کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە کێبڕکێی قژ و ڕیشدا، وا دیارە قژ دەیباتەوە

01:59 - 19 رەشەمه 2724

لە کێبڕکێی قژ و ڕیشدا، وا دیارە قژ دەیباتەوە

 

دارسمە

کارگەیەکی دروست‌کردنی "کڵاوقژ" یان قژی دەستکرد لەم ڕۆژانەی دواییدا لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە؛ وەک گەورەترین کۆمپانیا و کارگەی هەناردەکردنی قژی سروشتی لە باشووری ئێران، پێویستیمان بە قژی سروشتیی درێژتر لە ٥٠ سانتی میترە. ئەم کارگەیە دەڵێت: هەموو جۆرە قژێکی لوول و لووس و ڕەنگ‌کراو و ڕەنگ‌نەکراو بە بەرزترین نرخی باوی سەردەم دەکڕین و پارەکەشی لە ڕێگەی سەرهێڵەوە دەدەین بە قژفرۆشەکە و هەروەها خاتوونێکی شارەزا و لێهاتوو، لە ماڵی قژفرۆش بەئارامی قژی فرۆشراو دەبڕێت.

سووکە گەڕانێک بە نێو دنیای ئینتەرنێتدا دەریدەخات برەوی بازاڕی کڕین و فرۆشتنی قژی دەستکرد چۆنە. ئەو ماڵپەڕانەی ڕاستەوخۆ وەک بازاڕی سەرهێڵن، هەموو شتێک بۆ کڕین و بۆ فرۆشتن پێشانی کڕیاران و فرۆشیاران دەدەن. یەکێک لەم ماڵپەڕانە لە بەشی کڕین‌و‌فرۆشتنی ئەم کەرەستەخاوەدا بانگەوازی فرۆشتنی چەندین جۆر قژی فرۆشیاران و داواکاریی چەندین کڕیاریشی بڵاو کردووەتەوە و دیارە قژی سروشتی تەنیا کەرەستەی خاوە، بەردەوام به خاوی جوانە.

هەتا ئێرە هەموو شتێک ئاساییە و لە جێگەی خۆی‌‌دایە. لێرەدا پرسیارێک قوت دەبێتەوە و ئەویش ئەمەیە لە هەموو وڵاتان کڕین و فرۆشتنی قژ هەیە و لەبەرچی ئێمەش لەم بازاڕە ئابوورییە بێبەش بین؟ هەروەها هەبوونی بازاڕی سەرهێڵیش خۆی یەکێک لەو نیشانانەی پێشکەوتن و گەشە‌سەندنی ئابوورییە.

بازاڕی فرۆشتنی قژ خۆی نیشانەی پشت‌کردن لە کولتووری کۆنی ڕابردوو و ڕووکردنە سەردەمێکی نوێیە و ئەمەش دەکرێت ببێتە هۆی خۆهەڵفشاندنی بەرەی ئەم سەردەمە بە سەر بەرەی کۆن و بەرەکانی ڕابردوودا.

ساڵانی پێشوو کاتێک ژنێکیان سەرکۆنە دەکرد، قژیان دەتاشی و ئەمەش وەک بێڕێزییەکی گەورە سەیری دەکرا. لەلایەکی دیکەوە ژنان لە ترسی لۆمەی ئەملا وئەولا نەیاندەوێرا قژیان کورت بکەنەوە، بەڵام ئێستا ژنی قژکورت بە تایبەت ئەوانەی لە نەکاو قژیان کورت دەبێتەوە، وەک ژنانی ماڵدار و ئابووریناس دەناسرێن. لە کاتێکی وەهادا گومانی تێدا نیە پێستی سەر و پێوازۆکەی بنی مووش ڕاستەوخۆ کار دەکەنە سەر دۆخی ئابووریی ئەو خانمەی قژ‌ی کورتە.

لەمەودوا هەرگیز خەسووی داخ‌لەدڵ ئاواتەخواز نابن ئەم بووکانەیان قژیان بە بڕین بچێت، بەڵکوو پێچەوانە حەز دەکەن قژی بووکەکانیان ئەوەندە درێژ بێت، زەوی بماڵێت و بازاڕی قژ فرۆشتنیش زۆر سارد و سڕ بێت و قژ بەسەر دەستی بووکاندا بمێنێتەوە.

