کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بێ داهاتوویی سیاسەتی تاک‌زمانی لە ئێران

13:28 - 16 رەشەمه 2724

بێ داهاتوویی سیاسەتی تاک‌زمانی لە ئێران

(بە بۆنەی ٢١ی فێبریوەری، ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک)

 

قادر وریا

 

گرنگیی زمان

زمان کۆمەڵە سیستەمێکی  ئاڵۆز و هەر لەوکاتەدا پێکەوە گونجاوە کە بەشێک لە ئەندامانی جەستە و مێشک پێکەوە لە بەرهەمهێنان و بەڕێخستنیدا بەشدارن. ئەم سیستەمە بەرزترین پلەی گەشەکردن و کامڵبوونە کە لەنێو گیانلەبەراندا تەنیا مرۆڤ پێی گەیشتوە. زمان و بیر تەواوکەری یەکترن، یەکیان بەبێ ئەوەی دیکە ناتوانێ هەبێت. 

هەر بۆ ئەوەی بزانین زمان چ ڕۆڵێکی لە ژیانی مرۆڤایەتیدا هەیە، دەتوانین بیهێنینە پێش چاوی خۆمان، کە مرۆڤ ئەگەر زمانی نەبا، جیهان چۆن دەبوو؟ ئەو کات مرۆڤەکانیش وەک ئەو هەمووە  گیانلەبەرانەی لەسەر گۆی زەوی هەن، درێژەیان بە ژیان دەدا، بەڵام لە تێگەیشتن و هەڵسوکەوت و شێوەی ژیاندا، جیاوازییەکی ئەوتۆیان لەگەڵ ئەوان نەدەبوو. ئیدی شتێک بە ناوی شار و شارستانییەت، خوێندن و قوتابخانە و زانکۆ، ئاڵوگۆڕی بیروڕا، نووسین و کتێب و چاپ، دروستکردنی ئەو هەمووە پرد و بینا و کۆشک، ڕێگای ئاسن و کەشتی و فڕۆکە، ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆن و مانگی دەسکرد و ئەنترنێت، بە گشتی ئەو هەمووە  پێشکەوتنە لە بواری زانستی و پزیشکیدا، چوون بۆ سەر مانگ و دۆزینەوەی ئەستێرە و هەسارەکانی دیکە، لە گۆڕێدا نەدەبوو.

زمانی دایک

چەمکی زمانی دایک لەوەوە داهاتوە کە منداڵ لە دایکییەوە فێری زمان دەبێت، یان بە دەربڕینێکی دیکە یەکەم زمان کە منداڵ فێری دەبێت، بە هۆی دایکیەوەیە. دایکە کە منداڵ لە مانگەکان و ساڵەکانی یەکەمدا پەروەردە دەکات، هەر ئەویشە یەکەم وشەکان بە گوێی منداڵدا دەچپێنێ. دایک بە لایە لایە و گۆرانی و دواتر بە وشە و ڕستەی کورت، منداڵەکەی فێری زمان دەکا.

لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا چەمکی زمانی دایک، ڕەهەندی مافناسی، پەروەردەیی و لە ئاکامدا ڕەهەندی سیاسییشی وەرگرتوە. چونکە هەتا ئێستاش لە هێندێک وڵات و کۆمەڵ، مرۆڤەکان لە قسەکردن بە زمانی دایک، لە پەروەردە و فێربوون بەو زمانە بێبەش کراون. ئەم بێبەشکردنە کردەوەیەکی دژی مرۆیی و دژی سەرەتاییترین مافەکانی مرۆڤە کە کاریگەریی نەرێنی لەسەر دەروون و پەروەردەی مرۆڤەکان دادەنێت. دەبێتە هۆی دواکەوتن و بەجێمان لە ڕەوتی پەروەردەدا. هەروەها دەبێتە هۆی پەراوێزخران و سڕینەوەی هەر شتێک کە بەو زمانە بەرهەم هاتوە، وەک: شێعر، گۆرانی، چیرۆک، ئەدەبیاتی زارەکی و نووسراو. ئەم ڕاستییە وای کردوە کە لە نێوەڕاستەکانی سەدەی ڕابردووەوە هەتا ئێستا، زمانی دایک لە کۆڕ و کۆمەڵە مرۆڤدۆستەکاندا، هەر وەها لە ناوەندە پەروەردەییەکاندا گرنگیی تایبەتی پێ بدرێ.

