کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زمانی دایکی و کاریگەریی لەسەر شوناسی نەتەوەیی

15:45 - 17 رەشەمه 2724

زمانی دایکی و کاریگەریی لەسەر شوناسی نەتەوەیی

ڕەزا محەممەدئەمینی

  زمانی دایکی یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی ناسنامەی کەسێتی و کۆمەڵایەتیی مرۆڤایەتییە کە پێوەندییەکی نەپچکراوەی لەگەڵ کولتوور و مێژوو و ناسنامەی نەتەوەیی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتییەوە هەیە.  ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ پاراستنی زمانی دایکی، بەتایبەت ئەو زمانانەی کە هەڕەشەی لەنێوچوونیان لەسەرە، وەک میراتێکی فەرهەنگی ڕۆژی ٢١ی فێورییەی وەک ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی دیاری کردوە. 

  لە ساڵی ١٩٩٩ لە کۆنفرانسی گشتیی ڕێکخراوی یوونێسکۆ ئەو بریارە دەرکرا کە پاڵنەرەکەی ڕاپەڕینی خوێندکاران پاکستانی ڕۆژهەڵات (بەنگڵادێش) بوو کە لە ٢١ی فێورییەی ١٩٥٢ زایینی دژی سەپاندنی زمانی ئۆردوو هاتنەسەر شەقامەکان و زۆر بێبەزەیانە سەرکوت کران. دیارە پێش ئەو ڕووداوەش کە کوژراو و برینداری زۆری لێ‌کەوتەوە، جووڵانەوەی نەتەوەیی-دێموکراتیکی دیکەش لە جیهاندا هەبوون کە هەوڵی دەستەبەرکردنی مافەنەتەوەییەکانیان دەدا کە نموونەی زۆر بەرچاویان، ڕاپەڕینەکانی نەتەوەیی ئازادیخوازانی کورد بوو لە هەموو بەشەکانی کوردستان کە ئێستاش هەر درێژەی هەیە. بەوحاڵەش خۆپێشاندانی خوێناویی خوێندکارە بەنگاڵییەکان کە دواتر کۆتایی بە دەسەڵاتی حکوومەتی پاکستان هێنا، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی گەیاندە ئەو باوەڕە کە دەبێ هەوڵی جیددی بدرێ بۆ پاراستنی زمانی دایکی و مافی خوێندن و نووسین بەو زمانە، بۆ کەمایەتییە نەتەوەییەکان مسۆگەر بکرێ.

   بێگومان فێربوونی زمانی دایکی و خوێندن بەو زمانە لە خوێندنگاکاندا کاریگەریی بەرچاوی هەیە لە ئافراندنی کەسایەتیی تاکەکان و بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگە. جگەلەوەش منداڵان کاتێک لە قوتابخانەکان لەگەڵ زمانی دایکییان بەرەوڕوو دەبن، لە وشە و چەمکە نوێیەکان باشتر تێدەگەن و بۆیان نامۆ نابێ و تەنانەت دەتوانن زمانەکانی دیکەش زۆر ساناتر فێر ببن. لە بەرانبەردا داسەپاندنی زمانی بێگانە و نامۆ لە قوتابخانەکان، نەتەنیا دەبێتە هۆی دابەزینی ئاستی فێربوون، بەڵکوو دەبێتە هۆی بێگانەبوون و سەرلێشێواوی و ئەوەش کاریگەریی زۆر نەرێنیی لە کۆمەڵگەدا دادەنێ. لە زۆربەی وڵاتانی پێشکەوتوو خوێندن بە زمانی دایکی وەک ڕێکارێکی کاریگەر بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی زانست و کەمکردنەوە لە ئاماری وازهێنان لە خوێندن سەیر دەکرێ. زمانی دایکی یارمەتیی منداڵان دەدا کە لەگەڵ کولتوور و مێژوو و میراتی نەتەوەیی خۆیان باشتر پێوەندی بگرن و لە هەمان کاتدا هەستی باوەربەخۆبوونیان تێدا بەهێزتر ببێ.

