
لە ئاوارەیەکی دوورە وڵاتەوە بۆ نەورۆزی خاکی‌پۆشان
هاشم ڕۆستەمی
وا نه‌ورۆزه و گه‌ردوون گه‌ڕێکی دیکه‌ی گۆڤەندی ژیانی به ئاوازی دڵنه‌وازی خوڕه‌ی چه‌م و شنه‌ی دڵ بلاوێنی شه‌ماڵ گه‌ڕا و، مامه نه‌ورۆزی سه‌ربه‌رزی وه‌رزی پیرۆزی جوان، جوان جوان سه‌رچۆپی‌کێشی ئه‌م گۆڤەنده‌یه.
وا بۆ جارێکی دیکه‌ش بانگی ئازادیخوازی له گه‌رووی پڕ له هاواری شمشاڵی شوانی قه‌دپاڵه‌کانی چلچه‌مه و قه‌ندیل و ئارارات و سه‌رجه‌م شێو دۆڵی کوردستان به‌رز بۆوه و په‌ژواکی ئاوازه به‌سۆزه‌که‌ی به بناراندا گه‌ڕا که ده‌یگووت: "بەهاره، به‌هاره!
هه‌یاران!
بروانن چلۆن له دوای زستان به‌هار دێ
چلۆن له دوای زریان و تۆفان
شنه‌ی شه‌ماڵ دێ
ئاواش له دوای ڕه‌شه‌بای زوڵم و بێدادی
هه‌ڵده‌کا شنه‌ی شه‌ماڵی شادی..."
هەیاران! ئه‌مساڵ له نه‌رۆزی ڕێبه‌ندان ڕا، له بن ئاڵای ١١ ئه‌ستێره‌دیتووی چوارچرا ڕا، جامانە و هەوری لەمل و بە بەرگی خاکیەوە وه‌ڕێ که‌وتووم و توێشووی ڕێگه‌م له‌نێو پارچه‌یه‌کی لاکێشه‌ی سێ ڕه‌نگی سوور، سپی و سەوزەوە وه‌رپێچاوه. ده‌مێکه به ڕێگه‌وه‌م، ده‌مهه‌وێ به‌ره‌و هە‌وارگه‌ی مامه نه‌ورۆز هه‌نگاو بنێم، به‌ڵام ڕێگه‌م سه‌خت و حه‌سته‌مه. له ڕێگه‌مدا، کاتێک به ڕێگه‌ی دووری مێژوومدا ده‌روانم، "مێشکی شه‌ش کوڕی کاوه‌ی باپیرمان له به‌رده‌م ماره نه‌وسنه‌کانی سه‌ر شانی ئه‌ژده‌هاک ده‌بینم".
کاتێک سه‌یری مێژووی دوێنی و پێرێشمان ده‌که‌م،
دیسان مێشکی پڕژاو، خوێنی ڕژاو، سه‌ری بڕاو، لاشه‌ی سووتاو، شار و گوندی ڕووخاو، به‌ڵێ، دیسان کۆی زووخاو بە دەست حاکمانی داگیرکەرەوە ده‌بینم. بەڵام نیگەران نیم، چوونکە هەر لەم کاتەدا گەلێکی خرۆشاو و خاکی پۆشانی دڵ پڕ لە گڕی نیشتمانپەروەری دەبینم.
ماندوو و هیلاک و دل پڕ له ته‌م
ده‌مهه‌وێ تێپه‌رم له به‌حری فرمێسک‌و خه‌م
له داوێنه‌کانی کاروخ و ماکۆک و کێوه‌ڕه‌ش، لە شارە جوانەکەی ڕانیە، تووشی شایی و لۆغانی ڕاپه‌رین ده‌بم. ته‌می خه‌م و زه‌رده‌خه‌نه‌ی سه‌ر لێوان له وێ ده‌ست له ملانی یه‌ک ده‌بن. له نێو ئاپۆرای جه‌ماوه‌ریی چه‌ند ساڵ له‌مه‌وبه‌ردا ده‌ست ده‌که‌م به گەڕان. هه‌ر ده‌گه‌رێم و ده‌گه‌رێم تا خۆم لێ ون ده‌بێ و سه‌رئه‌نجام له غوربەت و هه‌زاران کیلۆمیتر دوور له زید و نیشتیمانمدا ده‌گه‌مه هه‌وارگه‌ی مامه نه‌ورۆزی ئه‌مساڵم. بەڵام چ بکەم دڵ ئۆقرە ناگرێ بەر لەوەی بە دیداری مامە نەورۆز شاد بم.
