
شیکاریی پێکهاتەیی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان (٢-١)
شاڕۆخ حەسەن زادە
بەپێی تیۆریی زیگمۆند فرۆید (١٨٥٦-١٩٣٩)، دەروونشیکاری ئۆتریشی، کەسایەتیی مرۆڤ لە سێ توخم پێکهاتوە. ئەو بە بەکارهێنانی ئەم مۆدێلە زەینییە هەوڵ دەدات تایبەتمەندییەکانی پێکهاتە و کارکردی مێشک بەم شێوەیە ڕوون بکاتەوە: "ئەو" (Id)، "خود-من" (Ego) و "ئەوپەڕخود" (Superego). ئەم سێ توخمە بە لەگەڵ یەکهەڵکردن، ئاکار و هەڵسوکەوتە ئاڵۆزەکانی مرۆڤ بەرهەم دێنن. "ئەو-ئید"، پێکهێنەری کەسایەتییە کە لە سەرەتای لەدایکبوونی مرۆڤەوە ئامادەیە و بەپێی تیۆریی فرۆید، ئید بە تەواوی ناوشیارە. بە نەرینی فرۆید؛ "ئید بەشی تاریک و نەگۆڕیی کەسایەتیمانە و زانیاریمان لەهەمبەر بنەمای لێکۆڵینەوەی بیر و خەونەکان و پرۆسەی دروستبوونی نیشانەکانی "دەروونپەرێشی" (ئاڵۆزیی دەروونی یان ئاژیتاسیۆن) کە هەتا ئێستا ناسیومانە گەلێک کەمە و زۆربەی تایبەتمەندییەکانی نەرێنییە و دەگەڵ ئیگۆدا دژایەتیی هەیە."
"خود" (ئیگۆ)، ئەو پێکهاتەیە لە کەسایەتییە کە بەرپرسە لە ڕووبەڕووبوونەوەی واقیع. دۆخی ئیگۆ زۆر ئاڵۆزە چوونکە لە ڕاستیدا لە سێ سەرچاوە ئیلهام وەردەگرێت؛ جیهانی دەرەوە، ئید و سوپەرئیگۆ، هەروەها ئەرکی ئەوەیە هاوسەنگییەک لەنێوان خۆڕسکە سەرەتاییەکان و واقیعدا ڕابگرێت، لە هەمان کاتدا ڕەزامەندیی ئید و سوپەرئیگۆش بەدەست دەهێنێت. "ئەوپەڕخود" (سوپەرئیگۆ)، ئەو لایەنەی کەسایەتی پێکدێنیت کە سەرجەم ئاڕمان و پێوەرە ئەخلاقی و دەروونییەکان لەخۆ دەگرێت کە ئێمە لە دایک و باوک و کۆمەڵگە وەری دەگرین یان بۆمان بە میرات ماوەتەوە. سوپەرئیگۆ بەرپرسە لە دەروونیکردنی ڕێساکانی کولتووری و بە گشتی لە ڕێگەی کاریگەریی دایک و باوکەوە وەدیدێت. فرۆید بیرۆکەی سوپەرئیگۆ لە ئاوێتەکردنی چەمکە پێشووەکانی ئیگۆ - ئایدیاڵ و "وزەیەکی دەروونیی تایبەت کە پشکنین دەکات ئیگۆ - ئایدەئال دەگاتە ڕەزامەندیی خۆخوازانه کە ئێمە پێی دەڵێین ویژدان". سوپەرئیگۆ دژی ئید چالاکە و هەموو هەوڵێکی ئەوەیە، خۆی لەگەڵ نۆڕم و بەها کۆمەڵایەتییەکان بگونجێنێت لە کاتێکدا ئید تەنیا ڕەزامەندیی خێرای دەوێت. هەروەها سوپەرئیگۆ هەستی ڕاستیی و هەڵە و ویژدانیی ئێمە کۆنتڕۆڵ دەکات و یارمەتیمان دەدات ئاکار و هەڵسوکەوتمان لە لایەن کۆمەڵگەوە قبوڵ بکرێت.فرۆید میناکی سەهۆڵەچیای (iceberg) بەکارهێناوە بۆ پێناسەکردنی ساکاریی سێ چینیی مێشک. ئەم مێشکە هەموو پرۆسە زەینییەکانی لەخۆ دەگرێت کە ئێمە ئاگامان لێیە و پلەی خۆئاگایی وەک لووتکەی سەهۆڵەچیا وێنا دەکات؛ بۆ وێنە، ڕەنگە هەر ئێستا هەست بە ماندووبوون بکەم و بخوازم بخەوم. پلەی بەرلە ئاگایی هەست و بیرۆکەکانی لەخۆ دەگرێت کە تاک لە ئێستادا ئاگای لێ نییە، بەڵام بە ئاسانی دەتوانێت بیگوازێتەوە بۆ خودئاگایی، ئەم بەشە بە وردی لە ژێر پلەی خودئاگایی و پێش ناخودئاگاییدایە. بۆ وێنە، تاوەکوو داوام لێ نەکەن شێعری "ناڵەی جودایی" مامۆستا هێمن بخوێنمەوە، لە قۆناغی یەکەمدا شێعرەکە لە مێشکمدا نییە بەڵام دەستبەجێ کە داوام لێکرا ئەم شێعرە دێتەوە بیرم و دەیڵێمەوە.
