
لە پەراوێزی بەیاننامەی ٨٠٠ بەناو ڕووناکبیرەکەدا
شەماڵ تەرغیبی
لە ڕۆژانی ڕابردوودا بەیاننامەی ٨٠٠ بەناو نووسەر و هونەرمەند و ڕووناکبیر بڵاو کرایەوە کە تێیدا دژ بە نەورۆزی خاکیپۆشان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵوێست گیرابوو. دیارە ڕستە بە ڕستەی ئەم بەیاننامەیە جێی تێڕامان و هەڵوەستە لەسەرکردنە و لێرەدا هەوڵ دەدەین بپڕژێینە سەر چەند بەشێکی گرینگی ئەم نامەیە.
پێش لە هەر شتێک دەبێ بگوترێ کە دێڕبەدێڕی ئەم بەیاننامەیە جیا لەوەیکە دژ بە کۆڵەکە سەرەکییەکانی ئازادی و دێموکراسی و فرەچەشنییە، لەوە زیاتر ڕەوایەتێکی تەواو فاشیستییانەیە کە لە ڕاستای یەکدەستکردنی جوغڕافیای ئێران هەنگاو دەنێت و جێگەی مەترسییە.
پڕئاشکرایە کە ئەو وڵاتەی بە ئێران دەناسرێ لەڕووی پێکهاتەییەوە وڵاتێکی فرەنەتەوەی پڕ لە جۆراوجۆرییە کە لە کۆنەوە چەندین نەتەوە و ئیتنیکی جیاواز تێیدا پێکەوە ژیاون. کورد، تورک، عەرەب، بەلوچ، تورکمان و باقی ئیتنیکەکانی نێو ئەم جوغرافیا بە هەبوونی هەرچەشنە ئایین و کولتوور و وردەکولتوورێک کە بە درێژایی ساڵیان پێک هاتووە پێکەوە بوونەتە بەشێک لەو فرەڕەنگییەی کە قەوارەی بە ئێران بەخشیوە. کەواتە ئەم جۆراوجۆری و جیاوازییانە بەپێچەوانەی گوتاری ناوەندگەراکان و واژۆکەرانی ئەم بەیاننامە نەتەنیا خاڵی لاوازی نییە بەڵكوو دەبێ وەک مەزنترین سەرمایەی مێژوویی، فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی بۆ ئێستە و داهاتووی ئێران سەیر بکرێ! ئەگەر کەسێک خەمی ئەو نیشتمانەی هەبێ.؛ بەڵام نێوەڕۆکی ئەم بەیاننامە نەتەنیا هیچ چەشنە خەمخۆرییەکی تێدا بەدی نەکراوە بەڵکوو بەهۆی دنیابینی سەقەتی ناوەندگەرایانەی بە میراتگەیشتوو لە ڕێژیمی پاشایەتی و دەسکەوتی سیاسەتە چەوتەکانی کۆماری ئیسلامی وەک هەڕەشەیەک بۆسەر داهاتوو لە قەڵەم دراوە کە خوازیاری سەرکوت و لەنێوبردنیەتی.
لە بەشێک لەم نامەیەدا وێڕای هەوڵدان بۆ سووکایەتی کردن بە گەلی خاوەن مێژوو و فەرهەنگی کورد، ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکانی کوردستان بە دزەی فەرهەنگی خەڵکانی تر و لەوەش بچووکتر لاساییکردنەوەی ناشارەزایانە لە وڵاتانی دراوسێ پێناسە کراوە کە ئەمە خۆی نیشان دەدات ئەو کەسانەی واژۆی نامەکەیان کردوە یان هیچ شتێک لەسەر مێژوو نازانن یان بەئەنقەست و بۆ خۆڵ لەچاوکردن دەیانهەوێ ئاگرێکی بێهۆ لەم وڵاتەدا خۆش بکەن؛ دەنا کێ هەیە کە نەزانێ مێژووی نەورۆز لە نێو گەلی ئێمەدا دەگەڕێتەوە بۆ زۆر کۆنتر لەوەیکە بیری لێ دەکەنەوە و ڕەنگە باشترین بەڵگەش هەمان نووسراوەکانی ئەحمەدی خانی شاعێری ناوداری کورد لە سەدەی ١٧ی زایینی بێ!