زمان  و ناسنامە

زمان لە بنیاتنانی ناسنامەی کەسەکان و گرووپە مرۆییەکاندا ڕۆڵێکی گەورەی هەیە. مرۆڤ چ وەک تاک و چ وەک گرووپ بە کۆمەڵێک فاکتەرەوە خۆی پێناسە دەکات، ئەم فاکتەرانە ئەوانەن کە ئەو مرۆڤانە بە هۆیانەوە جیاوازیی خۆیان لەگەڵ ئەوانی دیکە، هەر وەها وێکچوونی خۆیان لەگەڵ هاوشێوەکانیان، هەست پێ‌دەکەن. نەژاد (ڕەنگی پێست و جۆری سیما و شێوەی ڕواڵەتی و تایبەتمەندیی ژێنێتیکی)، ئایین و مەزهەب، زمان، لەو فاکتەرانەن. جاری وایە یەکێک لەم فاکتەرانە، ئەوانی دیکە دادەپۆشێت و کەسەکان، بەهۆی فاکتەرەکانی دیکەوە، دیسان سنوورەکانی وێکچوونی و جیاوازی لەگەڵ ئەوانیتر، تۆخ دەکەنەوە.  دیارە بۆ ئەوەی کۆمەڵە خەڵکێک خۆیان بە نەتەوە بزانن، جگە لە زمان، فاکتەری دیکە پێویستن وەک خاک، مێژوو و کولتوور.

با ئاوڕێک لەو ناوچەیە بدەینەوە کە نەتەوەی کورد و نەتەوەکانی دیکەی لێ‌دەژین. لە دەوروبەری خۆمان، نەتەوەی جۆراوجۆرهەن: وەک عەرەب، فارس، تورک، بەلووچ، تاجیک، ئۆردوو، پەشتوو و ...هتد. لە ڕووی ئایینەوە، زۆرایەتیی هەموو ئەو نەتەوانە موسوڵمانن و یەک ئایینیان هەیە. بە هۆکاری ئایینی و میژوویی و دراوسێیەتی، کولتووری وێکچوو و هاوبەشیش لەنێوانیاندا هەیە. بەڵام ئەدی بۆچی خۆیان لە یەکتر بە جیا دەزانن؟ بۆچی هەر یەکەی بە ناوێکی دیکە، بە تایبەتی بە ناوی زمانەکەیانەوە، دەیانناسین؟ چونکە سەرەڕای ئەوەی یەک دینیان هەیە، بەڵام فاکتەری دیکە هەیە کە خۆیان حەز دەکەن بەهۆی ئەوانەوە پێناسە بکرێن، یەک لەوان سەرزەوییەکەیانە، یەکێکی دیکە زمانەکەیانە. بە کورتی دەتوانم بڵێم بە تایبەتی لە ناوچەی ئێمە، زمان یەکێک لە تۆخترین، دیارترین و بەهێزترین فاکتەرەکانی دروستکردنی ناسنامەی تاک و گرووپە. زمان وەک هێندێک لە کۆمەڵناسان گوتوویانە، ناسنامەچێکەرە.

