
فەلسەفەی دامەزراندنی "یەکیەتیی ژنانی دێموکرات" لە تێڕوانینی پێشەوا قازی محەممەد، سەرۆککۆماری کوردستاندا
شاڕۆخ حەسەنزادە
دامەزراندنی " یەکیەتیی ژنانی دێموکرات" کەمتر لە دوو مانگ دوای ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان (٢٤ی ڕەشەمەی ١٣٢٤ی هەتاوی) نەک تەنیا هەنگاوێکی سیاسیی ساکار نەبوو، بەڵکوو ڕەگ و ڕیشەی لە قووڵایی باوەڕە کولتووری، مێژوویی و فەلسەفییەکانی ئەو سەردەمەدا هەبووه. لەم نووسینەدا، لە سێ ڕوانگەوە ١. سیاسی ٢. فۆلکلۆریک (ئەدەبیاتی زارەکی) و ٣. فەزای فکری-فەلسەفیی زاڵ بەسەر ئەو سەردەمەدا، هەوڵ دەدەم بۆ تێگەیشتنێکی ڕاستەقینەتر لە کاریگەری و هۆکارەکانی دامەزراندنی ئەم یەکیەتییە و گرنگییەکەی لە تێڕوانینی قازی محەممەد، سەرۆک کۆماری کوردستان بدوێم.
دامەزراندنی یەکیەتییەکان و ڕێکخراوەکان، نەریتێکی باو لەنێو حیزبە چەپ و سۆسیالیستییەکان بوو کە لەو سەردەمەدا لە ئێران و کوردستاندا کاریگەرییان هەبووە. نزیکەی چوار ساڵ پێش دامەزراندنی کۆماری کوردستان (٢ی ڕێبەندانی ١٣٢٤) حکوومەتی پاشایەتیی ئێران بەبێ هیچ بەرگرییەک کەوتە ژێر دەستی هێزەکانی هاوپەیمانان (سۆڤیەت و بەریتانیا) و دەسەڵاتی سیاسی لە تاران بە لابردنی ڕەزا شا ڕووخا. لەو کاتەدا، کاریگەریی بیرۆکە چەپە سۆسیالیستییەکان بەتایبەت دوای شۆڕشی ئۆکتۆبەری ١٩١٧، لە ڕێگەی سۆڤییەتەوە بە هاتنی سوپای سوور لە ناوچەکانی باکووری ئێرانەوە بەسەر کوردستاندا زیاتر بڵاو بۆوە و پەرەی سەند. لەلایەکی ترەوە، نەریتی ڕێکخستنی ژنان لە بزووتنەوە چەپەکاندا، بەتایبەتی تیۆریی چینایەتی لە بیرۆکەکانی "کارڵ مارکس" کە بنەمای پرەنسیپە فکرییەکانی حیزب و ڕەوتە چەپەکان بوو، ڕەگی داکوتبوو. لە ڕاستیدا تایبەتمەندییە جیاکەرەوەکانی تیۆریی مارکس بریتی بوون لە چەمکی چینەکانی کۆمەڵگە بە لەبەرچاوگرتنی سیستەمی بەرهەمهێنان و گریمانەی گۆڕانی کۆمەڵایەتی لە ڕێگەی خەباتی چینایەتییەوە کە دەبوو بگاتە نموونەیەکی نوێی کۆمەڵگەی بێ چین. مارکس، ئازادیی ژنانی بە بەشێکی دانەبڕاو لە ئامانجەکانی خەباتی چینایەتی دەزانی. ئەو لە دەستنووسە فەلسەفییەکانی ساڵی ١٨٤٤دا بە شێوازی جیاواز ئاماژە بە هەڵسوکەوتی "بنیام" (بوونەوەری مرۆیی) لەگەڵ پیاوان و ژناندا دەکات و دەڵێت؛ گەشەسەندنی ئێمە بە جۆرێک دەکرێ بەپێی شێوازی هەڵسوکەوتمان لەگەڵ ژنان هەڵبسەنگێندرێت و دەبێت ئەم ئاکارە یەکسان و هاوتەریب بێ لەگەڵ شێوازی ڕوانیمان بۆ پیاوان.
