
زمانی دایک؛ داڵدەیەکە بۆ مانەوە و ملبادان لە بەرامبەر یەکدەستبووندا
هەردی سەلیمی
ئەمساڵیش لە کاتێکدا ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکمان بەڕێ کرد، کە هەر ئێستا لە دنیای بەناو پێشکەوتووی ئەمڕۆدا، سەدان میلیۆن کەس لە مافی پەروەردە و ڕاهێنان بە زمانی دایک و خوێندنی زمانی خۆیان، بێبەشن. هەر ئێستا و ڕۆژانە چەند زمان لە ئاستی جیهاندا لە بەرەبەری لەنێوچووندان. زمانێک کە تاکە ئامرازی پێوەندیی مرۆڤە لەگەڵ دەوروبەری خۆی. مرۆڤ ئەم بوونەوەرە بیرمەندە لە ڕێی زمانەوەیە کە دەتوانێ پێوەندی لەگەڵ دەوروبەری خۆی و مرۆڤەکانی تردا ساز بکات و هەر لەم ڕێیەوە خۆی بناسێ و ژینگەی بناسێ و بناسێنێ.
کاتێک مرۆڤێک دەبینین کەوا بە شێوەی زگماک یا بەبۆنەی ڕووداوێکەوە توانای قسەکردنی نییە و لە ڕاستیدا کەسێکی لاڵە، هەستی بەزەییمان هەڵدەخڕێنێ و ئەو کەمایەسییە بە غەدرێکی گەورە دەبینین کە لە هەقی ئەو مرۆڤەدا کراوە؛ بەڵام با بێنینە پێش چاوی خۆمان کاتێک دەوڵەتێک، دەسەڵاتێک و هێزێک، کۆمەڵە مرۆیەک مەنع دەکەن کە بە زمانی خۆیان بئاخفن و بخوێنن و بنووسن، واتە مرۆڤ بە دەستی مرۆڤ بێبەش بکرێ، چەندە قورستر و دڵتەزێنتر نائەخلاقیترە.
لە ڕاستیدا دیاریکردن و تەرخانکردنی ڕۆژێک لە ڕۆژژمێری جیهانی بۆ زمانی دایک، پێش لە هەر شتێک دەرخەر و نیشاندەری ئەم ڕاستییەیە کە دۆخی زمانەکان دۆخێکی قەیراناوی و ترسناکە. دەوڵەت-نەتەوە مۆدێرن و ناوەندگەراکان، تەنیا بەوە ڕازی نەبوون کە یەک ئایینیان هەبێ، یەک کولتووریان هەبێ، یەک سپایان هەبێ، یەک ئاڵایان هەبێ، یەک ناوەندی ڕاهێنانیان هەبێ، یەک دراویان هەبێ و... بەڵکوو بە زۆر و دەسەڵاتێکی خۆسەپێنانە کولتووری تاکزمانییش بڵاو دەکەنەوە و بێشەرمانە شانازییشی پێوە دەکەن. بۆ نموونە زمانگەلێکی وەک "ئالزانسی" و "ئۆکسیتانی" کە لە زمانە هەرە کۆنەکانی ئورووپان، بەبۆنەی یاسای سەقەت و فاشیستییانەی بنەڕەتیی وڵاتی فەڕانسە لەمەڕ زمانەوە، خەریکە بەرەو نەمان هەنگاو دەنێن. هەروەک ئەو سیاسەتە چەوتەی کە ڕێژیمەکانی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامی سەدەیەکە لەم ڕووەوە گرتوویانەتە بەر و زیاتر لە بیست زمانی نێو ئەم جوغرافیایە کە لە ڕابردوویەکی نەزۆر دووردا زیاتر لە سی زمان بوون، بەکردەوە بەرەو لەنێوچوون پاڵ پێوە دەنێن.