  جگە لەوەش بە پشت‌ئەستووربوون بە ئەزموونی وڵاتان، بەتایبەت وڵاتانی فرەنەتەوەیی کە نەتەوەکان مافی یەکسان، لانیکەم لە بواری خوێندن و نووسینان هەیە، منداڵان زۆر باشتر و خێراتر خۆیان پێ‌گەیاندوە و ڕێژەی بێسەوادی لە ئاستی سیفردایە. بەپێچەوانەوە لەو وڵاتانەی کە نەتەوەی باڵادەست ئیزنی خوێندن بە زمانی زگماکی نادا، ئاستی خوێندن و سەواد نزمە و منداڵان لەڕووی گوشار و ناچارییەوە مل لە خوێندن دەنێن و ڕێژەی بێسەوادییش زۆر بەرچاوە.

بێگومان زمانی دایکی یەکێک لە سەرەکیترین هۆکارەکانی یەکگرتوویی کولتووری و پێناسەی نەیەوەییە. بەهۆی زمانی دایکییەوە کە لەراستیدا زمانی نەتەوەییە، مێژوو، شێعر و ئەدەبیات، داب‌ونەریتە کۆمەڵایەتییەکان و بەها و بایەخەکانی دیکەی نەتەوەیەک دەپارێزرێ و دەدرێ بە بەرەی داهاتوو. ئەو نەتەوانەی کە لەژێر ستەمی نەتەوایەتی‌دان و ناتوانن یان ناهێڵن پەرە بە زمانی خۆیان بدەن، هەمیشە هەڕەشەی توانەوەی نەتەوەیی و لەدەستدانی ناسنامەی کولتووری و مێژووییان لەسەرە. نەتەوەی کورد لە هەر چوار بەشی کوردستان، بەهۆی سەرکوتی هەمەلایەنەی داگیرکەران و بەربەستە داسەپاوەکان، کەم و زۆر لە دۆخێکی هەرەشەئامێزدایە. دیارە زمانی کوردی کۆڵەکەی سەرەکیی ناسنامەی کوردییە و بەربەرەکانی لەگەڵ هەوڵی دەسەڵاتداران بۆ سڕینەوەی زمانی کوردی و توانەوەی نەتەوەیی، تا ڕادەیەکی زۆر پاشەکشەی بەو هەڕەشانە کردوە.

زمانی دایکی تەنیا ئامرازی دەربڕین نییە، بەڵکوو بەشێکی گرینگ لە بوونی کولتووری، کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی هەموو نەتەوەیەکە و، پێوەندیی نێوان زمانی دایکی و بیر و هزر و کەسایەتیی نەتەوەیی ئاوێتەی یەکترین و ناکڕی لێکیان جوودا بکەینەوە. هەربۆیەشە داگیرکەرانی کوردستان بەهەموو شێوەیەک بەر بە پەرەسەندنی زمانی کوردی دەگرن ولێی تۆقیون و ئەو مافە بە کورد ڕەوا نابینن. نابێ لەبیرمان بچێتەوە کە بێبەشبوون لە زمانی دایکی دەتوانێ لە درێژخایەندا ببێتە هۆی لاوازیی ناسنامە و کەسایەتیی نەتەوەیی و دابەزینی جومگە و پێگەکانی فەرهەنگ و کولتووریی نەتەوە ژێردەستەکان؛ چونکی زۆر نەتەوە بوون کە تەنیا ناوەکانیان ماوە و زمان و ئەدەبیاتیان سڕاوەتەوە و چوونەتە نێو مێژووی زمانە مردووەکان.

جگەلەوەش زمانی دایکی ڕۆڵێکی حاشاهەڵنەگری هەیە لە بەردەوامیی هزر و بیری مێژوویی نەتەوەیەک، واتە زۆر لە داب‌ونەریتەکان، داستان و بەسەرهاتەکان و سروود و گۆرانییە نەتەوەیی و دینییەکان بە زمانی دایکی گوتراون و بوونە بەشێکی گرینگ لە ناسنامەی نەتەوەیی و ئەوە ئەرکی زمانی دایکییە کە ئەو سامانە کولتوورییانە تەحویلی بەرەی نوێ بدات. بێ‌هۆ نییە داگیرکەرانی کوردستان هاوتەریب لەگەڵ بەربەرەکانی زۆر توند و بێبەزەیانە لەگەڵ چالاکانی بواری زمان و کولتوور، زۆربەی داب و نەریت و بایەخەکانی نەتەوییەکانمانیان لێ‌دزیوین و دەستیان بۆ بردوە، و بەرە بەرە خۆییان کردوە. لەڕاستیدا لەنێو ئەو نەتەوانەی لە مافە سەرەتاییەکان وەک پەرەپێدانی زمانی دایکی بێبەش کراون، کولتوور و فەرهەنگی زارەکی و وێژە و ئەدەبیاتی خۆجێی بەرەو لاوازی ڕۆیشتوە و خەریکە لەبیر دەچنەوە.