لەنێو قووڵایی ئەم ڕوانگە سیاسی و ئابوورییانەدا بوو یەکەم ڕێوڕەسمی ڕۆژی جیهانیی ژن لە ساڵی ١٩١٠ بە هەوڵی "کلارا زێتکین"، چالاکی سۆسیالیستی ئەڵمانی بەڕێوە چوو. تەنانەت کەسایەتییە کاریگەرەکانی تری ژن وەک "ڕۆزا لوکزامبورگ" وەک سەرکردەی ڕەوتە چەپە سیاسییەکان لە ئورووپا لە بەردەوامی ئەم نەریتە فکرییەدا ڕۆڵی سەرەکییان گێڕا و کاریگەرییەکەی لە بەفەرمیناسینی مافی دەنگدان دوای شۆڕشی کۆمۆنیستیی ١٩١٧ گەیشتە لوتکە.
قازی محەممەد، سەرۆک کۆماری کوردستان بە تێگەیشتنێکی ورد لەم فەزا سیاسییە و بە ئیلهاموەرگرتن لە نەریتە فکرییە سۆسیالیستییەکان، لە گرنگیی ڕێکخستنی ژنان لە بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد تێگەیشتبوو. ناوبراو بەم ڕاستییە گەیشتبوو کە ژنان نیوەی کۆمەڵگە پێکدەهێنن و بەشدارییان لە بوارەکانی سیاسی، پەروەردەیی، کۆمەڵایەتی و کولتوورییدا بۆ سەرکەوتنی بزووتنەوە مافخوازانەی کورد پێویستە. ئەم تێگەیشتنە لە پەیوەندی لەگەڵ کەسایەتییە ئاوانگارد و پێشەنگ لە بزووتنەوەی ژنانی کورد لە بەشەکانی دیکەش، وەک "حەپسەخانی نەقیب" لە سلێمانی، پاڵنەرێکی بەهێز بوو بۆ دامەزراندنی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان.
ڕۆڵی بەرچاوی ژنان لە ئەدەبیاتی زارەکی و فۆلکلۆریی کوردیشدا، دووهەم هۆکار و بەڵگەیەکی دیکەیە لەسەر کاریگەری و پێگەی ئەوان لە کولتوور و ناسنامەی کوردیدا. ئەم ڕۆڵە نەک تەنیا دیاردەیەکی ڕواڵەتی و کاتی نیە، بەڵکوو ڕەگیی لە قووڵایی ناخودئاگای بەکۆمەڵی نەتەوەی کورددا هەیە. بەپێی تیۆریی "کارڵ یۆنگ"، ناخودئاگای بەکۆمەڵ گەنجینەیەکە لە کەونەهێـماکان، پاڕادایم و ئەزموونە هاوبەشەکانی مرۆڤایەتی کە لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر دەگوازرێتەوە. ئەم کەونەهێمایانە لە شێوەی دەرەڤۆک، ئەفسانە، چیرۆک، هونەر و ئەدەبیاتی کۆمەڵگەیەکدا دەردەکەون و کاریگەری لەسەر هەڵسوکەوت و بیرکردنەوەی تاکەکانی ئەو کۆمەڵگەیە دادەنێن. لە هۆنراوە حەماسییەکان، بەیت و گێڕانەوە زارەکییەکانی کوردیدا، ژنان نەک تەنیا دەوری بەرچاویان هەیە، بەڵکوو زۆرجار وەک کەسایەتییە سەرەکییەکان، پاڵەوانان و سەرکردەی کۆمەڵگە وێنا دەکرێن. ئەم شوبهاندنه، نەک تەنیا ڕەنگدانەوەی ڕاستییە مێژوویی و کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگەی کوردستانە، بەڵکوو دەربڕی بەها و ئامانجە دیرۆکییەکانە کە لە ناخودئاگای بەکۆمەڵی نەتەوەی کورددا ڕەگیان داکوتاوە. بۆ میناک، لە بەیتەکانی "شێخ فەرخ و خاتوون ئەستی"، "مەم و زین" ژنان شانبەشانی پیاوان ڕۆڵی سەرەکی لە حەماسە و چیرۆکەکەدا دەگێڕن یان لە بەیتە بەناوبانگەکەی "لاس و خەزاڵ"دا، خەزاڵ نەک تەنیا سەرۆکی هۆزی خۆیەتی (مامودینان)، بەڵکوو ئازادانە خۆشەویستیی خۆی بۆ (لاس) دەردەبڕێت. خەزاڵ، وەک کەونەهێمایەک، پڕادایمێکە بۆ هێز، سەربەخۆیی و ئازادیی ژنان لە کۆمەڵگەی کوردیدا. ئەوە بیرهێنەرەوەی دەرەڤۆک و ئوستوورە کۆنەکانی زاگرۆس-تۆرۆسە کە تێیدا ژنانی بەهێز و سەربەخۆ ڕۆڵێکی گرنگیان لە کۆمەڵگەدا گێڕاوە و لەسەر ئەم بنەمایە ژنان ڕێژی تایبەتیان هەبووە و دەستەواژەی وەک شێرە ژن یان شۆڕەژن هاتووەتە ناو کایەی زمانییەوە.