لە کۆتاییدا، پلەی ناخودئاگا ئەو پرۆسە دەروونییەکان لەخۆدەگرێت کە بۆ خودئاگایی بەردەست نین، بەڵام کاریگەرییان لەسەر شێوەی هەڵسووکەوت، بڕیار و هەستەکانی تاک هەیە. بەپێی ڕوانگەی فرۆید، مێشکی ناخودئاگا سەرچاوەی سەرەکیی هەڵسووکەوتەکانی مرۆڤە. هەروەک چیای سەهۆڵی، گرنگترین بەشی مێشک هەمان ئەو بەشەیە کە ناتوانین بیبینین. هەستەکان، پاڵنەرەکان و بڕیارەکانمان، لە ڕاستیدا بە قووڵی کاریگەرییان لەسەر ئەزموونەکانی ڕابردوومان هەیە، ئەو ئەزموونانەی کە لە ناخودئاگا هەڵگیراون.
لەم نووسینەدا، کەڵک لە تیۆیری سەهۆڵەچیای فرۆید وەردەگرین بۆ شیکردنەوەی دۆخی کۆمەڵگەی مەدەنی و بزووتنەوەکان بە شێوەیەکی گشتی لە کوردستان و جوگرافیای ئێران.
تیۆری چیای سەهۆڵی فرۆید، کە لە بنەڕەتدا بۆ شیکردنەوەی پێکهاتەی زەینی مرۆڤ داڕێژراوە، دەتوانێت یارمەتیمان بدات بۆ ئەوەی لە چینە جیاوازەکانی دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی، وەک پێواژۆ مەدەنییەکان باشتر تێبگەین و ئەو هۆکارە شاراوە و ناڕاستەوخۆیانە بناسین کە کاریگەرییان لەسەر هەیە.
تیۆریی سەهۆڵەچیا و بەکارهێنانی لە شیکردنەوەی دیاردە کۆمەڵایەتییەکان:
زیگمۆند فرۆید، وەک دەروونشیکارێک مێشکی مرۆڤی بە چیایەکی سەهۆڵی چواندوە کە تەنیا بەشێکی بچووکی دەبینرێت و بەشێکی زۆری لە ژێر ئاودا شاردراوەتەوە. فرۆید مێشکی دابەش کردوە بەسەر سێ ئاستی ئاگایی:
خودئاگا (Conscious): ئەم ئاستە، بیرۆکەکان، هەستەکان و ئەو ئەزموونانه لەخۆ دەگرێت کە لە ئێستادا ئاگامان لێیە. ئەم ئاستە، وەک لووتکەی چیاکە تەنیا بەشێکی بچووک لە مێشک پێکدەهێنێت و خۆیایە.
نیوەخۆئاگا (Preconscious): ئەم ئاستە، بیرۆکەکان، هەستەکان و ئەو ئەزموونانه لەخۆدەگرێت کە لە ئێستادا ئاگامان لێی نییە، بەڵام بە ئاسانی دەتوانین بیانهێنینە سەر ئاستی خۆئاگایی. ئەم ئاستە وەک بەشێک لە سەهۆڵەچیا کە لە نزیک ئاستی سەر ئاوەکەیە دەبینرێت.
