کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ژینای کوردستانەوە هەتا عومان و پێنووس دزەکە!

08:59 - 1 بانەمەڕ 2725

لە ژینای کوردستانەوە هەتا عومان و پێنووس دزەکە!

 

کاوە سندووسی

لەم ساڵانەی دواییدا، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرەوڕووی کۆمەڵێک قەیرانی گەورەی نێوخۆیی و ئاڵنگاریی هەرێمی بووەتەوە، کە هەر یەکێکیان بە تەنیا توانای دروستکردنی گۆڕانکاریی بەرفراوانیان لە سیاسەت و تەناهی نیشتمانییدا هەبووە و هەیە.

لێرەدا بە کورتی چوار فاکتەری گرنگی بزووتنەوەی ژینا، هێرشیی ٧ی ئۆکتۆبەر، سڕینەوەی کەسایەتییە سەرەکییەکانی "میحوەری مقاومەت" و دانوستانە بەپەلەکانی ئێران و ئەمریکا بە کورتی دەخەینە بەر سەرنج.

بزووتنەوەی ژینا، سەرەتای کۆتاییەک

دوای کوشتنی ژینا ئەمینی لە ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠١ (١٦ی سێپتەمبەری ٢٠٢٢)، بەرفراوانترین خۆپێشاندانە سەرتاسەرییەکانی چەند دەیەی ڕابردوو لە ئێران و کوردستان سەریان‌هەڵدا. بەپێچەوانەی ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەکانی پێشوو کە زۆرتر بەهۆکاری ئابووری یان پیشەیی بوون، ئەم بزووتنەوەیە ماهییەتێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی هەبوو و بە بەشداریی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە داوای گۆڕانکاریی بنەڕەتییان دەکرد.

دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" وەک هێمای ئەم بزووتنەوەیە هاوسۆزیی جیهانی لەگەڵ خۆیدا هێنا و وەک پەیامێکی بەڕۆژ لە هەموو کۆڵان و شەقامێک دەزرینگایەوە. هەرچەندە خۆپێشاندانەکان بە شێوەیەکی دڕندانە سەرکوت کران و حکوومەتی ئێران بە کوشتنی سەدان کەس، دەستبەسەرکردن و بریندارکردنی هەزاران کەسی دیکە، هەوڵی دا نکۆڵی لە کوشتنی ژینا بکات، بەڵام کاریگەرییە درێژخایەنەکانی ئەو بزووتنەوەیە لە پتربوونی ناڕەزایەتیی گشتی، لاوازکردنی شەرعیەتی ڕێژێم و دروستکردنی گوشار لەسەر پێکهاتەی سیاسیی وڵات، زیاتر لە هەر کاتێکی تر ئەمڕۆ ڕوون و بەرچاوە.

٧ی ئۆکتۆبەر یان گڕ لە خەرمانی خۆیی

لە ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣دا، هێرشی بەربڵاوی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و دەستپێکردنی شەڕی خوێناوی لە غەززە، خاڵێکی وەرچەرخان بوو لە گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست. ئێران وەک پشتیوانی سەرەکیی تەوەری بەناو بەرگری، هەرچەندە ڕاستەوخۆ بەشداریی شەڕەکەی نەکرد، بەڵام ڕۆڵێکی سەرەکیی لە دروستکردن و بەڕێوەبردنی ئەم هێرشە دڕندانە و تێرۆریستییەدا هەبوو.

لەگەڵ توندبوونەوەی پێکدادانەکان، گرووپە جێگرەوەکان لە لوبنان، عێراق، یەمەن و سووریەوە بە شێوازی جۆراوجۆر هاتنە نێو گۆڕەپانەکە. ئەمە نیگەرانییەکانی لەبارەی پەرەسەندنی شەڕ و ئەگەری هاتنەناوەوەی ڕاستەوخۆی ئێران زیاتر کرد. لە وەڵامدا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هێزەکانی خۆی لە ناوچەکە بەهێزتر کرد و هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ ڕێگریکردن لە شەڕێکی گشتگیر چڕتر بوونەوە. بەڵام شەڕی غەزە، ئێرانی خستە دۆخێکی ئاڵۆزەوە؛ لە لایەکەوە پابەندبوون بە میحوەری مقاومەت و لە لایەکی ترەوە، ڕەچاوکردنی بارودۆخی نێوخۆیی و ئابووری، لەوانە نەبوونی شەرعیەتی ڕێژێم و سستیی ئابووریی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ و ناڕەزایەتی تەنانەت لەنێو خودییەکانی ڕێژێمیشدا، بەرپرسانی تارانی گەیاندە ئەو بیرکردنەوەیەی چیتر ئەو ماڵە شووشەییە (بەیت) پارێزراو نییە.

