
تەنیا هێزی سەرکوتی بۆ ماوەتەوە
شەماڵ تەرغیبی
لە ڕۆژانی ڕابردوودا و لە پەراوێزی باس و خواستەکان لەسەر دانیشتنی نێوان هەیئەتەکانی ئامریکا و کۆماری ئیسلامی لەپیوەندی لەگەڵ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی گشتپەسەند، ماڵپەڕی کوردستانمیدیا دوو خشتە و هەواڵێکی بڵاو کردەوە سەبارەت بە نرخە ڕەسمییە ڕاگەیەندراوەکان بۆ کاروباری پزیشکی و تەندروستی لە ئێران بۆ ساڵی ١٤٠٤.
بەپێی خشتە بڵاوکراوەکان، هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم وەک ڕابردوو لە خزمەتگوزارییە تایبەتییەکانی بیمە لە ئێران بەشێوەیەکی جیاوازتر بەهرەمەندن.
بەپێی ئەم هەواڵە و بە سەرنجێک لە سەر دوو خشتەی بڵاوکراو لەلایەن کۆمیتەی سەندیکای کارناسیی ئەنجومەنی ئیسلامیی کۆمەڵگەی پزیشکیی ئێران، هەڵاواردن لە نێوان بیمەی خەڵک و هێزە چەکدارەکانمان بۆ دەردەکەوێت، بە شێوەیەک کە لە زۆربەی نرخی ویزیتەکاندا بیمە تەنیا ٢٠ تا ٢٥ لەسەدی تێچووەکان بۆ خەڵک قەرەبوو دەکاتەوە بەڵام بۆ هێزە چەکدارەکان نزیک بە ٧٠ لەسەدی هەموو تێچووەکانیان قەرەبوو دەکاتەوە.
بۆ نموونە لەم دوو خشتەیەدا نرخی ویزیتی پزیشکێکی گشتی ٢ میلیۆن و ٣٠٠ هەزار تمەن دیاری کراوە کە خەڵک دەبێت نزیک بە یەک میلیۆن و ٧٠٠ هەزار تمەنی لە گیفانی خۆیان بیدەن بەڵام خاوەنی بیمەی هێزە چەکدارەکان تەنیا ٦٩٠ هەزار تمەن لە گیفانی خۆیان ئەدەن و ئەوەدوای بیمە بۆیان قەرەبوو دەکاتەوە.
ئەم جیاوازییە بە ڕوونی نادادپەروەری و هەڵاواردن لە سیستمی تەندروستیی کۆماری ئیسلامی و بەگشتیی هەڵاواردن لە نێوان حەشیمەتی ئێران نیشان ئەدات کە دەبێتە هۆی مەترسی بۆ سەر گیانی هاووڵاتییان.
لە ئێستادا لە زۆربەی وڵاتانی جیهان بەتایبەتی لە بواری خزمەتگوزارییە تەندروستییەکاندا هیچ جۆرە دوو پێوەرەیی یان چەند پێوەرەیی لە نێوان خەڵکداهاوشێوەی کۆماری ئیسلامی بوونی نییە و هەموو خەڵک بە شێوەی یەکسان مافی کەڵکوەرگرتن لە خزمەتگوزارییە پزیشکییەکانیان هەیە.
قەیرانی ئابووری لە ئێران تا ڕادەیەکی بەرچاو بەتایبەتی خەڵکی هەژاری لە خزمەتگوزارییەکان بێبەش کردووە و چینی دەستکورتی کۆمەڵگا زۆربەی کات بۆ دەرمانی کێشەکانیان ناتوانن سەردانی پزیشکە تایبەتەکان بکەن و بیمەش تەنیا بەشێکی کەم لە تێچووکانیان بۆ قەرەبوو دەکاتەوە.