  شک لەوەدا نییە کە داگیرکەرانی کوردستان هەمیشە دژی ماف و ئازادییەکانی نەتەوەی کورد بوون و سیاسەتی سڕینەوەی زمان و تواندنەوەی نەتەوەیی کوردیان بەڕژدی ڕەچاو کردوە. لە ئێران و لە سەردەمی بنەماڵەی پەهلەوییەوە هەتا ئێستا، سیاسەتی یەکسان‌سازیی فەرهەنگی لەسەر بنەمای یەک زمان و یەک نەتەوە و بە داسەپاندنی زمانی فارسی بەکردەوە کراوە. ئەو سیاسەتە بریتی بووە لە قەدەغەکردنی فێرکردنی زمانی کوردی، بەرتەسک‌کردنەوە و داخستنی ڕاگەیەنە کوردییەکان و سەرکوتی هەرچەشنە جموجۆڵی فەرهەنگی و زمانی. هەوڵی بێ‌پسانەوەی دەسەڵاتدارانی "شا و شێخ" لە ئێراندا بۆ گۆڕینی زمان و کولتووری کوردی، لە ڕاستیدا بەشێک لە پیلانی داگیرکەران بووە بۆ تەک زمانی و تەک فەرهەنگی بەشێوەی زۆرەملێ کە نەتەوەکانی دیکەی غیرە فارسیشی گرتووەتەوە. ئەو سیاسەتە دژی گەلییە، وێڕای سەرکوتی خوێناویی جووڵانەوەی نەتەوەیی گەلەکەمان، بە کەلک‌وەرگرتن لە ئامرازی وەک، بەرتەسک‌کردنەوەی گۆڤارو ڕاگەیێنە گشتییەکان، سوانەوەی مێژوو و بونیاتنانەوەی دووباەری لەبەرژەوەندی نەتەوەی دەسەڵاتدار، گۆڕینی ناوی شار و گوندەکان و قەدەغەکردنی جلوبەرگی کوردی و بەرگرتن بە ئاخاوتن بە زمانی کوردی لە خوێندنگا و ناوەندە ئیدارییەکان و هەروەها بەکەم‌زانین و شکاندەوە و سووکایەتیی نەتەوەیی بەڕێوە چووە.

  هەروەها بەرگرتن لە خوێندن بە زمانی دایکی لە سیستەمی فێرکردن و بارهێنانی وڵات، بۆتە هۆکارێک کە بەرەی نوێ کەمتر شارەزاییان لەسەر زمان و کولتووری نەتەوەییان هەبێ. بەوحاڵەش و سەرەڕای سەرکوت و زەبرو زەنگی هەمەلایەنە، بەڵام چالاکانی مەدەنی و زمانەوانی و ئەدیبان و دڵسۆزانی نەتەوەکەمان، بەتایبەت لە دوو دەیەی ڕابردوو، هاوتەریب لەگەڵ خەباتی نەتەوەیی و آزادیخوازی، تێ‌کۆشاون زمانی کوردی گەشە پێ بدەن. لەڕاستیدا چالاکانی فەرهەنگی لەو دۆخە نالەبارە و بە ئیمکانیاتێکی زۆر کەم و ئەو هەمووە بەربەستانەی دەزگای سەرکوتی ڕێژیم بۆیانیان داناوە، توانیویانە لە زۆربەی شار و گوندەکانی کوردستان کۆرسی فێربوونی نووسین بە زمانی کوردی دابنێن و زۆر منداڵ و لاو و تەنانەت گەورەساڵیش فێری نووسین و خوێندنەوەی زمانی کوردی بکەن. هەر ئێستا مزگەوت و شوێنە گشتییەکان بوون بە قوتابخانەی زمانی کوردی و میوانداری لە کچان و کوڕانی بەهەستی نەتەوەکەمان دەکەن کە بەپەڕۆشەوە خەریکی خۆپێگەیاندنن. ئەو شەپۆلە کەم‌وێنەیە دەزگای سەرکوتی ئاخوندەکانی هەراسان کردوە، هەربۆیەشە بە هەموو شێوەیەک دژایەتی ئەو ڕەوتە دەکەن و زۆر چالاکی زمانەوانییان تەنیا بەتاوانی فێرکردنی خۆبەخشانەی زمانی کوردی ڕاپێچی بەندیخانە کردوە.

