس لە دەرەوەی ئێران.
بێگومان هەروەک لەم وتارەدا بەکورتی ئاماژەی پێدراوە، وابەستەیی تەواوەتی بزووتنەوەیەکی سیاسی بە زلهێزە دەرەکییەکان دەرئەنجامی قەرەبوو نەکراوەی هەیە بۆ سەربەخۆیی و سەروەریی دیموکراسی و دانانی پێوەرە گشتگیرەکانی مافی مرۆڤ. شیکاریی نموونە جۆراوجۆرەکان، لە حیزبوڵڵای لوبنانەوە تا گرووپی پەهلەوی دەیسەلمێنێت کە ئەم وابەستەبوونانە زۆرجار دەبێتە هۆی زیادبوونی قەیرانە نێوخۆییەکان و چڕبوونەوەی دەستێوەردانەکانی دەرەکی.
ئایندەی سیاسیی ئێران پێویستیی بە وشیاری و هەوڵدان هەیە بۆ کەمکردنەوەی ئەو وابەستەییانە و پتەوکردنی پشتیوانیی جەماوەری و ڕێکخراوە مەدەنییە بەرفراوانەکانی نێو خەڵک. ئەوەی لە بەرخۆدانی مەدەنیی لەمێژینەی کوردستاندا دەبینرێت، نموونەیەکی بەرچاوی سەربەخۆیی سیاسیی حیزبی دیموکراتی کوردستانە. ئەم حیزبە بە درێژایی مێژووی خەباتی خۆی هەوڵی دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی ئامادەکراو بۆ بناغەی دیموکراسی و مافی مرۆڤ لە ڕێگەی ڕێکخستنی مەدەنی بەرفراوانەوە داوە و لە ساتەوەختە گرینگەکانی خەباتیشدا هاوپەیمانی لە نێوان لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی مەیدانەکەدا دابین کردوە. هەروەها حیزبی دێموکرات بە پەروەردە و ڕاهێنان و ڕێکخستنی سیاسیی بەرفراوان لە ماوەی ساڵانی بەردەوامی خەباتی خۆیدا توانیویەتی پەیامی یەکگرتوویی کوردستان لە ڕێی مانگرتنە مەدەنییەکان بەرامبەر داگیرکەران و ستەمکاران بەگوێی کۆمەڵگەی جیهانی و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان بگەیەنێت و لە کوردستان سیمایەکی لانکەی شارستانییەت و یەکگرتوویی کە جیاوازە لەگەڵ ناوچەکانیتری بۆ بەردەنگی ڕێگەی ئازادی و دیموکراسی پێشان بدات.