مامۆستا هێمن لە پێشەکیی کتێبی "توحفەی موزەفەرییە"دا بە ئاماژە بەم بەیتە، بە یەکێک لە شاکارەکانی ئەدەبی کوردی ناوی دەبات کە ئەگەری هەیە بۆ سەردەمی پێش ئیسلام یان سەردەمی مێوەجاغی بگەڕێتەوە. ئەم بابەتە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە لە ناخودئاگای بەکۆمەڵی میللەتی کورددا، ژنان هەمیشە ڕۆڵێکی سەرەکی و بنەماییان هەبووە. تەنانەت لە یاساکانی تایبەت بە شایی و هەڵپەڕکێی کوردیشدا، ئەوە تەنیا ژنە مافی هەڵبژاردنی هەیە کە لەگەڵ کێ هەڵپەڕێت و بچێتە دەستی کێ (تەنانەت ئەم ڕێسا و چالاکییەش ناوی هەیە و پێێ دەوترێ "دۆ" کە دەبێ لە "دۆت"ـی کورمانجی سەروو هاتبێ واتە کچ، کەنیشک)، ئەمەش ڕەگی لە هەمان ناخودئاگای بەکۆمەڵدا هەیە. ئەم مافی هەڵبژاردنە، هێمایە بۆ ئازادی و سەربەخۆیی ژنان و دەردەخات ژنان لە کولتووری کوردیدا پێگەیەکی تایبەتیان هەبووە. با ئەوەندەش بڵێم؛ دکتۆر جەواد قازی، مامی پێشەوا قازی محەممەد لە ئامادەکردن و کۆکردنەوەی کتێبەکەدا کە کاری "ئۆسکارمان"ی ئەڵمانی بوو لە ساڵی ١٩٠٥دا ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە و دڵنیام خودی پیشەواش ئاگاداری نێوەڕۆکی کتێبەکە و مێژووی زارەکیی کورد بووە.
دوای بزووتنەوەی ژینا بە دروشمی "ژن ژیان ئازادی" ژنی کورد وەک سووژەیەکی چالاک و سەربەخۆ، نەک ئۆبژەیەکی سێکسی یان ڕەگەزیی دووهەم، بە سوود وەرگرتن لە پێشینەی مێژوویی خۆی توانی ئامادەبوون و ڕۆڵی خۆی بسەلمێنێت. ئەم دروشمە بە بەکارهێنانی سێ وشەی بەڕوڵەت ساکار بەڵام بەهێز کە لە ناخودئاگای بەکۆمەڵی کوردەوە هەڵقوڵابوو وەک ئەمرێکی سەرتاسەری لێ هات و توانی ببێتە ناسنامەی بەکۆمەڵی کۆمەڵگە و، هەستەکان، بەهاکان و باوەڕە قووڵەکانی چالاک کرد. ئەم دروشمە کە بنەما سەرەکییەکەی ژن بوو، یارمەتی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دا نەک تەنیا لە کوردستان بەڵکو لە سەرتاسەری ئێراندا بۆ ئەوەی شوناسێکی نوێ بۆ خۆیان پێناسە بکەن، دەسەڵاتی حاکم تووشی ئاڵنگاری بکەن و بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و دادپەروەر هەوڵ بدەن. هەروەها بەشداریی بەرفرەوانی ژنان لە چالاکییە ئەدەبی، کولتووری، زمانی، مافی ژنان، ڕێوڕەسمەکان و جەژنەکانی نەورۆز لە ساڵانی ڕابردوودا بەتایبەت ساڵی بووری-ئەمساڵ، لە زۆربەی هەرە زۆری شار و گوندەکانی کوردستان، نموونەی بەرچاوی بەردەوامی ئەم ڕۆڵگێڕانەی ژنانە لە ناسنامە و کولتووری کوردیدا. بەشداریی چالاکانه و بەربڵاوی ژنان، جەژنەکانی نەورۆزیان کردە گۆڕەپانێک بۆ نمایشی هێز، شوناس