
کۆچی دوایی مەلا عومەر عەسری لە دەرەوەی وڵات
مەلا عومەر عەسری، کەسایەتی و تێکۆشەری سیاسیی کورد ئێوارەی هەینی ٢٩ی خاکەلێوە لە وڵاتی سۆئێد کۆچی دوایی کرد.
تێکۆشانی سیاسیی مەلا عومەر عەسری بۆ پێش شۆڕشی ١٣٥٧ی گەلانی ئێران بەدژی ڕێژیمی پاشایەتی دەگەڕێتەوە و دوای هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش خەبات و تێکۆشانی سیاسیی ئەو لەدژی ڕێژیمی سەرکوتگەری کۆماری ئیسلامی زیاتر بوو.
مەلا عومەر کادرێکی چالاک و هەڵسووڕی دەفتەری مامۆستا شێخ عیززەدین حوسێنی بوو و وەک پێشمەرگەش لە ساڵەکانی یەکەمی دوای سەرکەوتنی شۆڕش و لە ڕیزەکانی خۆڕاگری و بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کوردستان بەشدار بوو. مەلا عومەر عەسری بەشێک لە بیرەوەرییەکانی سەردەم و قۆناغەکانی خەباتی خۆی لە توێی کتێبێکدا لەژێرناوی "بەشێک لە بەسەرهات و بیرەوەرییەکانی عومەری عەسری"دا چاپ و بڵاو کردووەتەوە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان سەبارەت بە مەرگی مەلا عومەر عەسری سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری دەکا و خۆی بە شەریکە خەمی ئەو کۆستەیان دەزانێت.