
ئەی ویلایەتی فەقێ؟!
ئاسۆ مینبەری
ئەگەرچی ڕاستییە تاڵەکان لە کۆمەڵگەی ئێران و بەتایبەت لە چوارچێوە و سەردەمی دەسەڵاتدارێتی کۆماری ئیسلامیدا زۆرن و زۆر جایش باسیان لێ کراوە، بەڵام کۆمەڵێک ڕاستیی تاڵ هەن کە نەک تەنیا ئێستا بەڵکوو لە دوای ڕووخان و نەمانی ئەم دەسەڵاتەش هەر دەبێ باسیان بکرێ و ئاسەوارە نێگەتیڤەکانیان کە وەکوو ترۆما کۆمەڵگەیان گرتووەتەوە، بکەونە بەر لێکدانەوە و چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە. یەکێک لەم پرسانە کە لە چوارچێوەی وێستگەی ئەمجارەدا ئەکرێ باسی لێ بکرێ، پرسی ئابووری و سەربەخۆیی ئابووریی ژنانە! لە ڕاستیدا پرسی ژن خۆی پرسێکی زۆر ئاڵۆزە و لە هەمان کاتیشدا پرسێکە کە لایەنی جیاوازیش لەخۆ ئەگرێت و لە گۆشەنیگای جیاوازەوە ئەکرێ لێکدانەوەی بۆ بکرێ و کاری لەسەر بکرێ.
ئەوەی کە هەوێنی نووسینی ئەم وتارەیە، بڵاوبوونەوەی فایلێکە لە چەند قسەیەکی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیمی ئێران کە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی خاکەلێوەی ئەمساڵ لە چەند ماڵپەڕ و پلاتفۆرمی کۆماری ئیسلامیدا بڵاو کرایەوە. لەم فایلەدا خامنەیی سیستەمی سەرمایەداری دەکاتە کاکڵەی قسەکەی و دەڵێ: "لە نیزامی سەرمایەداریدا بە دوو شێوە کەڵکئاوەژوو لە ژنان وەردەگیرێ، یەکێکیان سەبارەت بە خودی کار، ئەمە یەکێک لە خاڵە گرینگەکانە کە مووچەی ژن هەر ئێستا لە زۆربەی وڵاتانی ڕۆژاواییدا، بۆ کاری یەکسان لەگەڵ پیاوان، کەمتر لە پیاوانە. چونکە ژن لاوازترە و ئاسانتر ئەچێتە ژێر باری ستەم!"
خامنەیی لە بەشێکی دیکەدا ئاماژە بە سەدەی نۆزدەیەم و پرسی ئازادیی ژنان دەکات و دەڵێ: "هۆکاری ئەوەی کە لە سەدەی ١٩دا پرسی ئازادیی ژن هاتە گۆڕێ، بۆ ئەوە بوو کە ژن لە ماڵەکان بکێشنە دەرەوە و بیانبەن بۆ کارخانەکان و بە مووچەی کەمتر کەڵکیان لێ وەربگرن."
سەرنجێکی وردی بەشی دووهەمی قسەکانی خامنەیی، نیشاندەری قووڵیی قەیرانی نەزانییە، ئەویش لە ڕێبەری دەسەڵاتێکدا کە خۆی بە نوێنەری خودا لەسەر زەوی دەزانێ، خامنەیی پاش ئەم هەموو گەشەیە لە دنیادا لە بوارە جیاوازەکان، هێشتا نازانێ کە خەباتی ژن کە سەدەکانی ڕابردوودا، چۆن دەستی پێ کردوە و بە چ قۆناغگەلێکدا تێپەڕیوە تاکوو ژن لە کۆیلایەتی بێتە دەرێ و وەک مرۆڤێک خۆی لە ئاستی کۆمەڵگەدا و لە بوارە جیاوازەکان و یەک لەوان بواری ئابووریدا ببینێتەوە.
خامنەیی لە کاتێکدا باس لە کەمبوونی مووچەی ژنان لە وڵاتانی ڕۆژاوایی دەکات کە لە وڵاتی ژێر دەسەڵاتی خۆیدا، ژنان نە تەنیا نیوەی پیاوان مووچە وەردەگرن بەڵکوو لە حاڵەتگەلێکی دڵتەزێندا، بۆ دابینکردنی نانی شەویان گیردۆدەی دیاردەی لەشفرۆشی دەبن و بۆ تێرکردنی زکی برسیی خۆیان و بنەماڵەکانیان مامەلە سەر کەرامەت و مرۆڤایەتیی خۆیان دەکەن. لەلایەکی ترەوە، زۆربەی خەڵکی ئێران لەژێر هێڵی هەژاریدان و بە چوونەسەری نرخی دۆلار، ژیانیان لەوپەڕی خراپیدایە بە ڕادەیەک کە ڕێژەی خۆکوژیی هاووڵاتییان بەتایبەت لاوان و مێرمنداڵان و ژنان گەیشتووەتا ئاستی قەیران.
