![](/content/upload/1/news/77597_w920.jpg)
ژنکوژی دیاردەیەکی دەوڵەتییە نەک نەتەوەیی
هەردی سەلیمی
بەپێی ڕاپۆرتی ساڵانەی کۆڕبەندی جیهانیی ئابووری ناسراو بە "داووس" لە پیوەندی لەگەڵ پرسی یەکسانیی ژن و پیاودا، وڵاتی ئێران هەموو ساڵێک و بەردەوام لە کۆتاییی خشتەکەدایە. پێوەر و فاکتۆرەکانی ئەم ڕاپۆرتە لە چوار بەشی پەروەردە، تەندروستی، ئابووری و سیاسەتدایە و جگە لەم چوار بەشە نییە. هەر بۆیەشە لەلایەن چالاکانی مافی ژنانەوە بایەخێکی زۆری پێ نادرێ، لەبەر ئەوەی پێیان وایە فاکتۆرەکانی زیاتر پێوەندی لەگەڵ ئامار و ئەژماردایە و ڕۆ ناچێتە نێو قووڵاییی ئەم پرسەوە و زۆر پێوەری گرینگی تریش هەن کە لەبەرچاویان ناگرێ، بەڵام بەو حاڵەشەوە و هەر ئەم ئامارە سەرپێییەش دەریدەخات درز و کەلێنی ڕەگەزی لە ئێراندا چەندە قووڵە.
ئەم ئامارانە نیشانی دەدەن ژنان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بە شێوەیەکی سیستماتیک وەلا نراون و لەبەرچاو نەگیراون، کە بەداخەوە ڕێگەخۆشکەریش بووە بۆ ئەوەی لەلایەن کۆمەڵگەی پیاوسالاریشەوە بە ڕەگەزی پلەخوار لێی بڕوانن و بەدوای ئەوەشدا لە بەرامبەریدا هەڵسوکەوتێکی تێکەڵ بە توندوتیژییان هەبێ و یاساش بەربەستێک نەبێ بۆیان، بەڵام ئەم ئاستە لە پەڕاوێزخستن تەنیا تایبەت بە کۆماری ئیسلامی نییە، بەڵکوو لانیکەم لە مێژووی هاوچەرخی ئەو وڵاتەدا سیستمی پاشایەتییش لە بەرهەمهێنانەوەی ئەم ڕوانگەیە لەسەر ژنان هەر ئەو ڕێیەی پێواوە وا کۆماری ئیسلامی خەریکە دەیپێوێ.
نزیک بە سەدەیەکە ئەم دوو دەسەڵاتە لە ڕێگەی پەروەردە، سینەما، ئەدەبیات، ڕۆژنامە، یاسا و زۆر ڕێگەی تریشەوە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەدژی ژنان و مافەکانیان و هەروەها ئاسانکاری بۆ توندوتیژی لەلایەن پیاوانەوە کاریان کردووە. سینەمای فارسی بە شێوەیەکی سیستماتیک بانگەشەکەری توندوتیژیی دژی ژنان بووە و کەسایەتیی قارەمانی لە کەسانی چەقۆبەدەست و ژنکوژ نیشان داوە و سیکلی توندوتیژیی بەرهەم هێناوەتەوە.
ئاماری ژنکوژی لە ئێراندا لەژێر کاریگەریی ساڵانێکی دوورودرێژ لە پەروەردەی ئاوا سەقەتدا ڕوو لە زیادبوونە، تەنانەت ئامارەکان نیشانی دەدەن لەدوای بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژیناشەوە کە دروشمە سەرەکییەکەی "ژن، ژیان، ئازادی" بوو، ژنکوژییەکان زیاتریشیان کردووە و کەمتر نەبوونەتەوە. لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤دا بەنسبەتی ساڵی ٢٠٢٣، شەست لەسەد زیاتر حاڵەتی ژنکوژی ڕووی داوە و تۆمار کراوە، لە دەسپێکی ساڵی ١٤٠٣ هەتا ئێستاش کە هێشتا تەواو نەبووە، لانیکەم ١٤٣ ژن کوژراون. لەم ئامارانەدا کە بێگومان حاڵەتی تۆمارنەکراویشیان تێدایە، دەوڵەت لەژێر ناوی "ناکۆکیی بنەماڵەیی" و "کوشتنی نامووسی"، خۆی لە بەرپرسیارەتی دەدزێتەوە و کێشەکان بۆ خودی بنەماڵەکان دەگەڕێنێتەوە. لەم نێوەدا پتر لە دە ساڵە گەڵاڵەی بەناو پشتیوانی لە ژنانیش لە نێوان سێ هێزی دەسەڵاتدا دەستاودەست دەبێ و هەر نابێتە یاسا! کە دەرخەری ئەم ڕاستییە تاڵەیە دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی عەمەلەن پاڵپشتی لە توندوتیژی دژی ژنان دەکات و ڕێگر نییە لە بەردەم ئەم توندوتیژییانەدا.
