
نەورۆزی کوردستان؛ ڕۆحی بەرخودان
هەردی سەلیمی
گەر هەندێک کەس لایان وابوو کوردستان بەدوای سەرکوتی بەربڵاوی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا و هەروەها ئەو گوشارەی کە لەسەر حیزبەکانی کوردستان بوو، دۆخێکی ماتەمینی بەسەردا زاڵ دەبێ لە چەشنی ئەوەی بەدوای ٢٨ـی گەلاوێژی ٣٢دا هات، ئەوە ئەم سێ نەورۆزەی دوایی سەلمێنەری ئەوەن کە کوردستان ئەم هەورە ڕەشەی داماڵی و زیندوویەتیی خۆی نواندەوە. لەگەڵ ئەوە ڕوانگەیەکی دیکەشمان هەبوو کە پێی وابوو ئەو پێشوازییەی کوردستان لە نەورۆزی ١٤٠٣ـی کرد، بیانوویەک و هەوڵێکی وشیارانە بوو بۆ لابردنی خەم و کەسەر و هەروەها ڕێگەپێدانی دەسەڵاتیش هەوڵێکی ناڕاستەوخۆی ئەو دەزگایە بوو بۆ ئاشتیی دوای ئەو شەڕە قورسە؛ ئەو پیشبینییە هەڵە بوو و کوردستان هۆنراوەی "زستانە"ی ئەخەوانسالسانەی نەهۆنیەوە، لێکدانەوەکەش زۆر لەسەر جێی خۆیدا نەبوو، چون کوردستان تەنیا بەهۆی شادییەوە هەڵنەپەڕی.
ڕۆحی نەورۆز، ڕۆحی بەرخودانە، ئەو شادییەی لە نەورۆزدا دەکرێ، لەسەر شین شین بووە، کوردستان خەم و تراژیدییەکانی خۆی لەبیر نەکردووە، بەڵام شادیی بەکۆمەڵی خۆی لەسەر خەمی بەکۆمەڵ هەڵچنیوە، هاواری نەورۆز لە کوردستاندا هاواری سەرکەوتنی گەرما بەسەر سەرما و ڕووناکایی بەسەر تنۆکیدایە، هاواری سەرکەوتنی بەرخودان و کۆڵنەدانە لە بەرامبەر دێوی دزێوی شەڕ و تاریکی و سەغڵەتدا؛ ئێمە گەر ڕابردوو لەبیر کەین و نوقمی شادییەکانمان بین، داهاتووشمان لەدەست چووە، ئەم بیرۆکەیە لەم یەکدوو ساڵەی نەورۆزدا بەجوانی و بەکرداری شی کرایەوە؛ نیشان درا کوردستان پێش لە هەر شتێک ڕۆحی بەرخودانی نەورۆزی زیندوو ڕاگرتووە، ئینجا شادی و خۆشییەکەی. بەڵگە بۆ ئەم ئیدیعایە چییە؟ کوردستان لەگەڵ ئەوەی بەرەوپیری ڕۆژ و ساڵێکی نوێ هەنگاو دەنێ، بەڵام لەو گەرمەی پێشوازییەیدا ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوەی ١٣٢٦ـی هەتاویی لەبیرە، واتە چاوێکی لە ڕابردووش هەیە و دەزانێ دەبێ لەو ڕۆژەدا چ بکات بۆ ئەوەی بەرنامەی تێکۆشانی دادێی خۆی واتادارتر بکات و لە هەڵپەڕینێکی ڕووتدا خۆ قەتیس نەکات.
ئەم وشیاریی سیاسی و فۆرماسیۆنی هێزەیە کە بووەتە هۆی کەڵکەڵەمەندبوون و دڵنگەرانیی ٨٠٠ کەس. بەخۆشییەوە لەم نێوەدا دەتوانین بڵێین بۆ یەکەمین جارەکان بوو کە کوردستان دوای کردەوەکەی و دژکردەوەی نەیارانی، بێدەنگیی هەڵنەبژارد و دیسان دژکردەوەی بە دژکردەوەی وان نیشان دا. کۆمەڵگەی مەدەنیی کوردستان بە وەڕێخستنی هەڵمەت و کەمپەینێکی کەموێنە لەژێر ناوی "نا بۆ فاشیزم" بە ڕێکخراوانەترین و وشیارانەترین و جوانترین شێوە هەڵوێستی گرت و وڵامی دەمبەستانەی بەو هەڕەشەنامە ناشارستانی و فاشیستییە دایەوە و تێی گەیاندن کە نەورۆزی بەرخودان و کولتووری شادیی گشتیی ئێمە، هێڵی سوورمانە و ناهێڵین بەئەمنیەتیی بکەن. بەڕێوەچوونی نەورۆزی کوردەواریی کارەزان لە پارێزگای ئیلامیش واژۆیەکی کرداریی تایبەت و پڕبەپێست بوو کە لەژێر ئەو کەمپەینی نا بۆ فاشیزمەدا وەک گەورەترین واژۆ تۆمار کرا.
وەک دوایین قسە با بزانین ئەم کەمپەینە بۆ ناوی نا بۆ فاشیزمی لێ نرا و چیی وت؟ هەرکەسێک یەک جار بتوانێ و خۆی ڕابگرێت هەتا کۆتایی خوێنەری ئەو بەیاننامە هەشسەد واژۆیییە بێ، لە یەکەم وشەکان و یەکەم دێڕەکان و یەکەم بەندەکانەوە بۆی دەردەکەوێ کە لەگەڵ چ نووسراوەیەکی سەرتاسەر ڕەگەزپەرەستانەدا بەرەوڕوویە، ئەوان بە دەرکردنی ئەم گوڕەشەنامەیە پێش لە هەر شتێک ئەوەیان سەلماند کە هیچ توانای قەبووڵکردن و بەفەرمیناسینی شتێکی جیاوازلەخۆیان نییە، بۆیەشە زۆر بەهەق ئەو ناوە لەو کەمپەینە نراوە. چون ئێمە بەرەوڕووی کۆمەڵێک کەس بووینەتەوە کە بە بیر و کردار دژەئەویدین. لەگەڵ ئەوەشدا و بەو حاڵەشەوە کۆمەڵگەی مەدەنیی کوردستان "نیچە" وتەنی "لە کاتی شەڕ لەگەڵ دێوەزمەدا خۆی نەبووەتە دێوەزمە" و بە زمانی خۆی وڵامی داوەتەوە نەک زمانی ئەوان، چون لە بنەڕەتڕا ناسیۆنالیزمی کورد ناسیۆنالیزمێکی بەرچاوتەنگ نییە، بۆیە لەگەڵ ئەوەی پێی لەسەر هێڵە سوورەکان داگرتووە و هەر لە ئێستاوە خواستوویەتی نەورۆزی داهاتوو بێگوێدانە ئەو هەڕەشانە گەشتر و بەرینتر بەڕێوە بچێت، هاوکات داوای لێ کردوون وەک دەرفەتێک لە ئیمکانی کوردستان بڕوانن نەک بە چاوی هەڕەشەوە.