 ئامانجەکانی سیاسەتی یەک‌زمانی لە ئێران

لە ئێران هەر لەگەڵ دروستبوونی دەوڵەتی ناوەندیی بەهێز بە تایبەتی لەدوای هاتنە سەرکاری ڕەزاشا، بە خەیاڵی خۆیان بۆ دروستکردنی ئێرانێکی یەکگرتوو و بۆ دروستکردنی یەک نەتەوە لەو هەمووە نەتەوە و زمانەی لە ئێراندا هەبوون، سیاسەتی سەپاندنی یەک زمان بە سەر هەمووانیاندا گرتەبەر. ئامانجیان لە گرتنەبەری ئەم سیاسەتە ئەوە بوو کە خەڵکی ئێران سەرەڕای ئەو هەمووە جۆراوجۆرییەی تێیان‌دایە، خۆیان بە یەک نەتەوە بزانن نەک چەند نەتەوە. ئامانجیان ئەوە بوو نەتەوەکانی نێو جۆگرافیای ئێران دەست لە زمانەکەی خۆیان هەڵگرن و فارسی ببێتە زمانی هەمووان. بۆ جێگیربوونی ئەو سیاسەتەش هەر چی لە دەستیان هات کردیان. نەک هەر ڕێگەیان بە خوێندن بەو زمانانە نەدا، بەڵکوو ڕێگرییان لە نووسین بەو زمانانە کرد و بەرنامەی جۆراوجۆریان بەڕێوە دەبرد بۆ ئەوەی تاکی نەتەوە نافارسەکان پشت لە زمانی خۆیان بکەن. ئامانجی داڕێژەرانی ئەو سیاسەتە زمانییە ئەوە بوو ئەم باوەڕە لە خەڵکدا بچەسپێنن کە زمانەکەی ئەوان، زمان نییە بەڵکوو لەهجەیەکی زمانی فارسییە، بە هۆی سەپاندنی ئەم سیاسەتە زمانییە هەوڵیان دا مێژوویەکی ساختە و داتاشراو و درۆیین بەرنە نێو مێشکی خەڵکی ئێران کە لەوەتا ئێران هەیە، زمانی فارسی، زمانی گشتی و سەرەکی و هاوبەشی هەموو دانیشتووانی ئەو جۆگرافیایە بووە کە ئەوان بە ئێرانی دەزانن! ئەم سیاسەتەی لە سەردەمی ڕەزاشاوە بناگەکەی دانرا، بە هێندێک جیاوازی -کە جیاوازیی جەوهەری نین- لە سەردەمی  دەسەڵاتدارێتیی حەمەڕەزاشا و کۆماری ئیسلامییشدا، هەر درێژەی کێشاوە.

خەسار و لێکەوتەکانی سیاسەتی یەک‌زمانی

بێبەشی لە پەروەردە بە زمانی دایک، هەر وەها سەرکوتی زمانە نافارسییەکان بە شێوەیکی سیستەماتیک، هەم لە سەر تاکەکان، کاریگەریی نەرێنیی هەبووە، هەم لەسەر زمانەکەیان، هەروەها هەم لە سەر یەکێتی و تەبایی  پێکهاتە جیاوازەکانی پێکهێنەری خەڵکی ئێران، بە تایبەتی لەسەر پێوەندیی نەتەوە بندەستەکان لەگەڵ دەسەڵات و نەتەوەی سەردەست.

تاکەکان، لە ئەنجامی درێژەکێشانی ئەو سیاسەتەدا، ستەمێکی گەورەیان لێ‌کراوە. سەرەتاییترین مافی ئینسانیی ئەوان کە پەروەردە بە زمانی دایک و بەکارهێنانی ئازادانەی زمانی خۆیانە، پێشێل و زەوت کراوە. ئەم پێشێلکارییە چونکە پێوەندیی بەناسنامەی ئەوانەوە هەیە، لە ڕووی دەروونییەوە زیانی گەورەی پێ گەیاندوون. لە ڕووی پەروەردەییشەوە، ئەوان ناچار کراون لە هەلومەرجێکی نایەکساندا، مل بە ملە لەگەڵ ئەو کەسانە بکەن کە بە زمانی خۆیان پەروەردە دەبن. لە ئێران فارس‌زمان بوون بۆ تاکی سەربەو زمانە بە خاڵێکی ئەرێنی دادەنرێت و دەبێتە هۆی پێشچوونی بە هاسانی کاروبارەکانی لە دامودەزگای دەوڵەتی و، بۆی دەبێت بە پەیژەی سەرکەوتن، بەڵام فارس‌زمان نەبوون بۆ تاکی سەر بە نەتەوە و زمانە بندەستەکان، خاڵێکی نەرێنی و کۆسپی سەر ڕێی ژیان و خوێندن و دامەزران و بەڕێ‌چوونیانە.