کوردستانیش بەشێکی لەم ئامارانە هەیە و بەتایبەتی لە ماوەی پێشوودا چەندین حاڵەتی توندوتیژی و ژنکوژی لە شارە جیاوازەکانی کوردستانیش ڕوویان داوە و هەر ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی دەمی کەسانی دژەکورد بکرێتەوە و ئەم ئاکارانە لە پارادۆکسیکاڵبوونی دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" لەگەڵ ڕووتینی ژیانی خەڵکی کوردستاندا بزانن و ڕوو لە بەشەکانی تری ئێران وا نیشان بدەن ئەم دروشمە لە نێوەرۆکدا پووچەڵ و بێواتا و ڤیترینییە. لە ڕاستیدا نکۆڵی لەوە ناکرێ لە کوردستاندا ئێمە شایەدی ئەو توندوتیژییانە هەین، بەڵام دەکرێ ئەو حاڵەتانە بگشتێنین؟ بێگومان وڵامەکە نایە؛ لەگەڵ ئەوە پێویستە هەندێک ڕوونکردنەوە بدەین. لە کوردستان بەهۆی حزووری چالاکی ئێنجیئۆ و ڕێکخراوەی مافی مرۆیی و ئەحزابی سیاسییەوە، هەواڵ و ڕاپۆرتی ژنکوژییەکان بڵاو دەبنەوە و بەپێچەوانەی شوێنەکانی تری ئێران، پەردەپۆش و سانسۆر ناکرێن، بۆیە دیمەنێکی وا لە کوردستان نیشان دەدرێ کە زاتەن ناوچەیەکی ژنکوژە. جگە لەوە هەڵگرتنی دروشم لە زۆربەی حاڵەتەکاندا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە نییە و دەبێ هەبێ، واتە کاتێک کەسێک دروشمی ئازادی دەدات کە هەست بە بەندبوون بکات؛ بۆیە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی بەو واتایە کە بێمافیی ژنانمان هەیە، لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە کێشەی ئابووری و خۆشبژیویمان هەیە و ئازادیش نین. کەواتە ئەم دروشمە بەشێکە لە تەشخیس و دیاریکردنی کێشە و ئینجا بەدوای ئەوەشدا چارەسەرە، بە واتایەکی تر هەم سەلبییە و هەمیش ئیجابییە.
هەندێک لە خاوەنڕایانی بواری کۆمەڵناسی لەو باوەڕەدان، وشیاریی ژنان لە پیوەندی لەگەڵ مافەکانیاندا و هەروەها ئامادەنەبوونی پیاوانی کۆمەڵگە لە بەرامبەر داننان بەو مافانەدا بەتایبەتی لە کۆمەڵگە دواکەوتووەکان، دەتوانێ ڕێژەی توندوتیژیی پیاوان بەرامبەر بە ژنان بەرێتەوە سەرترەوە، کە ئەمە لە پێوەندی لەگەڵ کۆمەڵگەی ئێران و کوردستانیشدا ڕاستە، بەڵام لەم کاتەدا کە دەسەڵات و یاسادانان لە دەرەوەی ئیختیاراتی خەڵکدایە، پێویستە لە ڕووی فەرهەنگسازی و پتەوکردنی بەستێنە کولتوورییەکان و هەروەها پەروەردە و بانگەشە و میدیا و... کۆمەڵگە و بەتایبەتی پیاوان وشیارتر بکرێنەوە بۆ ئەوەی پێش بەم ڕووداوە تاڵانە بگیرێ و چیی تر شایەدیان نەبین.