هەر لە نوێترین نموونەکانی سیاسەتی سەرکوتکەرانە و دژ بە زمانەکانی غەیرە فارسی، مەجلیسی دژی گەلیی ڕێژێم ڕۆژی چوارشەممە٨ی ڕەشەمە و چند ڕۆژ پاش ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی، بەفەرمی و بە دەنگی زۆرینەی نوێنەران، دژایەتی خۆی لەگەل خوێندنی زمانە غیرە فارسییەکان ڕاگەیاند. ئەو بڕیارەی مەجلیسی ئاخوندی بۆ جارێکی دیکە سەلماندی کە کۆماری ئیسلامی ڕێک وەک ڕێژیمی بنەماڵەی پەهلەویی و بگرە خراپتریش دژی مافی خوێندن بە زمانی دایکییە، مافێک کە لە جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یکگرتووەکاندا هاتوە و دەسەڵاتدارانی ئێران بە نوێنەرایەتی وڵات و خەڵکی ئێران پشتڕاستیان کردووەتەوە. سەیر ئەوەیە لە ماددەی ١٥ یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامیدا ئاماژە بە خوێندن بە زمانی "ئەقوام" کراوە و ڕێگەپێدراوە کە لە تەنیشت زمانی فارسی ئەو زمانانەش کەڵکیان لێ‌وەربگیرێ، بەڵام ئەو بڕیارە مەجلیس نیشانی دا کە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی هیچ بایەخێک تەنانەت بۆ یاساکانی خوشیان دانانێن و دژایەتیی نەتەوەکان لە بیر و هزری فاشیستی ئەوانەوە سەرچاوە دەگرێ. ئەوە تەنیا نموونەیەکە لە ئاکار و سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی لەئاست ماف و ئازادییەکانی نەتەوەکانی ئێران.

جێی‌ تێڕامانە، ئەو نیزامە دواکەوتوو تۆتالیتێرە تەنانەت بە خوێندنەوەی چەند بەیت شێعر بە زمانی تورکی لەلایەن مەسعوود پزشکیان، سەرۆک‌کۆمارەکەی خۆیشیی تووڕەیە و تانەی لێ‌دەدا. پزێشکیان کە خۆی تورک زمانە لە بەرنامەی کۆتایی ڕێوڕەسمی" حەوتووی فەرهەنگی تەورێز" لەتاران چەند بەیت شێعری تورکی خوێندەوە کە هەرئەو کات و لەبەرچاوی ئامادەبووان و کامێراکان بەنووسراوە "تذکر"ی پێ‌دەدرێ و ئەویش شێعرەکەی بە نیوەچڵی دەهێڵێتەوە و ملکەچی و بێدەنگی هەڵدەبژێرێ!

  لەکۆتاییدا دەبێ بڵێین پاراستن و پەرەپێدانی زمانی دایکی، نەک هەر مافێکی ئینسانییە، بەڵکوو بەردی بناغەی ناسنامەی نەتەوەییشە. لەحالێکدا کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە سیاسەتی هەڵاواردنی نەتەوەیی بەردەوامە، ڕێگای وەدیهێنان و دابینکردنی مافی نەتەوەیی گەلانی غیرەفارس، بە کوردیشەوە، لە گرەوی خەباتی بێ‌وچان و بەردەوام بۆ ئازادی و مافە نەتەوایەتییەکانیەتی. هەروەها پاراستنی زمانی دایکی و تێکۆشان بۆ بەفەرمی ناسینی، بەواتای خاشەبڕکردنی ستەم و هەڵاواردنی نەتەوەییە و ئەوە ئەرکێکی پیرۆز و گشتیی گەلانی بەشخوراوی ئێرانە کە بەبێ یەکیەتی و خەباتی فڕەڕەهەند و شێلگیرانە، دەستەبەر ناکڕێ.