و یەکیەتیی نەتەوەیی و یەکسانی ڕەگەزی. لەبەرکردنی جلیی نەتەوەیی بە بەستنی و لەمل کردنی جامانە، هەوەوری و گوڵوەنی، وتنەوەی سروودە نەتەوەییەکان، داگیرساندنی هێمایی ئاگری نەورۆز، گرتنی سەرچۆپی، نەک تەنیا هێمایەک بوو بۆ ناسنامەی ژنیی کورد، بەڵکو دەربڕی خواستی ئەوان بۆ ئازادی، یەکسانی و دادپەروەری بوو. بەردەوامیی لۆژیکی ئەم نەریتە دێرینە، دەریخست ژنانی کوردستان پێشەنگی گۆڕانکاری و خەباتن بۆ بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی خۆیان هەم لەپێناو دادپەروەری هەمژی بۆ خەباتی ناسیونالیستی. ئەم بەشدارییە بەهێز و کاریگەرە لە ڕێوڕەسمەکان و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکاندا، ڕەگی لە هەمان ناخودئاگای بەکۆمەڵدا هەیە کە ژنان وەک بەشێکی دانەبڕاو و چالاک لە مێژوو، وێژە، سیاسەت، کۆمەڵگە و فەرهەنگی کوردی پێناسەی دەکات. قازی محەممەد بە تێگەیشتن لەم ڕاستییە و ئاگادار لە ڕۆڵی ئەم کەونەنموونانە لە بیچمگرتنی شوناس و ڕەفتاری تاکەکان، بە گرنگیی ڕێکخستنی ژنان بۆ پاراستن و بەهێزکردنی ئەم ناسنامە و کولتوورە گەیشتبوو.
سەردەمی کۆماری کوردستان، هاوکات بوو لەگەڵ گەشەونەشەی فەلسەفەی ئێگزیستانسیالیزم (بوونگەرایی). چەمکگەلێک وەک ئازادی، بەرپرسیارێتیی تاکەکەسی، هەڵبژاردن، پابەندی و دەروەستبوون و مانابەخشین بە ژیان، لەنێو چەمکە سەرەکییەکانی ئەم فەلسەفەیە دەوری سەرەکیان گێراوە و کاریگەرییان لەسەر فەزای فکریی و مەعرەفی ئەو سەردەم هەبووە. ئێگزیستانسیالیزم لەسەر ئەم باوەڕەیە کە مرۆڤەکان بەرپرسن لە هەڵبژاردنەکانی خۆیان و دەبێت بە ئاگاداری لەم بەرپرسیارێتییە، ژیانی خۆیان وێنا بکەن. ئەم فەلسەفەیە بە دژایەتیکردنی قەدەرگەرێتی (جبرگرایی-Determinism) و ڕوانگە نەریتییەکان، جەخت لەسەر گرنگیی تاکایەتی و خودئاگایی دەکاتەوە.
بڵاوبوونەوەی کتێبی "ڕەگەزی دووهەم" لە نووسینی "سیمۆن دوبۆڤوار"، لە پێشەنگانی فێمێنیزم و هاوژینی "ژان پۆل سارتر" لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی ئەم فەلسەفەیە، نیشانەی بایەخدانی جیهان بە پرسەکانی پەیوەست بە ژنان و یەکسانیی ڕەگەزی بوو. دوبۆڤوار لەم کتێبەدا، بە ڕوانگەیەکی بوونناسانە بۆ پرسی ڕەگەز، خۆیا دەکات؛ "ژن بوون" ئەمرێکی زاتی نییە، بەڵکوو پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتییە کە بەسەر ژناندا دەسەپێندرێت. ئەو بە جەختکردنەوە لە ئازادی و مافی هەڵبژاردنی ژنان، خوازیاری ڕزگاریی ژنان لەم پێکهاتانە و بەدیهێنانی تاکایەتی و مرۆڤایەتیی تەواوی ئەوان دەکات.