هەرچەند ئەم جۆرە هەوڵانەی کە ڕێژیم دەیدات پرسێکی تازە و نامۆ نین و لە ڕابردووشدا ئیدارەی کەڵانی ئەو وڵاتەی بە ئێران دەناسرێ هەر لەسەر ئەم بنەما بووە؛ واتە کۆماری ئیسلامی لەڕاستای هیشتنەوەی خۆی وەک نیزامیکی داپڵۆسێنەر هەرچی داهات و سامانی نەتەوەکانی ئێرانە خستوویەتە خزمەت چەکدارەکانی لە نێوخۆ و لە دەرەوەی وڵات تا وەک دەلێن بەرژەوەندییەکانی جەماران بەناوی پارێزگاری لە دین بپارێزن.
لەم ڕاستایەشدا بەپێی خشەی بودجەی پەسندکراو بۆ ساڵی ١٤٠٤ دەبینین کە پشکی هێزە چەکدارەکان تەنیا لە سەرچاوە نەوتییەکان لە ٤ میلیارد یۆرۆی ساڵی ١٤٠٣ بەرز کراوەتەوە بۆ ١١ میلیارد یۆرۆ لە ساڵی ١٤٠٤! کە دەکاتە نیزیک بە ١٣ لەسەدی کۆی بودجەی ئێران.
چاوخشاندنێکی سەرەپێیی بەسەر ئەم دوو هەواڵ و ئامارانە بۆمان دەردەخات کە ئەوەی بەلای کۆماری ئیسلامییەوە گرینگە مانەوەی خۆی لە دەسەڵاتە وەک "اوجب واجبات" تەنانەت بە نرخی لەنێوچوونی هەموو بوونەوەرێکی ئەم وڵاتە ئەویش لەڕێگەی چەکدارەکانییەوە بۆ سەرکوت و بەردەوامبوونی زەبروزەنگ؛ دیاردەیەک کە خسڵەت و تایبەتمەندی بەرچاوی هەموو سیستمە دیکتاتۆرەکانە.
لە ڕەهەندێکی دیکەشەوە ئەگەر ئەم بابەتە لێک بدەینەوە ڕەنگە بێهۆ نەبێ کە کۆماری ئیسلامی کاری لەو چەشنە دەکات و هەزینە و تێچووی وەها دەدات بە هێزە چەکدارەکانی! لەبەر ئەوەی لانیکەم لە چوار- پێنج ساڵی رابردوودا بۆ هەموو لایەک ئاشکرا بووە کە کۆماری ئیسلامی تەنیا هێزی سەرکوتەکەی بۆ ماوەتەوە. ڕەوایی و مەشروعیەتی ئاسمانی کە ساڵانێکە کاری لەسەر دەکات و بە دەرخواردی خەڵکی دەدا کە ئەوان نوێنەری خودان لەسەر عەرز، ئیتر بێڕەنگ بووە و خەڵک باوەڕیان پێ ناکات، ڕەوایی و مەشروعییەتە زەوینییەکەشە تەنیا لەسەر کاغەز ماوەتەوە و بەشدارینەکردنی خەڵک لە گاڵتەجاڕی هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو دەری خست کە خەڵک هیچ باوەڕێکیان بە گشتییەتی نیزامەکە نەماوە. لەو لاشەوە دۆست و هاوبەشە ستراتێژیکە ناوچەیی و جیهانییەکانی وەک ئەسەد و حیزبوڵا و حەماس، یان تەفروتوونا بوون یان لە کزییان داوە و ئیتر توانای جێبەجێکردنی بڕیارەکانی تارانیان نییە؛ بەڵام غافڵن لەوەیکە هەر ئەم هێزی سەرکوتەش لە کاتی خۆیدا لێیان هەڵدەگەڕێنەوە! ئەو کاتەی ئیتر پارەیەک و ئیمتیازێک نەمابێ بە قوڕگیاندا بکەن یان ئەو کاتەی کە بەرەوڕووی جەماوەری تووڕەی ڕاپەڕیو لەسەر شەقام بن.