ئەوەی کە لە ئێراندا و لەلایەن کەسانی فاشیستی پۆزیسیۆن و ئۆپۆزیسیۆنەوە دەوترێ زمانی فارسی زمانی فەرمی و هاوبەشی مێژووییی دانیشتووانی ئێرانە، درۆیەکی ڕووتە و هیچ پاساوێک هەڵناگرێ. هەر ئێستاش لە کوردستان و بەلووچستان و ئازەربایجان و... پیرەپیاو و پیرەژنی زۆرمان هەیە جگە لە زمانی خۆیان هیچ زمانێکی تر نازانن، کەواتە کام زمانی هاوبەشی مێژوویی؟ ئەوەی نەچووبێتە قوتابخانە و لە ڕابردووشدا لە حوجرە نەیخوێندبێ و نەبووبێتە خوێندەوار هەرگیز زمانێکی تر فێر نەبووە. ئەمە دەرخەری ئەوەیە ئەم زمانە لە ڕێگەی سیستمی پەرەوەردە و بە زۆرەملێ داسەپاوە بەسەر نەتەوەکانی تری ئەو وڵاتەدا. گەر ئەو گریمانەیەمان قەبووڵ بێت، بۆچی هەر ئێستاش مامۆستایانی زمانی دایک دەسبەسەر دەکرێن؟ گەر خەڵک خۆی بە ویست و حەزی خۆی و لە ڕێگەیەکی دێموکراتیک و لە پرۆسەیەکی مێژووییدا فێری زمانی فارسی دەبێت، بۆچی زراویان لە فێرگەی زمانە نافارسییەکان چووە؟ یان با پرسیارێکی تر بکەین، هەر لە بنەڕەتڕا فەرمی و نافەرمی یانی چی؟ کێ دیاریی دەکات زمانێک نافەرمییە و زمانێکی تر فەرمی؟ کێ ئەو مافەی پێ داوە؟ ئەم ئیستدلالە چ جیاوازییەکی لەگەڵ ئیستدلالی کۆماری ئیسلامی لە پێوەندی لەگەڵ پرسی حیجابدا هەیە کە دەڵێ ئێران وڵاتێکی ئیسلامییە و بەپێی یاسای ئەم وڵاتە دەبێ پۆششی "فەرمی"تان هەبێ؟ بۆ لێرەدا ئەم فەرمییە نافەرمییە، بەڵام لە پێوەندی لەگەڵ زمانی فارسیدا فەرمییەکەی نێو یاسای کۆماری ئیسلامی نابێتە نافەرمی؟
پێشەوا و سەرۆککۆماری مەزنمان، شەهید قازی محەممەد لە بەشێک لە وتارەکەیدا لە ڕۆژی ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستاندا دەڵێ؛ "چەند مەدرەسەی کچان و کوڕانمان کردەوە. مەدرەسەی شەوانەمان دایر کرد و کتێب بە زمانی کوردی تەرجەمە کران، چەندسەد کوڕ و کچ و پیاوی گەورە لە مەدارسی شەوانە و ڕۆژانە بە زمانی کوردی دەخوێنن، لەجیاتی ئەوەی شەشحەوت ساڵ خەریکی خوێندن و فێربوونی زمانی فارسی بن، لە مانگێک و دوو مانگدا دەبنە خوێندەوار و هەموو شتێک دەخوێننەوە و دەنووسن." لە پێشدا بەداخەوە کە پاش هەشتا ساڵ لەو ڕێکەوتە، ئێمە هێشتاش دەبێ لە هەوڵدا بین بۆ ئەستاندنی سەرەتاییترین مافمان و لابردنی بێئەخلاقانەترین ستەم و سیاسەتێک کە لەسەرمان پیادە دەکرێ، بەڵام سەرنج بدەینە ئەو بەشە لە وتەی پێشەوا کاتێک باس لەوە دەکات کە کەسێک بە دوو مانگ دەبێتە خوێندەوار چون زمانی خۆی دەخوێنێ، لە بەرامبەریشدا هەمان کەس چەند ساڵی پێدەچێ و هەر نابێتە خوێندەوار چون زمانی خۆی ناخوێنێ و بۆی نامۆیە. ئەم قسەیە بەپێی ئەزموون وتراوە، بەڵام ئێستا دەزانین پشتڕاستکردنەوەی زانستیشی لەگەڵە.
بەخۆشییەوە لەدوای نزیک بە سەدەیەک تێچووی ماددیی زۆر و زەبەند و سیاسەتی تواندنەوە و فاشیستیی دوو دەسەڵاتی ناوەندگەرای ئێران، وشیاریی سیاسی و شوناسخوازانە و نەتەوەییی نەتەوەکانی جوغرافیای سیاسیی ئەم وڵاتە، گەورەترین لەمپەرێک بووە لە بەردەم سیاسەت و بەرنامەکانیاندا و دیسان بەخۆشییەوە ڕۆژانە شایەدی ئەوەین ئەوان لە پاشەکشێدان و ئێمە لە بەرەوپێشچووندا. بەبۆنەی ئەم ڕۆژەوە کە ژیانی هەموو ڕۆژێکی ئێمەیە، دەبێ پیرۆزبایی بکەین لە هەموو ئەو کەسانەی لە زیندووڕاگرتن و پەرەپێدان بە زمانی خۆیاندا هەوڵ دەدەن.