بازاڕی قژفرۆشی لە هەموو بوارێکەوە خزمەت بە مرۆڤ دەکات و هیچ بە دووری مەزانن ببێتە هۆیەک بۆ پتەوکردنی یەکسانیی نێوان ژن و پیاوان. لە وەها کاتێکدا دەکرێت پیاوانیش وەک ژنان بکەونە بیری ئەم سەرچاوە ئابوورییە بەنرخە و وەک ژنان خەریکی قژ فرۆشتن بن. لێرەدا ئیدی قژی درێژی پیاوان بۆیان بە عەیبە لێک‌نادرێتەوە و قژ‌کورتیی ژنانیش نابێتە عەیبە. بەم جۆرە کۆمەڵی نێرومێ لە ڕواڵەتیاندا هەنگاوێکی گەورەی وەک قەڵەمبازی کەروێشکی دەشتێ بەرەو یەکسانی داوێن.

لە کاتێکدا درێژبوونی قژی مرۆڤ بە جۆرێکی مام‌ناوەندی لە ماوەی سێ مانگاندا نزیکەی چوار سانتیمیتر درێژ دەبێت و لە ساڵێکدا دەگاتە نزیکەی دە بۆ دوازدە سانتیمیتر، هەر ژن و پیاوێک دەتوانێت لەماوەی چوار ساڵدا جارێک دەستە قژێکی نزیکەی نیو میتر درێژ بفرۆشێت. لێرەدا بە پێویستی دەزانم بە داخێکی گرانەوە ئاوڕێکیش لە ژنان و پیاوانی کڵۆڵ و سەرلووس بدەینەوە و لە بێبەش‌بوونیان لە بازاڕی قژ‌فرۆشتن هاوبەشی خەمیان بین.

ئەم دۆخە ڕەنگە بۆ ئابووریی وڵاتیش باش بێت. لەلایەک هەناردەی "کڵاوقژ"ی سروشتی بۆ دەرەوە دەبێتە هۆی هاتنی دراوی بیانی بۆ نێو وڵات و هیچ بە دووری مەزانن هەناردەی ساڵانەی قژی دەیان ملیۆن کەس بۆ دەرەوە، ببێتە هۆی دابەزینی نرخی دۆلار و بەرزبوونەوەی تمەنەکەی خۆمان.

ڕەنگە لەمەودوا ئەم گەشتی ئیڕشاد و شتەش نەمێنن و بەرپرسانی چازان بیر لەوە بکەنەوە چی دیکە مووچە نەدەن بە ئەوانەی قژی ژنان و کچان بە شەقاماندا ڕادەکێشن و سەرە‌ڕای گەڕانەوەی ئەم مووچانە بۆ نێو خەزێنەی دەوڵەت، لەمەودوا قژڕاکێشانیش زیان بە ئابووریی دەوڵەمەندی هەناردەکردنی کڵاوقژ ناگەیەنێت.

بە دووریشی مەزانن ئەو قژانەی با دەیانشەکێنێت، باشتر خۆ ڕابکێشن و درێژ بن. ئەمەش یارمەتییەکی باشە بۆ بەهێزبوونی ئابووری. ئەگەر باش خزمەتی پێڤاژۆی قژپەروەری و قژفرۆشی بکرێت؛ هەناردەی قژ جێگەی هەناردەی نەوت دەگرێتەوە و ئەم سزا ئابوورییانەی لەسەر هەناردەی نەوتی ئێرانن، لەمەودوا خەو لە چاوی مەسئولینی موحتەڕەم نازڕێنن.

وەک ئاگادارن لە سایەی پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیادا بەردەوام بایەخی وزەی پاک و نوێبووەوە بە سەر وزەی نەوت و گازدا زاڵ دەبێت. لەم دۆخەدا لە سایەی ئەو قژانەی بۆ فرۆشتن خزمەتیان دەکرێت و با دەیانشەکێنێتەوە، بە بۆنی ئەم قژانەوە هەوا ئەوەندە پاک دەبێت، کەس بە خەمی مەترسی لەسەر بەرگەهەوای دەوری گۆی زەوی ناتلێتەوە و مرۆڤ ڕۆژ بە ڕۆژ جوان‌تر دەبێت و هەر چوار وەرزی ساڵ دەچنەوە شوێنی خۆیان. کڕێوە و شێڵوە و پەلەپووشە و باسریشک و نوابەفر و ڕێژەنباران و بۆنی گوڵان و کەروێشگەی گەنم و جۆش دەبنە هۆی پەرەسەندنی گەشت و سەیران و داوەت و هەڵپەڕین. لە هەمووی گرنگتر، دەستەڵاتی ئابووریی قژ لە دەستەڵاتی ڕیش کاریگەرتر دەبێت و بە سەریدا زاڵ دەبێت.