قازی محەممەد، وەک کەسایەتییەکی ڕووناکبیر و زانا، هەروەها زانینی چەندین زمان لەنێویاندا فەرەنسی، ئەگەری زۆرە لەگەڵ ئەم فەلسەفەیە و بیرۆکەکانی تایبەت بە مافەکانی ژنان ئاشنا بووبێت و کاریگەریی لەسەر هەبووبیت. فەلسەفەی بوونگەرایی بە جەختکردنەوە لەمەڕ ئازادی و مافی هەڵبژاردن، ئەم دەرفەتەی بە قازی محەممەد دا کە ژنان وەک بوونەوەرگەلێکی ناچالاک و ملکەچ نەبینێت، بەڵکو وەک تاکێکی سەربەخۆ و خاوەن مافی بڕیاردان پێناسەیان بکات. ئەم ڕوانگەیە، دەکرێ ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر بڕیاری بەڕێزیان بۆ دامەزراندنی یەکێتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەبووە. سەرۆک کۆماری کوردستان بەم هەنگاوە، هەوڵی دا بەستێنی پێویست بۆ ئازادی، مافی هەڵبژاردن و یەکسانیی ڕەگەزیی ژنانی کورد دابین بکات و ئەوانی وەک هاونیشتمانی یەکسان و چالاک لە کۆمەڵگەی کوردستاندا بە فەرمی بناسێنێت. ئەو بە ڕێکخستنی ژنان لە چوارچێوەی ڕێکخراوێکدا گۆڕانکارییەکی گەورەی لە کۆمەڵگەیەکی نەریتی و ئایینی ٨٠ ساڵ لەمەوبەر دروست کرد و ئەم دەرفەتەی بە ئەوان دا دەنگی مافخوازیی خۆیان بەرزتر بکەنەوە، لە بڕیاردانە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکاندا بەشداری بکەن و بۆ وەدەستهێنانی مافەکانی خۆیان تێ بکۆشن و خەبات بکەن. بە واتایەکی تر، دامەزراندنی یەکێتیی ژنان بە سەرۆکایەتیی مینا خانم هاوسەری پێشەوا و ئەندامبوونی کچەکانی خۆی بە ئامانجی ڕەچەشکاندن، ڕەنگدانەوەیەکی کرداریی بیرۆکە پێشکەوتووخوازانە و بوونگەرایانە بوو لە بواری یەکسانیی ڕەگەزی و ئازادیی ژنان لە کۆمەڵگەی کوردستاندا.
بە شێوەیەکی گشتی؛ دامەزراندنی "یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان" لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا، هەنگاوێکی چەند ڕەهەندی بوو و ڕەگی لە باوەڕە بەهێزەکانی قازی محەممەد لەهەمبەر گرنگیی ڕۆڵی ژنان لە کۆمەڵگە و بزووتنەوەی نەتەوەیی کورددا هەبوو. ئەم هەنگاوە، نەک تەنیا کاریگەریی فەزای سیاسیی و بیرۆکە سۆسیالیستییەکانی لەسەر بوو، بەڵکوو ڕەگی لە مێژووی فۆلکلۆریک و کولتووری کوردی، هەروەها فەزای فکری-فەلسەفیی ئەو سەردەمەدا هەبوو. بە لێکۆڵینەوە لەم سێ ڕوانگەیە و بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی ڕۆڵی ناخودئاگای بەکۆمەڵ و کەونەهێما ژنانەکان لە کولتووری کوردیدا، دەتوانین بە تێگەیشتنێکی قووڵتر لەم هەنگاوە و ڕۆڵی لە بەرزکردنەوەی پێگەی ژنان لە کۆمەڵگەی کوردستاندا بگەین. دامەزراندنی ئەم یەکیەتییە، هەنگاوێکی گرنگ بوو لە ئاڕاستەی بەدیهێنانی ئازادی، یەکسانی و دادپەروەری بۆ ژنانی کورد لەگەڵ خەباتکردن بۆ مافە نەتەوەییە دێموکراتییەکاندا کە هەتا ئەمڕۆش ئیلهامبەخشی بزووتنەوەکانی ژنان لەم ناوچەیەدا بووە.