مەلی هەست و ئەندێشەم ئەوجاریش بەرەو ئاسمانی نیشتمان باڵ دەگرێ، دەشت و کێو و ئوقیانووسەکان یەک یەک دەبرێ، دەفرێ و دەفرێ
مەلی دڵی پڕ لە تاسەم، تاسەی شاد بوونەوە بە نیشتمانی ڕزگار کراوم، لە گەڵ شنەی شەماڵی شادی دەست لە ملانە، تا دەگاتە شوێنی دیاری کراوم، لەوێ لە سەر ئاسمانی شار و گوند و چیا و پێدەشتەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا لەنگەر دەگرێ. کەچی بیرەوەری دیمەنە دڵتەزێنەکانی کوشتن و سەربرین و ڕفاندن، دەیکەنە مۆم و دڵۆپ دڵۆپ دەیتوێننەوە. دەیکەنەوە بە خاک، دەیکەنەوە ئاو، دەیکەنەوە سەوزایی و سەرلەنوێ دەیڕوێننەوە، دەبێتەوە دەنگ و ئاواز، دەبێتەوە نەعرەتەی شیرانە و، هەمدیسان سروودی ژن، ژیان، ئازادی دەڵێتەوە.
هۆ مەلی تیژباڵی ڕوح و خەیاڵم!
لە دونیای بیر و خەیاڵی ڕابردوودا گیر مەکە، چاوە تیژبینەکانت تیژتر بکە و وردتر بڕوانە، بەڵام بەر لەوەی چاوەکانت بە دیمەنی پڕ لە نەعرەتەی شێرانەی خاکی‌پۆشانی نیشتمان ڕون بکەیەوە، وەک ئەرکی گەلدۆستی و وەفا بۆ پێشەوای شەهید, سەرەتا بەرەوە مەهاباد باڵ بگرە. نیگەران مەبە و ڕێگە ون ناکەی. چوونکە لە هەر گۆشەیەکی ئەم نیشتمانە ڕا نووری چراکانی چوار چرا دیارن. شەو بێ و ڕۆژ بێ فەرق ناکات، ئەوان ڕێنیشاندەرن. هەر کە گەیشتیە ئەوێ، بەرەو گۆرستان، نا نا بەرەوە مەنزڵگەی پێشەوای مەزن بفرە. لە خزمەت ڕوحی بەرز و هەرگیز نەمریدا کرنۆش بەرە و هەواڵی وەرێ کەوتنی مامە نەورۆزی خاکی پۆشانی پێ بگەینە.
هۆ ڕوحی تامەزرۆی باڵ گرتوو! دەزانم تا ئەبەد لە ڕاوەستانی دەستەو نەزەر، لە خزمەت پێشەوای مەزندا ماندوو نابی. بەڵام ڕوخسەت بخوازە و برۆ. باڵ بگرە و بفرە بەرەو پولدەشت و ماکۆ، لەوێ ڕا پێداوەرە، بەرەوە ورمێ، نەغەدە و شنۆ، بڕۆ بەرەوە پیرانشار، سەردەشت، بانە، مەریوان و کامیاران، بگەڕێوە بەرەوە ڕەبەت، مەهاباد و بۆکان، بوکی ڕازاوەی موکریان، لەوێشەوە بەرەو سەقزی پێشەنگ و سنەی سەربەرز و کرماشانی دێرین، بەرەوە سەرپێلی زەهاو، گێلان، شار بە شار تا قەسری شیرین، لە ئاسمانی ئیلامەوە بە حورمەتەوەکڕنۆش بەرە بۆ سەر سەرجەم شار و گوند و چیا و دؤلێ ئەو دەڤەرە، بۆ سەرجەم کیژ و کوڕانی نیشتمان، بۆ سەرجەم خەمخۆرانی کوردستان، بۆ گۆڤەندگێڕانی نەورۆزی تێکۆشان، بۆ سەرجەم هەوری لەملان و خاکی‌پۆشان.
هۆ مەلی تیژباڵی خەیاڵم، هۆ ڕوحی بە دووی ڕزگاریدا عەوداڵم!
لەوێ ڕا پێداوەرە، لە هەر شارێک، لە هەر گوندێک، لە هەر پێدەشتێک، لە بناری هەر چیایەک، ئاگری نەورۆز و گۆڤەندی خاکی‌پۆشانت دیت، نەر نەرم لەنگەر بگرە و وەرخوارێ، بە حورمەتەوە ببە بە قوماشێکی خاکی و خۆت بە بەر بەژن و باڵای تاک بە تاکی ئەو جەماوەرە خرۆشاوەدا بکە. ببە بە هەوری و جامانە و، وەک ملوانکەی ژیان، مل و گەردنی ئەو شۆخ و شەنگ و شۆڕەلاوانە وەڕازێنە. ببە بە دەسترۆکەی دەستی سەرچۆپی کێشان، بۆنەورۆزی خاکی‌پۆشان.