ناخودئاگا: (Unconscious) ئەم ئاستە، بیرۆکەکان، هەستەکان و ئەو ئەزموونانه لەخۆدەگرێت کە ئاگامان لێ نییە و بە زەحمەت دەتوانین بیانهێنینە سەر ئاستی خۆئاگایی. ئەم ئاستە وەک بەشێکی زۆری سەهۆڵەچیاکە لە ژێر ئاودا شاردراوەتەوە و دەورێکی گرنگ و بەرچاو لە هەڵسووکەوت و کەسایەتیماندا دەگێڕێت.
تیۆریی سەهۆڵەچیای فرۆید دەتوانرێت وەک خوازەیەک بۆ شیکردنەوەی دیاردە کۆمەڵایەتییەکان بەکار بهێنرێت کە ئێمە ئەوە بە پێکهاتەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی قالب دەکەین و هەڵیدەسەنگێنین. لەم خوازەیەدا، بەشی بینراوی دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی (وەک بزووتنەوەیەک) نیشاندەری لایەنە ئاشکرا و بینراوەکانی ئەوە، لە کاتێکدا بەشە شاراوەکەی نیشاندەری هۆکارە ناڕاستەوخۆکان، ڕەگ و ڕیشەکان و بەستێنی کۆمەڵایەتی، کولتووری و مێژووییەکانن کە یارمەتیدەرن لە شەقڵگرتنی ئەو دیاردەیە.
بە بەکارهێنانی تیۆری سەهۆڵەچیای فرۆید، دەتوانرێت بزووتنەوەکان و بە شێوەیەکی گشتی کۆمەڵگەی مەدەنی لە ئێراندا بەسەر سێ توێژدا دابەش بکەین:
A ئاستی ئاشکرا (لووتکەی سەهۆڵەچیا):
ئەم ئاستە لایەنە بینراو و هەستپێکراوەکانی کۆمەڵگە و ئەو هۆکارانە لەخۆدەگرێت کە دەبنە هۆی دروستبوونی بەربزووتنەوەکان، مانگرتن، ناڕەزایەتییەکان و بزووتنەوە مەدەنییەکان. ئەم هۆکارانە بریتین لە:
١. ڕێکخراوەکان، دامەزراوەکان و چالاکانی مەدەنی کە بە شێوەیەکی ئاشکرا و فەرمی چالاکیی دەکەن. ئەم ڕێکخراو و چالاکوانە جیاوازەکان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا لەوانە ژینگە، ژنان، مافەکانی مرۆڤ، ئەدەبی، زمانی، کولتووری، کرێکاری، سیاسی و پیشەیی چالاکی دەکەن و هەوڵ دەدەن بە چالاکییە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان، ئاستی ڕۆشنبیری تاک لە کۆمەڵگەدا بەرنە بان و ورەی هاوکاری و یارمەتی بەرز بکەنەوە، هەروەها یارمەتیدەر بن لە باشترکردنی دۆخی کۆمەڵگە و بەشداری پێکردنیان لە بوارە جیاوازەکاندا.
B چینی ناوەڕاست (بەشی هاوئاستی ژوورئاو):
ئەم ئاستە تۆڕە نافەرمییەکان، پەیوەندییە کەسییەکان و بەها هاوبەشەکان لەخۆدەگرێت کە ڕێکخراوەکان، دامەزراوەکان و چالاکوانانی مەدەنی بە یەکەوە دەبەستێتەوە. ئەم ڕایەڵکانه، پەیوەندییەکان و بایەخەکان، یارمەتیدەری ئاسانکردنی هاوکاری و هەماهەنگی لەنێوان چالاکوانانی مەدەنی دەکەن و بەستێن بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی مەدەنیی بەهێز و یەکگرتوو خۆش دەکەن.
C چینی قووڵ (بەشی شاراوە لەژێر ئاو):
ئەم ئاستە ڕەگ و ڕیشە سیاسییەکان، مێژووییەکان، کلتوورییەکان و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەکان لەخۆدەگرێت. ئەم ڕەگ و توخمانە، خەباتەکانی ئازادیخوازانە، نەریتی هاوکاری، بەها دیموکراسییەکان، مافەکانی مرۆڤ و ئەزموونی خەبات و تێکۆشانی ئازادیخوازانەی ڕابردوو لەخۆدەگرێت. ئەم بنەمایانە، گڕوتین و هەوێتی دەبەخشنە کۆمەڵگەی مەدەنی و بەرگری دەکەن لە بەرامبەر هەڕەشە و بەربەستەکاندا. لەلایەکی تریشەوە قەیرانەکانی ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی وەک هۆکارێکی دیکە بۆ درووستبوونی بزووتنەوەکان پاڵنەرن کە دەکرێ ئاماژە بەم خاڵانەی بەرەوە بکەین:
- کێشە ئابوورییەکانی وەک هەژاری، بێکاری، گرانی، ڕانت و گەندەڵیی بەربڵاو.