وەک دەڵێن باشترین بەرگری هێرشە، خامنەییش بە هێرشکردنە سەر سیستەمی سەرمایەداری، هەوڵ دەدات تاکوو بەرگرییەکی قارەمانانە لە دەسەڵاتە نگریسەکەی خۆی بکات. ئەم بەرگرییە لە کاتێکدایە کە ژنان لە کۆمەڵگەی ئێراندا، وەکوو ڕەگەزی دووهەم دەناسرێن، دەرفەتی یەکسانی کاریان پێ نادرێت، لە زۆر بواری کۆمەڵایەتی، سیاسی و تەنانەت فەرهەنگی و پەروەردەییدا پەراوێز دەخرێن و قەت وەک بوونەوەرێکی سەربەستی خاوەن ئیرادە و کەسایەتی حیسابیان بۆ ناکرێ.
ئەمە بە مانای بەگریکردن لە سیستەمی سەرمایەداری نیە، چونکە ئەویش ئەتوانێ وەک هەر سیستەمێکی سیاسیی دیکە ڕەخنەی لەسەر بێت و خاڵی لاوازی هەبێت کە بە قازانجی کۆمەڵگەیەک نەبێ، بەڵام پرسی سەرەکی لێرە ئەوەیە کە ڕێبەرانی ڕێژیم ڕەخنە لە سیستەمێکی لەم چەشنە دەگرن بەڵام لاوازی و قەیرانەکانی نێو کۆمەڵگەکەی خۆیان نابینن!
لە ماوەی زیاتر لە ٤ دەیە دەسەڵاتدارێتی کۆماری ئیسلامیدا، نیزامی ویلایەتی فەقێ، لەوپەڕی دڕندەییدا دژی ژنان وەستاوەتەوە و دەرفەتی هیچ چەشنە گەشە و سەرکەوتنێکی پێ نەداون، ژنانی خوێندەوار و تێگەیشتووی کۆمەڵگە لەسەر بنەمای پەروەردەی ئیدئۆلۆژیک لە سووچی ماڵاندا بەند کراون و توانا و لێهاتووییەکانیان پەراوێز خراون، لە ئەگەری بچووکترین هەڵوێستدا لەلایەن سیستەم و دەسەڵاتەوە بە توندترین شێوە سەرکوت کراون، لە هەمووی گرینگتر لە ڕۆڵگێران لە بواری سیاسەت و ئابووری بێبەری کراون تاکوو قەت بیر لە سەربەخۆیی بڕیاردان نەکەنەوە!
لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە گۆڕێ کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی کە لاوازیی سیستمەکانی دیکە لە جیهاندا دەبینن، چۆنە کە لاوازی و قەیرانە کەڵەکەبووەکانی کۆمەڵگەی ژێر دەسەڵاتی خۆیان نابینن؟ ئەگەر سیستەمی سەرمایەداری خراپە، ئەی ویلایەتی فەقێ چیە؟ ئێستا کە کۆماری ئیسلامی بەتایبەت لەلایەن ژنانەوە کەوتووەتە بەر قەیرانی ڕەواییەوە و ژنان لە بەرەیەکی یەکگرتوودا دژی وەستاونەتەوە، پێی وایە بە هێنانەگۆڕێی هەندێ بابەتی لەم چەشنە دەتوانێ ژنان ڕاکێشی لایەنی خۆی بکات و بە ئامانجە گڵاوەکانی بگات. ئەمە لەکاتێکدایە کە هەم خوێندەواری و تێگەیشتنی ژنان و هەم وانە و ئەزموونەکانی شۆڕشی ژینا، هەموویان نیشانیان داوە کە ژنان چیدیکە ئەو توێژە دەستەمۆیە نین کە بێدەنگی ڕابگرن و سەرکوت بکرێن.
ژنان بە خوێندنەوەی ئەمڕۆیانە لە سیستمە جیاوازەکان لە جیهاندا، دەزانن داوای چی دەکەن و وێڕای ڕەخنەگرتن و خەسارناسیی سیستمەکانی دیکە، خوازیاری ژیانێکی مرۆڤانە، یەکسان و دادپەوەرەانە بۆ خۆیان و نەوەکانی داهاتوون.