کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە نەورۆزی کوردستانەوە تا پێنووسی عومان

21:25 - 3 بانەمەڕ 2725

لە نەورۆزی کوردستانەوە تا پێنووسی عومان

(شرۆڤەیەک لەسەر ئاڵۆزکردنی ناسنامە، داگیرکردنی هێماکان و دزیی چاندی)

سەربەست ئورمیە

پێشەکی

  داگیرکاریی ئێستا لە ڕێگای هێزی لەشکری و دانانی سنووری سیاسیدا تێناپەڕێت، ئەویش هەر وەکوو مۆدێڕنیزمی هاوچەرخ هەنگاوی باڵاتری ناوە و لە ئاستێکی بەرفراوانتر و  لە فۆڕمی"داگیرکاریی چاندی" خۆی دەنوێنێت. ئامانجی داگیرکاریی مۆدێڕن تەنیا خاک و خوێنی گەلان نیە، بەڵکوو بیر و هز ، مێژوو و زمان و بە گشتی هێما نەتەوەییەکانی بە ئامانج گرتوە. لە داگیرکردنی سەما و جلوبەرگی نەریتییەوە بگرە تا ئاڵۆزکردن و سەرلەنوێ  پێناسەکردنەوەی جەژنەکان و دەستبەسەرداگرتنی هێما سیاسی و نەتەوەییەکانی گەلانی دیکە. داگیرکاریی چاندی هەم بەرهەم و هەم ئامانجی پێواژووی داگیرکاریی مۆدێڕنە.

  هەوڵی سیستماتیک بۆ لەنێوبردنی ناسنامەی نەتەوەیی نەورۆزی کوردستان و دزینی پێنووسی دانوستانەکانی ناڕاستەوخۆی ڕێژیمی ئێران و ئەمریکا لە عومان لە لایەن کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێرانەوە، دوو نموونە لە پێواژۆی داگیرکاریی مۆدێڕنن کە بوونەتە مژاری ڕۆژەڤی گشتی و جێی سەرنجن. لە ڕوانینێکی ساویلکەدا ڕەنگە ئەم دوو نموونەیە بەیەکەوە گرێ نەدرن، بەڵام لە ڕوانگەی فەلسەفیەوە هەردووکیان بەرهەمی لۆژیکێکی هاوبەشن: خاوەندارێتی بەبێ داهێنان، ڕاگەیاندنی بێ بناغە و میراتگریی بێ نەسەب.

نەورۆز؛ جەژنێکی نەریتی یان بنەمایەکی پێناسەی شارستانی؟

جەژنی نەورۆز کە یەکێکە لە کۆنترین جەژنە ناسراوەکانی مێژووی شارستانیەتی مرۆڤایەتی، لە چیاکانی زاگرۆسەوە سەرچاوە دەگرێت و هەڵقوڵاوی سروشت و بیر و هزری زاگرۆس‌نشینانە. هەرچەندە لە چیرۆکە بێ‌‌بنەماکانی شانامەی فیردەوسیدا هەوڵی شێواندنی بنەما و ڕوخساری دراوە، بەڵام نەورۆز لە بنەڕەتدا ڕاگەیاندراوی شارستانیەت و هێمایی سەرەکیی و بنەمای پێناسەی شوناسی نەتەوەیەکە، کە سەرەڕای زەخت و سەرکوت و سیاسەتی تواندنەوەی نەتەوەیی و هەوڵە بەردەوامەکان بۆ بێ نێوەڕۆککردنی، بووە بە هێمای وشیاری و یەکگرتوویی نەتەوەیی لە بەرامبەر داگیرکەردا.

پێواژۆی شێواندن و بە بارمتەگرتنی نەورۆز

هەرچەند جەژنی نەورۆز لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا وەکوو "جەژنی نەتەوەیی" ناسێندراوە، بەڵام لە پێناسەی فەرمیی ڕێژیمدا لە ناسنامەی ڕاستەقینەی نەتەوەیی و سەرزەمینیی خۆی خاڵی کراوەتەوە و شکۆیەکی فریودەرانەیی حکوومەتی پێ بەخشراوە. لە زاگرۆس هەتیو و لە و کوردستانیبوونیش بێبەش کراوە. ئەم دزی و داگیرکارییە، واتە دەستبەسەرداگرتن و بە بارمتەگرتنی  نەورۆز و ڕێگری  لە گەشەکردنی زمان و هێما نەتەوەییەکانی گەلی کورد، بە فەرمانی حکوومەتی لە میدیای گشتیی ڕێژیم و لە چوارچێوە و ناوەرۆکی چەندین بەرنامەی بێ نێوەڕۆک و بێ واتادا، ئیزن پێ دراوە و ڕێکخستنێکی بەرینی بۆ کراوە و دەکرێت.