لە بەشێکی دیکەی ئەم نامە پڕشوورەییەدا کە بەداخەوە چەند کەسێک لە واژۆکەرانی کوردن! ئاماژە بە ڕووداوەکانی نەورۆزی ورمێ کراوە و بە دابەزاندنی قوورسایی جێژنێکی وەها مەزنی نەتەوەیی بۆ ڕێوڕەسمێکی قەومی! تۆمەتی چاندنی تۆوی ڕقوقین و "تجزیەطلبی"یان وەپاڵ داون. هەر ئەو دەستەواژە ئاشنای کە ساڵانێکە ناوەندگەراکانی سەر بە کۆماری پەتوسێدارە دژ بە هەر چەشنە مافویستییەک کردوویانەتە گۆپاڵی دەست. گۆپاڵێک کە هەر دوابەدوای بەڕێوەچوونی نەورۆزی ورمێ لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانی رێژیمەوە تاقمێک پانتورکی لێ هان درا تا بڕژێنە سەر شەقام و بیکوتن بەسەر گەلی کورددا!
کەواتە ڕوونە ئەم شێوازی ڕوانین و دەربڕینە لەڕاستیدا نەک نابێتە هۆی هێوربوونەوەی دۆخەکە بەڵکوو بۆخۆی دەبێتە هۆکارێک لەمەڕ زیاتر تەشەنەکردنی ناکۆکییەکان و زیادبوونی گرژی و ئاڵۆزییەکان بەتایبەت لە نێوان دوو نەتەوەی تورک و کورد کە ساڵیانی ساڵە پێکەوە لەو جوغرافیایەدا دەژین؛ کەواتە ئەوەیکە واژۆکەرانی ئەم نامە باسی لێوە دەکەن لەڕاستیدا بۆخۆی هەوڵێکە بۆ زیاترکردنی کەلێن لە نێوان نەتەوەکان نەک هەوڵدان بۆ لێکنیزیککردنیان!
پرسێکی گرینگی دیکە کە دەکرێ لێرەدا شەنوکەو بکرێت، کەلکوەرگرتنی بەئەنقەستی ئەم بەڕێزانە لە دەستەواژەی "مصادرە نوروز"ە! نەورۆز جێژنێکی کەونارا و دێرینە کە تەواوی نەتەوەکانی نیشتەجێ لەو جوغرافیا بە "پارسییەکانیشەوە" بەشێوازی جۆراوجۆر و هەرکام بەپێی سروشتی خۆی بەڕێوەی بردوە. کاتێک کە ئەوان باس لە موسادرەکردنی نەورۆز دەکەن وەک ئەوە وایە کە ئەم جێژنە هی نەتەوەیەکی تر بووبێت و کورد هاتبێ بە تاڵانی بردبێ بۆ هەندێ مەرامی سیاسی و تایبەتی خۆی، لەحاڵێکدا هەموو عەقڵێکی سەلیم ئەوە دەزانێ کە ئەو شێوازی دەربڕین و ئاخاوتنە تەنیا لە مەیخەلەی کەسانێکی فاشیستەوە سەرچاوە دەگرێ کە ناتوانن و نایانهەوێ گەورەیی و شکۆی نەورۆز وەک خۆی ببینن بۆیە دەیکەنە ئامرازێک بۆ سووکایەتیپێکردن و سەرکوت؛ سەرکوتێک کە وەک فارس دەڵێ "مسبوق بە سابقە"یە و پرس و بابەتێکی نوێ نییە!
بەڵام ئەوەیکە گرینگە و مێژوو سەلماندوویەتی و ڕەنگ بێ پێویست بکات دووبارەش بسەلمێتەوە ئەوەیە کە کورد لەسەر خاکی خۆی بەدرێژایی ساڵانی دوورودرێژ بەرامبەر بە تاڵان و تاوانی سپای ڕوم و عەجەم و پارس ڕاوەستاوە و ڕادەوەستێ چونکە باوەڕی بە مانەوەی خۆی وەک نەتەوەیەکی خاوەن سەروەرییە و ئەم جۆرە هەڵوێستگرتنە نەشیاوانەش تەنیا لە چوارچێوەی هەوڵێکی نەزۆکی فاشیستییانەی فەرهەنگی سەرچاوەگرتوو لە عەقڵیەتی پووکاوی ناوەندگەراکان دەبینێ.