- کێشە سیاسییەکان، وەک نەبوونی ئازادییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، سەرکوتکردنی پڕتوندوتیژ، نایەکسانییە ئەتنیکییەکان، جیاکاریی و هەڵاواردنی ڕەگەزی و ئایینی، پێشێلکردنی سیستماتیکی مافەکانی مرۆڤ.
- کێشە کۆمەڵایەتییەکانی وەک؛ نەبوون یان کەمیی خانووبەرە، لاوازبوونی کەرتی تەندروستی، پەروەردە، خۆکوژی، تەڵاق، نەبوونی هیوا بۆ داهاتوو، ڕێژەی بەرزی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان و تاوانە جۆراوجۆرەکان.
- کێشە کلتوورییەکانی وەک سانسۆر، ڕێز نەگرتن لە فرەچەشنیی کلتووری، زمانی، حیجابی زۆرەملێ، بەرهەمهێنانەوەی سیستەماتیکی تواندنەوەی نەتەوەیی.
- سیاسەتی دەرەوە، هەناردەکردنی تیرۆریزمی دەوڵەتی، دەستتێوەردان لە وڵاتانی ناوچەکە بە بەکارهێنانی هێزە نیابەتییەکان.
بە بەکارهێنانی تیۆری سەهۆڵەچیای فرۆید، وەک توێژ و لایەنە جۆربەجۆرەکانی زەینی مرۆڤ دەکرێت ئەو هۆکارە شاراوە و ڕیشەییانەی کە ڕێگری دەکەن لە دروستبوونی بزووتنەوەی بەرفرەوان لە ئێراندا دەستنیشان بکرێن. هۆکارەکان دەتوانن ئەم خاڵانەی خوارەوە لەخۆ بگرن:
نەبوونی متمانە لە نێوان دامەزراوە و ڕەوت و حیزبە جۆراوجۆرەکانی ئێرانی و نەتەوەکانی دیکە، ناکۆکیی ڕوانین و هاوکاری نەکردنی نێوان ڕەوتە سیاسی و ئەتنیکییەکان، کە ئەمە ڕێگری دەکات لە هاوکاری، هاوسۆزی و دروستبوونی بزووتنەوەی بەربڵاو بۆ گۆڕانکاری و گواستنەوە دەستەڵات.
بێ هیوایی لە کەسایەتی و ڕەوتە جیاوازەکان و ترس لە سەرکوتکردنی پڕتوندوتیژیی حکومەتی، دەبێتە هۆی ئەوەی کە زۆرێک لە تاکەکانی کۆمەڵگە خۆیان لە بەشداریکردنی چالاکانەی ناڕەزایەتییەکاندا ببوێرن و دروستبوونی بزووتنەوەی گشتگیر تووشی کێشە و دواکەوتن دەکات.
نائومێدی لە گۆڕانکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان سەرەڕای تێچووی زۆر، هەروەها نەبوونی متمانە و قەیرانی گوتاری هاوبەش و تەنانەت فرەنەتەوەبوونی ئێران دەبێتە هۆی ئەوەی کە کۆمەڵانی خەڵک بە بیروباوەڕی جیاوازەوە پاڵپشتی لە چالاکییەکان نەکەن و دروستبوونی بزووتنەوەی بەرفرەوان دژوار دەکات.
نەبوون یان کەمبوونی ئاگایی لەهەمبەر ماف و ئازادییە سیاسییەکان، کێبرکێی ناتەندرووست، متمانە بەخۆنەبوون، قەیران و ئاڵۆزی کۆمەڵگە و ڕێگاکانی چارەسەرکردنیان دەبێتە هۆی ئەوەی کە خەڵکی نەتوانن بە شێوەیەکی کاریگەر لە چالاکییە مەدەنییەکاندا بەشداری بکەن و دروستبوونی بزووتنەوەی بەربڵاو و هەمەلایەن دوا دەخات.