زمانە نافارسییەکان لە ئەنجامی درێژەکێشانی سیاسەتی تاک‌زمانی، هەتا هاتوە لاوازتر و پەراوێزخراوتر بوون. ئەمەش شتێکی چاوەڕوان‌کراوە، چونکە زمانێک کە لە زێد و نیشتمانی ئاخێوەرانیدا ڕەسمییەتی نەبێت؛ نەبێتە زمانی پەروەردە ؛ ئاخێوەرانی مافی ئەوەیان نەبێت لە دامودەزگای ڕەسمی و دەوڵەتیدا قسەی پێ بکەن؛ زمانێک کە دەوڵەت بودجە و هێزی مرۆیی بۆ خزمەتکردنی تەرخان نەکات؛ زمانێک کە پێویستییەکان و دەرفەتی توێژینەوە و پەروەردەکردنی مامۆستا و پسپۆر و نووسینی فەرهەنگ و ئەکادیمیای تایبەت بە خۆی بۆ پێک نەیەت، نەک هەر گەشە ناکات، بەڵکوو گیانی لەبەردا نامێنێت و دەپووکێتەوە. تەنانەت ئاخێوەرانی زمانەکەش بەرە بەرە، تووشی نامۆیی و ڕاکردن لە زمانەکەی خۆیان دەبن؛ چونکە بەرەبەرە ئەو هەستەیان تێدا پێک دێت کە زمانەکەیان کەلکی نییە و پێویست ناکات پێی بدوێن، پێی بنووسن و خزمەتی بکەن.

ئەگەر ئەم سیاسەتە هەروا درێژەی هەبێت:

 ڕێگەگرتن لە پەروەردە بە زمانە نافارسییەکان و بەڕەسمی نەناسینیان وەک زمانێکی جیاواز، وای کردوە نافارسەکان، ئەوانەی وشیاریی نەتەوەیی و مێژوویی و کولتوورییان هەیە، زمانی فارسی بە زمانێکی داسەپاو بزانن، هەست بکەن لەم وڵاتەدا ئەوان هاونیشتمانی پلە دووهەم و پلە سێهەمن. تاکی سەر بە نەتەوە نافارسەکان لە ڕووی دەروونی و کۆمەڵایەتییەوە هەست بە سەرکوتکراوی، هەست بە نامۆیی لەگەڵ نەتەوەی سەردەست و، هەست بە ماف پێشێلکراوی دەکەن. هەست دەکەن ناسنامەی ئەوان سووکایەتی پێ‌دەکرێ و دەسڕێتەوە. بەڵام کاریگەرییەکە لەسەر تاکی کورد، جیاوازییەکی بەرچاوی لەگەڵ تاکی سەر بە نەتەوەکانی دیکە هەیە. بوونی خەباتێکی نەتەوەیی لەمێژینە لە کوردستان و بەرزبوونی ئاستی وشیاریی نەتەوەیی وسیاسی، وای کردوە تاکی کورد هەر لە زووە لەم سیاسەتە یاخی بێت و بە شێوەی جۆراوجۆر هەوڵ بدات پووچەڵی بکاتەوە.  

