
!لەگەڵ "کفار" میهرەبانن
هەردی سەلیمی
کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر هەمان ڕێچکەی پەهلەوی بەرنامەی خەیاڵاویی گەشە و پێشکەوتنی بۆ چارەگە سەدەیەک دواتر دادەڕشت، کات نەوەستاوە و گەیشتووینەتە ئەو وێستگانەی وا ئەوان پێشبینییان کردبوو. "ڕەفسەنجانی" لە ساڵی ١٣٧٤ی هەتاویدا "گەڵاڵەی پێکهێنانی شارستانیەتی ئیسلامیی ١٤٠٠"ی هێنایە بەرباس و وتی: "خەڵک ئاگادارن کە دەوڵەت بۆ ساڵی ١٤٠٠، واتە ٢٥ ساڵی تر گەڵاڵەیەک ئامادە دەکات کە لەو ڕۆژەدا شارستانیەتی ڕاستەقینەی ئیسلام، کە هەرگیز لە درێژەی مێژووی ئیسلامدا لە هیچ وڵاتێکی ئیسلامیدا نەهاتووەتە دی، لە ئێراندا دێتە دی." ڕەفسەنجانی نەما ساڵی ١٤٠٠ ببینێ، بەڵام دەیەیەک زووتر نیشانەکانی دیار بوون بۆ ئەویش، کە چەندە ئەو گەشبینی و پێشبینییەی ئەو ناڕاست بوو، ئێستا کە سی ساڵ بەسەر ئەو کاتەدا تێپەڕ دەبێ، دەزانین نەتەنیا ئێران پێشکەوتنێکی بەخۆوە نەدیوە بەڵکوو بە واتای تەواوی وشە لە هەموو بوارەکاندا زۆر بەرەو دواوە چووە.
دوای سەرۆککۆماریی ڕەفسەنجانی و لە سەردەمی "خاتەمی"دا، "خامنەیی" پێشنیاری بە کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی نیزام کرد کە گەڵاڵەی سەنەدێکی دوورەدیمەنی بیست ساڵە ئامادە بکەن، ئەم گەڵاڵەیە لە کۆتاییی سەرۆککۆماریی خاتەمیدا ئامادە بوو و بڕیار وا بوو و مزگێنیی ئەوە درابوو لە ساڵی ١٤٠٤دا، ئێران بە لەبەرچاوگرتنی خەڵکسالاریی ئایینی، یەکسانیی کۆمەڵایەتی، ئازادییە ڕەواکان، مافی مرۆڤ و ئاسایشی کۆمەڵایەتی و... بگاتە ئاستێکی باڵا لە بەرهەمهێنانی زانست و تەکنەلۆژی، خەڵک بە ئەمنیەتی کۆمەڵایەتی و ئەمنیەتی خواردن و دەرفەتی یەکسان و دابەشکردنی گونجاوی داهات و نەمانی هەژاری و گەندەڵی و هەڵاواردن و بوونی ژینگەیەکی باش و زۆر دەسکەوتی دیکە بگەن؛ بەڵام ئەمڕۆ ساڵی ١٤٠٤ی هەتاوییە و ڕێک ئەو بەشانەی وا دیارییان کردبوو و مزگێنییان دابوو، لەگەڵ گەورەترین قەیرانەکان بەرەوڕوون.
ئێستا کە کۆماری ئیسلامی نەیتوانیوە بەو خۆبژیوی و "خودکفایی"ـیە بگات کە چەندین ساڵە بانگەشەی بۆ دەکات و بەو بیانووەوە ئەو وڵاتەی لە بازاڕە جیهانییەکان دوور خستووەتەوە و بووەتە هۆی ئەوەی ئابوورییەکی گەندەڵی ڕانتی سەر هەڵبدات و بەهۆی سیاسەتی ئاژاوەگێڕانە و بەرنامەی ناوکییەوە ژیانی خەڵک بەم ڕادەیە خراپ بێت و بەشێکی زۆری بچنە ژێر هێڵی هەژاری، نەتەنیا هیچ کەسێک وڵامدەر نییە و ناڵێ چۆنە تەنانەت یەک ئامانجیان لەو دوورەدیمەنانە نەپێکاوە، بەڵکوو باوەشیان بۆ وتووێژ لەگەڵ ئەمریکا کردووەتەوە و تازە دەیانهەوێ بڵێن سیاسەتی خۆدابینکردن و خۆبژیوی، ئەو سیاسەتە دروستە نەبووە.