تێرۆرەکان پەیامێکی ڕوونیان هەبوو

هێرشە ئاسمانییەکانی ساڵێک لەمەوبەری ئیسرائیل بۆ سەر دیمەشق (واتە لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا)، سەرەڕای پەیامی ڕاستەوخۆ بۆ حەماس، هەڵگری هۆشدارییەک بوو بۆ ئێران و حیزبوڵڵا. هەرچەندە هەتا ئەوکاتە لوبنان و حەسەن نەسروڵڵا نەکرابوونە ئامانجی تێرۆر، بەڵام خەست‌بوونی ئۆپەراسیۆنە ئامانجدارەکانی ئیسرائیل نیشاندەری گۆڕینی تاکتیکی ئەو وڵاتە بوو لە لێدان لە سەرکردایەتیی گرووپەکانی دژبەری کە خۆیان بە تەوەری بەرگری دادەنا.

ئەم ڕووداوانە ئاڵۆزییەکانیان بردە ئاستێکی نوێ و کاردانەوەی توندی گرووپەکانی تەوەری بەرگریی لێ کەوتەوە. بۆ ئێرانیش، ئەم پێشهاتانە وەک هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە سەیر کران و تووڕەیی باڵی توندڕەوە نێوخۆییەکانی دوو هێندە زیاتر کرد و هەتا ئێستا کۆماری ئیسلامی هەوڵ دەدات خۆی لە چوونە نێو شەڕێکی ڕاستەوخۆ بەدوور بگرێت. شتێک کە هەتا ئەمڕۆ بووەتە هۆی ئەوەی ئێران هەموو توانای دیپلۆماسی خۆی بخاتەگەڕ، تا ئەو ڕادەیەی ئێران تەنانەت ناچار بووە پەنا بباتە بەر زمانی "پێنووس دزەکە" وەک کەسایەتییەکی دیپلۆماتکار!

وتووێژ یان دیپلۆماسیی "هەر شەقە و بێ نانێک"

کورد قسەیەکی هەیە دەڵێت: "شەق دەزانێ قۆناغ لە کوێیە"؛ بەدوای گوشارە ئابوورییە بێوێنەکان، ناڕەزایەتییە نێوخۆییەکان و ئەگەری پەرەسەندنی شەڕ و ئاڵۆزی، ئێران بەپێچەوانەی ویستی خۆی ناچار بووە پەنا بۆ دانوستان لەگەڵ ئەمریکا ببات. هەرچەندە دانوستانەکان بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، لە ڕێگەی کۆمەڵێک نێوبژیوان‌کار کە لە مەترسیی شەڕ بۆ سەر خۆشیان نیگەرانن، بەڕێوە دەچن؛ بەڵام ئێران، کە پێشتر ڕێبازێکی هێرشبەرانەی لە سیاسەتی دەرەوەیدا هەبوو، ئێستا بەدوای کەمکردنەوەی گرژییەکان، ئازادکردنی سەرچاوە داراییەکان، فرۆشتنی نەوت و هەروەها کەمکردنەوەی گوشارە نێوخۆییەکان‌دایە. ئەم وەرچەرخانە، هەرچەندە بە ئاشکرا ڕاناگەیەندرێت، بەڵام بە ڕوونی لە هەڵسوکەوتی دەوڵەت و خودی خامنەییدا بەدی دەکرێت. ئەمریکاش خوازیارە گرژییەکان کۆنترۆڵ بکات، بەڵام نەک بە نرخی کات کوشتن، هەروەک چۆن تڕامپ خۆی باسی لێوە کردوە.

وەرچەرخانێکی مێژوویی یان ڕووخان؟

تێکەڵە و دەرەنجامی ئەم فاکتەرانە، ئێرانی خستووەتە قۆناغێکی قەیراناوی بەڵام هەل‌ڕەخسێنیش. لە لایەکەوە، گوشارە نێوخۆیی و دەرەکییەکان دەتوانن زەمینە خۆش بکەن بۆ گۆڕینی هەڵسوکەوتی ڕێژێم بەرامبەر بە کۆمەڵگە و جیهان و لە لایەکی ترەوە، بەردەوامبوونی سیاسەتە نالۆژیکییەکان دەتوانێت وڵات و خەڵک بەرەو گۆشەگیری و تێوەگلانی زیاتر و داهاتوویەکی ناڕوون ببات.

کۆماری ئیسلامی لە قۆناغێکی هەستیاری مێژووییدایە کە دەتوانێت چارەنووسی نەتەوەکانی ئەم جوگرافیا ساختەیە دیاری بکات. ئایا مێژوو ڕۆڵی خۆی دەگێڕێت و ڕۆژئاواییەکانی بەناو جیهانی ئازاد لەگەڵ خەڵکدا دەبن، یان دیسانەوە وەک باووکالیان لەگەڵ حکومەتی مەلاکاندا دەسازێن؟