سیاسەتی سەرکوت و بێبەشکردنی زمانی و سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوە بندەستەکان، ئەگەر جێگای خۆی نەدات بە سیاسەتی داننان بە فرەنەتەوە و فرەزمان بوونی ئێران و ئەم سیاسەتەش هەم لە بەڕێوەبردنی وڵات و هەم لە پەروەردە و بوارەکانی دیکەی بەکارهێنانی زماندا، ڕەنگ نەداتەوە، بناغەکانی مانەوەی ئەو وڵاتە بە ڕواڵەت هاوبەش و یەک‌زمانە، هەڵدەتەکێنێ. لە هەر وڵاتێک،  سەرکوتی  نەتەوەیی و سڕینەوەی زمان و ناسنامە هەبووە، ئەنجامەکەی قەیران و بەربەرەکانی نەتەوە بندەستەکان لەگەڵ دەسەڵاتی نەتەوەی سەردەست و چوونی ئەو وڵاتە بەرەو شەڕی نێوخۆیی و پارچە پارچە بوون بووە. لە ئێران ڕاوەستان بەرامبەر ستەمی نەتەوەیی، زمانی، جێندەری و ئایینی هەموو وڵاتەکە، بە تایبەتی نەتەوە بندەستەکانی گرتووەتەوە و  داوای مافە زمانی و نەتەوەییەکان  لەنێویاندا بەرز بووەتەوە. ئەو نەتەوانە، چی دیکە تەحەممولی ئەو هەمووە سەرکوت وبێ مافییەیان نەماوە.

زمانی کوردی، هەوێنی بزووتنەوەی ناسنامەپارێزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

 بایەخدان بە زمانی کوردی، واتە قسەکردن بەو زمانە لەنێو بنەماڵە و لە دەرەوەی ماڵ؛ بە مانای گرنگیدان بە نووسینی شێعر و چیرۆک و ڕۆمان و کتێبی جۆراوجۆر بەو زمانە، هەروەها بە واتای بەکارهێنانی لە شانۆ و سینەما و گۆرانی و هونەرەکانی دیکەدایە. بوارەکانی دیکەی ئەم بایەخدانە بریتین لە پەرەپێدانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لە ئینترنێت بە تایبەتی لە وەرگێڕانی ئەلێکترۆنیدا، وێرای ئامادەکردن و کارپێکردنی فەرهەنگی کوردیی سەرهێڵ، برەوپێدانی زمانی کوردی لە ژیریی دەسکرد و...دا. ئەم بایەخپێدانەی زمانی کوردی، بۆخۆی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ خزمەتی بەرجەستەبوونەوەی ناوی کورد و ناسنامەی کورد و ناساندنی نەتەوەی کورد دەکات.

با ئێمە ئاوا چاو لە مەسەلەکە بکەین، ئەگەر زمانەکەی خۆت بە لاوە گرنگ نەبوو، یانی کوردبوونی خۆت بەلاوە گرنگ نییە؛ یانی مێژوو، کولتوور و نیشتمانی خۆت بۆ گرنگ نییە. ئەنجامەکەی دەبێتە هەنگاونان بەرەو توانەوە لە ناسنامەیەکی دیکەدا. ئەمەش یانی کارەسات، یانی خەیانەتکردن بە بوونی خۆت و ڕابردووت.

تاکی کورد، ئەگەر شانازیی بە زمانی کوردی بکات و ئەو زمانەی لەلا خۆشەویست ببێت، هەوڵی داواکردنی مافە زمانییەکانی خۆی دەدات؛ داوای بە ڕەسمی ناسین و مافی خوێندن بەو زمانە و کارپێکردنی لە نیشتمانی خۆی دەکات؛ ئەمانەش یانی تێکۆشان و خەبات لە پێناوی سەلماندنی ناسنامەی خۆی بە بەرامبەرەکانی.  خۆشەویستیی زمانی کوردی و هەستکردن بە بەرپرسایەتی لە ئاستی، بە خۆشییەوە بووە بە هەوێنی سەرەکیی بزووتنەوەیەکی بەرین و فرەڕەهەندی ناسنامەپارێزی کە ساڵانێکە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی داگرتوە و تا دێت پتر گەشە دەکات. باشترین پشتیوانی لەو بزووتنەوەیە ئەوەیە کە هاندەری هەر تاکێکی کورد لە نێوخۆ و دەرەوەی کوردستان بین، بایەخدان بە زمانەکەی و پاراستن و بەهێزکردنی، وەک ئەرکێکی نەتەوەیی، ئەخلاقی و پیرۆز چاو لێ بکات.