ئەڵبەت وا بیر نەکەینەوە کە بەردی ڕاستییەکان و ناکارامەیییەکانیان وەئاگای هێناون، نا تەنانەت لەوەشدا ڕاست ناکەن، ئەمە ئاکامی گوشار و ئەو ترسەیە کە بە بێدەسەڵاتکردنی پرۆکسییەکانیان و هەست بە نزیکبوونی هێرشی نیزامی کەتووەتە لەشیانەوە. عەلی خامنەیی دوێنێ دیسان بیری هاتەوە لە مێژووی ئیسلامدا ئاشتیی ئیمامی دووەمی شیعەیانیش هەیە و دەتوانن دەستەوداوێنی ئەوە بن، ئەوەی کە بۆچی "ترامپ"ـێک کە ئەو هەمووە بە هێمای شەڕ و خراپە دادەنرێ، دەکاتە "معاویە" و خۆی دەکاتە "ئیمامی حەسەن"، دەبێ هەر لەو سیاسەتە دژە سوننییەدا بۆ وڵامەکەی بگەڕێین کە دیسانیش لەم ڕۆژانەدا بە هێرشکردنە سەر پیرۆزییەکانی سوننییەکان لە دەنگوڕەنگی کۆماری ئیسلامییەوە، نیشانەکانی دەرکەوت.
بەدەر لەوە لەم قسانەیدا دانی بەوەدا نا کە ئەو دوژمنەی وا ساڵانێک دەیانگوت "هیچ غەڵەتێکی پێ ناکرێ"، بەهێزە و وا دیارە زۆر شتی پێ دەکرێ! بۆیە ئەم ڕێککەوتنە وەک ئەو ئاشتییە مێژوویییە بەوتەی ئەو کاتی دەبێ، ئەمەش بەو واتایە کە گەر دوژمن دیسان بێهێز بوو، کۆماری ئیسلامی دیسان هەر ڕێی خۆی یانی هەمان سیاسەتی ئاژاوەگێڕی دەگرێتەوە بەر. ئەم قسانەی دوێنێی خامنەیی "چرا سەوز"ێک نەبوو بۆ وتووێژ و موزاکەرە، بەڵکوو هەڵێنانی ئاڵای سپیی تەسلیمبوون بوو، بۆیە دەستی پێشی گرت و هەر لە قسەکانیدا هێرشی کردە سەر ئەو لایەنگرە خەستانەی خۆی و دایمرکاندن و وتی "دەمدڕاو" نەبن و "لێکدانەوەی هەڵە"یان نەبێ و "ناڕەزایەتیی بێجێ" دەرنەبڕن!
وا دیارە سیاسەتیان دووبارە داڕشتووەتەوە و چیی تر لەگەڵ "کفار"دا بە "شددەت" ڕەفتار ناکەن، بەڵکوو لە بێدەسەڵاتییاندا بە ڕەحم و مێهرەبانییەوە لەگەڵیان دەجووڵێنەوە، بەڵام لە بەرامبەردا لەگەڵ شارۆمەندانی بێدیفاعدا بە توندوتیژییەوە هەڵسوکەوت دەکەن، هەر لەم ڕۆژانەشدا و لە گەرمەی هەواڵی دانوستانەکاندا بەبێدەنگی بەندییەکی سیاسیی کوردیان بەناوی "حەمید حوسێننژاد حەیدەرانلوو" خەڵکی پارێزگای ورمێ لە دار دا. هەر لەم پێوەندییەدا ئامارەکان پێمان دەڵێن لەو کاتەوە دەوڵەتی "پزشکیان" هاتووەتە سەر کار ١٠٥١ کەس لە ئێراندا ئێعدام کراون؛ کە چاو لێ دەکەین کۆماری ئیسلامی تەنیا لە بەرنامەیەکیدا پێداگر بووە و پێی وەفادار ماوەتەوە، ئەویش ئێعدام و تێرۆری کەسانی ناڕازیی نێوخۆیە، عەلی خامنەیی بۆ ئەوانەی پێیان ناوێرێ دەبێتە ئیمامی حەسەن، بۆ باقیی بێدیفاعانیش "موختاری سەقەفی"ـیە.