لۆژیکی داگیرکاریی چاندی لە کاتێکدا ڕووخساری ڕاستەقینەی خۆی دەردەخات، کە لە ماوەی بەڕێوەچوونی جەژنی نەورۆزی ١٤٠٤ی هەتاوی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا،  ٨٠٠ ڕۆشنبیر و مێژوونووسی ئێرانی هۆشداریی مەترسییەکی بە ڕای ئەوان جیددی و گەورە بە ڕێژیم دەدەن. بە بۆچوونی ئەوان، پێشوازی کردنی نەورۆز لە کوردستان  و لە بەرانبەردا بێدەنگی نواندنی ڕێژیم، هەڕەشە لە ئاسایش و یەکگرتوویی نەتەوەیی ئێران دەکات و شوناسێکی جیاواز و ناوچەیی دروست دەکات. لە ڕوانگەی ئەوانەوە نەورۆز لە جەژنێکی گەورەی نەتەوەیی ئێرانەوە بۆ ئاهەنگێکی بچووکی قەومی، خێڵەکی و ناوچەیی گۆڕاوە.

لە ئاگری نەورۆزی کوردییەوە تا دەگاتە نووسینی عومان؛ بیرۆکەیەک و ڕێبازێک

لە یەکەمین وتووێژی ناڕاستەوخۆی نێوان ڕێژیمی ئێران و ئەمریکا لە مانگی خاکەلێوەی ساڵی ١٤٠٤ی هەتاویدا، کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران، لە هەنگاوێکی ناشارستانیدا، پێنووسێکی دزی و لەگەڵ خۆی هێنایە تاران. ئەم کردەوەیە بە خێرایی لە میدیا جیهانییەکاندا ئیدانە کرا، بەڵام لەلایەن میدیا توندڕەوەکانی ڕێژیمەوە لە نێخۆی ئێراندا بە "شانازیی نەتەوەیی" لەقاو درا. لێرەدا ئەوەی چاوپۆشی لێ کرا فەلسەفەی شاراوە لە پشت ئەم کردارە بوو: بە بارمتەگرتنی هێماکان بەبێ هەبوونی ڕۆڵی ڕاستەقینە لە پێواژۆی بەرهەمهێنانیاندا.

غەریب ئابادی، نە ئەندامی سەرەکیی  شاندی دانوستانکار بوو و نە ڕۆڵی بەرچاوی لەو کۆبوونەوەیەدا هەبوو. بەڵام بە دزینی پێنووسەکە، نهێنییەکی گرنگی ئاشکرا کرد: "ئەگەر هێزی چەواشە و ئاساییکردنەوەت لە پشت بوو ، دەتوانی ببیە خاوەنی هەر هەموو شتێک".  وەکوو ئەوەی چۆن نەورۆز لە گەلی کورد دەدزرێت،  لە بەر ئەوەی میدیا،  دەسەڵات و دامەزراوە فەرمییە حکوومەتییەکانیان لە پشتە.

داگیرکاریی چاندی؛ خاوەندارێتی بەبێ داهێنان

داگیرکاری چاندی ڕێگای توندوتیژی ناگرێتەبەر. بەڵکوو هەوڵ دەدات لە ڕێگەی میدیا،  دووبارە نووسین و چەواشە کردنی مێژوو و تواندنەوەی زمان و چاندە نەتەوەییەکاندا سەرکەوێت. بەم شێوەیە کولتووری داگیرکەر دەبێتە خاوەنی شتێک کە خۆی بەرهەمی نەهێناوە.

دزینی نەورۆزی کوردی نموونەیەکی ڕوونی ئەم پێواژۆیەیە. هەروەکوو چۆن پێنووسی وتووێژەکانی عومان بەرهەم و داهێنانی غەریب‌ئابادی نەبوو ، جەژنی نەورۆزیش بەرهەمی ئایدۆلۆژیای ئایینی ڕێژیمی ئێران نیە، هەر بۆیە ناتوانێت بە گێڕانەوەی چیرۆکی پووچ و بێ بنەما ، پێناسەی فاشیزمی ئێرانی لە چەشنی  ڕۆشنبیرانی واژووکاری ئەم داخوویانییە، بە سەردا بیسەپێنێت.

دەرەنجام: ڕاستی نادزرێت

هەم نەورۆزی کوردستان و هەم پێنووسی عومان دوو هێمان. یەکێکیان هێمایی مێژوویی و پێناسەی شوناسی نەتەوەییە، ئەوی دیکەیان هێمای دیپلۆماسیی جیهانییە. بەڵام ڕێچکە و ڕاستییەکی هاوبەش لە هەردووکیاندا بە دی دەکرێت: "هێمای بێ بناغە تەنها ئامرازی دەستە." هەروەکوو چۆن پێنووسەکە ئەگەر هیچ ڕۆڵێکی لە واژۆکردنی دانوستانەکاندا نەبووبێت، تەنیا پێنووسە، نەورۆزیش ئەگەر ناسنامەیی نەتەوەیی و کوردستانی بوونی لێی وەربگیرێت، تەنیا ڕۆژێکە لە ڕۆژژمێری ساڵانەدا.